ئه‌گه‌ر بجه‌نگین ده‌یبه‌ینه‌وه
كامڵا هاریس
تانیا كورد میرزا
ماسته‌ر له قانونی ئه‌ڵمانی، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، راهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان
(شامڵا، شامڵا ناوی دایكمه، دایكم له نۆزده‌ساڵیدا كۆڵێجی ته‌واوكردووه و به باپیرمی گوتووه؛ ده‌مه‌وێت زانست بخوێنم، ده‌مه‌وێت له بێركڵه‌ی بیخوێنم.)
(باپیرم جه‌نگاوه‌رێك بووه له‌پێناوی ئاشتیدا بۆ ئندیا جه‌نگاوه، باپیرم به دایكم ده‌ڵێت؛ باشه، بچۆ بخوێنه، تكتی فڕۆكه‌ی بۆ ده‌بڕێت و كچه‌كه‌ی ده‌نێرێته بێركڵه‌ی بۆ خوێندن.) كامڵا به‌مجۆره ده‌ستده‌كات به‌گێڕانه‌وه‌ی مێژوی خێزانه‌كه‌ی و له پیاهه‌ڵدان و ئافه‌رین به دایكی‌دا ده‌ستپێده‌كات، چونكه ئه‌و ده‌زانێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بناسێنێت ده‌بێت سه‌ره‌تا باسی كۆڵنه‌دان، به‌رده‌وامی و ئازایه‌تی دایكی بكات، ئه‌و ده‌زانێت ئه‌وه‌ی مێژوی نه‌بێت نابێته خاوه‌نی داهاتوش.
كامڵا هاریس یه‌كێكه له‌و ژنه به‌خته‌وه‌رانه‌ی كه خاوه‌نی نمونه‌یه‌كی باڵای ژنه له ژیانیدا كه دایكیه‌تی، كۆڵنه‌دانی دایكی، به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ڕه‌یسیزم له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌نگی پێست و جیاكاری ڕه‌گه‌زی، شه‌ڕكردن بۆ مافه‌كانی ژنانی به بنه‌چه ئه‌فریقی و هیندی نمونه‌ی باڵان بۆ كامڵا.
به‌ڵێ كامڵا خاوه‌نی دایكێكی كه بوارینه‌داوه به‌ناوی ژن بوون، یاخود دایك بوون، یاخود پێستی تۆخیه‌وه بكرێته قوربانی، به‌ڵام خۆشی نمونه‌یه‌كه له نمونه‌ی دایكی و ژنێكی سه‌رسه‌خت به‌رامبه‌ر مافه‌كانی ژن و مرۆڤه.
شامڵای دایكی كامڵا هاریس له‌بری مێردكردن له نۆزده‌ساڵیدا بیر له درێژه‌دان به خوێندن له ئه‌مریكا ده‌كاته‌وه، باوكیشی نه‌وه‌ك نابێته ڕێگر بگره ده‌بێته پاڵپشتێكی به‌هێزی كچه‌كه‌ی.
شامڵا له بێركڵه‌ی ده‌ست ده‌كات به‌خوێندن، زانكۆی بێركه‌ڵه‌ی شوێنی كۆبونه‌وه‌ی خوێندكارانی پێست تۆخه و شامڵاش یه‌كێك ده‌بێت له‌وانه.
هه‌ر له‌وێ دۆنه‌ڵد هاریس ده‌ناسێت كه كۆچبه‌رێكی به بنه‌چه نایجیرییه و پرۆفیسۆره له ئابوری‌دا له سانفۆڕد.
شامڵا و هاریس به‌هۆی كۆبونه‌وه‌یه‌كی سیاسیه‌وه یه‌كتر ده‌ناسن و هه‌ردووك شان به‌شانی یه‌كتر چالاكوانی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌بن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی جیاكاری له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌نگی پێست.
كامڵا هاریس جگه له دایكی وه‌ك نمونه‌یه‌كی باڵا زۆر به (شێرلی چیزم) سه‌رسامه كه یه‌كه‌م ژنی پێست تۆخ بووه خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا كاندنید كردووه.
(من تایبه‌ت نیم، به‌ڵام كه‌سێك هه‌بووه باوه‌ڕی به تایبه‌تمه‌ندی من هه‌بوو، باوه‌ڕی به تواناكانی من هه‌بوو.)كامڵا هاریس جارێكی‌تر له سه‌نای دایكی‌دا وا ده‌ڵێت، ئه‌وكه‌سه‌ی كه باوه‌ڕی به تواناكانی كامڵا بووه دایكی بووه.
دایكی كاملا هاریس گوتویه‌تی؛ (یه‌كێكتان یانیش هه‌ردوكتان ڕۆژێك دنیا به‌ڕێوه ده‌به‌ن، من سه‌ركه‌وتم، ئێوه‌ش ده‌توانن سه‌ربكه‌ون.)
(من سه‌ركه‌وتم ئێوه‌ش ده‌توانن سه‌ربكه‌ون.) دایكی كامڵا به‌ته‌نیا وه‌ك وشه ڕیزكردن ئه‌م قسه‌یه‌ی نه‌كردووه، به‌ڕاستی ژنێك بووه سه‌ركه‌وتووه، سه‌ركه‌وتووه به‌سه‌ر گه‌لێك كۆسپ و ته‌گه‌ره‌دا كه به‌هۆی ره‌گه‌ز، ره‌نگ و بنه‌چه‌یه‌وه هاتونه‌ته به‌رده‌می و كۆڵی نه‌داوه.
دوای نزیكه‌ی ٨ ساڵ له هاوسه‌رگیری شاملا جیاده‌بێته‌وه و ده‌بێته دایكێكی ته‌نیای خاوه‌نی دوو كچ، ئه‌وی دایك پله‌ی زانستی هه‌تا پڕۆفیسۆری ده‌بڕێت، دایكایه‌تیه‌كه‌ی، ره‌نگی پێستی و به‌نچه‌كه‌ی ناكاته بیانوی سه‌رنه‌كه‌وتن بگره ده‌یانكاته پاڵنه‌ری سه‌ركه‌وتن.
شامڵا كچه‌كانی وه‌ك ڕه‌ش گه‌وره‌كردووه چونكه زانیویه‌تی له ئه‌مریكا دواجار له‌سه‌ر ئه‌و گروپه ئه‌ژمارده‌كرێن بۆیه به‌ره‌وڕوی ئه‌وه‌ش بوه‌ته‌وه و فێری كردوون شه‌رم له ڕه‌نگی په‌ستیان نه‌كه‌ن و بجه‌نگن بۆ مافه‌كانیان له‌بری ڕه‌تكردنه‌وه و ڕاكردن لێی.
(من ئه‌وه‌م كه ئه‌مڕۆ هه‌م، له‌به‌ر دوو هۆكار، یه‌كه‌م دایكمه، دووه‌م زانكۆی هارڤارده.) كامڵا هاریس.
كامڵا له زانكۆی هارڤارد قانون ده‌خوێنێت و، له سمسته‌ری یه‌كه‌مدا خۆی بۆ وته‌بێژی پۆل كاندید ده‌كات. هه‌ر له سمسته‌ری یه‌كه‌مه‌وه ده‌بێته جێگه‌ی سه‌رنجی هاوپۆلی و پڕۆفیسۆره‌كانی، ترسی نه‌بووه له قسه‌كردن و، له ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی پیاوه‌كان كه ویستویانه تواناكانی به كه‌م بگرن، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌بووه كه ده‌توانێت ببێته پارێزه‌رێكی باش.
(ئه‌بمه پارێزه‌ر، ئه‌بمه ده‌نگی لاوازه‌كان.) كامڵا هاریس
شه‌ڕی بۆ قوربانیانی ده‌ستدرێژی سێكسی كردووه و قوربانی بردوه‌ته ماڵی خۆی هه‌تا ڕێگه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه، پارێزه‌ری تاوانه سێكسیه‌كان بووه و، له سیفه‌ته دیاره‌كانی ئه‌م پارێزه‌ره ئه‌وه‌بوو كه سه‌ردانی شوێنی تاوانی كردووه، كاتی له‌گه‌ڵ شایه‌ته‌كان به‌سه‌ربردووه و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ره‌داوانه‌ی داوه كه ده‌یگه‌یانده‌وه سه‌ر تاوانباره‌كه.
كامڵا ئه‌مڕۆ جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكایه و كاندیدی پارتی دیمۆكراسه‌كانه بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا و یه‌كێك له وته‌كانی له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا ئه‌وه‌یه (ئه‌گه‌ر بجه‌نگین ده‌یبه‌ینه‌وه.) كۆڵنه‌دان و به‌رده‌وامی بوون خاڵی سه‌ره‌كی كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنی كامڵان.
نمونه‌ی هاریس نیشانمانده‌دات كه ڕۆڵی دایك جه‌نده گرنگه له ژیانی كچه‌كانیدا، دایكێكی جه‌نگاوه‌ر، كۆڵنه‌ده‌ر، به‌رده‌وام و نه‌خێر گۆ به ڕوی كۆمه‌ڵگای پیاواندا. دایكێك كه ڕه‌نگی پێستی، دایكایه‌تیه‌كه‌ی، ژن بوونی و په‌نابه‌ر بوونی نابنه ڕێگر له‌به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنیدا.
Comments
Post a Comment