ئەلفاشر جەهەنەمی سەرزەوی
ئەلفاشر جەهەنەمی سەرزەوی
تانیا کورد میرزا، LL.M.
ئەلفاشر دەکەوێتە ویلایەتی باکوری دارفۆرەوە و پایتەختەی ئەو ویلایەتەیە لە سودان.
بەهۆی شەڕ و پێکدادانی سەربازی لەنێوان سوپاسی دەوڵەت و هێزەکانی (Rapid Support Forces)ە وە شەڕوکوشتار و ماڵوێرانی بەرۆکی سودان بەگشتی و، شارەکانی خەرتوم و ئەلفاشری گرتوەتەوە.
لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانی ناوخۆی لە سوداندا، سەدان هەزار بێخانەولانە بوون، دەیان هەزار بەڕێوەن و ناگەن بەهیچ شوێنێک، قوتابخانەکان داخراون، نەوەیەکی بێ دایکوباوک کەوتوەتەوە و، خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان ئاو و، کارەبا لەمێژە نەماون!
تەنیا لە سێڕۆژدا لە ئەلفاشر، شەست هەزار کەس لە شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپاس و هێزەکانی (RSF)دا کوژاون.
لەماوەی دوساڵدا، لە ٢٠٢١ ەوە بۆ ٢٠٢٣ لە خەرتومی پایتەخت ٢٠٠ هەزار کەس بونەتە قوربانی و گیانیان سپاردووە!
شەڕ لەوێ و لەهەرشوێنێکیتر، چیرۆکی خەمناک دروستدەکات، ژنان بێپیاو دەهێلێتەوە، پیاوەکان دەکاتە قوربانی و، منداڵەکان برسی و هەژار و نەزان جێدەهێلێت!
برسیەتی و شەڕ
یەکێک لەو ژنانەی کە لە ئەلفاشرەوە، خۆی و کچەکانی ئاوارە بوون و لەناو خێوەتدا دەژین، گێڕایەوە؛ ناخۆشترین شت ئەوەبوو، منداڵەکانمم بینی لە تینودا وەختبوو بخنکێن، پسکیتمان پێبوو لەگەڵ یەک کوپ ئاو، لەگەڵ کوپە ئاوەکە تەواو بوو، کچەکانم لەتینواندا میزی خۆیان خواردەوە، پسکیتەکەیان بە میزەکەی خۆیانەوە خواردەوە.
هەر ئەم ژنە لە گێڕانەوەی چیرۆکە خەمناکەکەدا گوتی؛ خەڵکم دەبینی لەدەوروبەرم لە برسیەتیدا، لە تینواندا دەمردن، سێ شەو و سێ ڕۆژ بەڕێوە بوین، هیچ نەبوو بیخۆین.
برسیەتی، یەکێکە لە لێکەوتەکانی شەڕەکان، لەکاتی شەڕەکاندا و دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکانیش، برسیەتی، نەبوونی کار، کەمبونەوەی هەلی کارکردن بڵاودەبێتەوە، ئەمەش بە تێپەڕینی کات، بەدخۆراکی لەناو منداڵاندا بڵاودەکاتەوە، مردن و بڵاوبونەوەی خێرای نەخۆشیەکانی لێدەکەوێتەوە.
شەڕ، نااارامی دەهێنێنێت، بازاڕیش کە ئارام نەبوو، سەرمایەدار سەرمایەی خۆی ناخاتە ناو بازاڕاەوە، بەمەش برسیەتی و قاتوقڕی تەشەنە دەکات.
بڵاوبونەوەی نەخۆشی، پیسبونی ژینگە و شەڕ
برینی ئەوکەسانەی کە بەهۆی شەڕەوە برینداربوون، تا دێت و تەشەنەدەکات، تادێت و زیاتر بە مۆخ و ئێسکی خاوەنەکەیدا دەچێتە خوارەوە.
لەلایەکەوە دابەزینی بەرگری لەشی خەڵکەکە، برسیەتی و نەبوونی دەرمان و خزمەتگوزاری تەندروستی، لەلایەکیتریشەوە پیسبوونی ژینگە هۆکارە بۆ زیاتر نەخۆشکەوتنی خەڵک و چاکنەبونەوەی زامەکانیان.
جگە لە مرۆڤ، باڵندە، ئاژەڵ و دارودرەخت زیانێکی گەورەیان بەرکەوتوە، هەتادێت زیانەکانی سەر ژینگە فراوانتردەبن.
´ ئەوە چەند مانگە قاچم بریندارە، چاکنابێتەوە، لە جێگادا خستومی، هەردێت و برینەکەی تەشەنەدەکات. ناتوانم لەسەر پێیەکانم بڕۆم، خۆم تاکە بەخێوکەری ماڵەکە بووم، ئێستە ناتوانم کاربکەم، منداڵەکانم بێنان و ئاو ماونەتەوە.´ باوکێکی گەنج بەمجۆرە باسی حاڵی خۆی کردووە.
نەخوێندەواری، بێکەسی و شەڕ
بەهۆی شەڕ و لێکەوتەکانیەوە، دەرگای قوتابخانەکان داخراون، تورەکە و چانتای منداڵەکان چیتر بەشانی منداڵەکانەوە نابینرێن، لەبری قوتابخانە، منداڵەکان ڕودەکەنە بازاڕەکان بۆ پەیداکردنی پاروە نانێک و چەند سەنتێکی ڕۆژانە.
شەڕ لە دارفۆر، نەوەیەکی زەبەلاحی بێدایک و باوک و بێسەرپەرشتی دروست کردووە.
منداڵەکان، دایک و باوک بەیەکەوە، یان یەکێکیان لەدەستداوە، لەهەردوو باردا یان بێسەرپەرشت و بێبەخێوکەر ماونەتەوە، یان لەگەڵ دایکەکانیاندا بێ نان و بێکار ماونەتەوە.
دایکە تەنیاکان، بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانیان و دابینکردنی پاروەنان بۆیان، ڕودەکەنە شار و شارۆچکەکانی نزیک ئەو کەمپانەوە کە تیایدان.
هەر لە هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکانەوە بیگرە، بۆ هاوکاریکردنی دوکاندار و دەستگێڕەکان، بۆ پاککردنی سەوزە و پیاز بۆ ئەو کەسانەی کە لەسەر عەرەبانە و، لەوحەکان خواردن ئامادەدەنە، منداڵ و ژن دەبینی خەریکن!
لە کۆتایی ڕۆژدا ڕەنگە یەکی چەند سەنتێکیان بدەنێ، یانیش هیچیان نادەنێ، بە سکی بەتاڵەوە، بە دەست و گیرفانی بەتاڵەوە، بە دڵی شکاوەوە دەگەڕێنەوە بۆناو خەیمەکانیان!
ژنەکان و منداڵەکان زەرەرمەندی دیاری ئەم شەڕەن، زۆر لە کچەکان بونەتە سەرپەرشتیاری هەموو خێزانەکە، لەکاتێکدا خۆیان تەنیا کچێکی منداڵی چەند ساڵانەن.
´ دایکم و باوکم، لەبەردەمی خۆمدا تەقینەوەیان بەرکەوت، دایکم لە سەرەمەرگدا گوتی؛ ئاگات لە برابچوکەکەت بێت.´ ئەم کچە تەنیا شەش ساڵانێکە و بوەتە دایک و باوکی برابچوکەکەی، جگە لە پەروەردەکردنی براکەی، دەبێت شیریشی بۆ پەیدابکات!
دەستدرێژی سێکی، توندوتیژی و شەڕ
ژنان و کچان لە شەڕەکاندا، بەتەنیا باوک، برا و مێردەکانیان لێناسەنرێتەوە، بەتەنیا برسی ناکرێن و ترس و دڵەڕاوکێ ناخرێتە ناو دڵیانەوە، بگرە دەکرێنە چەکی جەنگ و دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتە سەر، لاشەیان لێوەردەگیرێتەوە و، خەونەکانیان دەدزرێن!
دایکی چەند کچێکی بچکۆلانە، کە گەورەترنیان دە بۆ یانزە ساڵانێکە گوتی؛ ناخۆشترین شت ئەوەبوو لە ئەلفاشر، بە بەرچاوی خۆمەوە چەکدارەکان کچە منداڵەکانیان ڕوتکردمەوە و، دەستدرێژی سێکسیان کردە سەریان.
کەمئەندامبوونی خەڵک، نەخۆشی و شەڕ
´لەبەرچاوماندا خەڵک لەت لەت بوو، دەستوپەل دەپەڕین، خەڵک پارچەی لەشی بە گیانیەوە دەڕزی و بۆگەنی دەکرد.´
هەر پیاوەوە و نیشتوەتە سەر زەوی، هەر منداڵە و دەستوپەلی نەماوە و هەر ژنە و بەدەست ئازار و برینەوە دەناڵێنێت.
ئەمانە لانیکەمی خزمەتگوزاری تەندورستیان پێناگات و خۆیان و برینەکانیان تەنیان.
بڵاوبونەوەی نەخۆشیە درمیەکان و تەشەنەسەندنی لەناو خەڵکیدا بەخێرایی، یەکێکیترە لە لێکەوتەکانی ئەم شەڕە.
نەبونی سەرئاوی خاوێن، نەبونی ئاوی خواردنەوەی پاک، نالەباری ژینگە و شوێنی مانەوەی خەڵک، وەک سیمایەکی هەرە دیار و نالەباری شەڕەکە.
شەڕەکان گەر تەواویشببن، ئاکام و لێکەوتەکانیان بە جەستە و دەرونی خەڵکەوە بەگشتی، بە جەستە و دەرونی ژنان و منداڵانەوە دەمێننەوە.
باشترین شەڕ ئەوەیانە کە دەستیپێنەکردووە.


Comments
Post a Comment