سەردەمی ئامشەکان
ژیان لە سەردەمێکدا کە سەردەمی ئێمە نیە
سەردەمی ئامشەکان
تانیا کورد میرزا
ماستەر لە یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و دەستور، ڕاهێنەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵان
بەکارهێنانی ئەسپوعەرەبانە بۆ هاتوچۆ، پۆشینی جلوبەرگی سادە و ئاودامەن بۆ کچان و ژنان، خاکەڕایی لە شێوازی ژیان، لە ڕێکخستنی ماڵ و ناوماڵدا، خواردنی ماڵەوە، نەبوونی ڕەیدیۆ و تێڵڤژن، بەکارنەهێنانی ئنترنێت، ڕوناککردنەوەی ماڵ بە چرا و مۆم لەبری کارەبا، بەکارنەهێنانی جلشۆر و قاپشۆر، لە دیارترین شێوازەکانی ژیانی ئامشەکانە لە ئەمریکا.
هەموو ئەمانەی کە باسکران، بەمجۆرە سادەییە ژیان لەم سەردەمەدا، بەتەنیا خاکەڕاییەکی ڕوکەش و سادە نییە، بگرە واتای قوڵی لەپشتەوەیە.
بۆ تێگەیشتن لە ئامشەکان، دەبێت لە مێژوەکەیانەوە دەستپێبکەین، ڕاونانیان، دەربەدەرکردنیان و ڕشتنی خوێنیان لە ئەوروپادا، خاڵە دیارەکانی مێژوەکەیانن.
ڕەگی ئامشەکان، لە بزوتنەوەیەکی ڕیفۆڕمخوازەوە هاتووە کە بۆ سەدەی ١٦ دەگەڕێتەوە لە وڵاتی سویسرا، لەژێر ناوی the Anabaptist Reformation movement ئەم بزوتنەوەیە، بە بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵی کەمینەیەک لە سویسرا ناسێنرابوو، خۆی لە ڕیفۆرمخوازە کریستەکانیتر بە چەند نیشانەیەکدا جیاکردبوەوە، لەوانە؛ تەعمیدکردن نابێت لە منداڵیدا بێت، بگرە دەبێت مرۆڤ توانای ئەوەی هەبێت ئارەزومەندانە داوای تەعمیدکردن بکات و ئەهلیەتی ئەوەی هەبێت، نەوەک وەک منداڵێکی بچوک تەعمید بکرێت.
ئەمە خاڵی جیاکەرەوەی ئامشەکان بوو، لەگەڵ بزوتنەوە کریستەکانیتردا، بۆ ئەمەش باجێکی زۆری گیانی و ماڵیاندا.
زیاتر لە هەزار مەعمەدانی (باپتست) لە سەدەی ١٦ و ١٧ دەدا لەقەنارەدران، خنکێنران و سوتێنران، چونکە تەعمیدی گەورەیان کردبوو لەبری منداڵ. توێژەرانی بواری ثیۆلۆجی و مێژوو، ژمارەی ئەو باپستانەی کە بە سزای مەرگ گەیەندراون بە زیاتر لە هەزار دەبینن، بەجۆرێک کە قوربانیەکان دووهێندە و زیاتریش بوون.
ئامشەکان، بۆ پاراستنی سەلامەتی گیان و ژیانیان، بۆ پاراستنی باوەڕ و ئاینەکەیان، جگە لە هەڵهاتن و پەنابردن بۆ وڵاتێکیتری دوور لە ئەوروپا، ڕێگەیەکیتریان شک نەبردووە.
لەپاش ئەو کوشتن، ڕاوەدونان و فشارەی، کە لەسەریان بوە، ئامشەکانی ئەوروپا (ئەڵمان و ئەڵمانەکانی سویسرا)، لە سەدەی هەژدەیەمدا، بڕیاری کۆچکردن دەدەن و، ڕودەکەنە ئەمریکا.
ئەمڕۆ ئامشەکان لە ئەمریکادا، لە زیاتر لە بیسوهەشت ستەیتدا نیشتەجێن، لەوانە؛ پێنسڵڤێنیا، ئۆهایۆ، ویسکۆنسن، ئندیانا.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی ئۆهایۆ، ئامش یەکێکە لەو ئاینانەی، بەراورد بەوانەیتر خێراتر زیاددەکات و، ئەندام و لایەنگری لە هەڵکاشاندایە.
دابەشبونی ئامشەکان بەسەر ستەیتەکانی ئەمریکادا بەمجۆرەیە؛
ئۆهایۆ شەست هەزار ئامش، شارۆچکەی هۆڵمس لەسەدا چل و دوی دانیشتوانەکەی ئامشن، پێنسڵڤێنیا پەنجاونۆ هەزار، ئندیانا چلوپێنج هەزار. ژمارەیان بەگوێرەی ئەم توێژینەوەیەی زانکۆی ئۆهایۆ لەماوەی بیستودوساڵی رابردودا دوهێندە زیادیکردوە. لە ساڵی ١٩٩٠ ەوە ژمارەی (autonomous settlements) لە ١٧٩ بوەتە ٤٥٦.
پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٥٠ دا ژمارەیان بگاتە ملیۆنێک کەس لە ئەمریکدا.
ئەمڕۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە (buggys) (ئەو ئەسپ و عەرەبانەیەی کە هاتوچۆی پێدەکەن)، لە کۆڵۆرادۆ، مۆنتانا و مزوریش دێنە بەرچاو.
بەرلەوە باس لە هۆکاری زیادبونیان و بەم خێراییە گەشەکردنیان بکەم، پێویستە بڵێم، کە؛ ئامشەکان بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دنیایی دەرەوەی خۆیاندا زمانی ئنگلیزی بەکاردەهێنن، بەڵام لەناو خۆی ماڵەکانیاندا، بە ئەڵمانیەکی تێکەڵ بە ئنگلیزیش قسەدەکەن (ئەڵمانیەک بە پڕۆنۆنسیەیشنەوە، ئەڵمانیەکی ئنگلیزی)، نازناوەکانیشیان، نازناوە باوەکانی ئەڵمانەکانن، وەک میلەر و مولەر.
هۆکاری خێرا زیادبونی ئامشەکان
بەدڵنیایەوە ڕێژەی بەرزی منداڵ خستنەوە لەناویاندا، کاریگەری لەسەر زیادبونی ژمارەیان هەیە، بەدەر لەمەش، ئامشەکان هەستکردن بە سەلامەتی و پاراستن دەبەخشە منداڵ و نەوەکانی خۆیان، ئەمەش گەرەنتی مانەوەیان و زیادبونی ژمارەیان دەکات.
لەکاتێکدا، سەردەم بوەتە سەردەمی زانیاری خێرا، سەردەمی مۆبڵ فۆن و ئامێرە زیرەکەکانە، ئەوان منداڵەکانی خۆیان لە بەکارهێنانیان دەپارێزن، هەرئەوەش نا، لە ئالودەبون بە دەرمان و مادەی هۆشبەر، لە جگەرە کێشان و خواردنەوە ئەلکهۆڵیەکانیشەوە دورن.
ئامشەکان بەگشتی، خاوەنی خێزانی گەورە و قەرەباڵەغن، بەجۆرێک زۆربەی خێزانەکان چوار، پێنج و هەتا حەوت منداڵیان هەیە.
بەگەیشتن بەتەمەنی پێگەیشتن و گەورەبون، بەگوێرەی توێژینەوەکەی زانکۆی ئۆهایۆ، لەسەدا هەشتاوپێنج لە کچ و کوڕی ئامش، مانەوە لەناو کۆمەڵەکەی خۆیاندا هەڵدەبژێرن و، چونە دەرەوە و، ڕوکردنە دنیایی سەردەم و بەکارهێنانی ئامێرەکان، ناکەنە جێگرەوەی ئەو ژیانەی کە هەیانە.
لەمەدا ئامشەکان زۆر سەرکەوتوبون، لە پەروەردەکردنی نەوەکانیاندا، بەجۆرێک کە منداڵەکانیان هەست بە سەلامەتی دەکەن، کاتێکیش کە گەورەدەبن ناچنە دەرەوەی کۆمەڵەکەی خۆیان و دەمێننەوە، چونکە لە سەرەتاوە باوانیان کەڵچرێکی داینەمکیان بۆ فەراهەم دەکەن، ئەمەش بەمانای دابڕینیان نایەت، بگرە مانای گەشەکردنە بە ئاڕاستەیەکیتردا.
کارکردن
ئامشەکان کاردەکەن، سەرقاڵن بە کوشتوکاڵ کاری دەستیەوە، لە کێڵگەکانی خۆیاندا بەشی خۆیان بەروبومیان هەیە، کە پێیوست ناکات لە بازاڕاکاندا پێداویستیەکانیان پڕبکەنەوە، بەرهەمی زیادەشیان هەیە، دەیفرۆشن و پارەکەی دێتە گیرفانیان. ئاژەڵدارن و ئەسپیان هەیە، بۆ جوتکردن، بۆ هاتوچۆ و هاتوچۆی منداڵەکانیاشیان بۆ قوتابخانە ئەسپەکان بەکاردەهێنن.
درومان، چنین، وەستای دیوار، بۆیاخکردنی ناوماڵ، چاککردنەوەی کەلوپەلی شکاو و چاککردنەوەی بەشەکانی ناوماڵ و دروستکردنی پێداویستیەکانی ژیانیان، لە ئەستۆی خۆیانە و پشت بەدەرەوە نابەستن.
لە هەرشوێنێکدا بارگە و بنە دادەکوتن، خەڵکی ئەو شوێنە بە بارگرانیان نازانن و وەک ناحەز سەیریان ناکەن، چونکە کاردەکەن، باجی خۆیان دەدەن، نابنە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر ژیان، ماڵ و سەلامەتی کەسیتر.
کارەبا، مۆبایل، تێڵڤژن، سەیارە و هەر ئامێرێکیتری سەردەم، تەواو نامۆن بە ئامشەکان و بەکاریناهێنن، لەکاتێکدا گەنجان سەرقاڵی یاریە ئەلکترۆنیەکانن و ئالودەی بەکارهێنانیان بون، گەنج، لاو و منداڵی ئامش بەهیچ جۆرێک بەکاریان ناهێنن.
پیاوان کڵاوی لە پوش چنراویان لەسەردایە، ڕیشی درێژیان بەرداوەتەوە، ژنەکان کڵاوی لە قوماش دوراو، جلی ئاودامەن و درێژ.
جلوبەرگی سەردەمی، جلی باو و بازاڕی، کە ئەمڕۆ لە بازاڕدایە، لەبەری ئامشەکاندا نابینرێت. جلەکانیان، کڵاوەکانی سەریان و پێداویستیەکانی تریان، بەدەستەکانی خۆیان دوراون، بەدەستی خۆیان چنراون و ئامادەکراون.
خوێندن و خوێندەواری
خوێندن لە تەمەنی پێنج ساڵیەوە لە قوتابخانەکانی تایبەت بەخۆیاندا دەستپێدەکات، مامۆستای خۆیان وانە بە منداڵەکانیان دەڵێتەوە، پڕۆسەی خوێندن لە چواردەساڵیدا تەواو دەبێت. لە قوتابخانە گرنگی دەدرێت بە خوێندنی بایبڵ، زمانەکانی ئەڵمانی، بەتەک فێربونی زمانی ئنگلیزی، جوگرافیا، فێربونی ژمارەکان و، ژماردنەوە فێری منداڵان دەکرێن.
قەڵەم و دەفتەر و کاغەز لە قوتابخانەکاندا بەکاردەهێنرێن، هەرچی کۆمپیوتەر و ئایپەدە بەکارناهێنرێن.
منداڵەکان لە تەمەنێکی کەمەوە فێردەکرێن کاربکەن، لە کاری کێڵگە، کشتوکاڵ و کاری ناوماڵدا هاوکاری دایک و باوکیان دەکەن.
لەپاش تەواوکردنی پۆلی هەشت، منداڵەکان کاردەکەن، کوڕەکان کاری دروستکردنی خانوو، بینا دەکەن، لەگەڵ باوک و براگەورەکانی خۆیاندا، سەرەتا پارەیەکی کەم لەبری کارکردندا وەردەگرن، دواتر بە تێپەڕینی کات پارەکە زیاد دەکات، لەگەڵیشیدا ئەزمون و شارەزایی خۆیان گەشە دەکات.
منداڵی ئامشەکان، هەمو ئەو پارەیەی کە لە کارکردندا پەیدای دەکەن، ناچێتە گیرفانی خۆیانەوە، بەشێکی بۆ خۆیانە، ئەوەیتر لای دایک و باوکیان دەمێنێتەوە، هەتا تەمەنی بیست ساڵی.
ژمارەیەک لە گەنجەکانیان، گەرچی ژمارەیەکی کەمیش بێت، کەمێک لە ڕێسا و یاساکانی خۆیان دەچنە دەرەوە، هەوڵدەدەن لەنێوان هەردو دنیاکەدا مەلە بکەن، دنیای مرۆڤەکانیتر و دنیاکەی خۆیان، هەتا دواجار ڕێگەیەک دەدۆزنەوە، ئنجا بڕیار دەدەن لەناو کۆمیونتی خۆیاندا بمێننەوە، یان بچنە ئەولا.
ڕۆڵی ژن لەناو ئەم کۆمەڵەیەدا
کاری ناوماڵ، درومان و دورینی جلوبەرگ، شتنی جلوبەرگ بەدەست، هەڵخستنی بە تەنافی پەتەوە و لێکردنەوەی و قەدکردنیان، چێشت لێنان، و خزمەتی مێرد، منداڵ و ماڵ بریتین لە ئەرکەکانی ژنان.
خستنەوەی منداڵ و گەورەکردنی خێزان ئەرکی سەرەکی ژنەکانە.
خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان چ بۆ خۆیان، چ بۆ منداڵ و مێردەکانیان، بەگوێرەی سیستمی تایبەتە بە خۆیان و پشت نابەستن بە هاوکاری و یارمەتیەکانی دەوڵەت.
مانگانە هەر خێزانێک بڕێک پارە دەبەخسێتە سندوقی تایبەت بە خزمەتگوزاری تەندروستی خۆیان، ئەمە لەکاتی پێیوستدا بەکاردێتەوە بۆ خۆیان، خۆ ئەگەر کەسێکی کۆمیونتیەکەیان نەشتەرگەریەکی پێیوست بو، تێچوەکەی زیاتر بو لەوەی کە مانگانە دایناوە، ئەوە هەمو کۆدەبنەوە، دەستی دەگرن و پارەی بۆ کۆدەکەنەوە.
ژیانیان لەسەر پایەکانی، ئاینەکەیان، ڕێکخستن، دورکەوتنەوە لە تێکنۆڵجی دامەزراوە و هەتا ئێستاش بەردەوامە.
یەک لە دروشمە دیارەکانیان؛ (تێکنۆڵجی پێشکەوتو، کێشەی ئاڵۆز بەدوای خۆیدا دەهێنێت)ە.
.





Comments
Post a Comment