چۆن توندوتیژیكار و ده‌ستدرێژیكاری سێكسی بناسینه‌وه‌؟


له‌ ژووری نوستندا شایه‌تمان نییه‌

چۆن توندوتیژیكار و ده‌ستدرێژیكاری سێكسی بناسینه‌وه‌؟


تانیا كورد میرزا

ماسته‌ر له‌ یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، ڕاهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان


به‌ تۆمه‌تی توندوتیژی و ده‌ستدرێژی سێكسی بۆسه‌ر خانمێكی فه‌ره‌نسی به‌ناوی لاورا پریۆل، گۆرانیبێژی مه‌غریبی سه‌عد لمجه‌ره‌د له‌ فه‌ره‌نسا دادگاییكرا و دوای ساغبونه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كان به‌سه‌ریدا به‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردن سزادرا. چیرۆكی ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ بۆ ساڵی ٢٠١٦ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وكات پریۆل سكاڵا له‌ دژی لمجه‌ره‌د تۆمار ده‌كات و به‌ ده‌ستدرێژی و توندوتیژی سێكسی تۆمه‌تباری ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وكات وێڕای گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی تایبه‌تیش تۆمه‌ته‌كان به‌سه‌ر تۆمه‌تباردا ساغ نه‌بوونه‌وه‌‌. ساغ نه‌بوونه‌وه‌ی تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی و توندوتیژی سێكسی له ‌ناوماڵ و له‌نێوان هاوڕێ و ژن و مێرددا یه‌كێكه‌ له‌ سیما دیاره‌كانی توندوتیژی ناوماڵ. توندوتیژیكار له‌م باره‌دا له‌ناو چوار دیواری داخراودا تاوانه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات له‌ ژووری نوستنیشدا شایه‌تمان ده‌ست ناكه‌وێت! پریۆل كۆڵی له‌ سه‌لماندنی تاوانباریی لمجه‌ره‌د نه‌دا و ٢٤ ی فێبریوه‌ری ٢٠٢٣ له‌ دادگای تاوانه‌كانی پاریس ئه‌و تۆمه‌تانه‌‌ به‌سه‌ر لمجه‌ره‌ددا ساغ بونه‌وه‌ و سزای شه‌ش ساڵی زیندانیكردنی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.



 تاوانبار له‌ پاریس له‌سه‌ر ده‌ستدرێژی سێكسی سزادرا به‌ڵام له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ هه‌رزوو ده‌نگی به‌رگریكردن له‌ تاوانبار به‌رزبوه‌وه‌ له‌ناویشیاندا به‌رگیركاری ژن هه‌بوون كه‌ ژنگه‌لی ئه‌و وڵاتانه‌ش وه‌ك نمونه‌ی باڵای لێیان ده‌ڕوانن! به‌رله‌وه‌ی ڕوناكی بخه‌مه‌ سه‌ر به‌رگریه‌كان له‌ ده‌می قوربانیه‌كه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ كرده‌ تاوانكاریه‌كانی لمجه‌ره‌د ده‌خه‌مه‌ ڕوو. “ گازی له‌ پشتم گرت و ده‌ستدرێژی سێكسی كرده‌سه‌رم.” پاش ئه‌وه‌ی جارێك له‌ یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ ده‌ستدرێژیكاری سێكسی لمجه‌ره‌د و پریۆل یه‌كتر ده‌بینن ژوانی دووه‌میان له‌ ژورێكی ئۆتێلێكدا ده‌بێت له‌ شانزه‌لیزێی پاریس كه شوێنی مانه‌وه‌ی لمجه‌ره‌د بووه‌. “پاش ئه‌وه‌ی كه‌ لێی دام و په‌لاماریدام و ده‌ستدرێژی سێكسی كرده‌سه‌رم ڕامكرده‌ حه‌مامه‌كه‌وه‌ و ده‌رگاكه‌یم له‌سه‌ر خۆم داخست و هه‌وڵمدا په‌یوه‌ندی به‌ پۆلیسه‌وه‌ بكه‌م چونكه‌ ئه‌و ده‌یویست جارێكیتریش ده‌ستدرێژی سێكسی بكاته‌وه‌ سه‌رم، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ من به‌ وه‌حشی ناوم بردبوو و ئه‌ویش لێیدام.” لێدان، قسه‌پێگوتن و به‌زۆر سێكسكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و خانمه‌دا توندوتیژی و ده‌ستدرێژی سێكسین كه‌ لمجه‌ره‌د هه‌تا دوا ساتی دادگاییكردنیش هه‌موویانی ڕه‌ت كرده‌وه‌ به‌ڵام دانی به‌وه‌دانا كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری كۆكاین و ئه‌لكهولدا بووه‌.

 

به‌رگریكردن له‌ توندوتیژیكار و ده‌ستدرێژیكاری سێكسی واته‌ هاندانی ئه‌م تاوانه‌، واته‌ به‌شداریكردن له‌ تاوانه‌كه‌دا 



ئه‌لیسا و شه‌زا حه‌سون له‌ نمونه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ به‌رگریان له‌م ده‌ستدرێژیكاره‌ سێكسییه‌ سزادراوه‌ كردوو به‌ كه‌سێكی “به‌ڕه‌وشت و به‌ڕێز” ناویانبرد، ته‌نانه‌ت گومانیان خسته‌ سه‌ر بڕیاری دادگای تاوانه‌كانی پاریس و بڕیاره‌كه‌شیان به‌ “هه‌ڵمه‌تێك بۆ له‌كه‌داركردنی لمجه‌ره‌د” ناوبرد. ئه‌م دوو ژنه‌ گۆرانیبێژه‌ ته‌نیا دووكه‌سن له‌ نمونه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكیش له‌ كوردستاندا كه،‌ له‌كاتی ئاشكرابوونی هاوڕێ و خزمه‌ ده‌ستدرێژیكاره‌كانیان ده‌كه‌ونه‌ به‌رگری له‌ تاوانی كه‌سه‌ نزیكه‌كه‌یان و له‌و پێناوه‌شدا هه‌موو جۆره‌ بو‌ختانێك ده‌خه‌نه‌ پاڵ قوربانییه‌كه‌. ئێستا با بزانین ئه‌م كه‌سانه‌ بۆچی واده‌كه‌ن و به‌م كرده‌یه‌یان پێگه‌یان له‌ناو پڕۆسه‌كه‌دا ده‌بێته‌ چی و چ ناوێكیان لێبنێین؟ 



یه‌كه‌م: ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌رگریكردن له‌ ده‌ستدرێژیكاره‌ سێكسی و توندوتیژیكاره‌كان ده‌یانه‌وێت پێمان بڵێن كه‌ ئه‌وانه‌ ئه‌گه‌ر دایك، باوك و خێزانی تاوانباره‌كانن كه‌سانێكی به‌ڕه‌وشتن و، له‌ناو ماڵی ئه‌وانه‌وه‌ ته‌نیا كه‌سی باش هاتوه‌ته‌ ناو كۆمه‌ڵگا. ده‌یانه‌وێت پێمان بڵێن ماده‌م تاوانباره‌ ده‌ستدرێژیكاره‌كه‌ بۆ ئه‌وان مناڵێكی باش بووه‌ كه‌واته‌ هه‌موو تۆمه‌تێكی ساغ بوه‌وه‌ش به‌سه‌ریدا درۆیه‌ و بوختانه‌. واته‌ ئه‌م كه‌سانه‌ به‌رگری له‌ خۆیان ده‌كه‌ن و له‌ ده‌می خه‌ڵك ده‌ترسن نه‌وه‌ك پێیان بڵێن: جوانتان په‌روه‌رده‌ بكردایه‌ هه‌تا ده‌ستدرێژی نه‌كاته‌ سه‌ر خه‌ڵك. ئه‌گه‌ر هاوڕێی تاوانباره‌كه‌شن ئه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت پێمان بڵێن "ئێمه‌ی به‌ڕه‌وشت هاوڕێی به‌ڕه‌وشتمان هه‌یه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كانمان هه‌ڵه‌نین."

دووه‌م: ئه‌م به‌رگریكارانه‌ له‌ خۆیان ده‌ترسن و به‌م به‌رگریكردنه‌ش ‌پێمان ده‌ڵێن: "په‌یوه‌ندی ئێمه‌ ده‌ستدرێژی و توندوتیژی تێدانه‌بووه‌ و فڵانی كه‌سێكی به‌ڕه‌وشته‌." منیش پێیان ده‌ڵێم: ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستدرێژی سێكسی نه‌كردوه‌ته‌ سه‌ر تۆ و توندوتیژی به‌رامبه‌ر نه‌كردویت مانای ئه‌وه‌ نییه‌‌ ئه‌م كه‌سه‌ به‌ ڕه‌وشت و به‌ڕێزه‌. ڕه‌نگه‌ تۆش قوربانی ئه‌و بیت به‌س هێنده‌ی ئه‌و قوربانیه‌ی كه ده‌نگی به‌رزكردوه‌ته‌وه‌ هۆشیاریت نه‌بێت یان تۆ توندوتیژی به‌ مۆراڵی به‌رزی باو ده‌زانیت! هاوڕێكه‌ت نه‌ به‌ڕێزه‌ نه‌ به‌ڕه‌وشته‌، ئه‌و تاوانبارێكی ده‌ستدرێژیكاری سێكسییه‌. به‌ڕێز ئه‌وكه‌سه‌یه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكیتریش به‌ڕێزه‌ و ڕێز له‌ تایبه‌تمه‌ندی ژیان و له‌شیان ده‌گرێت. به‌ته‌نیا به‌ڕێزبوون به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵێك كه‌س هیچ كه‌سێك ناكاته‌ كه‌سێكی به‌ڕێز و به‌ڕه‌وشت چونكه‌ ئه‌م دوو سیفه‌ته‌ پرنسیپن و له‌هه‌ركه‌سێكدا هه‌بن ده‌بێت به‌ جێگیری هه‌بن. 

ئێوه‌ ده‌بێت سه‌ركۆنه‌ بكرێن، چۆن له‌گه‌ڵ ده‌ستدرێژیكارێكی سێكسیدا، له‌گه‌ڵ توندوتیژیكارێكدا هاوڕێن و په‌یوه‌ندیتان هه‌یه‌؟ 

سێیه‌م: بینینه‌وه‌ی وێنه‌ی خۆت له‌ناو ئاوێنه‌ی ده‌ستدرێژیكاری سێكسی و توندوتیژیكاره‌كاندا واتلێده‌كات نه‌وه‌ك هه‌ر سه‌ركۆنه‌یان نه‌كه‌یت بگره‌ مه‌تحیان بكه‌یت و به‌رگریشیان لێبكه‌یت، چۆن؟ كاتێك تۆش به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و تاوانباره‌ ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كه‌یته‌ سه‌ر ژنه‌كه‌ت، كاتێك كه‌ ژنه‌كه‌ت ده‌ڵێت نا، ده‌ستی لێ ‌به‌رز ده‌كه‌یته‌وه‌ و لێی ده‌ده‌یت ئیتر ناوێریت سه‌ركۆنه‌ی بكه‌یت، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ ئه‌ویش دێت و ده‌ڵێت تۆش وه‌ك منیت، وه‌ك من تاوانبار و ده‌ستدرێژیكاریت. 

كه‌واته‌ هه‌ركه‌سێك به‌رگری له‌ توندوتیژیكار كرد و به‌ كه‌سێكی به‌ڕه‌وشت ناویبرد و په‌لاماری قوربانیه‌كه‌یدا خۆتانی لێبه‌دووربگرن و بیناسنه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌ویش توندوتیژیكاره‌، هاوبه‌شی تاوانه‌ و ده‌ستدرێژیكاری سێكسییه‌. ئه‌م كه‌سانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا ده‌بێت بناسرێنه‌وه‌، په‌نجه‌یان بۆ درێژبكرێت و كاره‌كانیان چیتر پشتیوانی نه‌كرێن جا گۆرانیبێژن، نوسه‌رن، بێژه‌رن، یان هه‌ر پێگه‌یه‌كیتریان هه‌یه‌. ئه‌م كه‌سانه‌ ژه‌هری ناو كۆمه‌ڵگان و له‌ژێر سایه‌یاندا ڕۆژانه‌ هه‌زاره‌ها توندوتیژیكار گه‌وره‌ده‌بن و په‌لاماری كچ و ژن ده‌ده‌ن. ئه‌مانه‌ خۆیان توندوتیژیكارن و ده‌یانه‌وێت به‌ به‌رگریكردن له‌ توندوتیژیكاره‌كان و په‌لاماردانی قوربانیه‌كان كه‌ ده‌نگیان به‌رزكردوه‌ته‌وه‌ تاوانكاریه‌كانی خۆیان بشارنه‌وه‌ و خاوێنی خۆیان بسه‌لمێنن. ئێوه‌ بیانناسنه‌وه‌ و له‌هه‌ر مه‌جلیسێكدابوون و ئه‌مانه‌تان بینی گوێیان بۆ مه‌گرن و سه‌ریان بۆ مه‌له‌قێنن، ڕایانگرن و به‌ ئاشكرا پێیان بڵێن كه‌ چیتر ئه‌مانه‌ شایه‌نی هاوڕێیه‌تی ئێوه‌نین چونكه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گرنگی كاركردنه‌ له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژیدا. 


Comments

Popular posts from this blog

نوسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ ژنێكی شاعیره‌

هه‌موو باوه‌ش پێداكردنێك خۆشه‌ویستی نییه‌