پاراستنی منداڵان لە کاتی جەنگدا

پاراستنی منداڵان لە کاتی جەنگدا


تانیا کورد میرزا، LL.M.


کە جەنگ هەڵگیرسا، کە دەنگی موشەک و درۆن بە ئاسمانی ولاتەوە بیسترا، چیتر خۆلادان لێی ئاسان نیە، ئاسانیش بێت ڕاست نییە. بەمەبەستی پاراستنی منداڵان بەگشتی و لەناویشیاندا ئەو منداڵانەی کە دۆخێکی دەرونی یان جەستەیی تایبەتیان هەیە، لەخوارەوە هەندێک رێنمایی دەخەمە ڕوو؛

یەکەم؛ دەبێت وەڵامی پرسیارەکانی منداڵ بە ڕونی و بە زمانێکی سادە بدرێتەوە لەکاتی جەنگدا، منداڵەکان دەپرسن و ئەم پرسیارانە نابێت بێوەڵام بمێننەوە، ناشبێت وەڵامی هەڵەیان بدرێتەوە. مندالەکان خۆیان وێنەیەکی تایبەتیان هەیە بۆ جەنگ و، پرسیارەکانی مێشکیان، دەپرسن چونکە ئەوەتێریان ناکات، یان تێناگەن، ئەگەر وەڵامی راست وەرنەگرن وێنەکە لە مێشکیاندا ئاڵۆزتردەبێت، دورنیە ئەمەش ببێتە بارێکی دەرونی بۆیان.

وەڵامی دایک و باوک دەبێت، ڕاستبن، ڕوونبن، بەڵام نابێت تۆقێنەر و ئاڵۆزبن.

کە منداڵ پرسی؛ ئەو دەنگە بەرزە چییە؟

نابێت بە؛ (هیچ نییە، دەنگی لۆریە) وەڵامبدرێنەوە، وەڵامی هەڵە، دەرونی منداڵ لە دۆخی ئاسایی و نائاساییشدا وەک جەنگ ئاڵۆزتر دەکات و، هەستی بوونی مەترسی و ناسەلامەتی لا زیاددەکات.

دەبێت بۆیان ڕونبکرێتەوە کە، ولاتەکانی ئەو ناوە کێشەیان هەیە، هۆکاری ئەم دەنگەش ئەو کێشەیەی ئەوانە (دیارە بە دەربڕین و زمانی سادە بەپێی تەمەنی منداڵەکە).

ئەگەر منداڵەکە، منداڵێکی تایبەت بوو، واتە نەخۆشیەکی دەرونی یان جەستەیی یانیش هەردویانی هەبوو، لە نمونەی؛ (ئۆتیزم، ئەی دی ئەیچ دی، ئەپەلەپسی، داونسندرۆم، خەمۆکی، شیزۆفرینیا، نابینایی، نابیستی، کەمئەندامی پەل و جەستە و ئەوانەیتر)، لەمکاتانەدا رونکردنەوەی ئەو پرسیارە و، پرسیارەکانیتریش بەجۆرێکیتر دەبێت و، باشترە لەڕێگەی وێنەکێشان و، بەکارهێنانی یاری میکانۆکانەوە بێت.

دواتر دەبێت منداڵ فێری ڕێگەی خۆپاراستن بکرێت لە جەنگ، لەوانە؛ نەچونە شوێنی بەرز، نەچونە ناو قەرەباڵەغی و ڕانەکردن بەدوای دەنگی تەقینەوەدا.

ئامادەکردنی بیستۆک بۆکاتی پێویست، تا منداڵان کەمتر گوێیان لە دەنگی تەقینەوەی بەرزبێت، بۆ بەیبی لەکاتی خەودا تا خەوی تێکنەچێت.



دوەم؛ لەبەردەم منداڵدا قسەلەسەر جەنگ و دۆخی وڵات نەکرێت، کێشە ئابوریەکان، نەبونی کارەبا و ئاو باسنەکرێن.

هەوڵبدرێت ئەوەندەی دەتوانرێت ژیان نزیکبکرێتەوە لە ئاسایی لەناو ماڵەکاندا، ئەویش بە سەیرکردنی کەناڵی منداڵان، سەیرکردنی فلم کارتون و، کەمکردنەوەی سەیرکردنی مۆبایڵ و هەواڵەکان.

سێیەم؛ زیادکردنی ئەکتڤتی ناوماڵ، لەگەڵ ئەو خێزانانەدا کە دۆستایەتی و خۆشەویستی هەیە و، کوشتنی کات بە؛ دروستکردنی ئیشی هەویر، گوێگرتن لە گۆرانی شاد، چنینی جلوبەرگ بۆ بوکەڵەی منداڵەکان، وێنەکێشان، موزیک، ماڵ پاککردنەوە و، قسەکردن لەسەر كتێبێك یان فلمێکی منداڵانە و، گفتوگۆکردن لەسەری.

هاتوچۆکردنی دۆستان و خزمان و، دروستکردنەوەی پەیوەندی ساغی بێکێشە و، دورکەوتنەوە لە دنیای ڕوکەشی ناو ئنترنێت.



چوارەم؛ دایکان و باوکان دەبێت سەرەتا بتوانن خۆیان بپارێزن لە نائارامی دەرونی، هەتا بتوانن منداڵەکانیان بپارێزن. کەمتر سەیرکردنی ئەو هەواڵ و کەناڵانەی کە شەڕ بڵاودەکەنەوە، قسەنەکردنەوە لەسەر هەواڵەکان لەبەردەم منداڵەکاندا، باسنەکردنی خەم و نیەگرانی و ترسەکانیان، بەردەوامبون لەسەر ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانە و، خۆلادان لە بۆڵەبۆڵکردن و ناڕەزایەتی لەبەردەم منداڵەکاندا.

پێنجەم؛ گۆڕانکاریە دەرونیەکانی منداڵان، تێکچونی خەو، تێکچونی مەزاجیان، نارێکوپێکی ژەمەخواردنەکانی منداڵان، پابەندنەبونی بە وانەکانیەوە و، پاکڕانەگرتنی خۆی و ژورەکەی، دەبێت بەهەندوەربگیرێن، دەبێت پەنا بۆ پسپۆڕببرێت بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ڕاست.


Comments

Popular posts from this blog

پیاو و پارە

بۆ دەیەمین ساڵیادی بوونی بلۆگەکەم؛ کۆبونەوە لە نوسین واتە دورکەوتنەوەی خوێنەر لێی

Man and Money!