یاسای سوڕی خوێنی مانگانه
یاسای سوڕی خوێنی مانگانه
كێ بێنوێژه، ژنی خوێندار یان كه‌سی دژه‌ژن؟
تانیا كورد میرزا
ماسته‌ر له یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، ڕاهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان
گه‌رچی نیوه‌ی دانیشتوانی هه‌ر وڵاتێك یاخود زیاتر له نیوه‌شی مانگانه سوڕی خوێنیان هه‌یه و شتێكی ئاسایی، سروشتتی و تایبه‌ته به جه‌سته‌ی ژن به‌ڵام هه‌تا ئه‌مڕۆ تابووه. ناوه‌كه‌ی، ڕه‌نگه‌كه‌ی و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا و ته‌نانه‌ت جه‌سته‌ی ژنیش پێوه‌ی تابووه. له هه‌نگاوێكی گه‌وره له بواری فێمینزم و پاراستنی ژناندا ئیسپانیا وه‌ك یه‌كه‌م وڵات له ئه‌وروپادا یاسایه‌كی تایبه‌تی به پشووی خانمان له‌كاتی سوڕی خوێنی مانگانه‌دا ده‌ركرد. خانمان به‌گوێره‌ی ئه‌م یاسایه بۆیان هه‌یه مانگانه له‌م كاته‌دا له ماڵه‌وه بمێننه‌وه و كارنه‌كه‌ن. یاسایه‌كی وه‌ها ده‌بێته هۆی ڕێزگرتن و قبوڵكردنی جه‌سته‌ی ژن وه‌ك خۆی، ئه‌وه‌ی كه هه‌یه و مافه‌كانیان له بازاڕی كاردا به‌گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندی جه‌سته‌یان ده‌پارێزێت. له جیهاندا هه‌ریه‌كه له كۆریای باشور، تایوان و یابانیش یاسایه‌كی له‌مجۆره‌یان بۆ پاراستنی خانمان هه‌یه.
به‌رله‌وه‌ی باس له‌دیارترین سیماكانی به تابووكردنی سوڕی خوێنی مانگانه بكه‌م سه‌ره‌تا كورته‌یه‌ك له مێژوی ئه‌م به‌تابووكردنه باس ده‌كه‌م.
له نیپاڵ و هیندستان هه‌تا ئه‌مڕۆش كچان و ژنان بۆیان نییه له‌كاتی سوڕی خوێنی مانگانه‌دا سه‌ردانی هه‌ندێ شوێن و مه‌زارگه ئاینییه‌كان بكه‌ن، له نیپاڵ بۆشیان نییه ده‌ست به‌رن بۆ مه‌ڕوماڵات. ژن له‌م كاته‌دا به (پیس) له قه‌ڵه‌م ده‌درێت و نابێت له مه‌ڕوماڵات نزیك بكه‌وێته‌وه چونكه به‌ره‌كه‌تی نامێنێت!
له وڵاتانی زۆرینه موسڵمان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ژن له سه‌ردانی مزگه‌وت و شوێنی ئاینی له‌كاتی سوڕی خوێنی مانگانه‌دا بێبه‌ش ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت ڕێگه‌یشی نادرێت له دڵی خۆیدا خودا بدوێنێت و لێی بپاڕێته‌وه و ناوی ببات، چونكه (پیسه)! له كولتوری كۆنی كوردیشدا به دایه‌گه‌وره و دایكمان گوتراوه (ده‌ستمه‌كه به‌ناو برنج و گه‌نمه‌كه‌دا چونكه بێنوێژیت).
له ئه‌وروپاش به‌تابووكردنی سوڕی خوێنی مانگانه ڕه‌گی مێژویی هه‌یه. هه‌تا سه‌ره‌تاكان و ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌میش ژن له‌كاتی سوڕی خوێندا له شه‌راب و شیری دانراو دورخراوه‌ته‌وه و پێیان وابووه به‌مجۆره كوالیتی شیر و شه‌رابه‌كه باشتر ده‌پارێزن! ئه‌مڕۆ له وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئه‌وروپا ئه‌م بۆچونه له‌ناوچووه به‌ڵام له ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌ر ماوه و له‌مه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه قسه‌شی له‌سه‌ر نه‌كراوه و قسه‌كردنیش له‌مباره‌یه‌وه به تابووكراوه. هه‌تا ئه‌مڕۆ سوڕی خوێنی مانگانه له هه‌موو دنیادا به‌جۆر و ڕێژه‌ی جیاجیا تابووه، له چه‌ند خاڵێكدا به تابووكردنی سوڕی خوێنی مانگانه ده‌خرێنه‌ڕوو؛
یه‌كه‌م: له سه‌رجه‌م زمانه زیندووه‌كانی جیهاندا سوڕی خوێنی مانگانه هه‌تا ئه‌مڕۆ له‌ژێر ناوی جیاجیادا ناوده‌برێت كه وشه‌ی (خوێن)ی تێدانییه گه‌رچی له ڕاستیدا سوڕه‌كه سوڕی خوێنه! له زمانی ئینگلیزی‌دا وشه‌كانی (پیریه‌د وه مێنستروه‌ڵ سایكڵ) به‌كاردێت كه مه‌به‌ستی سوڕی خوێنه، به‌س وشه‌ی خوێنه‌كه به‌كارنه‌هاتووه. له عه‌ره‌بیدا (الدورة الشهریة) به‌كاردێت كه هه‌ر له زمانه ئینگلیزیه‌كه‌وه وه‌رگیراوه هه‌رچی زمانی ئه‌ڵمانیشه وشه‌ی (دی تاگه یاخود دی پیریۆده) به‌كاردێت كه ئه‌میش وشه‌ی خوێنی تێدانییه. هه‌رچی زمانی توركییه به‌هه‌مان شێوه هیچ وشه‌یه‌كی نییه كه خوێنی تێدابێت و وشه‌كانی (ئاده‌ت، ڕێگل) به‌كارده‌هێنن. له زمانی كوردیدا له هه‌موو ئه‌و زمانانه‌ی سه‌ره‌وه كه باسكران خراپتر وشه‌ی (بێ‌نوێژ) به‌كاردێت له‌گه‌ڵ وشه‌ی (سوڕی مانگانه)دا. هه‌ریه‌ك له‌م وشانه به تابووكردنی بابه‌ته‌كه‌ن، ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی كه مانای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ژنیش ده‌ده‌ن. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ژنیش واته توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ژن، واته مسۆجنی. ئه‌م سوڕه سوڕی خوێنه كه مانگانه یانیش ده‌كرێت له كچانی خوار هه‌ژده‌ساڵدا زیاد له جارێكیش بێت له مانگێكدا، هه‌ربۆیه‌ش ده‌بێت به‌وجۆره ناوبنرێت كه‌هه‌یه به‌بێ شه‌رم، به‌بێ گۆڕین.
دووه‌م: خانمان هه‌تا ئه‌مڕۆش له‌كاتی كڕینی تای و تامپۆندا شه‌رم ده‌كه‌ن و به ئاشكرا نایگرن به‌ده‌ستیانه‌وه و به ئاشكرا نایخه‌نه به‌رده‌م كاسه‌كه، له‌بری ئه‌مه ده‌یانكه‌ن به‌ژێر كه‌لوپه‌لیتره‌وه تا كه‌س نه‌یانبینێت.
سێیه‌م: ئازاری سوڕی خوێنی مانگانه ده‌شارنه‌وه، یان هه‌ر باسی ناكه‌ن و له چالاكی ڕۆژانه به‌رده‌وام ده‌بن یانیش وه‌ك ئازاری چاو و ددان وه‌سفی ده‌كه‌ن هه‌تا كه‌س پێیان نه‌زانێت.
چواره‌م: كاتێك خانمان له‌ده‌ره‌وه‌ن و تامپۆنیان پێنییه به چپه‌وه هاوڕێیه‌كیان ده‌به‌نه په‌ناوه و داوای تامپۆنی لێده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی بابه‌تێكی قه‌ده‌غه و تاوانێك بكه‌ن!
پێنجه‌م: له‌كاتی ڕیكلامكردن بۆ تای و تامپۆندا ڕه‌نگی شین له‌بری ڕه‌نگی سوور به‌كاردێت ئه‌مه‌ش به‌تابووكردن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كی بایلۆجی و تایبه‌تمه‌ندیه‌كی جه‌سته‌ی ژنه. خوێن ڕه‌نگی هه‌یه، ڕه‌نگه‌كه‌ی سووره جا خوێنی لوت بێت یانی هی سوڕی خوێنی مانگانه.
چیبكه‌ین بۆ شكاندنی ئه‌م تابووه؟
ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی تاك و ئاستی ده‌وڵه‌ت كار بۆ نه‌هێشتنی تابووی سه‌ر سوڕی خوێنی مانگانه بكرێت. تاكه‌كان ده‌بێت هه‌ندێك هه‌نگاو بهاوێژین هه‌تا چیتر سوڕی خوێنی مانگانه كه په‌یوه‌ندی به جه‌سته‌ی نیوه‌ی كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه تابوو نه‌بێت. ده‌وڵه‌تیش ده‌بێت هاوكات ئه‌ركی خۆی به‌رابه‌ر به خانمان به‌جێبگه‌یه‌نێت و به ده‌ركردنی یاسای تایبه‌ت پشتیوانیان بكات و بیانپارێزێت.
له‌سه‌ر ئاستی تاك
ده‌بێت ناوه‌كه‌ی له سوڕی مانگانه‌وه بكرێته سوڕی خوێنی مانگانه و شه‌رم له گۆكردنی وشه‌ی خوێن نه‌كرێت.
خانمان چیتر كڕینی تامپۆن و تای نه‌شارنه‌وه و نه‌یخه‌نه ژێر كه‌لوپه‌لیتره‌وه. چیتر پێویست ناكات ئازاری سوڕی خوێنی مانگانه وه‌ك ئازاری چاو و گوێ باسبكرێت و ده‌بێت وه‌ك ئازاری سوڕی خوێنی مانگانه وه‌سفبكرێت. له‌كاتی ڕیكلامكردندا بۆ ئه‌م پێداویستیانه چیتر ڕه‌نگی شین به‌كارنه‌هێندرێت و له‌بری ئه‌وه بكرێته سوور، چونكه خوێن سووره ئه‌مه‌ش عه‌یبه و شوره‌یی نییه.
دایكان و باوكان و خێزانه‌كان چی بكه‌ن؟
به‌ر له‌م قۆناغه قسه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان بكه‌ن و له گۆڕانكاریه جه‌سته‌یی و هۆڕمۆنیه‌كان ئاگاداریان بكه‌نه‌وه. ده‌بێت بابه‌ته‌كه وه‌ك بابه‌تێكی جدی، بایۆلۆجی و زانستی باس بكرێت و نابێت بكرێته بابه‌تی نوكته و پێكه‌نین. نابێت منداڵه‌كان بترسێنرێن و ده‌بێت ڕاستیان له‌مباره‌یه‌وه پێبگوترێت وه بۆیان ڕونبكرێته‌وه چۆن خاوێن خۆیان ڕابگرن و چۆن تای و تامپۆن به‌كاربێنن.
ده‌بێت پێداویستی ته‌واوی سوڕی خوێنی مانگانه‌یان بۆ بكڕدرێت و له تاكی تایبه‌ت به‌خۆیاندا بۆیان دابنرێت وه جانتای بچوكی تایبه‌ت به‌م كه‌لوپه‌لانه‌یان بۆ ئاماده‌بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه پێیان بێت. ده‌بێت دایك و باوك پشتیوانی خۆیان بۆ منداڵه‌كانیان دوپات بكه‌نه‌وه و داوایان لێبكه‌ن كه ئازاریان هه‌بوو قسه‌بكه‌ن. ده‌بێت ئه‌ندامه‌كانی خێزان ئاگاداربكرێنه‌وه كه ژن و كچه‌كان له‌ناو خێزاندا مانگانه پێویستیان به هاوكاری ده‌روونی جه‌سته‌یی هه‌یه به‌بێئه‌وه‌ی ئه‌مه وه‌ك تانه یان وه‌ك منه‌ت بدرێته‌وه به‌چاوی خانمان و كچاندا.
ده‌وڵه‌ت چی بكات؟
حكومه‌ت ده‌بێت یاسای تایبه‌ت بداته په‌رله‌مان كه سه‌رجه‌م ئه‌و ژن و كچانه بگرێته‌وه كه له‌م قۆناغه‌دان و له‌م كاته‌دا پشووبده‌ن و كارنه‌كه‌ن. ده‌بێت تامپۆن و تای بۆ سه‌رجه‌م قوتابخانه و ناوه‌نده‌كانی خوێندن به بێبه‌رامبه‌ر دابینبكرێت به‌مه‌به‌ستی پاراستنی سه‌لامه‌تی جه‌سته‌ی خانمان و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی (هه‌ژاری سوڕی خوێنی مانگانه). ده‌بێت له قوتابخانه‌كاندا وانه‌ی تایبه‌ت به سوڕی خوێنی مانگانه بخوێنرێت و چۆنیه‌تی خۆ ئاماده‌كردن بۆ ئه‌م قۆناغه بۆ منداڵان باسبكرێت به‌بێئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه بكرێته نوكته و،گاڵته‌جاڕی یاخود وه‌ك بابه‌تی سێكسی وروژێنه‌ر باسبكرێت.
https://knwe.org/KU/Details/9216
Comments
Post a Comment