ئالتون

ئالتون


تانیا كورد میرزا

ماسته‌ر له‌ یاسا


یاپانیه‌كان ته‌كنیكێكی تایبه‌ت و دیاریكراویان هه‌یه‌، بۆ لكاندنه‌وه‌ی پارچه‌ شكاو و پارچه‌ ووردبوه‌كانی كه‌لوپه‌له‌ ئه‌نتیكه‌كان به‌كاریده‌هێنن، ئه‌ویش كۆكردنه‌وه‌ و، سه‌رله‌نوێ فۆڕمكردنه‌وه‌ی ئه‌و پارچه‌یه‌یه‌ به‌ ئالتون. 


ئه‌و پارچه‌ شكاوه‌ی كه‌ سه‌رله‌نوێ به‌ ده‌ست و په‌نجه‌ و به‌ سه‌لیقه‌ی یاپانیه‌كان دروستده‌كرێته‌وه‌، ئه‌و پارچه‌ شكاوانه‌ی كه‌ به‌ ئالتون ده‌درێنه‌وه‌ ده‌میه‌ك و دواتریش بۆیه‌ ده‌كرێن، شتێكی ته‌واو نوێ و جیاوازی لێده‌رده‌چێت وه‌ك له‌وه‌ی كه‌ هه‌بووه‌. 

پارچه‌ نوێكه‌ له‌وه‌ی پێشوو بریسكه‌دارتر، جوانتر و تووندوتۆڵتریشه‌. 

ئه‌م پارچه‌ نوێیه‌ به‌و فۆرمه‌ نوێیه‌وه‌، به‌و ئالتونه‌ زه‌رده‌ی نێوان پارچه‌كانیه‌وه‌، به‌ ڕه‌نگه‌ گه‌ش و گه‌رمه‌كانیه‌وه‌ بۆ هه‌موكه‌س نامۆ و نائاشنایه‌، چونكه‌ ئیتر ئه‌وه‌ی به‌ر له‌ شكانه‌كه‌ نییه‌، گه‌رچی هه‌مان پارچه‌ی خۆشی له‌ دروستكردنه‌وه‌یدا به‌كارهاتوون.

 ئه‌و پارچه‌ شكاوانه‌ی كه‌ فڕێنه‌دران و له‌ دروستكردنه‌وه‌ی خۆیدا به‌كارهاتنه‌وه‌، هۆكارێكی هه‌بوو، ئه‌ویش به‌نرخی پارچه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ بوو. 


ئێستا ئه‌وه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌ شتێكی نوێیه‌، زه‌حمه‌تتر ده‌شكێت، گه‌ر ته‌پوتۆزیشی له‌سه‌ر بنیشێت له‌ باق و بریقه‌كه‌ی ناكه‌وێت، خۆ ئه‌گه‌ریش بكه‌وێت تازه‌ ناشكێت، ده‌نگ ده‌داته‌وه‌، ده‌ڕوشێت، ڕه‌نگه‌ش ڕه‌نگه‌ گه‌رمه‌كانی ماوه‌یه‌ك ساردببنه‌وه‌ به‌س ته‌نیا ماوه‌یه‌كی كورت. 

ئه‌و پارچه‌ بریقه‌داره‌ی كه‌ سه‌رجه‌م پارچه‌كانی به‌ ئاوی ئالتون به‌یه‌كه‌وه‌ لكێدراون، كه‌ له‌هه‌ندێك جێدا به‌ پلاتین و زڕگۆن پارچه‌كانی دراونه‌ته‌ ده‌میه‌ك و به‌ستراون، ئه‌و پارچه‌یه‌ی كه‌ ورشه‌ی دێت له‌سه‌ر مێزه‌كه‌، تۆیت. تۆ كه‌ به‌ربه‌سته‌كانت نه‌كرده‌ بیانوی پاڵدانه‌وه‌ و دواكه‌وتن و كردنته‌ به‌هانه‌ی به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتن. ئه‌و پارچه‌یه‌ تۆیت، له‌ جاران جوانتریت، له‌جاران زیاتر ده‌بریسكێیته‌وه‌، له‌جاران زیاتر گه‌رمی و ڕوناكی ده‌به‌خشیت، ئیتر ناشكێیت، به‌ڵام ئه‌م تۆیه‌ تۆكه‌ی جاران نیت، شتێكی ته‌واو نوێیت، تۆ وورد بویت، دواتر وه‌ستایه‌كی یاپانی به‌ سه‌لیقه‌، كۆیكردیته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی ئێستای لێدروستكردیت كه‌ هه‌یه‌. 




هیوادارم تۆش چیتر بیری خۆت نه‌كه‌یت، وه‌ك چۆن من بیری جارانی خۆم ناكه‌م، ده‌زانی بۆ؟

چونكه‌ بیرم نایه‌ت جاران چۆن بوم، چونكه‌ ئێستا سه‌رقاڵم به‌ ڕه‌نگه‌ گه‌رم و به‌ به‌ده‌نه‌ تۆكمه‌كه‌ی خۆمه‌وه‌ تۆش ده‌توانیت وابكه‌یت. 

پۆرسه‌لینه‌ نوێكه‌ جوانتره‌ له‌ فۆڕمه‌ كۆنه‌كه‌ی كه‌ نه‌شكابوو، تۆش شكانه‌كانت بكه‌ره‌ هۆكاری جوانتربوون نه‌وه‌ك به‌هانه‌ی دواكه‌وتن و پاڵدانه‌وه‌.


Comments

Popular posts from this blog

نوسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ ژنێكی شاعیره‌

هه‌موو باوه‌ش پێداكردنێك خۆشه‌ویستی نییه‌