دراوسێکەی مەنهاتن لە نیویۆرک
باخچەی گرینەیکر
دراوسێکەی مەنهاتن لە نیویۆرک
تانیا کورد میرزا
ماستەر لە یاسا
باخچەی تایبەتی گینەیکر، کە موڵکی تایبەتە و بۆ هەموان بێبەرامبەر کراوەیە، یەکێکە لە باخچە خنجیلە و شیرینەکانی ناوچەی تورتڵ بەی، لەنێوان ئاڤەنوی دوو و سێدا.
ئەم باخچە شیرینە فاوندەیشنی گرینەیکر خاوەنداری دەکات، ئەویش بەدیاری لەساڵی ١٩٧١ دا، لایەن خێرخواز و چاکەکارPhilanthropist ئەبی ڕۆکەفێڵەر ماوزە ەوە بوەتە خاوەنی.
ئەبی ڕۆکەفێلەر چاکەکار و خێرخواز بوە، ئەوکەسانەی کە دەیانەوێت موڵکی تایبەتی خۆیان بخەنە بەرژەوەندی گشتیەوە، موڵکی تایبەت لەپێناو حەوانەوە و چاکەی خەڵکیدا بەکاربهێنن.
پارکەکە ٥٩١ مەتر دوجایە، شەلالێکی بەبەرزی ٧.٦ مەتر تێدایە، لەگەڵ چەند کورسی و مێزێک بۆ دانیشتن و حەوانەوەی خەڵک، کۆشکێکی بچکۆلانەی سنەک و قاوە و چاش، بەر لەوە ئەم شوێنە لە گەراجێک، دوکانێک و بەشێکی سینەگۆجێک (پەرستگەی جوەکان)پێکهاتوە.
ساڵی ١٩٨٠ کاتێک پلانی دروستکردنی باڵاخەنەیەک دانرا، کە دەبوە هۆی ڕێگریکردنی هاتنی هەتاو و، تاریککردنی باخچەکە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورەی دژ کرا
لەسەر ئەم باخچە شیرینەی نیویۆرک، کە دوای تێپەڕینی نیوەڕۆژێکی ماندو و هیلاکی گەڕان و پیاسەکردن بە شەقام و کۆڵانەکانی مەنهاتن تێیدا دەحەوێتەوە، فلم دروستکراوە و کتێبێکیشی لەساڵی ١٩٨٠ دا سەر نوسراوە بەناوی The Social Life of Small Urban Spaces.
بەهۆی پلانی دروستکردنی باڵاخانە لەچواردەوری ئەم باخچەیە، لە ساڵی ٢٠١٧ دا چەندان خۆپیشاندان و کەمپەین رێکخران، هەتا باخچەکە تاریک نەبێت و، تیشکی هەتاوی بگاتێ، لەژێر ناونیشانی Fight for Light فاوندەیشنی گرینەیکر کەمپەینێکی گەورەی ڕاگەیاند, دژ بەدروستکردنی ئەم باڵاخانانە، سەرەتا کەمپەینەکە ئاکامی نەبوو، بەڵام سوری و بەردەوامیان وایکرد، دواجار لە ئۆگستی ٢٠١٧ دا بڕیار لەسەر گۆڕینی پلانی دروستکردنی ئەو باڵاخانانە دەرکرا، بەجۆرێکبن ڕێگری لە هەتا و، ڕوناکی نەکەن بۆ پارکەکە!
باخچەی گرینەیکر لە ساڵی ٢٠١٨ دا، وەک شوێنێکی مێژوری لە لیستی شوێنە مێژوییەکاندا جێگەیکراوەتەوە.
دانیشتنێکی کورت لەم باخچەیەدا، لە هاوینێکی گەرمی نیویۆرکدا بەدەم خواردنی ئایسێکەوە، فێنکی و هیوایەک دەداتە دڵ.
هیوا بەوەی مرۆڤی چاکەخواز هەن، بەرژەوەندی گشتی دەخەنە پێش گیرفانیان و ماڵ و موڵکی خۆیان دەخەنە خزمەتی گشتەوە، هیوا بەوەی خەڵک هەن، دەجەنگن دژ بە پیلانەکانی حکومەت کە دەبنە هۆی هاتنە ناوەوەی هەتاو بۆ پارک و ماڵەکان و، خەڵک هەن بوار نادەن قوڵی گیرفانیان بەر بە هاتنی هەتاو بۆناو باخچەکان بگرێت.
بەلێ وڵاتی نیویۆرک، وڵاتی باڵاخانە هەوربڕەکانە، هاوکات وڵاتی پارکە شیرین و سەوزەکانە، کە جگە لە بەخشینی سەوزایی و هەوای پاک، جێگەی حەوانەوەی خەڵکن، ئەوانەی بۆ پشویەکی کورت دادەنیشن، یان کەمێک دەخوێننەوە و لەگەڵ هاوەڵاندا گفتوگۆ دەکەن، یان پشوە کورتەکەی ماوەی کار لێرە بەسەردەبەن.
وێنەکان بەدەستی خۆم گیراون لەناو ئەم باخچە شیرین و جوانەدا.
Comments
Post a Comment