بۆ دەیەمین ساڵیادی بوونی بلۆگەکەم؛ کۆبونەوە لە نوسین واتە دورکەوتنەوەی خوێنەر لێی
بۆ دەیەمین ساڵیادی بوونی بلۆگەکەم؛
کۆبونەوە لە نوسین واتە دورکەوتنەوەی خوێنەر لێی
تانیا کورد میرزا
ماستەر لە یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و دەستور، ڕاهێنەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵان
ئەم مانگە، مەی ٢٠٢٥ بلۆگەکەم تەمەنی دەبێتە دەساڵی تەواو، بە هەردوو دەست و هەردوو پێوە دەچێتە ساڵی یانزەیەمی تەمەنیەوە. مەی ٢٠١٥ ئەم بلۆگە دانراوە، لەوکاتەوە بوەتە مەنزڵی سەرەکی هەندێک لە لێکۆڵینەوە و ئارتیکڵەکانم، بووەتە متمانەی خوێنەر و سەردانیکەری تایبەت بە بلۆگەکەشم.
ئەم بلۆگە هەر لە سەرەتای دروستبونیەوە هەتا ئەمڕۆ پەیامی خۆی پێبووە، ئەمڕۆ لە یادی دەیەمین ساڵەی بوونیدا وەک یەکەم ڕۆژی بوونی هەمان پەیامی هەیە؛
مەبەست لە لێکۆڵینەوە و ئارتیکڵەکان گەیاندنی سوودە بەو کەسانەی کە بەدوای باشکردنی ژیانی خۆیانەوەن و، ژیانی ئەوانیتریشیان وەک هی خۆیان بۆ گرنگە.
بلۆگەکە ڕووی لەوکەسانەیە کە تێدەگەن، یان لانیکەم لەهەوڵدان بۆ تێگەیشتن دیارە ئەوەش لەپێناو بەختەوەری هەمواندا.
ئەم بلۆگە لەهەوڵدابووە بۆ دانانی بناغەی نوسین لەبواری تایبەتمەندی و چوارچێوەی زانیاری ئەکادیمیدا، بەجۆرێک کە ببێتە مۆدڵێک بۆ چاولێکەری هەتا کەس لەبواری تایبەتمەندی کەسیتردا نەنوسێت، کەس خۆی لە بواری کەسیتر هەڵنەقورتێنێت و، خۆی وەک پڕۆفیشنەڵ و تایبەتمەندی بوارێک نەناسێنێت کە وەها نییە.
بلۆگەکە لە یەکەم ڕۆژەوە مەبەستی بوو وە، کاریکرد بە ئاڕاستەی ئەوەدا کە (لێکۆڵینەوە و ئارتیکڵی بەپێز، نوسینی داهێنەرانە و نایاب) بەبێ هاوار هاوار، بەبێ پاڕانەوە لەم و لەو هەتا بیخوێننەوە و بڵاویبکەنەوە جێگەی خۆیدەگرێت و دەبێت بیگرێت. باوەڕی نوسەری بلۆگەکە وابوو دەبێت بەبێ هاوار هاوار، دوور لە بەزۆر کۆکردنەوەی خەڵک لەخۆ، نوسینی بەپێز خوێنەری خۆی ڕابکێشێت و ئارەزومەندانی بوارەکە لەخۆی کۆبکاتەوە.
دوای دەساڵ بەخۆشحاڵی و شانازی بەخۆکردنەوە بە خوێنەرانی ئەم بلۆگە ڕادەگەیەنم کە، هەر لە سەرەتای ساڵی یەکەمی بلۆگەکەوە ئەم ئامانجەم پێکا و ئەمڕۆ باڵای کردووە.
بلۆگەکە لەسەر هەمان بۆچونی ڕۆمانی (تۆنیۆ کرۆگەر) ی تۆماس مان کاریکردووە و، قەرەباڵەغی و ئافەرینی بەکۆمەڵ و هەڵنان و پیاهەڵدانی هەمووان و دەسەتەجەمعی ناوێت و خۆی لێی بەدوردەگرێت، چونکە نوسەرە ڕاستەقینەکان، نوسینەکانیان سەلمێنەری کواڵیتی نوسینەکەیانە نەوەک هەڵنانی بەکۆمەڵ.
ئەمڕۆش وەک یەکەم ساڵی دانانی ئەم بلۆگە بەهەمان بۆچونەوە داوادەکەم و، سوپاسگوزار دەبم و دەڵێم؛ بلۆگەکەی من، لێکۆڵینەوە، ئارتیکڵ و تەفسیرە قانونی و دەستوریەکانم هەروەها کتێبەکانم و ناوەڕۆکەکانیان شوێنک نین بۆ هەموان، شوێنێک نین بە کۆمەڵ ڕویتێبکەن، چونکە ناوەڕۆکەکە دوورە لەوەوە، چونکە نوسەری بلۆگەکە نوسەری هەمووان نییە و لاشیوایە کە نوسەری هەمووان واتە نوسەی هیچ کەسێک، نوسەری هەموو بابەتێکێکیش نییە، چونکە لایوایە نوسەری هەموو بابەتێک واتە نوسەری هیچ شتێک.
ئەم بلۆگە لەسەر هەمان شێوازی کارکردنی نوسەرانی بەناوبانگی دنیا کاریکردووە و، چەند مەبەستێکی هەبووە کە دیارترینیان؛
دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤێک بووە بۆ کاغەز و پاراستنی ئەو نوسینانە لەم بلۆگەدا، نەوەک ڕیکلامکردن و ناچارکردنی کەس بە خوێندنەوە و سەردانیکردنی.
یەکێکیتر لەو سترەکچەرانەی کە ئەم بلۆگەی لەسەردانرا، هەر لەسەرەتاوە هەتا ئەمڕۆ و بۆ داهاتوش ئەگەر لەنوسین بە زمانی کوردی بەردەوامبم، ئەوا کارکردن و بەردەوام بونە لەسەر شێوازی کارۆلاینا ماریا دی جیسس، ماریا دی جیسس هاوڕێکانی نوسەرنەبوون، کەناڵەکانی وەک فەیسبوک، ئێکس و ئەوانیتری لەبەردەستدا نەبوو، هیچ کەس بە نوسینەکانی ئەودا هەڵینەدا، بەڵام یاداشتی (منداڵانی تاریکی\برسیەتی)یەکەی کە ساڵی ١٩٦٠ لە بەرازیل بڵاوبوەوە بۆ زمانەکانی، ئنگلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی و جاپۆنی و زمانیتریش وەرگێڕدراوە.
ماریا دی جیسس هیچ کەناڵێک لە کەناڵەکانی سۆشیەڵ میدیای لەبەردەستدا نەبووە، تەنانەت کاغەز و قەڵەمیشی بۆ نوسین دەستنەکەوتووە و لەسەر پارچە مقەبای فڕێدراو نوسیویەتی.
هەروەک چۆن ساڵی ١٩٢٣ ئیتاڵۆ سڤێڤۆ ڕۆمانی زینۆس کۆنچنسی نوسی و بۆ زمانەکانی، ئەڵمانی، ئنگلیزی، فەرەنسی و ئیسپانی و هیتریش وەرگێڕدرا، سڤێڤۆ لە فەیسبوکی خۆیەوە بانگەشەی بۆ ڕۆمانەکانی نەکردووە، فەیسفرێندی نەبووە و خۆی بەدوای وەرگێڕدا نەگەڕاوە تا ڕۆمانەکانی بۆ وەربگێڕن، نوسینەکانی خۆیان بەم ئەرکە هەستاون نەوەک نوسەرەکە.
تۆماس مان، هێسە، رەی برادبێریس، بینوای گڕاوڵت، جۆرج سەند، نیکۆلاس سپارکس، کۆلین هوڤەر و کوندێراش بەهەمان شێوە بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە ناویان دەرنەکردووە گەرچی ژمارەیەک لەوانە لە سەردەمی سۆشیەڵ میدیادا دەنوسن و دەژین و ژیان.
ئەم نوسەرانەی کە ناوبران و زۆرێکیتریش کە نوسینەکانیان هۆکاری ناوداریانە نەوەک خۆیان و پەیوەندیەکانیان، بە کتێبی کەسیاندا هەڵنەداوە هەتا لەبەرامبەردا بە کتێبیاندا هەڵبدرێتەوە، بەڵام کتێبەکانیان بۆ سەرجەم زمانە زیندوەکانی دنیا وەرگێڕاون، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیان لەسەرکراوە و دەشکرێت.
کوندێرا فەیسبوکی نەبوو، دیارە هیچ کەناڵێکیتریشی نەبوو کە خۆی ئەدمین بێت هەتا سوپاسی خەڵک بکات و ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ خوێنەر و خەڵکدا، لەکاتێکدا لە سەردەمی سۆشیەڵ میدیاشدا ژیا!
ئەم بلۆگە لەسەر ئەو بناغەیە دانرا و چەسپی و لایبوایە کە، بانگەشە و لایک و بەشکردنی سۆشیەڵ میدیا هەرگیز مانای زۆری خوێنەرنییە، تەنیا شتێکی ڕوکەشییە کە زیاتر یەک بەیەکی سۆشیەڵ میدیایە و نوسەرەکەی بە ئاشکرا داوای بەشنەکردنی کتێب، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی کردووە، چونکە ئەو وتار و نوسینانەی کە بە کوردی سۆرانین و بە زۆری نوسەرەکان بەشدەکرێن، ژمارەی کلیککەر و لایککەریان بەو حاڵەشەوە و بەزۆر ئەگەر بگاتە سەدان کەس، ئەوە خوێنەر هەر باسی مەکە، (لەمەشدا ئارتیکڵی من لە سەری سەرەوە بووە و، ئەوەی بە ڕەزامەندی خۆم لە سایتە ئەلیکترۆنیەکاندا بلاوکراوەتەوە لە ڕیزبەندی هەرە خوێنراوەترینەکاندا بووە و دەیان هەزا خوێنەری هەبووە تەنیا لە کاتژمێرەکانی یەکەمدا.)
کتێبیش بە زمانی کوردی سۆرانی لەباشترین حاڵەتدا پێنج سەد دانەیەکی لێ چاپ دەکرێت، بەڵام دەنوسرێت هەزار یان ژمارەیەکی زیاتریش، لەو پێنجسەدە نزیک بە پەنجا دانەیەکی وەک نوقڵ و گوڵ دەبەخشرێت، باقیەکەی دوای چەند ساڵێک یان دەمێنێتەوە یانیش لە باشترین حاڵتەدا تەواو دەبێت و لە لێکۆڵینەوە، ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەی زمانەوانی پسپۆڕانەوە زۆر دووردەبێت، لەبری ئەوە پڕدەبێت لە لایک و ئافەرینی سۆشیەڵ میدیا!
دواجار کتێب بە کوردی سۆرانی تەنیا کەسێک دەیخوێنێتەوە کە ناتوانێت بە عەرەبی، ئنگلیزی، تورکی و زمانە زیندوەکانی دنیا بخوێنێتەوە، ئەوەش دیارە چەند کەسێکن و کێن ژمارەیان چەندە!
ئەوەی لەکوردستان لەم ساڵانەی دواییدا فرۆشی زۆرە و چەندجار چاپ دەکرێتەوە کتێبی دینی، چیرۆک و ڕۆمان و مۆچیاری ئاینیە، جا با هەندێک بە جەهالەت و دواکەوتنیشی لەقەڵەم بدەن بەس وایە و، هۆکاری تایبەت بەخۆیی هەیە.
سەرەتا من چاپکردن و زۆر چاپکردنەوەی ئەم کتێبانەم پێ خراپ یانیش باش نییە، تەنیا مەگەر بچێتە خانەی هاندانی توندوتیژی و یاساشکێنیەوە ئەودەمە نەوەک بە خراپ بگرە تاوانیشە.
ئەوەشی کە (نوسەری باشور)پێی پەستە چونکە کتێبی کچێکی نیقابی چوارجار چاپ دەکرێتەوە بە بەراورد بە کتێبەکەی خۆی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چیتر (نوسەری کورد) تینوی دڵ و مێشکی خوێنەری کورد ناشکێنێت و هیچیان پێنیە، نەوەی نوێ بە تورکی، ئنگلیزی و کەم کەمیش لە ناوەوە بە فەرەنسی و زمانیتر دەخوێننەوە، تێدەگەن نوسەرە کوردەکە جگە لە خوێندنەوە بە کوردی بە هیچ زمانێکیتر ناتوانێت بخوێنێتەوە و باکگراوندە ڕۆشنبیریەکەی زۆر هەژارە، دەقەکانی لاوازن و هیچ پەیامێکی فەلسەفی گەورە و قوڵیان پێنیە.
لەلایەکیترەوە کۆمەڵێک گەنجی پەروەردەی قوتابخانە تورکی، بەریتانی و فەرەنسیەکان پێگەیشتووە کە نە کوردیەکەی ئەوەندە باشە پێی بخوێنێتەوە نە نوسەری کوردیشی ئەوەندە پێ گرنگە تا کتێبەکانی بخوێنێتەوە، چونکە ئەم نەوەیە نوسەرانی دنیای دۆزیوەتەوە، بەرهەمەکانیان دەخوێنێتەوە و بەراوردیان دەکات بە قسەی نوسەری کورد و بەو ئاکامە گەیشتووە کە پێیگەیشتووە.
هەرچی کەسانێکن کە سەریان کردوەتە کتێبی ئاینی و ئیسلامی لەم رێگەیەوە ئارامی دەرونیان چنگ دەکەوێت، چیتر بەدوای کتێبی نوسەری کوردەوە نین چونکە لەلایەکەوە کتێبی یەکەم و دوادانەیان یەکشتن و، لەیەک دەچن، لەلایەکیترەوە نەوەک وانە و ئارامیان لەو کتێبانەوە دەستناکەوێت بگرە خەمۆکی و پوچی هەموشتێکی دەوروبەریش فێردەبن، کەواتە بۆ بیانخوێننەوە !
بۆیە لە دەیەمین ساڵیادی بوونی بلۆگەکەمدا دەیڵێمەوە؛
سوپاس بۆ بەشنەکردن، بڵاونەکردنەوە و نەبردنی لێکۆڵینەوە، ئارتیکڵ و کتێبەکانم بۆ سایت، پەیج و ڕۆژنامە کاغەزی و ئەلیکترۆنیەکەت و بۆ دیواری فەیسبوکەکەت.
لێکۆڵینەوە و ئارتیکڵەکانی ئەم بلۆگە تەنیا بە ڕەزامەندی خۆم و بە یەک تا دوو جێ دراون، بەدەر لەوە نەوەک ڕەزامەندی منی تێدانییە بگرە نیگەرانیشم دەکات.
کارکردن بەمجۆرە بۆی دەرخستم و، سەلماندی کە، خوێنەری جدی خۆیان کۆدەبنەوە، ژمارەی سەردانیکەری بلۆگەکەم و خوێنەری کتێب، لێکۆڵینەوە و ئارتیکڵەکانم نەوەک سەدان، بگرە بە هەزارانە و خۆیان نوسەرەکە دەدۆزنەوە، ئافەرینی بۆدەنێرن و بەبێ ناسینی نوسەریش، کتێبی دەکەنە نامەی باچلەر و کتێبی دەکەنە کتێبی ئەلیکترۆنی و بڵاویدەکەنەوە.
ئەم ئاکامە بەبێ ماندوبون نەهاتە دی، نوسەر باوەڕی وابوو، کە کاری نوسەر ڕاکردن نییە بەدوای خوێنەردا، وەک چۆن دۆینەوە و کۆکردنەوەی خوێنەریش کاری ئەونییە، نوسەر لەسەر باوەڕەکەی بەردەوام بوو و، ئاکامەکەی بە خۆشحاڵیەوە کۆبونەوەی خوێنەری هۆشیاربوو لە کتێب و نوسینەکانی.
نوسەر باوەڕی بەوە هەیە کە خۆی دەینوسێت، بۆیەش چەندپاتەی کردوەتەوە؛ کە نوسیت ئیتر پێویست ناکات قسە لەسەر نوسینەکەت بکەیت، پێوست نییە بەردەوام لەسەر ئەو نوسینە لێدوان بدەیت و چاوپێکەوتن بکەیت.
نوسەر دەبێت داوای نوسینەکانی بکرێت، نەوەک خۆی داوابکات، خوێنەر دەبێت بەدوای نوسیندا بگەڕێت و خۆی بیدۆزێتەوە، نەوەک نوسەر بەدوای خوێنەردا ڕابکات. نوسەرە کە مەرج بۆ چۆنیەتی بڵاوکردنەوە و چاپکردنی کتێب و ئارتیکڵەکانی دادەنێت، نەوەک مەرجی بەسەردا بسەپێندرێت.
نوسەر لەسەر ئەم بنەمایە کاریکردووە و دەیکات، ئەمە بناغەیەکیتری کارکردن بووە، چەسپیەوە و سەریشیگرت ئەمە کاری زۆر، وورد و هێواشی ویست.
پەیامی ئەم بلۆگە هەرگیز ناچارکردنی هیچکەسێک نەبوە و نییە بە ناوەڕۆکی نوسینەکانی، هەرگیز مەبەستیشی نەبووە وەک ئامۆژگاریکار دەربکەوێت، چونکە نوسەر باوەڕی تەواوی بەوە هەیە مرۆڤ ئازادە لەوەی کە دەیەوێت ببێت، تەنانەت ئازادە لەوەشی ببێتە خراپەکار، توندوتیژیکار، لادەر و بەدکار لەکۆمەڵگادا، بەڵام گوتوشیەتی؛ یاسا دەبێت هەبێت هەتا لە خراپەکار و توندوتیژیکارەکان بپرسێتەوە و سزایان بدات.
لەلایەکیترەوە بۆ باوەڕی نوسەر دەگەڕێتەوە، بەوەی کە کۆمەڵگا بە مۆچیاریکردن ناگۆرێت، یاسا و سزا کاری بوار و پسپۆڕی ئەوە.
ڕێزگرتن لەیاسا، قسەکردن وەک قانونیەک و وەک پڕۆفیشنەڵێک لەم بوارەدا، خستنەڕوی ڕێکارەکانی خۆپاراستن و لەوێشەوە پاراستنی ئەوانیتر لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەم بلۆگە بوون و، ئاکامەکەشی خۆشبەختانە هاتوەتەدی.
نوسەر هەرگیز نەیویستوە و نایەوێت خۆی، بڕوانامەکانی، بواری پسپۆڕی و شارەزاییەکەی بۆ کەس بسەلمێنێت، چونکە لایوایە لەشوێنێکدا کە خۆی لێی ناژی و ڕاستەوخۆ بەریەککەوتنی نییە لەگەڵ خەڵک، ڕوداوەکان و جوگرافیاکەیدا، خۆسەلماندن لەوێدا مانای کەموکورتیە، مانای لەقی باوەڕبەخۆ بوون و بڕوانامە و پسپۆڕیەکەیەتی.
زۆری خوێنەر، سەردانیکەری ژیر و ئەوانەی کە بەدوای زانین و فێربونەوەن شایەتن بۆ سەرکەوتن و باڵاکردنی نوسینەکان و ناوەڕۆکی کتێبەکانم و بلۆگەکەم، بێجگە لەوە شتێکیتریش شایەتی بۆ نایابی و نوێگەری لە نوسینی ڕۆمان، لێکۆلنەوە لەبواری یاسا و زانستی توندوتیژیدا دەدات کە، سەرەتا خوێنەران لێیان ئاگادارکردمەوە ئەویش؛ دزینی فکرە، ڕستە، وشە و بابەتەکانی ئەم بلۆگەیە بە ئاشکرا لەلایەن ئەم و ئەوێکەوە!
سەرەتا ئەم دزینی بابەت و فکرانە، دزینی چەمک و ڕستەی ناو بلۆگەکەم و لێکدانی لەگەڵ هەندێک قسەی هەلەق و پەلەقی خۆیاندا نیگەرانی دەکردم، بەڵام ئەمڕۆ لە دەیەمین ساڵیادی بوونی بلۆگەکەمدا بەجۆرێکیتر بیردەکەمەوە و، دەڵێم؛
ناسینەوەی نوسینی من لەلایەن خوێنەرەوە کە منیان ئاگادارکردوەتەوە جێگەی شانازاییە بۆ من، ناسینەوەی بۆچونەکانی من، وشە، ڕستە و لێکۆڵینەوە دزراوەکانی من، لەلایەن خوێنەرەوە مانای متمانەی خوێنەرە بە نوسینی من بۆیە دەیانناسێتەوە. ئەمە واتە نوسینی من پێویستی بەوە نیە ناوی من لەژێریدا بنوسرێت هەتا خوێنەر بیناسێتەوە، ئەمە بەرهەمی کارکردنی دەساڵەی منە، کە بەرهەمێکی پڕ و تەواوە.
لەلایەکیترەوە خوێنەرەکان بوونەتە پارێزەری نوسینەکانم (بەبێ ئەوەی من بیانناسم و هیچ کام لەو خوێنەرانە هاوڕێم بێت) ئەمەش شەرەفێکی گەورەیە و هەقی خۆیانە پێیان بڵێم؛ سوپاس بۆ ئێوەی ژیر و هۆشیار، ئێوە زۆرینەن.
ئەمڕۆ نەوەک نیگەران نیم بە دزینی لێکۆڵینەوە و داهێنانەکانم لە بواری یاسای دەستور و زانستی توندوتیژیدا بگرە شانازی بەخۆوەکردنیشیان لازیاتر کردووم، چونکە وەک خاوەنی یەکەمی مارکەی گوجی و وەک کۆکۆ شانێڵ بیردەکەمەوە.
خاوەنی یەکەمی گوجی گوتویەتی؛ (لەبەردروستکردنەوە و دزینی دیزاین داهێنان نییە، بەڵام خزمەت بە دیزاینە سەرەکیەکە دەکات و ناودارتری دەکات.)
هەروەک چۆن کۆکۆ شانێل لە وەڵامی پرسیاری؛ داخۆ دزینی دیزاین و لاساییکردنەوە ی دیزاینەکانی نیگەرانی ناکات؟ دەڵێت؛(بەپێچەوانەوە ئەمە مانای داننانە بە ناوازەیی دیزاینەکەی مندا، نیگەرانم ناکات.)
ئەمڕۆ منیش هەمان بۆچونم هەیە، دزینی وشە، ڕستە، بۆچوون و نوسین لەسەر هەمان بابەت کە من نوسیومە ڕاستەوخۆ بەدوای مندا، داننانە بە داهێنەری من لەو بوارەدا و، بە ناوازەیی بابەتەکان بۆیە دەیاندزن.
دیارە ئەمە نەبێتە پاساو بۆ دز، چونکە وەک قانونیەک دزینی بابەتم بەلاوە تاوانکارییەوە و دەبێت دزەکە لێپێچینەوە بیگرێتەوە و دەربازی نەبێت، تەنیا لەسەر ئاستی کەسی و چۆنیەتی هەستی ئەمڕۆی خۆم باسدەکەم کە چیتر نیگەرانم ناکەن.
دزینی بابەتەکانم بە کرچ و کاڵی، هەم داننانە بە ناوازەیی نوسینەکانی مندا، هەم خوێنەر خۆی ناوی من تاگ دەکات و لە کۆمێنت بانگم دەکات و ئاگادارم دەکەنەوە کە، ئەوە بابەتی منە و فڵانیەکان دزیویانە، ئەمەندە بەسە.
بەڵگەیەکیتری تایبەتی ڕۆمان، لێکۆڵینەوە و ئارتیکڵەکانم هەندێک دانپێدانانی کەسانێکی حەسودە کە، خۆیان لایان وابووە توانج دەدەن، یاخود نەرێنیانە شتێک بۆمن دەنوسن، بەڵام جگە لە داننان بە نایابی نوسینەکانمدا و حەسودی بردن بە کتێب و نوسینەکانم هیچ مانایەکیتریان نەبووە، نمونەی ئەو ڕستانە؛
(نوسینی ڕۆمان تەمەنی دەوێت.)
(نوسینی ڕۆمان خوێندنەوە زۆر و ئەزمونی کەسی دەوێت.)
(منیش ئەوە دەزانم کە ئەو دەیڵێیت.)
ئەم ڕستانە گەرچی لە ڕوکەشدا وادەردەکەون کە ئەوکەسە دەیەوێت خۆی بە کەسێکی بە ئەزمونتر، کتێب خوێنەرتر، زاناتر بناسێنێت وەک لە نوسەر، بەڵام لەڕاستیدا ئەو ڕستانە لە مانای یەکەم و کۆتاییدا حەسودین، حەسودیش تەنیا هی کەسێکی کەموکورتە، مرۆڤی پڕ حەسودنیە، بە سەرکەوتن و داهێنانی هەموکەسیش باڵادەکات.
بەدەر لەوە ئەو ڕستانە واتە؛ (واو، نوسەر تەمەنیشی لە هی من زۆر کەمترە بەس چەند جوان دەنوسێت و توانیویسشیەتی ڕۆمان بنوسێت، واتە تەمەنی کەمە و ئەزمونی زۆر!)
هەرچی بۆ ڕستەی دووەمە واتە؛ (ئافەرین، بە ڕۆمانەکانت، کتێب و لێکۆڵینەوەکانتانە دیارە کە بە زیاد لە زمانێکی زیندوی دنیا دەخوێنیتەوە، دەنا چۆن دەتوانی بەوجۆرە بنوسی! ئافەرین من بەم تەمەنەوە بەتەنیا چاوەڕێی چاپی کتێبی کوردی سۆرانیم، بەدەر لەوە بەهیچ زمانێکیتر ناتوانم بخوێنمەوە.)
سەبارەت بە ڕستەی سێیەم واتە؛ (ئافەرین، من ئەوەم هەرگیز نەدەزانی کە تۆ دەیڵێیت.)
لە ماوەی ئەم دەساڵەدا زۆر خۆمم لە ڕیکلامکردن بۆ پەیجەکەم پاراستووە، چونکە لاموایە کە کواڵیتی نوسین دەبێت تاکە ڕیکلام بێت بۆ نوسینەکە، ئەگەر کواڵیتیەکەی بەرز نەبوو بە هاوار هاوار سەنگین نابێت، گەرچی ژمارەیەکی زۆریش لە خەڵکی لێیکۆببنەوە.
کۆبونەوەی دەستەجەمعی لە نوسین، زیاتر لە دوورکەوتنەوەی خوێنەرەوە نزیکە نەوەک زۆری خوێنەر، چونکە هەموکەسێک کە کتێب یان ئارتیکڵی نوسەرێک دەخوێنێتەوە خوێنەرنیە و هەموو چاوپێداخشاندنێکیش خوێندنەوە نیە.
چۆن نوسەر پێناسەی تایبەت بەخۆیی هەیە، ئاوا خوێنەریش.
لە کۆتایی پەیامی پیرۆزیای ساڵی دەیەمی بلۆگەکەمدا، سوپاس بۆ خوێنەرانی بلۆگەکەم کە دەچنە خانەی خوێنەرەوە نەوەک خەڵکێک کە کۆبونەتەوە، ئێوە شایەنی نوسینی نایابن.
سوپاس بۆ ئەوانەی کە نوسینەکانی منیان بەلاوە نایاب و، داهێنەرانەیە و لەڕێگەی دزینی نوسینەکانمەوە ئەمەیان بۆ خۆیان و خەڵک سەلماندووە.
سوپاسێکیتر بۆ ئەوانەی لە ڕێگەی تێچەنەکانیانەوە لەژێر ئارتیکڵ و کتێبی مندا پێناسەی خۆیان بۆکردین و پێیان ڕاگەیاندنین کە بە کوردی سۆرانی نەبێت، بەهیچ زمانێکیتر ناتوانن بخوێننەوە و وێڕای زۆری تەمەنیان ئەزمومنیان لە دەست و پایان درێژتر نییە.
لە پڕبونەوەی ساڵی دەیەمی بلۆگەکەمدا باشترین دیاری ئەوەبوو بەڵێنی بەردەوامی بدەم لە نوسین بە زمانی کوردی، بەڵام ئەو بەڵێنەش نادەم، نازانم چەندیتر لێرەوە و بە کوردی بەردەوام دەبم، بەڵام ئەگەر بەردەوام بووم، لەسەر هەمان پرنسیپەکانی دەساڵی ڕابردوو بەردەوام دەبم، پێداگرتردەبم لە پاراستنی ئەم بلۆگە و سەرجەم نوسینێکم لە هەراهەرا و قەرەباڵەغی.
نوسینەکانم بەدوردەگرم لەوانەی کە دێن بە نوسینێکتدا هەڵدەدەن هەتا بە نوسینێکیاندا هەڵبدەیت، مەتحت دەکەن هەتا مەتحیان بکەیت، لەو یەک بەیەک و ببەخشە و وەرگرەیەی کە لە کوردستان باویەتی ئەم بلۆگە بەدوردەگرم.
بۆ ئەوانەشی کە دوای چاوپێکەوتن و بڵاوکردنەوەی بابەتی منتان کردووە، ڕەتم کردوەتەوە و، گوتومە، نەخێر، دەڵێم؛ هیچکامتان لە نزیکەوە ناناسنم، نەخێرەکەم بۆ شێوازی کارکردنتان و ئەو هەرایە بووە کە هەیە، بەهیچ لۆنێک نەخێر نەبووە بۆ کەسایەتی ئێوە، هیوادارم ئێوەش وەها وەرتانگرتبێت و لەدڵتان نەگرتبێت.
ئەگەر بەردەوام بووم، هەر ئەمە بۆچوونم دەبێت و ناگۆڕێت، پرنسیپەکان لای من ناگۆڕێن، ئەوە بەرژەوەندیەکانن کە دەگۆرێن، ئەویش بەمەرجێک بەرژەوەندیەکان نەبنە هۆی بریندارکردنی پرنسیپەکان، ئەگەر وابوو من هیچ بەرژەوەندیەکم نییە.
تێبینی؛ بەکارهێنانی وشەی نوسەر لێرەدا مەبەست لە خۆمە(تانیا کورد میرزا)باسی خۆم دەکەم.
Comments
Post a Comment