پیاو و پارە
پیاو و پارە
ژنە بێپارەکان
تانیا کورد میرزا
ماستەر لە یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و دەستور، ڕاهێنەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵان
(کە خۆشەویستی لەئارادابێت، پارە نرخی نامێنێت!)، ئەمە دەستەواژەیەکی فڕەنسییە و مەبەستی ئەوەیە کاتێک کەسێکت خۆشدەوێت چیتر سەیری پارەکانی ناکەیت، گیرفان جیایی ناکەیت و پارە و خەرجیەکان ناژمێریت.
زۆر زۆرن ئەو ژنانەی کە بەناوی خۆشەویستییەوە خراونەتە ژێر باری ئەم دەستەواژەیەوە یانیش خۆیان ئارازومەندانە چونەتە ژێر ئەم بارەوە. هەندێک ژن سەرەتا و هەتا ساڵانێکی زۆری بەیەکەوەبوونیش هەستیان نەکردووە کە کێشەیەک بوونی هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دواجار پیاو خراپ مامەڵە بکات لەگەڵیاندا، توندوتیژی ئابووری بەرامبەریان بەکاربهێنێت کە، بە هەژاری و حاڵەتی مردنیش بەهۆی هەژاریەوە کۆتایی هاتووە.
ڕەنگە ژنێکی تەمەن حەفتا ساڵ و گەورەتر، ژنبوون لەمڕۆدا (بە ئاسانتر) ناوببات وەک ژنبوون لە هەڕەتی لاوی خۆیدا. خانمانی بەساڵداچووی هەشتا ساڵ و بەرەوسەرەوە لایانوایە ئەمڕۆ ژنبوون ئاسانترە لە ژنبوونی سەردەمی ئەوان و دایکیان، چونکە ژنان ئەمڕۆ دەتوانن کاربکەن، دەتوانن بە ئاسانی لە زانکۆکاندا کورسی خوێندن بەدەستبهێنن، هاوکات کاریش بکەن و داهاتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت.
ژنی ئەمڕۆ جودا لە ژنی بەر لە سەرد ساڵ دەزانێت لەکوێدا گیرفانی دەبڕن، لەکوێدا مافی دەخۆن و دەشزانێت چۆن بەرگری لەخۆی بکات.
گەرچی لە بواری کارکردن، هەڵبژاردنی کار و مافە یاساییەکانیدا ژن ئەمڕۆ شانسی زیاترە لە دایەگەورەی خۆی، بەڵام ئەمە هەموشت نییە و تەنانەت لەو یەکشتەشدا ژن هێشتا کێشەی زۆرە، کێشەی یاسایی و نەریتە باوە کۆمەڵایەتیەکان کە هەتا ئەمڕۆ شەڕکردنیان پێویستە.
ژنبوون لەخۆیدا هیچ کاتێک ڕێگر و کێشە نەبووە و نییە لەبەردەم ژندا هەروەها بەربەست نەبووە و، نییە لەبەردەم کارکردن و گەیشتن بە پلە و پۆستی باڵا و دەوڵەمەندبووندا، بەڵام سیستمی پیاوسالاری لە سەرەتای تەمەنیەوە هەتا ئەمڕۆ ژنبوونی کردوەتە تەگەرەیەکی گەورە لەبەردەم ژندا هەتا کارنەکات، هەتا لە ماڵەوە بمێنێتەوە و ئەگەریش کاری کرد کەم بیکات.
سیستمی پیاوسالاری زۆر فێڵزانانە دەستی داوەتە شتێک کە ژن ناتوانێت لێی ڕابکات و دەربازی ببێت لێی، تەنانەت ئەگەر بشیەوێت؛ ئەویش ژنبونەکەیەتی.
ژنبوون بگرە و بیکە بە تەوەری سەرلەبەری ژن، لەگەڵ باسی ئێستا کرا بڵێ؛ تۆ ژنیت، ناتوانیت، کە باسی داهاتوو کرا بڵێ؛ تۆ دەبیتە دایک بۆتۆ نابێت و ناتوانیت.
بۆ ژنێک کە بەمجۆرە پەروەردەبکرێت و کۆمەڵگا، سیستم و قانونەکانیش دژایەتی بکەن یەک ڕێگا دەمێنێتەوە کە خۆی تێدا حەشاربدات و خۆی تێدا بپارێزێت، ئەویش ماڵ و مەتبەخەکەیەتی و هیچیتر!
لە سەرانسەری دنیادا بەشێوەیەکی گشتی موچەی ژنانی کارکەر نزیکەی لەسەدا ١٦ کەمترە لە موچەی پیاوان، هەروەها هەژاری لەنێوان ژنانی خانەنشیندا زیاترە وەک لە پیاوان بەرێژەیەکی بەرچاو کە لەسەدا ٧٦ ی ژنانی خانەنشین هەژارن.
وێنە باوەکە ئەوەیە کە پارە شتێکی پیاوانەیە، پیاوەکان کاردەکەن، پارە پەیدا دەکەن و شتێکیش لەو پارەیە لەڕێگەی کڕینی خواردەمەنی و پێداویستی سەرەکی ڕۆژانەوە بەر ژنەکانیان دەکەوێت.
پیاو پارەی دەوێت، چونکە پیاوە و پێداویستی زۆری هەیە کە بە پارە دەستی دەکەون، لەوانە؛ جگەرە، خواردنەوە کهولیەکان، لە کۆندا جۆ و کا بۆ کەرەکەی، ئەمڕۆش بەنزین بۆ سەیارەکەی و جارجارەش کە دەبێتە لەشکڕ پارەی بۆ لەشکڕین و تێرکردنی حەزە سێکسیەکانی دەوێت، بۆ؟ چونکە ئەو پیاوە.
پیاو دەبێت تەڕ و تازەبێت و بەردەوام جلی نوێ بکرێت، چونکە ئەو کاردەکات و لەناو بازاڕی کاردایە و دەبێت پاکوخاوێن بێت، دەچێتە مەجلیسی ژنکوشتن و دوایش لە مەجلیسی سوڵحەکەدا دادەنیشێت، خۆ دەبێت پۆشتە و پەرداخ بێت و جلەکانی ڕوی مەجلیسیان هەبێت!
هەرچی ژنەکەیەتی پارەی ناوێت، لەو نانە دەخوات کە بۆ مێردەکەی لێدەنێت، جگەرە ناکێشێت و ناخواتەوە، جلی تازە و گرانبەهای ناوێت چونکە تازە مێردی هەیە، مێردەکەشی ئەگەر حەزی لە ژنی باق و بریقەداربێت دەچێت لەجێیەکیتر پەیدای دەکات و دەبێتە لەشکڕ، واتە ژنەکە جلی جوانیشی ناوێت!
لە مەتبەخەکە چی هەبوو ژنەکە لێی دەنێت، لەناو بەفرگرەکە چی هەبوو قوتی دەدات، لەسەر سفرەش دوای تێرخواردنی مێردەکەی هەر یەک دوو پارو دەمێنێتەوە بیگلێنێ، ئێ ئیتر پارەی بۆچییە؟
لەناو کورددا دەستەواژەی (پیاو و ئیشیان گوتووە) بەتەک (ئیشکەری شیرینی، نوێژکەری نوورینی) و هەروەها (ژن و ماڵ یان ژن و مەتبەخ) هەیە.
پیاو، لەناو کورددا و لە وڵاتانیتریشدا هەتا ئەمڕۆ بەڵام دیارە بە هەمان ڕێژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نا بەرپرسە لە کارکرکردن، دابینکردنی خەرجی ژن، خەرجی ماڵ و منداڵ و ئەو بەرپرسی یەکەمی کاسەی ماڵەکەیە، هەرچی ژنە بەبێ ئاوڕدانەوە لەوەی داخۆ بڕوانامەی هەیە یان نا، کاری هەبووە یان نا، چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت منداڵ بخاتەوە، لەماڵەوە دابنیشێت و سەرپەرشتی مەنجەڵ و مەتبەخ بکات.
دەوڵەمەندی هەتا ئەمڕۆش شتێکە تایبەتە بە پیاوان و ژن هەرچەندە کاریش بکات کۆمەڵگا و تەنانەت ژنەکانی دەوروبەریشی چاوەڕوانی دەوڵەمەندی لێناکەن و لایان وایە پارە شتێکی پیاوانەیە.
ئامارەکان پێمان دەڵێن، پیاوان لە سەرانسەری دنیادا سەد و پێنج بلیۆن دۆلار سەروەتیان زیاترە لە ژنان.
ئەمە وێنە ستێریۆتایپەکەیە کە هەتا ئەمڕۆ کەم تا زۆر، لێرە بۆ ئەوێ درێژەی هەیە و بەتەواوەتی لەناو نەچووە.
گەرچی ئەمڕۆ ژنان بەدەنگی بەرز داوای یەکسانی لەسەرجەم بوارەکاندا لەگەڵ پیاواندا دەکەن و بەشێکی سەرەکین لە بازاڕ و هێزی کار، بەڵام هێشتاش نەگەیشتوون بەوەی کە دەبوو پێی بگەن.
بەڵێ ئەمڕۆ ژن بە یاسا کاتژمێرەکانی کارکردنی دیاریکراوە و داهاتی لەکاتی خۆیدا دەچێتە هەژمارە بانکیەکەیەوە و دەتوانێت لەکاتی بوونی سەرپێچی و مافخواردندا پەنا بەرێتە بەر دادگای کار، بەڵام هێشتاش پلە دووە لە بازاڕی کاردا!
ژنان هەر لە سەرەتاوە هەستیان بە بوونی ناڕێکی و نادادی کردووە لە موچە و مافدا، هەر لە سەرەتای چوونە ناو بازاڕی کارەوە، بەڵام هەستکردن بە بوونی زوڵم بەس نییە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ بە دەنگی بەرز نەخێر بڵێت و، مانای ئەوەش نییە چیتر ژن دەتوانێت بەرگری لەخۆی بکات.
ژن کاری دەکرد، بەڵام خاوەنی گیرفان نەبوو، ژن کاری دەکرد، بەڵام پارەکەی دەچووە گیرفانی پیاوێک یان زیاد لە پیاوێکەوە و وێڕای هەستکردن بەم زوڵمە شتێکی ئەوتۆی پێنەدەکرا.
کاتی ویست، پاش ساڵانێکی زۆر کارکردنی ژنان و بەشداریکردنی ژنان لە بازاڕی کاردا ژنان هەستیان بە نابەرابەری لە داهاتدا کرد، نابەرابەری لە کاتژمێرەکانی کار و باجدا، ئەمەش دواجار بووە هۆی دەنگەڵبڕینی ژنان بە تاک و بە کۆمەڵ وە فشار دروستکردن لەسەر حکومەتی وڵاتان، ئاکامەکەی دیاریکردنی کاتژمێرەکانی کار بوو بەیاسا، هاتنەدنیای یاسای کار، موچەی بەردەوام لەکاتی نەخۆشکەوتن و منداڵبووندا، بیمەی تەندروستی و دواجاریش هاتنەدنیای دەستەواژەیەکی نوێ و تایبەت لە زانستی توندوتیژیدا ئەویش (توندوتیژی ئابوری)(economic violence)یە.
بەڵێ دەستکەوتەکان زۆرن و دەبێت ژنی ئەمڕۆ شانازیان پێوەبکات و دڵی بە سەرکەوتنەکانی خۆی خۆشبێت، بەڵام هێشتاش دەستکەوتەکان تەواونین و شایەنی خەبات و تواناکانی ژنان نین.
سەردەمێک لە نەبوونی یاسای کار و بەهۆی دەم کوتکردنی ژنانەوە ژن مافی نەبووە بچێتە بازاڕی کارەوە یان چووە و مافی خوراوە، ئەمڕۆ بە بوونی یاسای کاریشەوە لە وڵاتانی دنیادا ژن هەر مافی دەخورێت و توندوتیژی ئابوری بەرامبەر دەکرێت.
دەبێت بگوترێت کارکردنی ژنان بەمانای کار شتێکی نوێ نییە، بەڵام بە مانای کارێک کە بتکاتە خاوەنی هەژماری بانکی و گیرفان زۆر نوێیە، تەنانەت لە وڵاتێکی وەک فڕەنسادا ژنان هەتا ساڵی ١٩٦٥ هەژماری بانکیان نەبووە و لەو کاتە بەدواوە مافی ئەوەیان هەبوو کە هەژماری بانکی تایبەت بەخۆیان هەبێت و خۆیان کۆنترۆڵی پارە و بانکەکانیان بکەن.
بەرلەوەی پێناسەیەکی ڕوتی توندوتیژی ئابوری بەرامبەر ژنان بکەم هەوڵدەدەم چەند نمونەیەک لە توندوتیژی ئابوری بەرامبەر کچان و ژنان بخەمە ڕوو و دواتر پێناسەکە خۆی نمایشدەکات.
یەکەم؛ کچەکان پارەی ڕۆژانە (پارەی گیرفان)یان کەمترە لە هی براکانیان
ئەو خێزانانەی کە خاوەنی کوڕ و کچن بە مەبەست یانیش بەبێ مەبەست، جیاوازی ئابوری دەکەن لەنێوانیاندا و کچەکان پارە و خەرجی ڕۆژانەیان کەمتر دەدرێتێ وەک لە براکانیان، جێگەی داخە ئەوەی جیاوازیەکە دەکات و پارەی ڕۆژانە بە نادادی بەسەر کوڕ و کچدا دابەشدەکات لەماڵەوە بەگوێرەی ئامارێکی دامەزراوەی پیکس پەی فڕەنسی، دایکەکانن، چونکە دایکەکان لە ڕۆژانەی منداڵەکانیان بەرپرسن!
نمونە؛ کچەکە دە دۆلاری دەدرێتێ ڕۆژانە، براکەشی دە دۆلار، لە کۆتایی ڕۆژدا کچەکە تەنیا پێنج دۆلاری خەرج کردووە(کچ و ژن بەردەوام لەپارەی خەرجیەکەیان کۆدەکەنەوە و هەموی خەرج ناکەن، توێژینەوە هەیە دەریدەخات ئەمە پەیوەندی بە سروشتی ژنەوە هەیە، بەڵام کوڕەکە هەمووی خەرج دەکات و هیتریشی دەوێت) و براکەی هیچی پێنەماوە. ڕۆژی دواتر دایکەکە یان باوکەکە دە دۆلاری تەواو دەداتە کوڕەکە و تەنیا پێنج دۆلار بە کچەکە، چونکە دوێنێ هەمووی خەرج نەکردووە.
ئەم زنجیرەیە بەوجۆرە دەڕوات و بەردەوام دەبێت، لە ئاکامدا کچەکە لەلایەن دایک و باوکی خۆیەوە توندوتیژی ئابوری بەرامبەر دەکرێت و پارەی کەمتری دەدرێت، هەر ئەمەش لای دەبێتە شتێکی ئاسایی و لەگەڵی دەگوازرێتەوە بۆ ژیانی ژن و مێردایەتی و دواتر لەبری دایکی هاوسەرەکەی توندوتیژی ئابوری بەرامبەر دەکات.
دامەزراوەی پیکس پەی دەریدەخات لەنێوان کوڕان و کچانی خوار هەژدەساڵدا، کچان مانگانە ٢٠٠ یۆرۆ کەمتریان دەدرێتێ لەچاو براکانیان.
زۆرجار لەناو کوردەواریدا دەگوترێت؛ (چی بکەم خۆی کەم مەسرەفە، زۆر ئاقڵە و دەست بە پارەوە دەگرێت).
خێزانەکان دەبوو پارەی کچ زیاتر دابنێن وەک لە هی کوڕەکانیان، چونکە کچ مانگانە پێویستی بە بڕێکی دیاریکراو پارە هەیە بۆ کڕینی پێداویستی سوڕی خوێنی مانگانەی و خۆ خاوێنڕاگرتن، لەلایەکیترەوە بەهۆی بوونی سوڕی خوێنەوە کچەکان حەبی ئازارشکێن و پشکنینی تایبەتی پزیشکیان پێویستە کە بە پارە دەکرێن.
سەرەنجام؛ کچ لە ماڵی باوکیەوە پارەی کەمتر دێتە دەستی، پارەی کەمتر کۆدەکاتەوە و هەندێکجاریش توشی هەژاری سوڕی خوێنی مانگانە دەبێت و ناتوانێت پێداویستیەکانی خۆی دابینبکات، لە کۆتاییدا پەنا دەباتە بەر پێداویستی هەرزان و پیس کە نەخۆشکەوتن، هەوکردن و تەنانەت نەزۆکی و مردنیشی لێدەکەوێتەوە.
کچ لەماڵی خۆیەوە و لەلایەن دایک و باوکیەوە یەکەم توندوتیژی ئابوری بەرامبەر دەکرێت.
دوەم؛ کچان ناچاردەکرێن بەهۆی ڕەگەزیانەوە ئەو بەشانە بخوێنن کە بە بەشی (بۆ ژن گونجاوە) ناودەبرێن
کچەکان وا ڕادەهێنرێن و بەوجۆرە پەروەردە و ئامادەدەکرێن کە دەبنە ژنی پیاوێک و دواتر دەبنە دایک، کەواتە دەبێت بەشێک هەڵبژێرن کە (ژنانە)بێت و نەبێتە بەربەست لەبەردەم ماڵداری ئەواندا.
کچ وا پەروەردە دەکرێت کە ژنبوونی ڕێگرە لەبەردەم ژیانیدا و دەبێت ژیان و داهاتوی خۆی بەگوێرەی ژنبوونەکەی بگونجێنێت (وەک چۆن نەخۆشێکی درێژخایەن ژەمە خواردنەکانی بەگوێرەی نەخۆشیەکەی ڕێکدەخات). (تۆ دەبیتە ژنی مێردان، کەواتە نابێت کارێکت هەبێت کە بەیانی بۆ ئێوارە بێت و هاوینت نەبێت، دەبێت فریای مێرد و ماڵیش بکەویت.) (تۆ دەبیتە دایک، منداڵ وەختی دەوێت، دووگیانی ئیسراحەتی دەوێت، نابێت ئیشێکی پیاوانە هەڵبژێری.) ئەمانە لە نمونەی ئەو ڕستانەن کە دەدرێن بەگوێی کچدا و (بەش و کارە پیاوانەکانی) بۆ جیادەکرێنەوە و هاندەدرێت و فێردەکرێت ببێتە ژن و (کاری ژنانە) بکات.
یەکەم کارێکی ژنانە کە دەیکات، ڕازی بوونە بە ڕۆژانەی کەم و داهاتی سفر، دواتر هەڵبژاردنی (بەش و فاکەڵتی ژنانە) لە زانکۆ، هەڵبەت ئەمە لە؛ باشترین حاڵەتدا، ئەگەر نا بەر لەو قۆناغە دەدرێت بە شوو و تەنیا ژنبوونی پیاوێک و دایکایەتی کارە سەرەکیەکەی دەبن وگیرفانی ئەم گیرفانی مێردەکەی دەبێت، کە دەستی پێی ناگات.
(مامۆستایەتی بۆ ژن باشە.) ئەمە یەکێکە لەو کارانەی کە سەرجەم کۆمەڵگاکان لە سەردەمێکدا لەسەری کۆکبوون کە کارێکی (ژنانەیە)، ئەمڕۆش لە کۆمەڵگا دواکەوتەکان و وڵاتانی سێیەمدا وەک خۆی ماوەتەوە و لە ڕۆژئاواش مامۆستایەتی بەتەک پەرستاریەوە زۆرینە ژنان پڕیدەکەنەوە، بەجۆرێک لە زۆر وڵات لەسەدا هەشتای پەرستار و مامۆستایان و پەروەردەکاران ژنن.
ژن دەکرێتە مامۆستا، چونکە لایان وایە مامۆستایەتی ئیسراحەتە، هاوینی هەیە، پشوەکان لە ماڵەوەیە، زوو دێتەوە ناو مەتبەخەکەی خۆی و، مامۆستایەتی نابێتە ڕێگر لەبەردەم دایکایەتی و منداڵخستنەوە و خزمەتی مێرد و میواندا.
ژن دەکرێتە مامۆستا، لەبەرئەوە نییە لایان وابێت ژن دەتوانێت پەروەردەکارێکی باشبێت، بگرە لەبەرئەوەیە کە لایان وایە پیشەی مامۆستایەتی ڕەگەزی هەیە و ژنە کەواتە بۆ ژن باشە!
مامۆستای باخچەی ساوایان، توێژەری کۆمەڵایەتی و دەرونی منداڵان (هی گەورە و پێگەیشتوان نا) لەو ئیشانەن کە ڕەگەزەکەیان مێینەیە و بەلای کۆمەڵگای پیاو سالاری و ئەندامەکانیەوە بۆ ژن گونجاون.
ژنان لەم پیشانەدا کەمتر کاردەکەن لە پیاوە هاوکارەکانیان، ئەمەش واتە لە کۆتایی مانگدا پارەی کەمتر وەردەگرن و داهاتیان کەمتردەبێت و دواجار بە پارەکانیان نە دەتوانن سەرمایە بەیەکەوەبنێن، نە دەتوانن موڵک بکڕن، تەنیا ئەوەیە نامرن و دەژین!
کاتژمێری کەمتری کار واتە پارەی کەمتر لە کۆتایی مانگدا، ئەمەش واتە هەژاری و وابەستەیی ژن لەڕوی داراییەوە بە پیاوەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە و دەبێت بگوترێت لە شارە گەورەکانی ئەمریکادا نیویۆرک و واشنگتن دیسی بەنمونە موچەی ژنانی گەنج بەراورد بە کوڕانی گەنج زیاترە، ئەمە نمونەیەکی جیاوازە، کە ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە تەمەنی دەستکردن بەکار ڕۆڵی هەیە لە دیاریکردنی بڕی موچەدا، هەرچەند ژن زوتر دەستبکات بە کار شانسی ئەوەی زیاترە کە موچەکەی وەک پیاو یانیش زیاتربێت.
ژنان لە بەدەستهێنانی بڕوانامەدا لە ئەمریکادا پێش پیاوان کەوتون، بەنمونە لە شارێکی وەک نیویۆرکدا لەسەدا شەستی ژنانی کارکەر لانی کەم بەکالۆریۆسیان هەیە لەکاتێکدا تەنیا لەسەدا چلی پیاوان خاوەنی ئەو بڕوانامەیەن.
گەرچی ژنان لە بڕوانامە و پسپۆڕیدا پێش پیاو کەوتوون، بەڵام ئەمە نەیکردونەتە هاوموچەی پیاوەکان و لە بڕی موچەدا لە دوای پیاوەوەن!
بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان هیچیان ڕەگەزیان نییە، نە ژنن، نە پیاون، نە هەردوکیانن، تەنیا زانستن بە سەرجەم بەشەکانیەوە، فەلسەفەن، مێژوون و هەتا دوایی، ئەمانەش بێلایەن و سەربەخۆن.
ژن دەتوانێت مامۆستا و پەروەردەکاربێت، پارێزەر، وێنەکێش، سەماکار، شۆفێر، وەرگێڕ، سەرۆکی وڵات، سیاسی و ژەنیاریش بێت بەبێ ئەوەی لەکاتی هەڵبژاردنی بەش و زانکۆدا بیر لە ڕەگەزەکەی، سوڕی خوێنی مانگانەی، ڕەحم و هێلکەکانی و هۆڕمۆنەکانی بکاتەوە.
سەرەنجام؛ هەڵبژاردنی بەش و کارکردن لە شوێنێکدا لەسەربنەمای ڕەگەز سێکسیزمە، ئەمەش دواجار توندوتیژی ئابوری لێدەکەوێتەوە چونکە نابەرابەری هەیە لە داهات و پارەدا.
سێیەم؛ مێردکردن و تێکەڵکردنی پارە
ژن لەپاش بڕینی دوو هەنگاو لە توندوتیژی ئابوری کە کەمی پارەی ڕۆژانە لەچاو براکەی و کەمی موچەی مانگانەکەی بەهۆی هەڵبژاردنی بەشە دیاریکراوەکانەوە، دەچێتە قۆنای سێیەم لە ژیانیەوە کە، ئەڵقەیەکیتری بازنەی توندوتیژی ئابورییە.
ئەم قۆناغە قۆناغی مێردکردن و تێکەڵکردنی داراییە لەگەڵ پیاودا، بەرلەوەی باسی تێکەڵکردنی پارەی ژن و پیاو بکەم لەگەڵ یەکتردا دەمەوێت ئاماژە بە تێکەڵنەکردنی پارەی ژن و مێرد بدەم.
تێکەڵنەکردنی پارەی ژن و مێرد و گیرفان جیایش لەخۆیدا توندوتیژی ئابوری لێدەکەوێتەوە کە بە زیانی ژن تەواو دەبێت، هەروەها نابەرامبەری لە داهاتدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەژاری ژن و هاتنە خوارەوەی ستایڵی ژیانی، وە لە کۆتاییدا بە دەس و مایەپوچی ژن کۆتایی دێت.
کاتێک داهاتی ژن و مێرد تێکەڵناکرێت چەند هۆکارێک لە ئارادان کە پیاو باش لێیان بەئاگایە و ژن یان نازانێت بۆچی وایە، یان دەزانێت و هیچی پێناکرێت.
پیاوەکان بۆچی داهات تێکەڵ بەهی ژن ناکەن؟
ئەو پیاوانە ئەوانەن کە لە ژن زیاتر پەیدا دەکەن، داهاتی مانگانە و ساڵانەیان لە هی ژنەکانیان جودایە، تێکەڵکردنی داهات بەلای ئەوانەوە واتە دابەشکردنی موچە و داهاتیان لەگەڵ ژنەکەیاندا کە ئەوەیان ناوێت.
ئەم پیاوانە نایانەوێت ژن بزانێت چەند پارە لە ڕۆژێک، لە هەفتەیەک و لە مانگێکدا خەرج دەکەن و، پارە بەچی دەدەن وە لەکوێ خەرجی دەکەن.
تێکەڵکردنی پارەی پیاو لەگەڵ ژندا واتە هەبونی دەسەڵاتی ژن بەسەر پارەی پیاوەوە و کەم بونەوەی دەسەڵاتی تەواوی پیاو بەسەر موچەکەیەوە بۆ نیوە، ئەمەش بۆ پیاوێکی پیاوسالار مردنە.
تێکەڵنەکردنی داهات تەنیا لەیەک کاتدا توندوتیژی ئابوری نییە، ئەویش ئەوەی کە ژن ئاگای لە وورد و درشتی پارە و خەرجی مێرد بێت(ئەمە لە دنیای ئەمڕۆدا کە هەژماری بانکی هەیە موستەحیلە، چونکە وەک جاران نییە پیاو بە دەستی موچە وەربگرێت و ژن بزانێت چەند دێتە دەستی)، مێرد هیچ سەروەت و سامانێک بەبێ ئاگایی ژن نەنێت بەیەکەوە(ئەمەشیان بەهۆی ئازادی سەفەرکردن و گەڕانی پیاوەوە موستەحیلە و بەردەوام دەتوانێت موڵک بکڕێت و ژن ئاگای لێنەبێت، یان بیکڕێت و بیکات بەناوی کەسانیترەوە) هەروەها بواربدات ژنەکەی دەستی بگات بە پارەکانی بەبێ گۆکردنی بۆ، لەبەرچی، کەی (کەس دەستی ناگات بە هەژماری بانکی کەس، کەواتە ئەمەش موستەحیلە).
تێکەڵنەکردنی پارە واتە یاریکردن بە پارەوە، خەرجکردنی پارە لێرە و لەوێ بەبێ زانیاری و ئاگایی ژن، لەکاتێکدا زۆربەی ژنان ئەوەی کە هەیانە دەیخەنە بەردەم مێردەکانیان و زۆرجاریش هەر مێرد کۆنترۆڵی تەواوی پارە و داهاتی ژن دەکات، واتە جارێکیتر نابەرابەری و توندوتیژی ئابوری.
تێکەڵکردنی پارە و توندوتیژی ئابوری
ژنانی کارکەر لە ڕۆژئاوادا، هەمویان نا، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان لەکاتی بەیەکەوەبوون و هاوسەریدا بڕیاری پەنجا بە پەنجا یاخود نیوە بە نیوە دەدەن. ژن وەک پیاو لەسەدا پەنجای داهاتی مانگانەی خۆی دادەنێت و هەروەها پیاویش، ئەمە لە یەکەم سەیرکردن یاخود لە یەکەم بەرگوێ کەوتندا وەک یەکسانی دێتەبەرچاو و گوێ، بەڵام ئاخۆ وایە؟
نمونە؛ مێرد مانگانە ٤٠٠٠ دۆلار وەردەگرێت، ژن چونکە کەمتر کاردەکات ٢٠٠٠ وەردەگرێت، مانگانە ژنەکە ١٠٠٠ دۆلار دادەنێت کە نیوەی پارەکەی دەکات، پیاویش نیوە کە ٢٠٠٠ دەکات، لە کۆتایی مانگدا ژنەکە تەنیا ١٠٠٠ دۆلاری بەدەستەوەیە و بەڵام پیاوەکە ٢٠٠٠!
ژن بەهۆی پەنجا پەنجاوە ئەڵقەیەکیتری توندوتیژی ئابوری گرێدەدات لە ملی خۆی و ژمارەی ئەڵقەکانی دەبنە سێ، لە زنجیرەی توندوتیژی کە وێدەچێت درێژبێتەوە.
هەرچی سەبارەت بە وڵاتانی جیهانی سێیەمە بەشداری ژن بەشێوەیەکی گشتی جیاوازە لە هی ڕۆژئاوا.
لە وڵاتانی سێیەم ژن ئەگەر کاریش بکات خاوەنی پارە نییە، لەکاتێکدا لە ڕۆژئاوا قسە لەسەر کەمی پارە و داهاتی ژنانە بە بەراورد بە هی پیاوان، لە وڵاتانی سێیەم دەبێت باسی ئەوەبکەین ژن بۆچی سەرەڕای کارکردن بێپارەیە و کە دێتە سەر جیابونەوە لەبەر کەمی موچەکەی و نەبوونی داهات ناتوانێت جیابێتەوە؟
چوارەم؛ شاراوەیی داهاتی مێرد و کڕینی موڵک و کردنی بەناوی خەڵکیترەوە
پیاوان لە دنیادا بەڕێگەی جۆراوجۆر پەنادەبەنە بەر ڕێگە جیاوازەکان هەتا ژنەکانیان و هەندێکجار منداڵەکانیشیان لە سەروەت و سامانیان بێبەش بکەن. لەو ڕێگانەی کە پیاوان پەنای بۆ دەبەن کڕینی موڵک و زەویوزارە و کردنیەتی بەناوی کەسانیترەوە لەبری ئەوەی بیەکەن بەناوی خۆیان یان ژن و منداڵیانەوە.
ئەم هەنگاوەش یەکێکیترە لە جۆرەکانی توندوتیژی ئابوری کە پیاو بەرامبەر بە ژنەکەی و منداڵەکانی دەیکات کە دواجار و لە زۆربەی کەیسەکاندا بە توندوتیژی ئابوریش بەرامبەر بە خۆی دەشکێتەوە (چونکە ئەوکەسەی کە موڵەکەکەی بەناوەوەیە خۆی دەچێتە ناوی و ئەم مافی ئەوەی نییە بچێتە ناوی، چونکە دەترسێت ئاشکراببێت، دواتر لە حاڵەتی مردندا دەبێتە وەرسە بۆ کەسەکە، وە لە حاڵەتی فرۆشتن و بەکرێداندا یان پارەکە نایەتەوە دەستی یانیش بەنیوە ناچڵی دێتەوە دەستی).
پیاوان بە مەبەستی بێبەشکردنی ژن لە نیوەی موڵەکە و منداڵەکانیش لە وەرەسە ئەمە دەکەن، ئەمە توندوتیژی ئابورییە و ئەڵقەی چوارەمە لە زنجیرەی توندوتیژی ئابوری، پیاوان لەم دۆخەدا هەم توندوتیژیکارن هەمیش دەبنەوە قوربانی ئەوکەسەی کە موڵەکەکەیان کردوە بەناویە. ئەم دۆخە زیاتر لە ئاکامی تێکەڵنەکردنی پارەی مێردەوە لەگەڵ ژنەکەیدا دروستدەبێت،(ئەو پیاوانەی پارە و داهاتی خۆیان لە ژنەکانیان دەشارنەوە، ئەوانەن کە داهات و پارەی خۆیان بەبێ حساب و گرێبەست دەخەنە بەردەم ژنی پیاوێکیترەوە و لەخزمەتی ئەواندا بەکاری دەهێنن!)
پێنجەم؛ دایکایەتی وەک بەهانەیەک بەدەستی کۆمەڵگاوە بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی ئابوری بەرامبەر دژنان (Motherhood penalty)
ئەڵقەی پێنجەم کە کۆمەڵگا دەیکاتە ملی ژن لە ئەڵقەی زنجیرەی توندتیژی ئابوری دایکبوونە (چ دایکایەتی بایڵۆجیکڵ یان بەهۆی لەئامێزگرتنی منداڵەوە).
ژنی کارکەر کە دەبێتە دایک مۆڵەتی دایکایەتی وەردەگرێت و لە ماڵەوە دادەنیشێت، موچەکەی کەمدەکرێتەوە، بەڵام بەشداری ئەو لە خەرجی مانگانەی ماڵدا وەک خۆی دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی ئامارێک ژنان لە ئەمریکادا لەسەدا ٣٥ ی موچەکەیان بەهۆی بەدایکبونیانەوە لەدەست دەدەن، هەندێکیان هەتا چوونە قوتابخانەی منداڵەکانیان ناچنەوە سەر کارەکانیان، هەندێکیان دوای نزیکەی سێ ساڵ دەچنەوە سەر کار و کارەکەیان لە فوڵ تایمەوە دەکەنە پارت تایم.
لەکاتێکدا ژن بەدیار منداڵەوە دادەنیشێت لەماڵەوە پیاوەکان لە کارەکانیان وەک بەر لەوەی ببنە باوک بەردەوام دەبن و، موچەکەیان کەم ناکرێتەوە.
کەمکردنەوەی موچەی ژن لەبەر دایکایەتیەکەی، کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارەکەی لەبەرخاتری منداڵ و لەدەستدانی چانسی بوون بە بەڕێوەبەر و شێف لەکاردا بەهۆی دایکایتیەوە جگەلەوەی کە سێکسیزمە توندوتیژی ئابوریشە کە ئەمریکیەکان بە (سزای دایکایەتی) ناوی دەبەن.
ژن سزای ئابوری بەسەردا دەسەپێنرێت چونکە دەبێتە دایک، وەک ئەوەی بیانەوێت بڵێن؛ دایکایەتی یان کارکردن!
سەرەنجام؛ منداڵ بەتەنیا ژن نایهێنێتە دنیاوە، لە حاڵەتی هاوسەرگیری و بەیەکەوەبوونی پیاوێک و ژنێکدا، پیاوێکیش بەتەنیشت ژنێکەوە بوونی هەیە، کەواتە نابێت پاش هاتنەدنیای منداڵەکە ڕۆڵەکان بەوجۆرە دابەشبکرێن کە پەروەردە، خزمەتکردن و چاودێریکردنی منداڵ بدرێت بە کۆڵی دایکدا و باوک لێی ڕابکات!
دایکایەتی نابێت بکرێتە سزای ئابوری بەسەر ژنەوە و بەهۆی دایکبونیەوە لەهەموو مافە ئابوریەکان بێبەشبکرێت و لە پێشکەوتن لە بوارەکەی خۆی و کارەکەیدا دوابکەوێت.
شەشەم؛ خانەنشینی و هەژاری
ژنان کەتێک دەگەنە تەمەنی خانەنشین بوون بە موچەیەکی کەمتر لە پیاوەکانی هاوپیشە، هاوبڕوانامە و هاوتەمەنیان خانەنشین دەبن، چونکە بە موچەیەکی کەمتر کاریان کردووە و بەهۆی دایکایەتیەوە تەنیا پارت تایم کاریان کردووە و جارێک یان زیاد لەجارێک لە کارکردن دابڕاون و دواتر گەڕاونەتەوە سەرکار.
لە فەرەنسا موچەی ژنانی خانەنشین بە بەراورد بە پیاوان لە سەدا سی بۆ چل کەمترە، وەک زۆرێک لە وڵاتانیتری دنیا!
ژنانی خانەنشینی ڕۆژئاوا ناچارن بەهۆی کەمی موچەکەیانەوە چەند کاتژمێرێک بەگوێرەی توانای خۆیان لە هەفتەدا کاربکەن هەتا بژێوی ژیانیان بە تەواوەتی دەربهێنن.
دابەشکردنی ڕۆژنامە بەسەر ماڵاندا، کارکردن لە سەمونخانە و نانەواکاندا، گوتنەوەی وانە بە منداڵان و لاوان لەوبوارەکەدا کە خانەنشینەکە بڕوانامەی هەیە لەو کارانەن کە خانەنشینان پەنایان بۆدەبەن.
هەژاری و نابەرابەری موچەی خانەنشینی ژنان بە بەراورد بە هی پیاوان ئەڵقەی شەشەمی زنجیرەی توندوتیژی ئابوریە بە ملی ژنەوە دوا ئەڵەقەی توندوتیژی ئابوریە بەڵام دواهەمینیان نییە، ئیتر ئەڵقەکان بوونە زنجیر و درێژبونەوە، درێژ بەقەدەر ساڵەکانی تەمەنی ژن خۆی!
وەک دەرکەوت توندوتیژی ئابوری هەرئەوە نییە کە لە ماڵدا پیاو (باوک، برا و مێرد) یان دایک لە حاڵەتی دابەشکردنی ڕۆژانەی منداڵدا پارە کەمتر بدەنە کچ، ژن، خوشک و دایک بگرە ڕویەکیتری توندوتیژیەکیتری ئابوری ئەوەیە کە بەهۆی ژن بوون و دایکایەتیەوە دەوڵەت و خاوەنکار لەگەڵ ژندا دەیکەن.
لەبەرچاونەگرتنی توانا، بڕوانامە و ئەزمونی ژنان لەکاتی بڕینەوەی موچەدا، هەروەها کۆنترۆڵکردنی پارە و داهاتی ژن لەلایەن پیاوەکانی خێزانەوە توندوتیژی ئابورین و دەبێت ژن سەرەتا بیانناسێتەوە ئنجا هەوڵبدرێت بۆ چارەسەرکردنیان.
هەر ئیستغلالکردنێکی موچە، داهات و پارەی کەسێک لەلایەن کەسێکیترەوە(با ناوی ئەی بێت) و بەکارهێنانی ئەو پارە و سامانە بۆ خزمەتی (ئەی) ناوی توندوتیژی ئابوریە و لێکەوتەکانی چەپاندن، تەپەسەری، برسیکردن، هەژارکردن و بوارنەدانە بە پەرەسەندن و گەشەکردنی کەسەکە لە پێناو قەڵەوبوون و پێگەیشتنی ئەوکەسەدا کە توندوتیژیەکە دەکات کە بە (ئەی) ناومان برد.
توندوتیژی ئابوری بەتەنیا بەرامبەر بەو ژنانە ناکرێت کە کاردەکەن و موچە دێتە دەستیان، ئەم توندوتیژیە بەرامبەر بەو ژنانەش دەکرێت کە هیچ داهاتێکیان نییە، هیچ بروانامەیەکیان نییە و لە ماڵەوەن.
توندوتیژی ئابوری بەرامبەر بە ژنێکی بێکار بریتییە لە بێکاریەکەی، لە بێبەشکردنی لە خوێندن، لە بێبەشکردنی لە موچە و داهاتی خۆی لە پلەی یەکەمدا. لەکاتێکدا کەمی داهات بۆ ژنێکی کارکەر توندوتیژیە، بۆ ژنێکی بێکار نەبوونی داهات توندوتیژیەکەیە، بۆ ژنێکی مامۆستا و پەرستار ناچارکردنی بە هەڵبژاردنی ئەو بەشانە توندوتیژیە، بەڵام بۆ بێبڕوانامەیەک نەبوونی بڕوانامە و بوارنەڕەخساندن بۆی بۆ خوێندن توندوتیژیە ئابوریەکەیە.
(توندوتیژی ئابوری بەرامبەر ژنانی بێکار و هەندێک جۆری تایبەت لە کار بابەتێکیترە و ئەڵقەیەکیترە لە توندوتیژی ئابوری کەم لەم بابەتەدا درێژەی نادرێتێ)
هەنگاوەکانی چارەسەر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کەم تا زۆر گیراونەتەبەر و ماوەتەوە وڵاتانی سێیەمیش بێنە ناو بازنەی چارەسەرەوە.
چارە
لەماڵدا دەبێت خەرجی ڕۆژانەی کوڕ و کچ وەک یەک بدرێت، ئەگەر کچ پارەکەی کەمتر خەرجکرد و بەدەستیەوە مایەوە هەردەبێت ڕۆژی دواتر بەشی خۆی بدرێتێ و نابێت ئەوە بکرێتە مەهانەی جیاوازیکردنی لەگەڵ براکەیدا. جگە لە پارەی ڕۆژانە، کچ دەبێت بودجەی تایبەتی بە پێداویستی سوڕی خوێنی مانگانە و پشکنینی پزیشکیشی بدرێتێ و بودجەی تایبەتی بۆ دابنرێت بۆ کۆسمەتیک، ئێکسسوار، هەروەها لانیکەم مانگی جارێک نانخواردن لە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێکانیدا، بەتەک بودجەی تایبەتەوە بۆ کڕینی کتێب و بەشداریکردن لە کۆرسی تایبەت بە حەز و ئارەزوەکانی وەک، موزیک، وێنەکێشان و سەماکردن و خوێندنەوە.
خێزان و دەوڵەت کاربکەن بۆ شکاندنی وێنەی باو لەهەڵبژاردنی فاکەڵتی و هەڵبژاردنی جۆری کاری کچان و ژناندا و پڕۆگرامی تایبەت هەبێت بە هاندانیان بۆ بەشەکانی ئایتی و، بزنس و بەشەکانیتر کە پیاو زۆرینەیە تیایدا.
لەکاتی هاوسەرگیریدا ژن بەگوێرەی بڕی پارەکەی بەشداری خەرجی ماڵ بکات نەوەک پەنجا بە پەنجا، چونکە وەک باسکرا ئەمە دەبێتە هۆی توندوتیژی ئابوری و لەکۆتاییدا هەژاری و بێپارەیی لێدەکەوێتەوە کە بە نەخۆشی جۆراوجۆری دەرونی و جەستەیی و هەندێکجاریش مردن کۆتایی دێت.
بەڵێ ژن بەناوی یەکسانیەوە نیوەی پارەکەی دادەنێت بۆ خەرجی ماڵ، بەڵام دواجار ئەم هەنگاوە یەکسانە وای لێدەکات نایەکسانبێت لە داهاتدا لەبەرامبەر پیاوەکەیدا و، توندوتیژی ئابوری بەرامبەر بکرێت (یان خۆی بەرامبەر بەخۆی دەیکات و بەرگریشی لێدەکات بەناوی یەکسانیەوە).
لە کاتی تێکەڵکردنی پارەدا بڕی موچەی ژن لەبەرچاو بگیرێت و، لە ئەگەری تێکەڵنەکردنی داهاتی ژن و مێردا داهاتی پیاو ئاشکرابێت بۆژن، بۆئەوەی ئەگەری توندوتیژی ئابوری کەم بکەینەوە ئەگەر نەتوانین بیکەینە سفر.
موڵەتی دایکایەتی دەبێت لە وڵاتانی سێیەمدا یەکەم هەنگاو ناوەکەی بگۆڕێت لە (مۆڵەتی دایکایەتی) یەوە بۆ (مۆڵەتی دایک و باوکایەتی)، دواتر دەبێت یاسای تایبەتی لە پەرلەماندا بۆ دەربکرێت، بەجۆرێک هەریەکە لە دایک و باوک بۆیان هەبێت ماوەیەکی دیاریکراو بەسەرە مۆڵەت بە موچەوە وەربگرن.
لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەمە چارەکراوە و بەتەک دایکەوە باوکیش بۆی هەیە مۆڵەت وەربگرێت و مۆڵەتەکە ناوی مۆڵەتی دایکایەتی و باوکایەتیە (ئیکوەڵ پەرێنتینگ).
باوک لەم وڵاتانەدا لە پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکەیدا بەتەک دایکەوە ڕۆڵی دەبێت، لە سوید مۆڵەتی دایکایەتی و باوکایەتی هەشت مانگە بە موچەی تەواوەوە بۆ هەریەکە لە دایک و باوک، لەکاتێکدا لە ئیسپانیا چوار مانگە بۆ هەریەکێکیان بە موچەوە.
ئەگەر ئەم هەنگاوانە گیرانەبەر، خەرجی ڕۆژانەی کچ کەمتر نەبوو لە براکەی، ئەو بەشانەی هەڵبژارد کە پارەی زۆری تێدا دەستدەکەوێت، کاتژمێری تەواو کاریکرد و هەروەها دایکایەتی نەبووە ڕێگر لەبەردەم کار و پێشکەوتنی ژندا و بەتەک خۆیەوە پیاویش باوکایەتی خۆی کرد، ئەوکاتە لەکاتی خانەنشینیدا موچەکەی کەمتر نابێت لەهی پیاوەکان و چیتر توندوتیژی ئابوری لەم بوارانەدا لە ئارادا نابێت.
سەرچاوەکان؛
1. Adrian Raine/ The Anatomy of Violence the Biological roots of Crime 2. David Orrell/ Behavioral Economics psychology, neuroscience, an the Human Side of Economics 3. Walter Sheidel/ The Great Leveler Violence an the History of Inequality from the Stone Age to the Twenty-First Century. 4. Gerald M Meier and James E Rauch/ Leading Issues in Economic Development. 5. Jan Pahl/ Money and Marriage. 6.Evan D. Stark/ Coercive Control; how men Entrap Women in personal Life.
Comments
Post a Comment