پاش ڕیفراندۆم

پاش ڕیفراندۆم

ئاکامی ڕیفراندۆم چەند لێکەوتەیەک بەدوای خۆیدا دەهێنیت و هەریەکێکیشیان خوێندنەوەی تایبەت بەخۆیی هەڵدەگرێت، لێکەوتەکان بەشێکیان پەیوەندیان بە هەڵوێستی حکومەتی عێراق و ئەوەیتر بە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا و ڕوسیا وە هەیە و ڕەهەندی سیاسی و دبلۆماسی و ئابورییان هەیە کە لێکەوتەی دەرەکین بۆ ناوەوەی کوردستان بەمانا لەدەرەوەی کوردستان و لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کاردانەوەکان بەرەو ناوەوە دێن.
 ئاکامی ڕیفراندۆم بەشێکیتری هەیە کە من بە دایک ناویدەبەم کە پەیوەندی بە ناوخۆی کوردستانەوە هەیە، ئاکامەکانی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان چەند ئاکامێکیتری داین بەدەستەوە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
لەسەرئاستی دەرەکی و وڵاتانی دراوسێ دەبێت ڕاستییەک هەیە بەر لەباسکردنی کاردانەوەکانی ئەوان بیرمان نەچێت ئەویش سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای مامەڵەکردنە لەگەڵ خاوەنهێز و ژمارە گەورەکان و بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە سیاسی و دبلۆماسی و ئاوبورییەکانی ئەو وڵاتانە. وڵاتانی دنیا مامەڵە لەگەڵ بەهێزەکاندا دەکەن و بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ ئەوان لەسەر حسابی وڵات و نەتەوە بێهێز و قوربانییەکان دادەڕێژن، هەرچی وشەی هێزە لێرەدا مەبەست لێی “ بەهێزی یان لاوازی ئیرادەی نەتەوە نییە” مەبەست لە هێزی چەکدار، سەرباز و هێزی ئابورییە بەجۆرێک کە کاریگەری لەسەر ئابوری، سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی جیهان هەبێت. ئەوان لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە دەکەن و بڕیار دەدەن ماسکی ئەم مامەڵە و بڕیارانەش چەند شتێکن کە بەهێزترین و فریودەرانەترینیان مافی مرۆڤە!
لە سەرەتای ڕاگەیاندنی وادەی ڕاپرسییەوە لە هەرێمی کوردستاندا هەتا ئێستا کاریگەرییەکانی ئەگەری ئەنجامدانی ڕاپرسی و ئیستاش هی پاش ئەنجامدانمان بینی لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کە هیچیان لەگەڵ نەبوون، گەرچی قسە و لێدوانی هەندێکیان لە سەد وشەیەک دەتوانیت دوو تا سێ وشەی لاستیکی تێدا بدۆزیتەوە کە دەکرێت کورد لەبەژەوەندی خۆی تەفسیری بکات بەڵام ئەویش هەر شتێک نییە کە هیوای لەسەر هەڵبچنرێت. لێرەوە بەدەر لەو خاڵی بەرژەوەندیەی ئەو وڵاتانە کە باسمکرد بۆمان دەردەکەوێت کە؛
یەکەم؛ کورد ئەم چەند ساڵەی رابردوو یەکجار لاواز و تەمەڵ بووە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و نەیزانیوە ئەو بەشە لە یاسا و سیاسەت بخوێنێتەوە. دەردەکەوێت هەموو ئەو هاموشۆی وەفد و وەرە و بڕۆیانە بۆ وڵاتان و بەستنی کۆڕ و کۆنفرانس و پارە خەرجکردن بۆ  ئەو مەبەستە لە بنەماوە بەکۆمەڵێک رێکاری هەڵەدا چووە، سیاسەت بە ئاکامیدا هەڵدەسەنگێنرێت نەوەک بەر لە گەیشتنی!
دەرکەوت کە کورد وێڕای هەبوونی زۆر کەلێن لە ناوچەکەدا کە دەکرا لە بەرژەوەندی خۆیی و ئامانجەکەیدا بەکاری بهێنێت شتێکی ئەوتۆی نەکردووە کە لەبەری بخورێت.
دووەم؛ نەیتوانیوە سیاسەتی ئابوری ببەستێتەوە بە زانستی سیاسەتەوە و لەبەرژەوەندی گشتیدا بەکاریبهێنێت و ئەو کارتەی لە بەرژەوەندی حیزبایەتیدا بۆ مەبەستی تایبەتی کوتکوت کردووە، لەکاتێکدا ئەوەی لە زانستی سیاسەت بزانێت تێدەگات کە گەدەی سیاسەت ئابورییە.
لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان و کوردانی پارچەکانیتر
یەکەم؛ لەسەر ئاستی ناوخۆ ناکۆکی و ناتەبایی نێوان حیزبەکان، شارچیەتی و جیاکاری بووە هۆی ئەوەی کە لە پرسێکی وەک سەربەخۆیی کوردستاندا ئاکامێکمان دەستبکەوێت کە ئەگەر دوور لە هەڵچوون و وورد باسی بکەین ئاکامێکە جێگەی لێ وورد بوونەوە و تێڕامانە! ناکۆکیە ناوخۆییەکان، گەندەڵی لە سیاسەت و حوکمرانی و ئابوریدا کارێکی کرد کە تەنانەت سەربەخۆییش نەتوانێت زۆربەی زۆری کوردان یەکبخات. ئەگەر ڕاپرسی باشوری سودان بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەیان بەنمونە باسبکەم لە ساڵی ٢٠١١ ئەنجامدرا لەسەدا ٩٨.٨٣ لەگەڵ سەربەخۆیی و جیابونەوەدا بوون، پرسی سەربەخۆیی هەڵبژاردنی پارێزگاکان نییە هەتا بتوانین تەفسیری دەنگی نەخێر و بایکۆت یان کەمی رێژەی بەشداربوون بە دیموکراسی و جیاوازی و فرەڕەنگی ناوببەین بەدەر لەوەی کە پرۆسەیەکی دیوموکراسیە و تاک لەنێوان بەڵێ و نەخێردا هەڵدەبژێرێت. نەخێر و بایکۆت بۆ سەربەخۆیی دەبێت لە هۆکاریان بکۆڵرێتەوە و حوکمڕان و دەسەلاتدارانی کوردی بپرسن بۆ؟ و دوای ئەوە کە وەڵامەی خۆیان دایەوە ئینجا وەڵامی “بۆ” کە چارەسەر بکەن، ئەمە ئەگەر بیانەوێت تەمەنیان شتێکیتری بەبەرەوە بێت.
دووەم؛ لاوازی و باش مامەڵەنەکردنی دەسەلاتدارانی کوردستان لەو ئاکامەدا لەگەڵ کوردانی پارچەکانی تر و ئۆرگانیزە نەکردنی ئەو هەستە بەرزەی نەتەوایەتی بەجوانی دەردەکەوێت کە سەرمایەیەکی گەورەی و پەرتەوازەیە.
ئێستا ئەوەی هەیە پاش تەواوبونی ئەو پڕۆسەیە و بەدەستهاتنی ئەو ئاکامەنە کە من پێم سەرکەوتنە بۆ دۆزی کورد و بە وەڵامێکی پڕی دەزانم لەبەرامبەر دەرەوەدا بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و بە شکستیشی دەبینیم بۆ حوکمڕان و سیاسەتوانانی کوردستان لە حوکمڕانی ناوخۆدا، دەمەوێت بڵێم دەبێت ئەم ئاکامە هەمووی بەهی خۆیی بزانێت و بە موڵکی خۆی سەیری بکات بە بەڵێ، نەخێر و بایکۆتەوە، بە کوردی ناو کوردستان و دەرەوە دەبێت کار بکرێت بۆ سوور بوون لەسەر ئەو مەبەستەی کە دەنگی بۆدراوە ئەویش دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە، فەلسفەی دەوڵەتیش ئەوەیە کە تۆ دروستی بکەیت و دواتر لەناو دەوڵەتەکەتدا سزای گەندەڵکاران بدەیت.
تانیا کورد میرزا

Comments

Popular posts from this blog

هه‌موو باوه‌ش پێداكردنێك خۆشه‌ویستی نییه‌

جێنده‌ر؟ نه‌خێر سوپاس