جێنده‌ر؟ نه‌خێر سوپاس
جێنده‌ر؟
نه‌خێر سوپاس
تانیا كورد میرزا
ماسته‌ر له یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، ڕاهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان
وشه‌ی جێنده‌ر ده‌مێكه مشتومڕی زۆری له‌سه‌ره و به‌رده‌وام بۆچوون و پێناسه‌ی دژ به‌یه‌ك و جیاوازی به‌دوای خۆیدا هێناوه. پسپۆڕانی بایۆلۆجی و پزیشكان به‌جۆرێك پێناسه‌ی جێنده‌ر ده‌كه‌ن و فه‌یله‌سوفه‌كانیش به‌جۆرێكیتر. له‌خواره‌وه پێناسه جیاجیاكان دهرخرێنهڕوو دواتر شه‌نوكه‌و ده‌كرێن.
جێنده‌ر له ڕوانگه‌ی زانسته‌وه
پسپۆڕانی بایۆلۆجی جێنده‌ر به‌سه‌ر دوو ڕه‌گه‌زدا دابه‌ش ده‌كه‌ن كه نێرینه و مێینه‌یه.١ وێڕای هه‌وڵ، چالاكی و ته‌نانه‌ت فشاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیش له‌هه‌ندێك له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بۆ سه‌ر پزیشكان و پسپۆڕانی بایۆلۆجی به‌ڵام هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌گشتی كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ دوو ڕه‌گه‌زی بایلۆجی هه‌یه كه نێرینه و مێینه‌یه. زانست نكۆڵی نه‌كردووه له‌وه‌ی ده‌شێت به‌هۆی گۆڕانكاری هۆرمۆنه‌كانه‌وه یاخود به‌هۆی هه‌ندێك كێشه‌ی ده‌رونی و جه‌سته‌ییه‌وه یانیش به هۆكاری نه‌زانراو ڕه‌گه‌زێك مه‌یلی سێكسی به‌لای هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌ی خۆیدا هه‌بێت به‌ڵام ئه‌مه ته‌واو جودایه له خودی ڕه‌گه‌ز و ته‌نیا مه‌یلی سێكسییه. جگه له‌م هۆكارانه به‌رده‌وام ئاماژه به هۆكارێكیتری شاراوه‌ش ده‌ده‌ن كه پاڵنه‌ری ئه‌م ویست و حه‌زه سێكسییه‌یه كه هێشتا به‌ته‌واوه‌تی نازانرێت چییه! ئه‌وه‌ی گرنگه بگوترێت زانستی سه‌رده‌م هاوڕه‌گه‌زخوازی وه‌ك دوێنێ پێناسه ناكات و به نه‌خۆشی له قه‌ڵه‌م نادات.
پوخته
ڕه‌گه‌ز ته‌واو جودایه له مه‌یلی سێكسی، زانست پێی وایه دوو ڕه‌گه‌ز هه‌ن كه نێرینه و مێینه‌ن به‌ڵام ده‌كرێت زیاد له مه‌یلێكی سێكسی هه‌بێت. فره‌یی مه‌یلی سێكسی ده‌شێت هۆكارێكی دیاریكراو و ڕوونی زانستی، بایلۆجی و ده‌رونی هه‌بێت ده‌شێت هۆكاره‌كه‌شی نادیار و شاراوه‌بێت.
جێنده‌ر له دینی ئیسلامدا
كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی فرهئاینه به‌ڵام ئاینی زۆرینه دینی ئیسلامه، هه‌ربۆیه‌ش كاتێك باس له‌هه‌ر بابه‌تێك ده‌كرێت ده‌بێت به دینی زۆرینه بپێورێت و دینه‌كانی تریش له‌به‌رچاو بگیرێت. دینی ئیسلام له عێراقدا له‌ناو ماڵ و مزگه‌وته‌كاندا نه‌ماوه‌ته‌وه بگره سه‌رچاوه‌ی یاسادانانیشه و ده‌ستوری وڵاتیش سه‌پاندویه‌تی كه نابێت هیچ یاسایه‌ك له وڵات‌دا ده‌ربچێت كه دژ به بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام بێت. ئه‌م ڕونكردنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌یه بڵێم هه‌موو هه‌وڵێك بۆ به‌رچاو ڕوونكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا، هه‌موو پڕۆژه‌یه‌كی یاسادانان، په‌روه‌رده و په‌ره‌پێدانی تواناكانی مرۆڤ ده‌بێت هه‌ر له‌م چوارجێوه‌یه‌دا بخولێته‌وه و نابێت سنوره‌كانی دینی ئیسلام تێبپه‌ڕێنێت چونكه سنوره‌كه به‌ته‌نیا له مزگه‌وتدا نه‌ماوه‌ته‌وه بگره سنوری یاسا و مۆراڵیشه. قسه‌كردن له‌سه‌ر جێنده‌ریش ده‌بێت سه‌ره‌تا به دینی ئیسلام بپێویرێت بۆئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌م چوارچێوه‌یه‌دا كاربكرێت.
كه‌واته با بزانین چه‌ند جۆر ڕه‌گه‌ز له دینی ئیسلامدا هه‌یه و جێنده‌ر له كوێی قورئاندا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه؟
(يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ)٢
قورئانی پیرۆز له سوره‌تی الحجرات له ئایه‌تی ١٣دا به‌ڕوونی ئاماژه‌ی به دوو ڕه‌گه‌زی مرۆڤداوه كه نێرینه و مێینه‌ن. واته، به‌پێوه‌ری ئیسلام له‌ده‌ره‌وه‌ی ژن و پیاو هیچ ڕه‌گه‌زێكی تر بوونی نییه و هه‌موو هه‌وڵێك بۆجێگهكردنهوهی ڕه‌گه‌زی سێیه‌م یاخود ڕه‌گه‌زی بێلایه‌ن دژ به قورئان ده‌وه‌ستێته‌وه و ڕێگه پێدراو نییه. وه‌ك ڕونكرایهوه به‌ته‌نیا بابه‌ته‌كه له نێوان خودا و مرۆڤدا نامێنێته‌وه بگره ڕه‌هه‌ندی یاساییشی هه‌یه، واته هه‌وڵدان بۆ جێگه‌كردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی سێیه‌م ده‌بێته دژایه‌تی ده‌ستوری عێراقیش و هیچكات ئه‌م هه‌وڵه نابێته یاسا و ته‌نیا وه‌ك هه‌وڵ بگره ته‌نیا وه‌ك چالاكی و خه‌ون ده‌مێنێته‌وه مه‌گه‌ر ده‌ستوری عێراقی به‌جۆرێك بگۆرێت كه چیتر شه‌ریعه‌تی ئیسلام نه‌بێته سه‌رچاوه‌ی یاسادانان و دان به‌وه‌دا بنێت كه یاساكانی وڵات له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌ریعه‌تی ئیسلام داناڕێژرێن!
پوخته
هه‌ریه‌كه له زانست و دینی ئیسلام ته‌نیا دوو ڕه‌گه‌ز ده‌ناسن و دانی پێدا ده‌نێن كه نێرینه و مێینه‌ن.
جێنده‌ر له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه
هه‌رچی فهیلهسوفهكانن به‌جۆرێكی جیاواز له پێناسه پزیشكیه‌كه وشه‌ی جێنده‌ریان داڕشتووه و پێیان وایه جێنده‌ر به‌گشتی دۆخێكی سه‌پێندراوی كۆمه‌ڵایه‌تییه، ژن بوون و پیاو بوون شتێكی سروشتی نین ئه‌وه كۆمه‌ڵگا، په‌روه‌رده، خێزان و ئاینن ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌یان سه‌پاندووه. پێشه‌نگی ئه‌م بۆچونه‌ش فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی (سیمۆن دێ بوڤوار)ه. مرۆڤایه‌تی نێرینه‌یه، پیاو ژنی وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی سه‌ربه‌خۆ پێناسه نه‌كردووه بگره به‌خۆیی به‌راورد ده‌كات.٣ پیاو كاراكته‌ره سه‌ره‌كیه‌كه‌یه، ئه‌و مرۆڤه، ژن ڕه‌گه‌زی دووه‌مه (ئهوهیتره).٤ مرۆڤ وه‌كو ژن نایه‌ته دنیاوه به‌ڵكو ده‌كرێته ژن.٥
دێ بوڤوار پێی وایه په‌روه‌رده‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگا ژنبوونی سه‌پاندووه و ئه‌و ڕۆڵه‌ی داوه‌تێ كه ئێستا هه‌یه‌تی و ڕۆڵه‌كه به ڕۆڵێكی چه‌پاو ناوده‌بات. “كاراكته‌ری پاسیڤی ژن له كۆمه‌ڵگادا شتێكی بایلۆجی نییه به‌ڵكو ده‌ستكردی كۆمه‌ڵگایه و له منداڵیه‌وه له‌سه‌ری په‌روه‌رده كراوه.”٦ زۆرێك له فیمینسته‌كان و به‌ناو به‌رگریكارانی مافه‌كانی ژنیش پشت به‌م تیۆریه ده‌به‌ستن و ده‌یكه‌نه بناغه‌ی بیركردنه‌وه و كاركردنیان به‌چاوپۆشین له‌وه‌ی چه‌ندێكیان ئه‌م كتێبه‌یان خوێنده‌وه‌ته‌وه یاخود نا! ژن بوون و پیاو بوون داهێنانێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كۆمه‌ڵگا ڕۆڵ و ئه‌ركی ژن و پیاو دیاری ده‌كات و هه‌ریه‌كه له خێزان، هاوسه‌رگیری و یاسا ڕۆڵیان هه‌یه له دروستكردنی جێنده‌ردا.٧
فه‌یله‌سوفه‌كان پێیان وایه كه بوونی دوو ڕه‌گه‌زی بایلۆجی شتێكه و ڕه‌گه‌زی كۆمه‌ڵایه‌تیش شتێكیتره. لایه‌نگرانی ئه‌م تیۆریه ده‌ڵێن ده‌بێت سه‌رله‌نوێ ڕه‌گه‌ز له‌ژێر ڕۆشنایی ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی ده‌رونیدا پێناسهبكرێتهوه. جێنده‌ر به‌م مانایه واته دروستكردنی گومان و پرسیاركردن له ڕه‌گه‌زی ژن و پیاو و وروژاندنی پرسیاری وه‌ك: تۆ دڵنیایت مێینه‌یت؟ دڵنیایت نێرینهیت؟ به‌چیدا ده‌زانیت كه ژنیت، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵت ده‌بێت، هێلكه‌دان و مه‌مكت هه‌یه؟ چۆن ده‌زانیت كه پیاویت، ئایا ته‌نیا بوونی ئه‌ندامی نێرینه و تۆ‌و سه‌لمێنه‌ری ئه‌مه‌یه؟ ئه‌مانه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ڕه‌گه‌ز له‌گه‌ڵ له‌دایك بووندا به‌سه‌ر هیچ منداڵێكدا نه‌سه‌پێنین و لێیان گه‌ڕێین خۆیان دواتر ڕه‌گه‌زی خۆیان دیاری بكه‌ن.٨
ده‌شێت كه‌سێك خۆی نه به كوڕ نه به‌كچ پێناسه بكات و بڵێت بێلایه‌نم. كهسێكیتر به جه‌سته كچه به‌ڵام بڵێ من پیاوم و پیاوێك بڵێ ژنم. ده‌شێت كه‌سێك ئێواره پیاو بێت به‌س به‌یانی ژن بێت یان به‌رده‌وام هه‌ردوكیان بێت. ده‌شێت منداڵێك دوو دایكی هه‌بێت یاخود دوو باوك. هه‌روه‌ها ڕۆڵی ژن و پیاو له كۆمه‌ڵگادا و جۆری جل له‌به‌ركردن، كاركردنیشیان هه‌ر ده‌چێته ئه‌م چوارچێوه‌یه‌وه.٩
پوخته
لایه‌نگرانی ئه‌م تیۆریه جێنده‌ری بایلۆجی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و پێیان وایه ده‌بێت مرۆڤ خۆی ئازادبێت له هه‌ڵبژاردنی یاخود هه‌ڵنه‌بژاردنی ڕه‌گه‌زدا. زیاتر له دوو ڕه‌گه‌ز له‌م تیۆریه‌دا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه و به‌ته‌نیا نێر و مێ بونیان نییه. به‌ته‌ك نێرینه و مێینه‌وه جوت ڕه‌گه‌ز و بێڕهگهزیش هه‌ن.
جێگهكردنهوه و باسكردن و به پراكتیك كردنی ئه‌م تیۆرییه له كوردستاندا
جێنده‌ر له‌خۆیدا له‌وه فراوانتره كه ته‌نیا گومان بخاته سه‌ر ڕه‌گه‌زه بایلۆجیهكهی مرۆڤ و پرسیار دروست بكات. جێنده‌ر به‌مجۆره‌ی كه له‌هه‌موو دنیادا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و به سیاسی كراوه، نه‌ك هه‌ر نابێته‌هۆی نزیك كردنه‌وه‌ی ژن و پیاو له‌یه‌كتر، نه‌وه‌ك ژنكوشتن و توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژن و منداڵ كه‌م ناكاته‌وه بگره زۆر تۆختری ده‌كاته‌وه! ئه‌وه‌ی كه براوه‌ته كوردستان و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت ته‌نیا ئه‌م جۆره‌یه‌تی كه ده‌یه‌وێت كاربكات بۆ سه‌لماندنی ڕه‌گه‌زی سێیه‌م یاخود گومان خستنه سه‌ر هه‌ردوو ڕهگهزهكهیتر، ئه‌مه‌ش نه پشتیوانی زانستی هه‌یه نه ئاینی و یاسایی. به‌بێ بوونی پشتیوانی یاسایی بڵاوبونه‌وه‌ی بابه‌تێكی وه‌ها و هه‌ر بابهتێكیتر قوربانی نوێ و توندوتیژی زیاتری لێده‌كه‌وێته‌وه.
نه‌بوونی پشتیوانی ئاینی و یاسایی بۆ ئه‌م تیۆریه له كوردستاندا واته تیۆریه‌كه هه‌رچه‌ند كاری بۆ بكرێت، هه‌رچه‌ن پاره‌ی بۆ وه‌ربگیرێت له‌كۆتاییدا نابێته پڕۆژه یاسا، كه نه‌شبووه پڕۆژه یاسا كه‌واته نابێته یاسا. به‌ڵێ ده‌كرێت پرسیار و گومان له‌لای كوڕان وكچان دروست بكات به‌تایبه‌ت نه‌وجه‌وان و منداڵان. به‌ڵێ ده‌كرێت خه‌ڵك بخاته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی بیركردنه‌وه له جووت ڕه‌گه‌زی یاخود بێڕهگهزی ئه‌مه‌ش مافی هه‌ر كه‌سێكه، به‌ڵام ئه‌م خستنه سه‌ر ڕێگه‌یه به‌بێ بوونی پشتیوانییه‌كی یاسایی له‌كۆتاییدا جگه له به‌رزبونه‌وه‌ی زیاتری توندوتیژی و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی یاسایی، ته‌ندورستی و كۆمه‌ڵایه‌تی هیچیتر لێ سه‌وز نابێت. مرۆڤ به‌م ڕه‌گه‌زه‌ی ئێستایه‌وه كه هه‌یه‌تی چ ژن چ پیاو گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی گه‌وره و پرسیاری وه‌ڵام نه‌دراوه‌یه چ جای بگات به‌وه‌ی كه چیتر ژن بوون یاخود پیاو بوونی خۆیی قبوڵ نه‌بێت، ببێته بێلایه‌ن یاخود ببێته هه‌ردوكیان له كوێش له هه‌رێمی كوردستاندا! ئه‌م دۆخانه یاسای تایبه‌تیان ده‌وێت ڕێكیان بخات، یاسایه‌كی له‌وجۆره‌ش له عێراقدا ڕێگه پێدارو نییه چونكه دژایه‌تی دینی ئیسلام ده‌كات. كاركردن بۆ چه‌سپاندنی تیۆریه‌كی له‌مجۆره كه پشتیوانی یاسایی، ئاینی، زانستی، كۆمه‌ڵایه‌تی و مۆراڵی نییه نه‌وه‌ك ناچێته خانه‌ی هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و به‌رگریكردن له مافه‌كانیانه‌وه بگره ده‌بێته هۆی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی توندوتیژی و كێشه‌ی یاسایی، بایلۆجی، ده‌رونیشی لێده‌كه‌وێته‌وه.
له‌بری ئه‌وه‌ی گومان له كچ بوونی كچه‌كان بكه‌ین و پرسیار له كوڕ بوونی كوڕه‌كان بكه‌ین با لێیان گه‌ڕێین كچه‌كان كچ بن به كچیه‌تی خۆیانه‌وه و كوڕه‌كانیش كوڕ بن به كوڕیه‌تی خۆیانه‌وه. ڕاسته ئه‌م تیۆریه له هه‌ندێك وڵاتانی دنیادا یاسای بۆ ده‌ركراوه و ئازادی دراوه به گۆڕینی ڕه‌گه‌ز و پێناسه‌ی ڕه‌گه‌زی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ته‌ك بایلۆجیهكهوه ماده‌ی تایبه‌تی بۆده‌ركراوه به‌ڵام مانای ئه‌وه نییه كه پشتیوانی ته‌واوی كۆمه‌ڵگاشی به‌ده‌ست هێناوه. وێڕای ئه‌وه‌ش له‌و وڵاتانه‌دا ئاین سه‌رچاوه‌ی یاسادانان نییه و به یاسایی كردنی وه‌ها بابه‌تێك پشتیوانی ده‌ستوری هه‌یه به‌ڵام ئه‌مه بۆ كوردستان وه‌ها نییه.
جێنده‌ر به‌ته‌نیا ئه‌مه نییه، گه‌لێك به‌ش و سهرچاوهیتریشه كه له‌ناو دینی ئیسلام و یاساكانی عێراقیشدا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه و پشتیوانی كۆمه‌ڵایه‌تی و مۆراڵی باوی كۆمه‌ڵگاشیان هه‌یه. مافی یه‌كسان بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز، كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاكاری ڕه‌گه‌زی و توندوتیژی و ڕه‌خساندنی كورسی خوێندن و كار به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له‌نێوان ژن و پیاودا وه هه‌روه‌ها شه‌ڕی چه‌سپاندنی مافه‌كانی ژن و منداڵ و به‌هێزكردنی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ژن شه‌ڕه گه‌وره‌كه‌یه نه‌وه‌ك زیادكردنی ڕهگهزیتر و زه‌قكردنه‌وه‌ی جیاوازیه‌كان به‌ناوی له‌ناوبردنی جیاوازیهكانهوه!
https://knwe.org/web/viewer.html?file=https://images.knwe.org/root/root/images/Kurdstani_Nwe_14feb2023.pdf................
Comments
Post a Comment