یاسای نوێی خێزان لە ئەفگانستان
یاسای نوێی خێزان لە ئەفگانستان
بەشودانی کچی شیرەخۆرە و کۆرپەی یەک شەوە
تانیا کورد میرزا
ماستەر لەیاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و دەستور، ڕاهێنەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵان
تاڵیبان دوا یاسای لەبواری خێزاندا خستە بواری جێبەجێکردنەوە، یاساکە لەژێر ناوی (Principles of Separation Between Spouses) دایە، واتە؛ پڕنسیپ\ ئسوڵی چۆنیەتی جیابونەوەی نێوان ژن و مێردەکان.
کۆمەڵێک قانون لەژێر ئەم ناونیشانەدا ڕێکخراون، کە خۆیان لە ٣١ ئارتیکڵدا دەبیننەوە کە بەسەر ١٢ بەشدا دابەشبوون.
گەرچی ئەم یاسایانە بەناوی پڕنسیپەکانی جیابونەوەی ژن و مێردەکانەوە بڵاوکراونەتەوە و، چۆنیەتی جیابونەوەی هاوسەرانیان لەخۆگرتووە، بەڵام بەڕونی و بەبێ هیچ تەمومژێک، بەشودانی کۆرپەی شیرەخۆرە و منداڵی ساواشیان لەخۆیانگرتوە.
کاتێک تەفسیری ئەم دەقانە دەکرێت و دەدرێنە بەر شێوازە جیاجیاکانی تەفسیری دەق، دەردەکەوێت بەدەر لە „ڕێکخستنی” جیابونەوەی هاوسەران، ئەو یاسایانەش کە بەناوی رێکخستنی جیابونەوە هاتون، مانای ڕێگەپێدانی بەشودانی کچی ساوا و منداڵ دەگەیەنن.
„بۆ تەفسیرکردنی ئەم دەقانە سەرجەم میتۆدەکانی تەفیسری دەق بەکارهاتوە، بەڵام بەپێویست نازانرێت بخرێنەڕوو.“
فەسخکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری بە کۆمەڵێک مەرج
لەم یاسایانەدا فەسخکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری منداڵان هاتووە و، بە مەرج ڕێگەی پێدراوە، لەو مەرجانە؛ ئەگەر هاوسەرگیریەکە لە تەمەنی منداڵی و شیرەخۆریدا ئەنجامدراوبوو، یاخود مێرد نەمابوو، یان بەهۆی زیناوە، یان بەهۆی دەرچونی یەکێکیانەوە لە دینی ئیسلام یان وەرگەڕانەوە لە دینی ئیسلام.
بە دەرچونی منداڵ لە تەمەنی منداڵی (منداڵ و دەرچون لەو تەمەنە بە پێوەری تاڵیبان) دەتوانێت داوا پێشکەش بکات، بۆ فەسخکردنەوەی ئەو گرێبەستە هاوسەرگیریەی کە لە تەمەنی منداڵیدا بۆی گرێدراوە.
هاتنی دەستەواژەی دەرچوون لە تەمەنی منداڵی و، (گەیشتن بە باڵق بوون)، لەخۆیدا واتە؛ بەر لەو تەمەنە، کە دەکاتە تەمەنی ٠ ڕۆژ بۆ تەمەنی نۆساڵی و کەمتریش گرێبەستەکە ئەنجامدراوە، ئەمەش بە یاسایی و بە شەرعی ناساندنی هاوسەرگیری منداڵانە.
ئەم مادەیەدا تایبەتە بە فەسخکردنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری، مەرجەکانی فەسخکردنەوە هاتوون، بە بوونی یەکێک یان زیاتر لەو مەرجانە، دەکرێت داواکاری بۆ فەسخکردنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری پێشکەش بە دادگەی شەرعی تایبەتمەند بکرێت، بەڵام دادگەی تایبەتمەند سەرپشکە لە وەرگرتن یان ڕەتکردنەوەی داواکە.
زینا، هۆکارێک بۆ پێشکەشکردنی داوای فەسخکردنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری
یەکێک لەو مەرجانە زیناکردنە، زیناکردن بە هۆکارێک بۆ فەسخکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری دانراوە. لەم یاسایەدا دەسەڵات دراوەتە دادوەری شەرعی، پیاو ناجاربکات بە جێبەجێکردنی سزای شەرعی بەسەر ژنەکەیدا لە ئەگەری بوونی زینادا، یاخود جیابونەوە لە ژنەکەی هەڵبژێرێت.
گرفتی ئەم مەرجە
چۆنیەتی سەلماندنی زینا، پێناسەی زیناش خۆی لەولاوە لە ئەفغانستاندا
پێناسەکردنی زینا بەوجۆرەی پیاو، کۆمەڵگا و نەریتە باوەکان دەیانەوێت، گرفتێکی بەردەم ئەم مەرجەیە، لە کۆمەڵی ئەفگانی وڵاتانیتری بەجێماوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هیچ قورس نییە سەیرکردنی ژنێک و پیاوێک لەبەردەم دەرگای ماڵ، لەکاتی هەڵخستنی جلدا لە سەربان یان لەکاتی خۆڵرشتندا بە زینا پێناسە بکرێت!
هێندە قورس نییە، زۆریش ئاسانە ژنێک بە زینا تۆمەتباربکرێت، ئاسانتریش لەوە سەلماندنەکەی و جێبەجێکردنی سزاکەیەتی!
„پێناسەی زینا وە سەلماندنی بەگوێرەی قورئانی پیرۆز ڕێوشوێنی خۆی هەیە، نەوەک ئاسان نییە، بگرە زۆریش قورسە، بەڵام لە کۆمەڵگا دواکەوتوە توندڕەوەکاندا ئاسانە، ئەوەندە بەسە بەوجۆرەبێت کە خزمەت بە مانەوەی فکری توندی خۆیان بکات.“
هەرچی سزادانی زیناکەرە، زیناکەری پیاو و ژنیش دەگرێتەوە (سورة النور، ئایەتی دوو هەتا دە )، بەڵام لە وڵاتانی بەجێماو وکۆمەڵی توندڕە و، دواکەوتودا، ئەوە تەنیا ژنەکەیە بە زینا تۆمەتبار دەکرێت، ئەوە ژنەکەیە کە بەردباران دەکرێت، ئەوەشی کە سزاکە جێبەجێدەکات پیاوەکەیە!
سەیرە لەم سەردەمەدا، بەزۆر بەشودانی منداڵێک، دەستدرێژیکردنەسەری و منداڵبازی بە قانونی دابنرێت، ناوی بنرێت گرێبەستی هاوسەرگیری، دواتر زینا بکرێتە مەرج بۆ فەسخکردنەوەی ئەم گرێبەستە کە، لەسەر دەستدرێژیسێکسی کردنە سەر منداڵێک، پێشێلکردنی مافی هەڵبژرادن و مافی ژیانێکی سەلامەتی منداڵێک بنیاتنرابێت!
دواتر ئەوە کێیە لەم دۆخەدا کە، داوای فەسخکردنەوەی گرێبەستەکە دەکات، کچە منداڵەکەیە کە، یەکەم سوڕی خوێنی مانگانەی هاتووە، کە چەند ساڵێکە ژنی پیاوێکە و بوەتە دایک، یان پیاوەکەیە کە، بەبیانوی زیناوە بەرد دەداتە دەستی خەڵک و ژنەکەی خۆی بەردباران دەکات؟!
ئەم مەرجە بۆ ئەوە نەهاتووە ئازادی جیابونەوە فەراهەم بکات، بۆ ئەوەش دانەنراوە ئەو منداڵەی کە، کراوەتە قوربانی و تاوانی بەرامبەر کراوە وەک مرۆڤێکی خاوەن بڕیار و بۆچون بناسێنێت، ئەم مەرجە بۆ ئەوەیە زیاتر کچان و منداڵان بچەپێنێت و بدات بەگوێیاندا؛ „شوکر بە بەوەی کە بواری ئەوەت هەیە وەک ژنی پیاوێک لە گرێبەستێکی شەرعیدایت، دەکرێت بە تۆمەتی زینا بەردباران بکرێت، یان بخرێیتە سەر جادە، بەبێ هیچ مافێک“.
مەرجێکیتری فەسخکردنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری، ئاینە.
هاتووە؛ ئەگەر پیاوێک ئاینی خۆی گۆڕی و بووە موسڵمان، بەڵام ژنەکەی موسڵمان نەبوو و لە ئەهلی کیتاب بوو، ئەوە دەکرێت هاوسەرگیریەکە بەردەوامبێت.
مانەوەی پیاو لەسەر دینی خۆی (مەرجە ئەهلی کیتاب بێت)، لەکاتێکدا ژنەکە دینی خۆی گۆڕیوە و بووەتە موسڵمان، هۆکارە بۆ فەسخکردنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری.
ئەم یاسایە، باسی لە هاوسەرگیری موسڵمان، ئاگرپەرست و موشریکیشی کردووە.
موشریک بوون یان ئاگرپەرستی یەکێکیان، هۆکارە بۆ ئەوەی دادگا گرێبەستەکە هەڵوەشێنێتەوە.
ئەم مەرجە هاتووە هەتا جیاوازی نێوان ژن و پیاو بسەلمێنبێت، بەبێ ترس و تەمومژ دانی بەو جیاوازیەدا ناوە، پیاوی موسڵمان بۆی هەیە ژنی ناموسڵمانی هەبێت، بەڵام ژنی موسڵمان ئەو مافەی نییە و نابێت مێرد بە پیاوێک بکات کە موسڵمان نییە، تەنانەت ئەگەر ئەهلی کیتابیش بێت، لەم کاتەدا دادگا جیایدەکاتەوە.
دەستەواژەی (خیار البلوغ) هاتووە، کە مەبدەئێکی فیقهیە، بە گەیشتنی کەسەکە بە سوڕی خوێنی مانگانە (بۆ کچ)، وە بە تەمەنی باڵق بوون (بۆ کوڕ بە کۆنیشانەکانی باڵق بووندا)، دەکرێت ئەوکەسە داوای فەسخکردنی هاوسەرگیری پێشکەش بکات.
ئەم دەقە دوای تەفیسرکردن واتە؛ ئەو منداڵەی کە هەژدەساڵی تەواو نەکردووە وە، یەکەم سوڕی خوێنی مانگانەی هاتووە(بۆ کچ) یان کە کۆنیشانەکانی باڵق بوونی لێدەرکەوتووە بۆ کوڕ (دەشێت ئەم تەمەنە نۆساڵی بێت یان کەمتر، یان دەساڵی یانیش دوانزە و یانزەساڵی، کوڕان و کچان بە تەمەنی جیا باڵق دەبن، کچان لەناو خۆشیاندا جیان و کوڕانیش هەروەها)، بۆی هەیە داوای فەسخی ئەو گرێبەستە هاوسەرگیریە پێشکەش بکات، کە لە تەمەنی شیرەخۆرەیی و کۆرپەیدا تێیدا بەشودراوە و، ژنی بۆ مارەکراوە، دیارە بەو مەرجانەی کە هاتوون.
تەمەنی هاوسەرگیری دیارینەکراوە، بەڵام بە دیاریکردنی تەمەنی جیابونەوەدا دەردەکەوێت کە، هاوسەرگیری هیچ تەمەنێکی بۆ دیارینەکراوە، باس لە شیرەخۆرە کراوە کە، کۆرپەی تەمەن یەکڕۆژ هەتا سێساڵ دەگرێتەوە، لەگەڵ منداڵ.
منداڵ، پێناسەکەی بەگوێری یاساکانی وڵاتان دەگۆڕێت، لە وڵاتانی دێمۆکرەسیدا، کەسی خوار هەژدەساڵ منداڵە (بەگشتی)، بەڵام لەلای تاڵیبان منداڵ کەسێکە، کە باڵق نەبووە، واتە کچێک کە هێشتا سوڕی خوێنی مانگانەی نییە منداڵە، کوڕێک کە باڵق نەبووە منداڵە، لەگەڵ باڵق بوون چیتر منداڵ نین.
ئەم مادەیە باسی لە فەسخی گرێبەستی هاوسەرگیری کردووە، بەڵام ناکرێت بە مافی جیابونەوە ناو ببرێت، چونکە گرێبەستەکە مەرجەکانی گرێبەستی هاوسەرگیری ڕاست و قانونی تێدانییە.
لەلایەک منداڵ دراوە بەشوو، وەلی و وەصیەکەی گرێبەستەکەیان کردووە، ڕەزامەندی لایەنی گرێبەستەکەی تێدانییە (تیاشیدابێت باتڵە، چونکە منداڵن)، کەواتە گرێبەستەکە ناڕاستە، هەر ئەوەندەش نا، تاوانە.
لەخۆیدا دابینکردنی مافی جیابونەوە شتێکی ئەرێنییە، بەڵام لەم دۆخەدا کردەیەکی تاوانکاری ناوی لێنراوە گرێبەستی هاوسەرگیری، منداڵی تێدا کراوەتە قوربانی، دەستدرێژیسێکسی کراوەتە سەر منداڵ، منداڵبازی بە قانونی کراوە، کەواتە ئەمە دابینکردنی مافی جیابونەوە نییە.
لایەنێکیتری نەرێنی ئەم مادەیە، کردنەوەی زیاتری دەستی پیاوە و واڵاکردنی دەرگایترە بەسەر توندوتیژیدا بەرامبەر کچان و ژنان. پیاو کەی بیەوێت دەتوانێت ژن تۆمەتبار بکات بە زینا، تۆمەتباری بکات بە وەرگەڕانەوەی لەدینی ئیسلام و بەوەشی کە، بەزۆر بڕدراوە بەسەریدا، کەی بیەوێت بەم ناوانەوە دەتوانێت جیاببێتەوە، دواتر تێهەڵبچێتەوە و منداڵێکیتر بکاتە قوربانی!
مادەی پێنجەمی ئەم یاسایە، تایبەتە بە شەرعی بوونی گرێبەستی هاوسەرگیری.
هەر گرێبەستێکی هاوسەرگیری، لەلایەن باوک یان باپیر لە باوکەوە ئەنجام نەدرابێت، ڕاست نییە، تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە مێرد کەسێکی (كفؤًا) بێت لەڕوی کۆمەڵایەتیەوە، لەگەڵ دیاریکردنی مارەییەکی گونجاو بۆ کچەکە.
کەسی (كفؤًا) لەڕوی کۆمەڵایەتیەوە کێیە و کێ نییە، لیژنەی تایبەت دیاریدەکات، کە پەیوەندی بە گونجانی تەمەنەوە نییە لەگەڵ کچەکەدا، واتە؛
دەشێت پیاوێکی حەفتاساڵەی هەبوو و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی، شیرەخۆرەیەکی لێ مارەبکرێت، لەم کاتەدا مەرجی باوک و باپیریشی بۆلادەبەن، چونکە پێگەی کۆمەڵایەتی هەیە، دەکرێت کەسێکیتر مارەی بکات بەدەر لەو دوانە.
لەم یاسایەدا، دەسەڵاتێکی زۆر دراوەتە وەلی و مافی دراوەتێ، گرێبەستی هاوسەرگیری بەناوی منداڵ و شیرەخۆرەکانیانەوە گرێبدەن، بەڵام بواریش بۆ باتڵکردنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری هێڵدراوەتەوە بەتایبەت کاتێک مارەکراوەکە یان مارەلێکراوەکە بتوانێت دوای باڵق بوونی بیسەلمێنێت، وەلی لە زیانی ئەم بووە، وەلی ئەهلیەتی لەدەستداوە لەوکاتەدا یان لە کردەی بەدڕەوشتیەوە تێوەگلاوە.
ڕۆڵی وەلی و وەصی زۆر فروانن و زۆر دەستیان کراوەتەوە لەناو خێزاندا و، بڕیارەکانی ناو خێزان دراوەتە دەست ئەوان.
گرفت لێرەدا چۆنیەتی سەلماندنی نیەتی خراپی وەلی و وەسیە، لەلایەن منداڵێکەوە کە چەند ساڵێکە بەزۆر کراوە بە ژنی پیاوێک، منداڵێک لە باشترین حاڵەتدا پێنج تا شەش پۆلی خوێندووە، یانیش هیچ نەخوێندووە، منداڵێک بەهیچ مافێکی خۆی ئاشنا نییە، توندوتیژی و هەژاری بنەمای سەرەکی بوون لە پەروەردەیدا، ئەم منداڵە نۆ ساڵە چۆن دەتوانێت دەنگهەڵبڕێت؟ چۆن دەوێرێ شکات لە وەلی و وەصیەکەی بکات تا جیابێتەوە؟
بێدەنگی وەک نیشانەی ڕەزامەندی
لەکاتێکدا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەردەوام بەڵێ و نەخێری کچان و ژنان لەکاتی سەرجێییکردندا، تەنانەت لەگەڵ مێردیشدا، قسەیان لەسەرە و یاساکانی لەسەر ئەم بنەمایانە دادەنرێن، هەروەها یاسا دانراوەکان هەمواردەکرێنەوە، ئەوە لە ئەفغانستان هیچکام لە بەڵێ و نەخێر لە ئارادانین، لەبری ئەمانە، باس لە بێدەنگی دەکرێت!
ئەویش چۆن؟
بێدەنگی کچان بەجیا لە بێدەنگی کوڕان، تەفسیرکراوە و بەوهۆیەشەوە ئاکامی جودایان لێدەکەوێتەوە.
لە مادەی حەوتەمی ئەم یاسایەدا هاتووە؛ بێدەنگی کچێکی باڵق بوو بەمانای ڕازی بوونی دێت لەسەر مارەکردنی لە پیاوێک، لەکاتێکدا بێدەنگی کوڕێکی باڵق هەمان مانای نییە، بێدەنگی ژنێکیش کە، پێشتر هاوسەرگیری کردووە، هەمان مانا نادات.
بێدەنگی کچان وەک ڕازی بوون، بەتەنیا پێشێلکردنی مافی کچ نییە لە هەڵبژاردنی هاوسەر و مێرددا، بگرە توندوتیژی و تاوانە بەرامبەریان، هەروەها بە ناتەواو و بێئەقڵ لە قەڵەمدانیانە، گومانکردنیشە لە توانای فکری و جەستەییان.
لە ڕۆژئاوا، بۆ پاراستنی کچان و ژنان لە توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی، بەردەوام لێکۆڵینەوەی نوێ دەخرێتە بەردەم پەرلەمانەکان بۆ پێداچونەوەی یاساکان، بۆ جێگۆڕکێ کردن بە بەڵێ و نەخێری کچان و ژنان، لەکاتی سەرجێیی کردن و پەیوەندی سێکسیدا، لەکاتێکدا هەردوکیان وشەن و گۆدەکرێن.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەتا لە ئەفگانستاندا هێشتا باسی بێدەنگی دەکرێت، هێشتاش بێدەنگی وەک نیشانەی ڕەزامەندی لەقەڵەمدەدرێت، بۆ کێ؟
تەنیا بۆ کچان!
پرنسیپی بێدەنگی نیشانەی ڕەزامەندیە، دەبێت هێبدە کاڵبکرێتەوە هەتا نەمانی، چونکە مرۆڤەکان قسەکەرن، دەبێت بەڵێیان هەبێت، دەبێت نەخێریان هەبێت، نەوەک بێدەنگی.
بێدەنگی مانای ڕەزامەندی نییە، چ بۆ هاوسەرگیری یان بۆ هەر شتێکیتر، جا بێدەنگی کوڕ بێت یان هی کچ، لە هەرکوێ بێت.
بێدەنگی کچان لە ئەفگانستان واتە؛
بێدەسەڵاتی کچێک کە، کچ بوونی وەک شورەیی و بەڵا لەناو خێزاندا ناوبراوە.
بێدەنگی کچێک واتە؛ ترس و نەبوونی بچوکترین زانیاری لەسەر جەستەی خۆی، لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری و مافەکانی.
بێدەنگی کچێکی چەپێنراو، کچێکی قوربانی توندوتیژی مانای ڕەزامەندی نییە، مانای گرفتی گەورەی دەرونی و جەستەییە.
بێدەنگی ئەم کچە، هاوارە بۆ بەهاناوە چوون، دادوبێدادە بۆ ئەو دۆخەی کە، خۆی هەڵینەبژاردووە و تێیدا چەقێنراوە.
مادەیەکیتر لەم یاسایە، تایبەتکراوە بە مافی لەئامێزگرتنی منداڵ لەکاتی جیابونەوەدا، لێرەشدا جیاوازی کراوە لەنێوان منداڵی کچ و کوڕدا.
منداڵی کج هەتا تەمەنی نۆساڵی لەلای دایکی دەمێنێتەوە، لە ئەگەری جیابونەوەی ژن و مێرددا، لەکاتێکدا منداڵی کوڕ هەتا تەمەنی حەوت ساڵی.
ئەم یاسایانە گەرچی بەناوی (ڕێکخستنی کۆمەڵگا و خێزانەوە)دەرچوێبراون، بەڵام لە کرۆکدا، کۆمەڵێک یاسان کە مافی مرۆڤیان پێشێلکردووە، پەرچینی مافەکانی ژنان و منداڵانیان بەزاندووە، منداڵبازییان کردوەتە کردەیەکی یاسایی، ئاسایی و شەرعی.
ئەم یاسایانە هەن، هەتا بیسەلمێنن بەزۆر بەشودانی کچان، مارەکردنی شیرەخۆرە و منداڵان لەیەکتر، لە گەورە و بەساڵدا چوان لە ئەفغانستاندا، بەمجۆرە و بەوجۆرە هەیە، بەجۆرێک هیچ لێڵیەک هەڵناگرێت.
لەم سەردەمەدا منداڵان، کچان و ژنان هەنگاوی گەورەیان لە داواکردن و دابینکردنی مافەکانیان ناوە و، بەردەوامیشن بۆ چنگخستنی دەستکەوتی زیاتر، لە شوێنێکی ئەم دنیایە کە، ئەفگانستانە، منداڵی ساوا دەفرۆشرێت بۆ نان، کچی منداڵ مافی خوێندنی لێوەردەگیرێتەوە و دەدرێتە مێرد، دووگیان دەکرێت، جیاوازی تەمەنی خۆی و منداڵەکەی یانزە و دوانزە ساڵانێک دەبێت، بەناوی زیناوە بەردباران دەکرێت، ناگاتە سیساڵی بەڕوخسار و جەستە پیردەبێت، ناژی، بەڵام بەم ئازارانەش نامرێت.
تێناگات بۆچی بەشی ئەو بەوجۆرەیە کە هەیە، بەڵام نیگەرانە، نازانێت دروست کوێی ئازاری هەیە، نازانێت کوێی بریندارە، بەڵام هەست بە ئازار دەکات، ئازار لە هەموو جەستەیدا، ئازار لە ڕۆحیدا.


Comments
Post a Comment