بەدیلی سەربەخۆیی

بەدیلی سەربەخۆیی تەنیا سەربەخۆییە



هەرچی کورد لە دروستکردن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکەیدا دوابکەوێت باری گرانتر دەبێت، هەلومەرجی دەوروبەر، وڵاتانی ئەوروپیی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکیەتی ئەوروپاش لەولاوە. وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ساڵێکی تەمەنیان بە سێی ئۆمەت دەبڕن، یاساگەلی نێودەوڵەتی، باسی مافی مرۆڤ، سیادە و سەروەری وڵاتانیش لەبەرامبەر ئێمەی کورددا وەک بلبل بێ هەڵە دەڵێنەوە بەبێئەوەی نە هیچکەس نە کوردیش خۆی بتوانێت بڵێت؛” ئەدی بۆ بەسەر نەتەوەجوداکانی ناو وڵاتی خۆتدا ئەو قسەی سەر کاغەزانە جێبەجێ ناکەیت؟”
ئەم ساڵ بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی هەمان ساڵانی بەرێ نییە بەدڵنیاییەوە هەموشت گرانتر بووە و گرێ بە کوێرە گرێوە لکاوە، بۆیەش هەرچی درەنگتر گرانتر. چەند ڕۆژێکە باس لە ئەگەری دواخستنی ڕیفراندەم دەکرێت لەبەرامبەر بەدیلدا، لەبەر ئەم هۆیانە دواخستنی ڕیفراندەم بەهەر بەدیلێک هەڵەیەکە یەکجار گەورە؛

یەکەم؛ مادەم ڕیفراندەم بە مەبەستی جیابوونەوە و سەربەخۆیی کوردستان بێت لە عێراق هیچ بەدیلێک جێگەی ئەمە ناگرێتەوە، بەدیلی پرسی سەربەخۆیی و جیابونەوەی هەرێمێک لەناو وڵاتێکدا بابەتێکە کە هیچ بەدیلێکیتری لە یاسا نێودەوڵەتیەکاندا بۆ دانەنراوە.کاتێک کە باس لە سەربەخۆیی و جیابونەوە کراوە بە ماددەیەکیتر نەهاتووە؛” بەدیلی سەربەخۆیی فڵانە شتە.” کەواتە هیچ بەدیلێکمان نییە. بەدیل چییە؟ بەدیل وشەیەکە بەمانای شتێک کە هەمان ئاکام بدات بەدەستەوە کە شتی یەکەم دەیدات بەدەستەوە و لەبری یەکەم ئەوەی دووەم هەڵدەبژێردرێت. کۆی شتەکە ئەوەیە؛ مادەم دووشت هەمان ئاکام بدەن بەدەستەوە و بۆ ئەو کەس یان لایەنەی دەیەوێت هەڵبژێرێت هیچ جیاوزییەکی نەبێت دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی دەست بخاتە سەر دانەیەکیان، ئەمە زیاتر لەو وڵاتانەدا کە بەشێوەی تەوافوقی وڵات بەڕێوەدەبەن باوە کە دوو ئەگەر یان زیاتر لەبەردەست لایەنەکاندا هەن کە ئاکامیان هەمان ئاکام یان نزیکە و خۆیان دانەیەکیان هەڵدەبژێرن، بەڵام بۆ پرسی سەربەخۆیی ئەم “ ئەمیان یان ئەویان” هەر لە بنەمادا شتێکە کە بوونی نییە چ جای ئەوەی باس بکرێت!
وەک گوتم هیچ بەدیلێک نییە بۆیە ئەگەری هەڵبژرادنی ئەو شتەی کە نییە لەبری سەربەخۆیی نابێت لە ئارادا بێت و, نابێت گەلی کوردستان ڕێگە بدەن هیچ کەس، هیچ حیزب و هیچ لایەنێک ئەم بژاردەیە هەڵبژێرێت و بیخاتەبری سەربەخۆیی کە لە بنەمادا شتێکە کە نییە. گەلی کورد ژمارەیەکی باشی هەیە لە یاسایی و کەسانێک کە شارەزای یاسا نێودەوڵەتیەکانن ئەرکی ئەمانە کە ئەوە بۆ خەڵکی ڕوون بکەنەوە کە هیچ شتێکمان لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا نییە لەبری سەربەخۆیی، ئەوەی کە باس دەکرێت تەنیا پەلکەزێڕینەیە.

دووەم؛ هەر جۆرە شتێک، قسەیەک، نوسراوێک با قسەی سەرکاغەز و کۆبونەوەی مەجلیسی ئەمن بە نوێنەرایەتی وڵاتانی وەک فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمریکاش بێت نابێت بەگەرەنتی ناوببرێت و وەک بەدیلی ڕیفراندەم بەسەر کورددا بسەپێنرێت چونکە لە بنەمادا نە بەدیلە نە گەرەنتیشە! تەنیا کۆبونەوەی وڵاتانی زلهێز و ئیمزاکردن لەسەر کوتە کاغەزێک نابێتە گەرەنتی بۆ کوردان و هەرگیزیش ئاوها شتێک ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و نابێتە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان، هەربۆیە هیچ شتێک گەرەنتی نییە. ئاسانترین بەڵگە بۆ کورد ئەوەیە کە ئێستا مافی چارەی خۆنوسین، ڕیفراندەم و مافی مرۆڤ هەمویان لەسەر کاغەز نوسراون و بە حزوری وڵاتانی زلهێز داڕێژراون و خۆیان واژۆیان لەسەر لانەدان لەو یاسایانە کردووە بەڵام لەبەرامبەر کورددا لێشی لادەدەن و هیچکەس و وڵاتێکیش نییە بە گەرەنتی خۆیانەوە بیانگێڕێتەوە!

سێیەم؛ سەربەخۆیی مافە و تاوان نییە. لە یاساکانی سزاداندا بۆ هەندێک تاوان زیاد لە سزایەک بڕاوەتەوە کە داوەر لەکاتی حوکمداندا خۆی یەکێک لە سزاکان یانیش هەردوو سزاکە “ بەگوێرەی تاوان و ماددەکەی” هەڵدەبژێرێت و حوکم دەدات. بەڵام سەربەخۆیی مافە، چ تاک و چ گەل بەیەکەوە تاکە یەک بژرادەیان لەبەردەستە کە سەربەخۆییە و هەڵیدەبژێرن، کورد تاوانبار نییە و لەهۆڵی دادگادا بێت و چاوەڕێ بێت تا داوەر یەکێک لەو حوکمانەی بەسەردا بسەپێنێت کە نوسراوەتەوە لە یاسای سزاداندا، کورد دەبێت هەڵبژێرێت نەوەک حوکمی دەوروبەر بەسەر خۆیدا جێبەجێ بکات.

چوارەم؛ هەمیشە و بەگوێرەی یاسا، عورف و عاداتی باوی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیش وەهایە کە لایەنی هەقدار خۆی دەسەپێنێت و ئەوەی دەیەوێت هەڵیدەبژێرێت و فەرزی دەکات بەسەر دەوروبەر و دونیاوە. خۆسەپاندنەکەی ئەو لایەنە لە کەڵەگایی و دڕییەوە نییە بەڵکە لەوێوەیە کە ئەو لەسەر هەقە و هەقدارە بۆیە هەرگیز نەبووە ئەم لایەنە داوابکات کە بژاردەیتری بخەنە بەردەست هەتا دەست لە مافی خۆیی بەربدات! دەکرێت لایەنی بەرامبەر کە نەیار، ناهەق یان هەر پێناسە و پێگەیەکیتری هەبێت لە هاوکیشەکەدا لەبەر بەرژەوەندی خۆیی بژاردەیتر بخاتە بەردەست لایەنی هەقدار بەڵام ئەمانە تەنیا و تەنیا بۆ نەیارەکە ناویان بژاردەیە و بۆ لایەنی یەکەم خۆکوژی و خۆ هێنانەخوارەوەن نەوەک بژاردە!
دەبێت دەسەلاتدارانی کورد ڕوون و ئاشکرا و ڕاستگۆ ئەوەی قسەیان لێوە کردووە باسی بکەن مەبەستیان لە گەرەنتی چییە لەکاتێکدا کە هیچ گەرەنتییەک نییە. ئەی مەبەستیان لە بەدیل چییە کە دەزانین بەدیلی سەربەخۆیی هەر خۆیەتی و بەس!
ئەگەر دەسەڵاتداران مەبەستیان لەم قسانە ئەوەیە ئەم جۆرە حوکمرانییەی کە هەیە بە گەرەنتی بۆیان بکرێتە جۆرێکیتر ئەمە هەرگیز ناوی بەدیل نییە و لەڕاستیشدا دەستکەوت نییە و دەشزانین لە هەر ئەگەرێکی وەهادا دەبێت دەستوری عێراق بگۆڕدرێت کە ئەمەش شیردا بە داپیردا و ئەویش بە کلکە قوڵێدایە و ئینجاش هەر گەرەنتی سەربەخۆیی نییە.
هیچ شتێک لە سەربەخۆیی گەورەتر نییە، هیچ شتێکیش یەکسان نییە بەسەربەخۆیی، سەربەخۆیی شتێکە تەنیا خۆی لەخۆی گەورەتره‌، ته‌نیا خۆی یه‌كسانه‌ به‌ خۆی و تەنیا خۆشی لەبری خۆیەتی.


تانیا کورد میرزا

Comments

Popular posts from this blog

هه‌موو باوه‌ش پێداكردنێك خۆشه‌ویستی نییه‌

جێنده‌ر؟ نه‌خێر سوپاس