سنورداركردنی ئازادی به‌یاسا


سنورداركردنی ئازادی به‌ یاسا


تانیا كورد میرزا
ماسته‌ر له‌ یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، ڕاهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان

ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌ به‌ كۆمه‌ڵگا كراوه‌ و پێشكه‌وتووه‌كان ناوده‌برێن، به‌ یاسا ئازادی مرۆڤه‌كانیان پاراستووه‌. له‌ڕێگه‌ی یاساكانه‌وه‌ بۆ پێشێلكارانی ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ، سزا  بڕاوه‌ته‌وه‌ و مافی موماره‌سه‌كردنی ئه‌م ئازادیانه‌ش پارێزراوه‌. هه‌ر به‌ خودی یاسا له‌ وڵاتانی دواكه‌وتوودا، ئازادییه‌كان نه‌وه‌ك هه‌ر سنوردار ده‌كرێن، بگره‌ وه‌ك تاوانیش ده‌ناسرێن و سزایان بۆ ده‌بڕێته‌وه‌.
مشتومڕی گه‌رمی ئه‌م دواییه‌ی سنورداركردنی ئازادی له‌ ڕێگه‌ی یاساوه‌ له‌ ئه‌مریكادا، په‌یوه‌ندی به‌ ئازادی ژن و مافی ژنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئازادی ژن به‌سه‌ر جه‌سته‌ی خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌. مشتومڕه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ سنورداركردن یانیش ڕاستتر بڵێم قه‌ده‌غه‌كردنی مافی له‌باربردنی منداڵه‌.

دواین ویلایه‌ت له‌ ئه‌مریكا كه‌ ڕه‌نگه‌ ویلایه‌ته‌كانی دیكه‌ش چاوی لێبكه‌ن، پڕۆژه‌ یاسایه‌كی نوێی بۆ به‌ نزیكه‌یی قه‌ده‌‌غه‌كردنی منداڵ له‌باربردن ئاماده‌كردووه‌ كه‌، ئه‌نجومه‌نی پیرانی ویلایه‌ته‌كه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ 25 ده‌نگی به‌ڵێ و ته‌نیا 6 ده‌نگی دژ ده‌نگی له‌سه‌ر داوه‌. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ یاساكه‌ بوون و ئه‌رێیان بۆ كردووه‌ هه‌موویان پیاو بوون.
له‌ یاساكه‌دا هاتووه‌؛
_ ‌ته‌نیا له‌یه‌ك باردا ڕێگه‌ ده‌درێت به‌ ژنی دووگیان كه‌ منداڵه‌كه‌ی له‌بار به‌رێت ئه‌ویش ئه‌گه‌ر ژیانی دایكه‌كه‌ به‌هۆی دووگیانییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ مه‌ترسی جدیدا بوو .
_ ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ به‌هۆی ده‌ستدرێژی سێكسیه‌وه‌ دووگیانن ئه‌م ڕیزپه‌ڕییه‌‌ نایانگرێته‌وه‌ و نابێت كۆرپه‌كانیان له‌باربه‌رن.
_ هه‌ر پزیشكێك هه‌وڵ بدات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ منداڵك له‌بار به‌رێت به‌ 10 ساڵ زیندانی سزاده‌درێت و ئه‌گه‌ریش به‌ كرداری كۆرپه‌كه‌ی له‌باربرد ئه‌وه‌ 99 ساڵ زیندانی بۆ ده‌بڕێته‌وه‌.
هه‌ر به‌گوێره‌ی یاساكه‌ ئه‌و ژنه‌ی كه‌ هه‌وڵی له‌باربردنی كۆرپه‌كه‌ی ده‌دات یان له‌باری ده‌بات هیچ سزایه‌ك نایگرێته‌وه‌. گه‌رچی ئاماده‌كارانی ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ وای بۆده‌چن كه‌ یاساكه‌ له‌به‌رده‌م دادگادا ڕه‌ت بكرێته‌وه‌ به‌ڵام هیوایان به‌ دادگای باڵا هه‌یه‌.
ئه‌م هه‌وڵانه‌ بۆ چه‌سپاندنی سزا بۆ له‌باربردن له‌پشتیانه‌وه‌ گره‌وێكی سیاسی هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو كه‌ كۆمارییه‌كان كه‌مپه‌ینی بۆده‌كه‌ن و، به‌هانه‌كانی (ژیاندۆستی و پاراستنی مافه‌كانی منداڵ)ی بۆده‌كه‌نه‌ پاڵپشت و بۆ ئه‌مه‌ش جارێكیتر ژن ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ بابه‌تی ده‌نگ كۆكردنه‌وه و له‌بری ئه‌وان هه‌وڵی داڕشتنی كۆمه‌ڵێك بڕیار و یاسا‌دا ده‌ده‌ن.
 لایه‌نگرانی قه‌ده‌غه‌كردنی مافی منداڵ له‌باربردن پاساویان زۆر به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ش پاراستنی مافی منداڵه‌. كاتێك كه‌ باسی پاراستنی مافی منداڵ ده‌كرێت، یه‌كه‌م ڕێگری كه‌ دێته‌ به‌رده‌م نه‌یاره‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ناوی‌ (منداڵ) خۆیه‌تی! منداڵ كێیه‌، كه‌ی ئه‌م ته‌مه‌نه‌ ده‌ستپێده‌كات؟ قۆناغی به‌ر له‌ له‌دایكبونیش هه‌ر منداڵییه‌؟ ده‌بێت بگوترێت كه‌، دیاریكردنی ئه‌م ته‌مه‌نه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ دیاریكردنی ساتی ژیانی مرۆڤه‌وه‌. پشتیوانانی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی منداڵ له‌باربردن ساتی خوڵقاندنی كۆرپه‌له‌ له‌ سكی دایكیدا و ساتی لێدانی دڵی به‌ سه‌ره‌تای ئه‌م قۆناغه‌ ناوده‌به‌ن، له‌كاتێكدا كه‌ زانست و لۆجیك ساتی هاتنه‌ دنیا(له‌دایكبون) به‌ ساتی ژیان و سه‌ره‌تای قۆناغی منداڵی و گه‌شتی ژیانی داده‌نێن.

هه‌رچی بابه‌تی تایبه‌ت به‌ (مافی مرۆڤیشه‌) یاسا نابێت مافی گروپێك له‌ مرۆڤ كه‌ ژنه‌كانن له‌ ڕێگه‌ی پاراستنی گروپێكیتره‌وه‌ پێشێل بكات كه‌ كۆرپه‌له‌یه‌ له‌ سكی ژندا.
ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی كۆرپه‌له‌ له‌ شوێنێكدایه‌ كه‌ هه‌ناوی ژن و له‌شی ژنه‌، هه‌ر ڕێگریه‌ك له‌ له‌بار بردن یان نه‌بردنی ئه‌م كۆرپه‌له‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سنورداركردنی ئازادی، پێشێلكردنی مافه‌كانی و نه‌پاراستنی ژن و بڕیاری ژنه‌وه‌ هه‌یه‌.
 بڕگه‌ی (ئه‌و كۆرپانه‌شی كه‌ به‌هۆی ده‌ستدرێژی سێكسییه‌وه‌ خوڵقاون نابێت له‌بارببرێت)، یه‌كێكه‌ له‌ كه‌موكورتیه‌ یاسایی و مۆڕاڵیه‌كانی ئه‌م یاسایه‌. په‌یامێكی ترسناكی ئه‌م بڕگه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌؛ تۆی ژن له‌ هه‌ر كاتێكدا ڕووبه‌رووی ده‌سترێژی سێكسی بویته‌وه‌ و دووگیان بویت ناچاری به‌ هه‌ڵگرتنی كۆرپه‌ی ده‌ستدرێژیكاره‌كه‌ له‌ ماوه‌ی دووگیانیدا، وه‌ك چۆن له‌كاتی ده‌ستدرێژیه‌كه‌دا نه‌پارێزرایت و، بڕیارت نه‌بوو له‌ دووگیان كردنتدا، ئێستاش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می ده‌سترێژیه‌كه‌دا بكه‌یت، كه‌ سكه‌كه‌ته‌!
یه‌ك له‌ گرفته‌كانی تری ئه‌م یاسایه‌ و، یاسای له‌م جۆره‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌روكاری ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ ئازادی مرۆڤدا هه‌یه‌، ئازادی مرۆڤ به‌سه‌ر له‌شی خۆیه‌وه‌ و ئازادی بڕیاردان. هه‌ر خودی ئه‌م بڕگه‌یه‌ش هاودژی گه‌وره‌ دروست ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و ماده‌ و بڕگانه‌ی ده‌ستوری وڵاتدا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ هاتوون. قه‌ده‌غه‌كردنی منداڵ له‌باربردن به‌مشێوه‌ ڕادیكاڵانه‌یه‌ به‌، ته‌نیا كاریگه‌ری به‌سه‌ر ئه‌و ژنانه‌وه‌ نابێت كه‌ دووگیانن و، ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر بیانویه‌ك كۆرپه‌كانیان له‌باربه‌رن، بگره‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌شی له‌سه‌ر كچانی مێردنه‌كردوو ده‌بێت. یاساكه‌ په‌یام ده‌داته‌ ئه‌وانیش و، به‌جۆرێكی ناڕاسته‌وخۆ دووگیانبون له‌ ئاكامی ده‌ستدرێژی سێكسیدا به‌ (خه‌تا و هه‌ڵه‌)ی ژنه‌كه‌ داده‌نێت و ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌م یاسایه‌وه‌ سزای بدات، ئه‌ویش به‌ هێشتنه‌وه‌ی سكه‌كه‌ی! 
یاساكه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ و، به‌ریه‌كه‌وتنی دوو لایه‌نه‌‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر؛ لایه‌ك دایك، لاكه‌ی تر كۆرپه‌ی ناو سكی. ئه‌وبه‌ر كه‌سێكی گه‌وره‌ و ته‌واوه‌، به‌رپرسیاریه‌تی تری له‌سه‌ر شانه‌ و له‌ كۆمه‌ڵگادا ئه‌ركی هه‌یه‌، به‌رامبه‌ره‌كه‌ی كۆرپه‌یه‌كه‌ كه‌ هێشتا ڕوناكی نه‌دیووه‌!
به‌ره‌و ڕووكردنه‌وه‌ی دوو گروپه‌ به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك (دایك و كۆرپه‌)، ژن به‌رامبه‌ر به‌ له‌شی خۆی، ژن به‌رامبه‌ر به‌ ئازادی و بڕیاری خۆی كرۆكی یاساكه‌ن.
گه‌رچی ئه‌گه‌ر ده‌ربازبوونی ئه‌م یاسایه‌ به‌ فلته‌ری دادگا و دادگای باڵاشدا به‌م جۆره‌ توونده‌ كه‌مه‌ و، ئه‌زمونی لویزیاناش به‌ڵگه‌یه‌، به‌ڵام لێره‌دا پرسه‌كه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ پشت ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایانه‌وه‌ هه‌یه‌.
ده‌كرێت نه‌بڕینه‌وه‌ی سزا بۆ ئه‌و ژنه‌ی كه‌ كۆرپه‌كه‌ی له‌بارده‌بات وه‌ك خاڵی ئه‌رێنی باس بكرێت، به‌ڵام دیسان ئه‌مه‌ش تابلۆیه‌كیترمان پێشان ده‌دات كه‌ پڕه‌ له‌ پیاوی قسه‌كه‌ر له‌سه‌ر له‌شی ژن كه‌ ئه‌مجاره‌ سزایان نه‌داوه‌ به‌سه‌ر ژندا و داویانه‌ به‌ملی ئه‌و پزیشكه‌دا كه‌ به‌ كرده‌ هه‌ڵده‌ستێت. ماوه‌ته‌وه‌ بگوترێت كه‌ پێشنیاری قه‌ده‌غه‌كردنی منداڵ له‌باربردن له‌ ویلایه‌تێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكیتر جودایه‌ و هه‌ر به‌وجۆره‌ش ده‌بێته‌ یاسا. له‌هه‌ندێكیاندا هه‌تا ١٥ هه‌فته‌ به‌ یاسایی دیاری كراوه‌، له‌كاتێكدا له‌ هه‌ندێكیاندا ٦ هه‌فته‌ یاخود كه‌متر. له‌هه‌ندێك ویلایه‌تیتردا وه‌ك كالیفۆڕنیا و واشینگتۆن یاساكه‌ به‌وجۆره‌ لیبراڵه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌ (هه‌تا ئێستا). هۆكاریش ئه‌وه‌یه‌ له‌ له‌ ئه‌مریكدا یاسایه‌كی گشتگیر كه‌ به‌سه‌ر هه‌موو ویلایه‌ته‌كاندا بچه‌سپێ سه‌باره‌ت به‌ منداڵ له‌بار بردن یان نه‌بردنی بوونی نییه‌. 


Comments

Popular posts from this blog

نوسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ ژنێكی شاعیره‌

هه‌موو باوه‌ش پێداكردنێك خۆشه‌ویستی نییه‌