چونکە جوانیت!

چونکە جوانیت!

تانیا کورد میرزا، LL.M.

بە دایکم و سەرجەم دایکە بەش مەینەتەکانیتر پێشکەشە



زۆر دەوەستا و خۆیدەدا بەسەر دیواری سەربانەکەدا. هێندە دەوەستا، قاچەکانی تاقەتی ڕاگرتنی پشتیان نەدەما، خۆی خواردەکردەوە و سەیرێکی لای ڕاستی ماڵەکەی دەکرد.

ماڵ؟ نەیبوو ماڵ، ماڵی نەبوو!

لای چەپ ئاسمانی کەمتر لێوەدیاربوو، لە لای چەپدا جادە و ڕێگەی دەرچوونی نەدەدۆزیەوە، دەستێکی خستە ژێر چەنگەی و گوتی؛ ئێستە نەڕۆی! هەر بڕۆی، هەر بڕۆی بەو کەش و کێوانە، هەر بڕۆی هەتا خودا هەقت دەسێنێ!

دەیویست بڕوات، بەڵام هەرگیز نەڕۆشت. جارێک چوبوو بۆ چەمچەماڵ، ئەویش بە بوکی.

دوو ساڵ؛ بە ژمارەی خەڵک، ساڵێک و یان هەر کەمتریش لەڕاستیدا، لەوێ مابووەوە. دادەم بە بووکی چوو، هەر بە بووکیش مایەوە، بەس بە بووکی نەگەڕایەوە.

لە ماوەی بوکێنییەکەیدا هەر خەریکی پۆشینی کراسی کوردی هەوری بوو، باوکم لە دەستێکیدا کتێبەکانی ترۆتسکی و مارکس، لەوەیتردا گوڵینکە و هەوری بۆ بوکەکەی پێبوو.

(وێنەگر دەهێنمەوە خۆت بڕازێنەرەوە لە حەوشە وێنەدەگرین)، لەو ماوەکەمەدا ئەم ڕستەیەی چەندجارێک بیست بوو.

کراسە هەوریە زەردەکەی پۆشی، کڵاولاگیرە بەسەریەوە، چەفتەی هەورامیانەش بەسەر شانیەوە، لێوەکانی ئاڵ کردبوو، خۆی و ژیانێکی بچوک لەسکیدا، بەتەنیشت مێردەکەیەوە وەستابوو، کچۆڵەیەکی بچوکیش کە هەتاو بێزاریکردبوو بە باوەشی باوکیەوە، ئەوەیان من بووم.

سێکەسی یەک خێزان بوون لە وێنەکەدا، چوارەمیان خوشکەزای مێردەکەی بوون، بەلەنجەولار بەتەنیشت خاڵیەوە وەستابوو.

هەیبوون؛ ڕۆژی جوان لەگەڵ مێردەکەیدا، بەڵام زۆر کەم بوون، دڵخۆشبوو بەوەی لەڕۆژی لەدایک بوونی کچە نۆبەرەکەیدا، مێردەکەی وێنەگری بانگکردبوو، لە حەوشە هەموو جلی کوردیان لەبەرکردبوو، هەموو چاوەڕێی مژدەی ژیانێکیتر بوون.

بە شەوقەوە دەیگێڕایەوە، کە باوکم بە جلی کوردیەوە چاوەڕوانی لەدایکبونی منی کردووە و، پەلەی بووە وێنەم لەگەڵ بگرێت.

دادەم دەیگوت؛ کچ پەرست بوو باوکت، حەزی دەکرد زوو ببێتە باوکی سێ کچ، ناوی تانیا و ڤیڤیانی بۆ دانابویت.

ڤیڤیان، ڤیڤی گیان، نا کەمێک دورودرێژە.

تانیا، تاتە گیان

لەو ماوەکەمەی بوکێنیەکەیدا دوو جار بوو بە دایک، چەمچەماڵ و دەوروبەری گەڕا، باوکم دەستی دەگرت و دەیبردە غاباتەکەی بانی مەقان، پیشانیدەدا کە خەریکی چین و چۆن ئەو ناوە سەوز دەکات. دەیبرد بۆ سەنگاو، بۆ ئاغجەلەر، لە ئاغجەلەر ترسابوو نەوبوک.

باوکم ناچاربوو ماوەیەک لەوێ بژی، دادەم دەیگوت؛ ماڵەکە نزیک سەرقەبران بوو، کێلی قەبرەکانیان ترسناک بوون، وەک ئەوانەی لای خۆمان نەبوون.

نازانم لەو ماوە کەمەی بوکێنیدا، ترسەکانت زیاتر بوون یان هەستی ئارامیەکانت، هەستی ئارامیت هەر هەبوو؟!

نازانم داخۆ خەمەکانت زۆرتربوون لەو ماوە کەمەدا، یان شادیەکانت!

بۆ نا، دەشێت شادیەکانت، بیست ساڵانێک بوویت، مێردێکی باش، هۆشیار و نیشتیمان پەروەرت هەبوو.

دووجار بویتە دایک، بوکی ماڵە گەورە بویت، منداڵەکانت باوکێکی باشیان هەبوو، ئەمانە شادی نەبن چی شادیە!

بەپێکەنینەوە گوتی؛ جارێک باوکت بردمی بۆ مەتعەم، خەڵک زۆر سەیریان کردم، خۆم دابوو لە داروتەل، دەیانزانی تازەبوکی ماڵی میرزا محەمەدم، باوکت گوتی؛ ئەو خەڵکە بۆ وا سەیرت دەکەن؟

بەرلەوەی وەڵام بدەمەوە، خۆی گوتی؛ چونکە جوانیت.

نانەکەتان تەواو کرد، لە مەتعەم یان نا؟ گەڕانەوە ماڵەوە، فریاکەوتن یان نا؟ نازانم، ئەوەندە دەزانم، هێندەی تەواوکردنی خواردنەکەی پێنەچوو، هەر ئەوەندە و هەموشت تێکچوو، چیتر کەس پێی نەگوتیت تۆ جوانیت، لاشەی مێردە جوانەکەتیان ساردکردەوە، لەو ڕۆژەدا کە تۆ لە حەوشە بەدیار وشکبوونەوەی جلی زەیستانیەکەتەوە وەستابویت، لەو ساتەدا لاشەی مێردە تازە زاواکەتیان بە گەرمی هەڵدایە بەردەمت، بەدیاریشتەوە وەستان تا پارەی فیشەکەکانی جەستەی بژمێریت، ئیتر نەوبوکیت کۆتای هات! دەمودەست دڵت شەقیبرد و، بوو بە دوو لەتی گەورەو چەند لەتێکی وردەوە.

خۆت مایتەوە بەتەنیا، خۆت و دوو کۆرپەی ساوا، هەوریە زەردەکە ئیتر لەبەر نەکرا، کراس و عەبای ڕەش هاتن و قەپیان بە لاشەتدا کرد.

کڵاو و لاگیرە داکەندرا، لەچک و تارمایی، خۆیاندا بە سەرتدا، گوڵینکە و گێلگێلە نەمان، بازنگ و خڕخاڵ داکەندران، تەوقی کۆمەڵگا و نەریت چوە بینەقاقات، مێردەکەتیان لێکردیت، جوانییەکەیان خستیتە ژێر گڵەوە، دڵیان لەتوکوت کردیت و ئیتر هەناسەت بۆنەدرا.

وەختت ڕاکێشا، کەیفت دەهات بە دڵخۆشی خەڵک، بەڵام شادی هیچ جارێکیتر توخنت نەکەوت، نەتبۆڵاند، دادوبێدادت نەکرد، ڕازی بوویت، شوکر بویت!

تەق تەق تەق، خۆت دەدا بەسەر مەکینەی درومانەکەتدا، قوتیلەت پڕدەکرد لە نەوت بۆ کچەکانت تا بخوێنن، ئاوت دەکوڵاند و دەتگوت وەرن تریت بکەن و بخۆن.

ڕێگەکانت کورت بوو، یان زۆر درێژ، من نازانم، ڕێگەکانت رێگەی ماڵەوە بوون بۆ بوژاندنەوەی دڵەکە، بوژاندنەوەی دڵ بوو بۆ ماڵەوە!

ڕێگەکەت ماوەی نێوان دۆشەکەکە بوو بۆ بۆ سەر مەکینەی درومانەکە، بۆلای ستارەی سەربانەکە، تا ناو بازاڕەکانی سەرچنار.

ئەم رێگایانە کورتن، لەکورتییاندا زۆریش درێژ و بێزارکەرن، ڕێگەی قادرمەکانی ماڵەوە درێژ بوو، ماندوکەر بوو، هەناسەی دەبڕیت، لێوی شین دەکردیتەوە. بەس ناچاربویت ڕۆژی چەندجار بیانبڕیت، چونکە هەردەبوو بەوڕێگەیەدا بگەیتەوە ناو ژورەکە!

ئاڵاوواڵات نەما، ڕەش هات، قاوەیی هاتە تەنیشتی، خۆڵەمێشی لە ناوەڕاستیاندا.

پێکەنینتم نەدی، چاوت دەگریا، ئەمەیان سەیر نەبوو، چاوی خەڵکیتریش دەگری، تەنانەت چاوی ئەوانەشی کە دەیانگریاندی!

دەنگت دەگریان، ئەمەیان نامۆ بوو، بەتایبەت کە بەراوردت دەکرد بە دەنگی ئەوانەی کە دەنگی تۆ دەخەنە گریان، نامۆتر دەبوو!

دەنگت بەردەوام دەگریا...

بەڕەنگی لێوەکانتدا، بە جوڵەیاندا دەتزانی کە، ئەوانیش دەگرین، ئەمەشیان سەیربوو!

زۆر شەکەت بویت، دەتزانی بەس بە ڕۆشتنی یەکجاری کۆتایی دێت ئەو شەکەتیەت، پرست نەکرد، لە تافێکدا کە هاوڕێکانت پلانی خستنەوەی دوامناڵیان دادەنا و، ژیانیان دادەمزراند، لەو کاتەدا، تۆ ڕۆشتیت!

هەر هێندەی گەڕانەوەی تۆ و باوکم لە مەتعەمەکەوە بۆ ماڵەوە، هەر هێندەی ساردبونەوەی خواردنەکەتانی پێچوو، هەر ئەوەندەی خایاند ڕۆشتنەکەت.


Comments

Popular posts from this blog

پیاو و پارە

بۆ دەیەمین ساڵیادی بوونی بلۆگەکەم؛ کۆبونەوە لە نوسین واتە دورکەوتنەوەی خوێنەر لێی

Man and Money!