بێدەنگی بەرامبەر بە نادادی تاوانە

 بێدەنگی بەرامبەر بە نادادی تاوانە


تانیا کورد میرزا

ماستەر لە یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و دەستور، ڕاهێنەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵان




کاتێک نازیەکان هاتن


کاتێک کۆمیونستەکان لەلایەن نازیەکانەوە گیران، من بێدەنگ بوم؛ خۆ من کۆمیونست نەبوم.

کاتێک کرێکارەکانیان گرت، من بێدەنگ بوم؛ خۆ من کرێکار نەبوم.

کاتێک کە جوەکانیان گرت، بێدەنگ بوم، من جو نەبوم.

کاتێکیش نازیەکان منیان گرت، کەس نەبو ناڕەزایەتی دەرببڕێت و خۆپێشاندان بکات.


مارتین نیمولەر

وەرگێڕانی لە ئنگلیزیەوە، تانیا کورد میرزا


ئەم گوتە بەناوبانگەی ثیۆلۆجنی پڕۆتستنت مارتین نیمولەر لە ساڵی ١٩٩٣ەوە، لە مۆزەخانەی (USHMM) لە واشنتن هەڵواسراوە و، ئەمڕۆ لە شوێنێکی دیار و گرنگدا دانراوە.

کوۆتەکەی نیمولەر، گەرچی هەندێک بە شعر دەیناسێنن، بەڵام شعر نییە و گوتەیەکی ناودارە.

نیمولەر لەم گوتەیەدا ڕوی دەمی لەخۆی بوە، ئنجا هەر خەڵک و کۆمەڵێکیتر کە پاسیڤن بەرامبەر ئەو زوڵم و تاوانانەی بەرامبەر بە کەس، بە کەمینە و گروپێکی دیاریکراو دەکرێن.

گوتەکە سەرکۆنەی ئەوانە دەکات، کە لەژێر ناوی جیاجیادا سەردادەخەن، بەناوی بێلایەنیەوە، یان لەژێر هەر ناو و، بەهانەیەکیتردا بێدەنگی هەڵدەبژێرن بەرامبەر بە تاوانی تاوانکاران و بەرگری لە قوربانیەکان ناکەن.

نیمولەر پێی گوتین؛ ئەوانەی سەیری قوربانیەکان دەکەن، کاتێک بەدەستی تاوانبارانەوە دەگیرێن و پەلکێشی مەرگ دەکرێن، کەسانی بێتاوان نین و بەهانەی بێدەنگیەکەیان هەرچیەک بێت، پاساوی نییە و تاوانبارن.

نیمولەر لە ئەزمونی خۆشیەوە، هۆشداری دەداتە ئەم بێدەنگانە، سەرلەقێن و بەشداریکەران لە تاوانی تاوانباراندا ئاگاداردەکاتەوە و، پێیان دەڵێت؛

چارەنوستان وەک هی منی لێدێت، هەمان ئەو تاوانبارانەی کە هاتن بۆ کۆمیونستەکان، بۆ کرێکار و جوەکان، هەر ئەوانە دێنەوە بۆ ئێوەش و دەتانگرن، ئەودەمە وەک چۆن ئێوە بێدەنگ بون، وەک چۆن بەرگریتان لە حەق و مافی مرۆڤ نەکرد، کەسیش نابێت بەرگریتان لێبکات!

بۆ زانیاری، نیمولەر لە ساڵی ١٨٩٢ لە ئەڵمانیا هاتوەتە دنیاوە، لە ساڵی ١٩٨٤ دا مردوە، ئەو پڕۆتستنت و ثیۆلۆجنێکی ناودار بوە. لە ساڵی ١٩٢٠ هەتا ١٩٣٠ لە زۆر ڕوەوە هاوسۆز بوە لەگەڵ ناشنڵ سۆشیەڵستەکان و، تەنانەت پستیوانی لە بزوتنەوە ڕاستڕەوە رادیکاڵەکانیش کردوە.

پاش ئەوەی لەساڵی ١٩٣٣دا هیتلەر دەسەڵاتی گرتەدەست، نیمولەر ڕەخنەی لە دەستوەردانی هیتلەر گرتوە لە کەنیسە پڕۆتستنتەکان.

هەشت ساڵی تەمەنی خۆی لەبەر ڕەخنەکانی لە زینداندا بەسەر بردوە، واتە لە ساڵی ١٩٣٧ هەتا ساڵی ١٩٤٥.

ماوەتە بگوترێت؛ نیمولەر ئەم کوۆتە بەناوبانگەی خۆی، لە پاش کۆتایی هاتنی جەنگەوە نوسیوە، جگە لەوەی کە کوۆتەکە هۆشداری و ئاگادارکردنەوەیەکی ڕونە بەڕوی سەرلەقێن، بێدەنگ، تەماشاکارانی جێبەجێکەرانی نادادای و تاوانباراندا، پێشاندانیشیانە وەک تاوانبار و شەریکە تاوانبار، لەهەمان کاتدا دانپێدانانێکی ئازایانەی نیمولەریشە کە خۆی بەشێک بوە لەو گروپە سەیرکەر و سەرلەقێنە، کە بێتاوان نین، بگرە ئەوانیش بەهەمان ئەندازەی تاوانبارەکانی جەنگ تاوانباران!


Comments

Popular posts from this blog

بۆ دەیەمین ساڵیادی بوونی بلۆگەکەم؛ کۆبونەوە لە نوسین واتە دورکەوتنەوەی خوێنەر لێی

پیاو و پارە

Man and Money!