گیا شینە

گیا شینە

تانیا كورد میرزا

ماسته‌ر له‌یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، ڕاهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان



گوێدرێژ و پڵنگ لەسەر ڕەنگی گیا دەبێتە دەمەدەمێیان.

گوێدرێژ؛ گیا شینە.

پڵنگ؛ نەخێر، گیا سەوزە.

گوێدرێژ؛ گیا شینە، شینی تەواو، وەک ڕەنگی ئاسمانی ساماڵ، گیا یەک ڕەنگی هەیە ئەویش ڕەنگی شینە.

پڵنگ؛ نەخێر وانیە، گیا هەرگیز شین نەبوە، گیا بە سەوزی سەری دەرهێناوە، کەسکە گیا.

ئەم بێنەوبەرەیەی گوێدرێژ و پڵنگ بەردەوام دەبێت، نە گوێدرێژ بۆ پڵنگ ئەرێ دەکات، نە پڵنگیش واز لە پێداگری لەسەر سەوزایی گیا دەهێنێت.

پاش کەمێک، هەردوکیان بڕیاردەدەن ڕوو لە پاشای دارستان بنێن و، لەو بپرسن بزانن هەق بە کامیانە.

هەر لە دورەوە، کە شێر دەبینن، گوێدرێژ هاوار دەکات؛ پاشای دارستان پاشای دارستان، گیا شینە، وایە؟



شێر وەڵامیدەداتەوە؛ بەڵێ وایە، گیا شینە.

گوێدرێژ لەخۆشیاندا دەمی دەکاتەوە و، ددانەکانی دەردەخات، کەیفی بە وەڵامەکەی پاشای دارستان دێت، دواتر لە شێر نزیک دەبێتەوە، داوای لێکرد پڵنگەکە سزابدات، لەپای ئەو دەمەدەمێیەی کە لەسەر شینیەتی گیا لەگەڵیدا کردویەتی.

(پاشام، پڵنگ شایەنی سزایەکی گەورەیە، سزایەکی گەورە بە ئەندازەی نەزانیەکەی، تکایە سزای بدەن.) گوێدرێژ بە پاشای دارستانی گوت.

شێر دەمودەست پڵنگی بانگ کردە لای خۆیەوە و، لەبەردەم ئاژەڵەکانیتردا سزای بۆ بڕیەوە، سزای پێنج ساڵ دەم داخستن و، قسەنەکردن.

پڵنگ، زیاتر و زیاتر لە شێر نزیک بوەوە و، لێیپرسی؛ گیا سەوزە، ئەم سزایە بۆچی، لەکاتێکدا هەق بەمنە و گیا شین نییە؟

شێر وەڵامیدایەوە؛ وایە، گیا سەوزە، سزاکە بۆئەوە نییە کە تۆ ڕەنگی گیات نەزانیەوە، بۆئەوەیە کە، لەگەڵ نەزانێکدا کەوتویتەتە گفتوگۆ و، دەتەوێت ڕاستی بۆ بسەلمێنیت، بۆیە شایەنی سزایت.

گوێدرێژەکە ڕاستی بەلاوە گرنگ نەبوو، بەلای ئەوەوە تەنیا و تەنیا بردنەوە گرنگ بوو، گرنگ بوو بەلایەوە بڵێت؛ من لە پڵنگم بردەوە، بەڵام تۆ هەوڵتدا ڕاستی بۆ بسەلمێنیت، هەوڵتدا ڕەنگی ڕاستەقینەی گیای پیشان بدەیت، لەکاتێکدا ئەمە بۆ ئەو هیچ نرخێکی نەبوو.

کات و وزە دوو شتی بەنرخن، بەڵام تۆ قیمەتت نەزانین و بە نەزانێکت دۆڕاندن کە، گوێدرێژەکەیە.

پەند و وانە، لەم بەسەرهاتە کۆنە هندیە؛ کەسانێک هەن ئیگۆیان لەسەرو هەموشتێکەوەیە، ئەم کەسانە نەزانن و ڕاستی بۆ ئەمان هیچ نرخێکی نییە، ڕاستی لای ئەم کەسانە ئەوە نییە کە هەیە، بگرە ئەوەیە کە خۆیان باوەڕی پێدەکەن، هەربۆیە نابێت لەگەڵم ئەم کەسانە بکەوینە گفتوگۆوە، نابێت لە هەوڵی سەلماندنی ڕاستی و کەسکی گیادابین بۆیان.

خۆمان، کاتەکانمان و وزەمان بەنرخن، کەواتە دەبێت ڕێزیان بزانین، دەبێت کات و وزە لە هەموشت و هەموکەسدا سەرف نەکەین.



Comments

Popular posts from this blog

پیاو و پارە

بۆ دەیەمین ساڵیادی بوونی بلۆگەکەم؛ کۆبونەوە لە نوسین واتە دورکەوتنەوەی خوێنەر لێی

Man and Money!