ئەفغانستانێکی بێ ئەفغانی

ئەفغانستانێکی بێ ئەفغانی

ئاڵه‌نگاریه‌كانی به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان 

تانیا كورد میرزا LL.M.

دەستبەسەرداگرتنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن تاڵیابن به‌بێ شه‌ڕ و كوشتارێكی زۆر و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌و پرسیاره‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ كه‌ ئاخۆ تاڵیبان ده‌توانێت هێندەی ئەو دەستبەسەرداگرتنە ئاسانە بە ئاسانی وڵاته‌كه‌ش‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت؟ له‌ پاش كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی په‌نجشیر، تاڵیبان ده‌بێته‌ تاكه‌ هێزه‌ له‌ ئه‌فغانستاندا له‌ پاش ساڵی ١٩٧٨ ه‌وه‌ كه‌ ته‌واوی وڵات بخاته‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆیه‌وه‌. داخۆ كۆنترۆڵكردنوه‌ی ئه‌فغانستان له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا و له‌زۆر شوێنیشدا به‌بێ كوشتار و زیانی گیانی و مادی گه‌وره ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ تاڵیبان به‌ ئاسانی ده‌توانێت به‌رده‌وامی بدات به‌ حوكم كردن و ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی خۆی درێژ بكاته‌وه‌؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئەم پرسیاره‌ ده‌بێت هۆكاره‌كانی ئاسان كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه‌ بخرێنه‌ ڕوو، دواتر ڕونبكرێته‌وه‌ داخۆ هه‌مان هۆكار ده‌كرێت ببنه‌ هۆی درێژكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان یاخود نا! 


هه‌ریه‌ك له‌ هۆكاره‌ ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كان بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌فغانستان به‌ئاسانی و به‌ده‌ر له‌ پێشبینی وڵاتانی زلهێزه‌وه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست تاڵیبان. هۆكاره‌ ناوخۆییه‌كان خۆیان له‌ گه‌نده‌ڵی حكومه‌ته‌كه‌ی غه‌نی له‌سه‌رجه‌م بوارەکانی دەسەڵاتداریدا بینیه‌وه‌، له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه‌ ژماره‌ی هه‌ڵه‌ له‌ناو هێزه‌كانی سوپادا، نه‌بوونی ئاسایش و كار. ئه‌م هۆكارانه‌ بۆشایی نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره‌تر كرد، بۆشاییه‌ك کە‌ جێگه‌ی تاڵیبانی تێدا بێته‌وه‌! هۆكاری ده‌ره‌كیش له‌لایه‌ك خۆو له‌ بێهیوایی ئه‌مریكادا بینیه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌تی ئه‌فغانستان، له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ سه‌رقاڵی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌و دۆسیانەی كه‌ له‌نێوان ئه‌مریكا، چین و ڕوسیادا هه‌یه‌.  

ئه‌م هۆكارانه‌ یاریده‌ده‌ری تاڵیبان بوون كه‌ سه‌رانسه‌ری وڵات به‌ده‌ر له‌ په‌نجشیر بخاته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌. هه‌رچی ویلایه‌تی په‌نجشیریشه‌ گه‌رچی دره‌نگتر له‌چاو شوێنه‌كانیتر ده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا نه‌كه‌وتنی ئه‌گه‌رێكی لاوازه‌! هه‌نگاوی دواتری تاڵیبان بریتیه‌ له‌ خۆ كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كاری بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات له‌چواچێوه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا. بۆئه‌مه‌ش هه‌نگاوی سه‌ره‌تاییان ناوه‌، چ له‌ ئاستی ناوخۆ و چ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا. چه‌ند ڕۆژێكه‌ دیبه‌یتی چۆنیه‌تی به‌ستنی په‌یوه‌ندی دبلۆماسی له‌گه‌ڵ تاڵیباندا له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌كیه‌تی ئه‌وروپادا هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌. گه‌رچی ده‌نگی دژ به‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ لێره‌ و له‌وێ ده‌بیسترێت به‌ڵام به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ په‌یووه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی نێوان وڵاتان مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت كه‌ ئه‌مه‌شیان ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی كاته‌ و وڵاتانی دنیا ناچاری مامه‌ڵه‌كردنن له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستاندا. چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنه‌كه‌ وه‌ مه‌رجه‌كانی وڵاتان، به‌تایبه‌ت وڵاتانی ئه‌وروپا چین و چه‌نده‌ مه‌رجی گونجاون بۆ جێبه‌جێكردن باسێكیتره‌. هه‌رچی ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ باسكران نابنه‌ یارمه‌تیده‌ری تاڵیبان بۆ ئاسان به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی. بگره‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ هۆكاری كه‌وتنی تاڵیبانیش بن، وه‌ك چۆن هۆكاری كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی غه‌نی بوون. 

كامانه‌ن دیارترین ڕێگریه‌كانی به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان؟ دیارترین ئاڵه‌نگاریه‌كان چین؟

یه‌كه‌م: ڕاهاتنی خه‌ڵكی له‌سه‌ر جۆرێك له‌ ئازادی، كرانه‌وه‌ به‌ڕوی دنیادا و كاركردن و چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ژنان (گه‌رچی سنورداریش بوبێت) ده‌بێته‌ یه‌كه‌م ئاڵه‌نگاری له‌به‌رده‌م تاڵیباندا، كه‌ ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی هێزی سه‌ركوتكه‌ره‌وه‌ ده‌توانێت به‌وجۆره‌ی لێبكاته‌وه‌ كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت.

دووه‌م: كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی كه‌سانی پسپۆڕ له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا هه‌تا ئاستی نه‌مانیان له‌ناو ئه‌فغانستاندا

له‌پاش هاتنه‌وه‌ی تاڵیبان ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌سانی زمانزان و بڕوانامه‌دار و شاره‌زا له‌ كاركردنی ڕێكخراوه‌یی و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بیانیه‌كاندا چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌وه‌شی كه‌ ماوه‌ چاوه‌ڕێی هه‌لێكه‌ بۆ هه‌ڵاتن. له‌لایه‌كیتره‌وه‌ كه‌موكورتیه‌كی گه‌وره‌ له‌بواری پسپۆڕانی ته‌كنۆلۆژیادا وه‌ك ئاڵه‌نگاریه‌كی ئاڵۆز دێته‌ به‌رده‌م تاڵیبان. هه‌رچی دنیای ئه‌مڕۆیه‌ چیتر به‌ میتۆد و كه‌ره‌سته‌كانی به‌ر له‌ سیساڵ ناچێت به‌ڕێوه‌. 

سێیه‌م: چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ بیانیه‌كان ڕاسته‌وخۆ نائارامی به‌رپا ده‌كات و متمانه‌ی بازاڕ و كار له‌ق ده‌كات. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر سێكته‌ری ئابوری وڵات ده‌بێت، به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ زیادبوونی به‌رده‌وام و خێرای ژماره‌ی دانیشتوان و زۆربوونی ژماره‌ی گه‌نجدا پێچه‌وانه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و ته‌قینه‌وه‌ی ئابوری دروست ده‌كات. نه‌مانی پاره‌ له‌ وڵاتدا ده‌بێته‌ هۆی مایه‌پوچی كۆمپانیا و خاوه‌نكاره‌كان، به‌مه‌ش دیارده‌كانی فرۆشتن و بارزگانیكردن به‌ جه‌سته‌وه‌، منداڵ فرۆشتن و سێكسك كردن له‌ به‌رامبه‌ر پاره‌دا زیاد ده‌بن. هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ش كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشی جه‌سته‌یی، ده‌رونی و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن كه‌ له‌داهاتوودا له‌ته‌ك نائارامی و به‌رزی ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واریدا وڵات به‌جۆرێك ماندوو ده‌كه‌ن كه‌وتنه‌وه‌ سه‌رپێی ئاسان نه‌بێت!

ئه‌مانه‌ له‌ دیارترین ئاڵه‌نگاریه‌كانی به‌رده‌م تاڵیبان ده‌بن كه‌ له‌هه‌موو ساتێكدا ده‌كرێت به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵاتیان بخه‌نه‌ به‌رده‌م مه‌ترسیه‌وه‌. دواجار ده‌بێت بگوترێت كه‌ بوونی هیچ كام له‌م هۆكارانه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌سه‌دا سه‌د ده‌بنه‌ هۆكاری له‌ده‌ستچوونی ده‌سه‌ڵات له‌بنده‌ستیان. چونكه‌ لێره‌دا هۆکارێکی گه‌وره‌ی شاراوه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بینێت له‌مانه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی تاڵیباندا ئه‌ویش ئاماده‌ی ئه‌فغانیه‌كانه‌ بۆ دانه‌وین بۆ شێوازی حوكمڕانی تاڵیبان یان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌فغانیه‌كان جا به‌هۆكاری ماندوبونیان و بێهیوابونیان له‌ هێزه‌ به‌ناو دیموكراتی و عه‌لمانیه‌كان نه‌بنه‌ سه‌رئێشه‌ بۆ تاڵیبان ئه‌وا سه‌ڕای ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش تاڵیبان ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت و دنیاش به‌ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵیدا ناچار بكات. كه‌وتنی په‌نجشیر‌یش ئه‌گه‌ری مانەوەی تاڵیبان ئەوەندە بەهێزده‌كات كه‌ ڕازی نەبوونی وڵاتانی جیهان بە ڕێککەوتنیان لەگەڵی ئەگەرێکی لاوازبێت.


Comments

Popular posts from this blog

نوسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ ژنێكی شاعیره‌

هه‌موو باوه‌ش پێداكردنێك خۆشه‌ویستی نییه‌