ساڵی ئەسپی ئاگرین
ساڵی ئەسپی ئاگرین
تانیا کورد میرزا، LL.M.
ئەمڕۆ ١٧ مانگی فێبریوەری ساڵی ٢٠٢٦، دەکاتە یەکەم ڕۆژی ساڵێکی نوێ لە چین، ئەمساڵ ساڵی ئەسپە، ساڵی ئەسپی ئاگرین.
ساڵی مارمان بەڕێکرد، مار بە فیشکە فیشک و بە پێست و بەرگی نوێوە ماڵئاوایی کرد و، جێگەکەی خۆی دایە ئەسپ.
ئەسپی ئاگرین هێمای تیژڕەوی، گەرمی و، گڕوتین.
ئەمساڵ ساڵی تیژڕەویە، ئەو پلانانەی کە، پار دەستیان نەدراوەتێ ئەمساڵ دەبێت دەستیان بدرێتێ، بەتەنیا ئەوەش نا، دەبێت تەواوبکرێن و لە بەرەکەیان بخورێت.
ئەمساڵ ساڵی ئەسپی ئاگرینە، ساڵی گەرمی و ساڵی ڕوناکی.
گەرمی ئەسپەکە بۆ دەرەوەمان، بۆ توانەوەی بەستەڵەک و شەختەی پار و ساڵەکانیتریش، گەرمی ئەسپەکە بۆ گەرمکردنەوەی ناوەوەمان، بۆ روناککردنەوەی ئەو شوێنانەی کە درکمان پێیان نەکردووە و، دەشێت شوێنێکبن کە گەرمی و ڕوناکیمان بدەنێ.
ساڵی ئەسپی گڕدار، گڕەکەی بۆ ڕاونانی ئەو ڕۆحە ناشیرینانەی، کە بە بیانوی مانەوەی خۆیانەوە بەدیواری دڵمانەوە نوساون و، ڕێگرن لەبەردەم گەیشتنی گەرمی و ڕوناکی بە دڵمان.
ئەمساڵ ساڵی گڕوتینە، ساڵی حەماس و ورەیە، حەماسی ئەسپێکی پتەوی ساق، حەماسی ئەسپێکی ورەبەرز.
ئەسپە گڕدارەکە بە ورەیە، ورەکەی خاڵیە لەترس و سەررێژە لە بوێری و نەترسی، ورەکەی تۆکمەیە، تۆکمەییەک کە، بەرگەی باری گرانی ڕۆژگار دەگرێت، بەرگەی نالەباری دۆخ و کەشوهەوای دەوروبەر دەگرێت.
بەرگەگرتنەکەی بۆ پسان و دۆشدامان نییە لەژێر ئەو بارەدا، نەخێر بەرگەگرتنەکەی بۆ گوڕخواردنەوە و، قۆستنەوەی هەلێکە بۆ غاردان و، بەرەوپەش چوون، بۆ خۆقوتارکردن لەو لیتەیەی تێیدایە بەرەوە لوتکە.
ساڵی ئەسپی گڕدار، ساڵی هیوایە، هیوا بەگەیشتن بە ڕوناکی، گەیشتن بە گەرمی و، ساڵ ساڵی ئازادیە، ئازادی ڕۆشتن، ئازادی بەجێهێشتنی ئەو شوێنانەی کە شێوەی شوێن دەدەن، بەڵام لەخۆیاندا ناشوێنن!
ئەمساڵ ساڵی هێز و توانایە، هێز و توانای ئەسپێکی جوان، ئەسپێکی ساق، ئەسپێکی گڕدار.
ئەسپی گڕدار ناکەوێتە نێوان سەرکەوتن و سەرنەکەوتنەوە، خۆ ئەگەر سەرنەکەوێت ئەگەربێت و، واتەی دۆڕان بدات، ئەوە ئەسپ دۆڕاوێکی زۆر خراپ دەبێت!
کەواتە بۆ ئەمساڵ؛ سەرکەوتن و بەس، بەبێ سەرنەکەوتن.
تیژڕەوی و بەس، بەبێ پێچخواردن و بادانەوە.
گەرمی و ڕوناکی، ڕوناکی و گەرمی و هیچیتر نا.
هێز، کارکردن و گەیشتن بە لوتکە، لوتکە و بەس.

Comments
Post a Comment