هەموو باوەشپێداکردنێک خۆشەویستی نییە

ڕونکردنەوەی مامۆستا و پەروەردەکار بەڕێز مامۆستا مەحمود باجەڵان لەسەر ناوەڕۆکی نامیلکەی (هەموو باوەشپێداکردنێک خۆشەویستی نیە) ی تانیا کورد میرزا، لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ و بەرنامەی ڕۆژێکی نوێی کوردسات


هەموو باوەشپێداکردنێک خۆشەویستی نییە:

پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی و هەراسانکردنی سێکسی

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

سەرەتای منداڵی، بەتایبەتی منداڵانی قۆناغی باخچەو قۆناغی بنەڕەتیی، قۆناغێکی هەستیارە و پێویستی بە پاراستن و چاودێری هەیە، گرنگە لەوە تێبگەین کە هەموو باوەشێک گوزارشت لە خۆشەویستی یان ئاسایش و پارێزراوی ناکات، هەندێک جار، باوەشکردن دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ هەوڵی کۆنترۆڵکردن یان ئیستغلالکردن، بۆیە دەبێت وریا بین و ئاگاداری ئەو مەترسیانە بین کە منداڵان لە ژینگە جۆراوجۆرەکانیاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.



(هەموو باوەشپێداکردنێک خۆشەویستی نییە) ناونیشانی نامیلکەیەکە لە نووسینی خاتوو(تانیا کورد میرزا) کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە یاساو پسپۆڕی زانستی تاوانناسیی و بەرەنگاربوونەوەی تودوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵانە، لەم نامیلکەیەدا، کە لە (٣٤) لاپەڕەدا زۆر بە شێوازێکی ئاسان و پوخت ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە چۆن خێزانەکان و بەتایبەت بەخێوکارانی مندالان و خودی منداڵان خۆشیان چۆن لە مەترسی فریودان و گێچەڵپێکردنی سێکسی و توندوتیژی بپارێزن و بپارێزرێن.

ئەم نامیلکەیە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ئەرکی بڵاوکردنەوەو چاپکردنی لە ئەستۆ گرتووەو لەساڵی (٢٠٢٣) چاپی یەکەمی کراوە، لەبەر گرنگی نامیلکەکە وەک بابەتێکی هۆشیاریی و ڕۆشنبیریی و ئاگادارکردنەوەی خێزان و کۆمەڵگە، کە بەداخەوە لەم جۆرە بڵاوکراوانە کەمن بە زمانی کوردی و بەو جۆرە چاپەو ڕوونکردنەوەیە خرابنە بەردەست،بەڵام پێش قسەکردن لەسەر نامیلکەکە، گرنگە سەرەتا چەمکی باوەشکردن ڕوونبکەینەوە؛


چەمکی باوەشکردن

باوەشکردن جۆرێکە لە دەربڕینی جەستەیی کە دەتوانێت چەندین مانا هەڵبگرێت، لە خۆشەویستی و سۆزەوە تا هەوڵی هەراسانکردن ودەستدرێژی؛ لە هەندێک کەلتووردا باوەشکردن بە نیشانەی ئینتیما و سۆز و خۆشەویستی دادەنرێت، لە هەندێکی تردا ڕەنگە بە شێوەیەکی جیاواز سەیر بکرێت، گرنگە تێبگەین کە ئەم مانایانە چۆن دەتوانن لەگەڵ پرسە دەروونی کۆمەڵایەتییەکان تێهەڵکێش دەبن.

توندوتیژی سێکسی یەکێکە لە توندترین جۆرەکانی دەستدرێژی کە دەشێت منداڵان تووشی ببن، بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی (یونیسێف)، ملیۆنان منداڵ لە جیهاندا تووشی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە، ئەم پێشێلکاریانە بریتین لە دەستدرێژی جەستەیی، ئیستغلالکردنی سێکسی و کرداری ناچارکردنی قبوڵنەکراو، بە جۆرێک کە کاریگەری نەرێنی سەخت دەخەنە سەر درووستی دەروونیی و جەستەیی و هەست و سۆزیی منداڵان و کاریگەریەکەشی بۆی هەیە تا زەمەنێکی دوور مەودا درێژببێتەوە، بێگومان هۆکارەکانی توندوتیژی سێکسی ئاڵۆز و فرەلایەنن، لەوانە:



هۆکارە کۆمەڵایەتیەکان: وەک هەژاری، خراپی خوێندن و نەبوونی هۆشیاری دەربارەی مافەکانی منداڵان.

هۆکارە دەروونییەکان: وەک زەبر و زەنگی دووچاربوو بە منداڵ کە تاوانباران لە منداڵیدا تووشی دەبن.

هۆکارە کەلتوورییەکان: زۆرجار لەو کۆمەڵگەیانەی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان ئەنجام ئەدرێت پاساوی جۆر بەجۆریان بۆ دەهێنرێنەوە، وەک پیاوسالاری و جیاکاری جێندەریی و بەکەم سەیرکردنی منداڵان و بڕوانەکردن بە منداڵان بەتایبەت ڕەگەزی مێ، کە قوربانی ڕاستەقینەی تاوانە سێکسییەکانن.


گرنگی پاراستن:

پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی سێکسی و ناچارکردنیان، بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە کە پێویستی بە هاوکاری دایک و باوک و قوتابخانە و کۆمەڵگا هەیە، پێویستە دامەزراوە پەروەردەییەکان لە پێشەنگی هەوڵەکان بن بۆ پاراستنی منداڵان لەم پێشێلکاریانە، بۆیە لێرەدا بەشێک لەو ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیانە دەخەینە ڕوو:


ڕۆڵی خێزان

خێزان هێڵی یەکەمی پاراستنی منداڵانە، پێویستە دایک و باوک فێربن چۆن نیشانەکانی مەترسی لەسەر منداڵەکانیان بناسنەوە و چۆن پەیوەندی لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن سەبارەت بە توندوتیژی سێکسی بە ئاشکرا و ڕاستگۆیانە. گرنگە منداڵان هەست بە سەلامەتی بکەن لە ماڵەکانیاندا بۆ ئەوەی بتوانن هەر بارودۆخێکی ناڕەحەت بە دایک و باوکیان بڵێن.

ڕۆڵی قوتابخانەکان

قوتابخانەکان دەبێ ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە پەروەردەکردنی منداڵان سەبارەت بە مافەکانیان،پەرە بە بەرنامەکانی هۆشیاری و ڕێنماییە تایبەتەکان بەم بابەتە بدەن، وەک:

وۆرکشۆپی پەروەردەیی: بە ئامانجی ئاشناکردنی منداڵان بە چەمکەکانی سەلامەتی کەسی.

ڕێنماییەکانی پەروەردەی سێکسی: ئەو ڕێنماییانەی یارمەتی منداڵان دەدەن لە سنووری کەسیی و جەستەی خۆیان تێبگەن وفێرببن چۆن خۆیان بپارێزن.

ستراتیژییەکانی پاراستن

بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی منداڵان، دەتوانرێت ئەم ستراتیژانەی خوارەوە پەیڕەو بکرێت:

پەروەردە و هۆشیاری: مەنهەجی قوتابخانە پێویستە زانیاری لەسەر مافەکانی منداڵان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە مەترسیدارەکان لەخۆبگرێت.

دروستکردنی ژینگەی سەلامەت: پێویستە سیاسەتی تۆکمەی پاراستنی منداڵان لە قوتابخانەکاندا هەبێت.

هاوکاری کۆمەڵگە: پێویستە قوتابخانەکان هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی و سەرچاوەی پێویست.

پشتگیری دەروونی

گرنگە لەوە تێبگەین کە ئەو منداڵانەی کە تووشی توندوتیژی سێکسی بوون پێویستیان بە پشتیوانی دەروونی بەردەوام هەیە. پێویستە خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانی دەروونی لە قوتابخانەکان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان بەردەست بن بۆ یارمەتیدانی منداڵان بۆ چاکبوونەوە لەو زەبر و زەنگەی کە تووشی بوون.

گرنگی نامیلکەی هۆشیارکردنەوە، نامیلکەی (هەموو باوەشپێداکردنێک خۆشەویستی نییە) وەک نمونە:

ناوەڕۆکی نامیلکەکە، لەدووبەشی سەرەکی پێک دێت، بەشێ یەکەمیان ڕێنمایی بۆ گەورەکانە(دایک و باوکان) و مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی.

ئەم بەشە لە شانزە ڕێسای گرنگ پێکهاتووە، کە نووسەر وەک بنەمایەکی سەرەتایی بۆ ئاشناکردنی گەورەکان ئەوانەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ منداڵاندا هەیە لە ناوەندە جۆربەجۆرەکاندا ئاڕاستە کردووە، هەریەک لەو ڕێسایانە لە بابەتێک دەدوێت کە پێویستە گەوران لیی بەئاگا بن، لەوانە بۆ نمونە، هەموو کەس بەرپرسە بەرامبەر بە ڕێساکان و پێویستە بە بەرپرسیارێتیەوە ڕەفتار لەگەڵ بابەتەکەدا بکرێت، واتا هیچ بیانوو پاساوێک نییە بۆ خۆ بواردن لەم پابەندبووانە، توندوتیژی تاوانەو هەر کارێکی ناچارکردن یان هەڵخەڵەتاندن یان دەستدرێژی سێکسیی بەتایبەت بۆ سەر منداڵان دەبێت وەک تاوان ببینرێت، چونکە ئازاردانێکی ڕوحی و جەستەیی و دەروونی لێ دەکەوێتەوە، لەبەرامبەر ئەمەشدا منداڵان تاوانیان نییە، بەڵکو تاوانیان بەرامبەر ئەنجام ئەدرێت، نابێت لەکاتی دووچاربوونی منداڵان بەو بەرکەوتنە ئازارە دەستدرێژیکردنەسەرە وەک تاوانبار تەماشا نکرێت، گرنگە گەوران منداڵان ناچار نەکەن بە قسەکردن و دەبێت بە متمانەوە لە منداڵ بڕوانرێت و گوێی لێ بگیرێت و نهێنی کەیسەکانیان بپارێزرێت، گرنگە گەوران تایبەتمەندی منداڵان لەبەرچاو بگرن، جەستەیان لەبەرچاوی منداڵاندا دەرنەخەن، جنێوو وتەی سێکسی بەکار نەهێنن ، بێ پرسکردنی مندال منداڵان لەباوەش نەکەن و نەیانخەنە سەرکۆشیان و دەست لەجەستەیان نەدەن.

ئەمانەو سەرجەم رێساکان ڕونکراونەتەوە بە شێوەی وێنەدار و شێوازێکی ئاسان و تێگەیشتراو کە هەموو کەسێک بە جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری لیی تێبگات.

بەشی دووەم، کە تایبەتە بە ڕێنمایی و هۆشیارکردنەوەی خودی منداڵان:

گرنگی ئەم بەشە، ئەوەیە کە لەگەڵ خودی منداڵاندا دەدوێت، بەشیوەی کارلێک و تێگەیشتنی خودی ئەو ڕیسایانە بە مندالان ئاشنا دەکات لە ڕیی ڕێنماییکار یان پەروەردەکارانەوە کە پێویستە منداڵان بە پێی قۆناغ و ئاستی تەمەنی خۆیان بیزانن، هەندێک لەم رێسایانە بە شیوەی کرداری و بە ئەنجامدانی وێنە و ناساندنی بەشەکانی جەستە منداڵان ئاشنای جەستەیان دەبن و لەوە تێدەگەن کە چ بەش و شوینێکی جەستەیان مافی کەس نییە دەستیان لێ بدات یان ناچاربکرێن کەدەست لەو بەشانەی جەستەی کەسی تر بدەن لە خۆیان گەورەتر بێت یان هاوتەمەن بن، منداڵان فێری ئەوەدەبن کەی بڵین نەخێر و چۆن بڵێن نەخێر و چۆن لە هەڵوێستە نەگونجاوو گوماناوییەکاندا ئەوانی تر ئاگادار بکەنەوەو داوای یارمەتی و پاراستنی خۆیان بکەن.

لە کۆتایدا جارێکی تر ئەوە دەخەینە ڕوو کە هەموو باوەشکردنەکان خۆشەویستی نین و دەبێت ئاگاداری ئەو مەترسیانە بین کە منداڵان لە ژینگە جیاوازەکانیاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی سێکسی و ئیستغلالکردنی سێکسی بەرپرسیارێتییەکی دەستەجەمعییە کە پێویستی بە هاوکاری هەموو لایەک هەیە، لە ڕێگەی پەروەردە و هۆشیاری و دروستکردنی ژینگەی سەلامەتەوە دەتوانین یارمەتیدەر بین لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەک کە منداڵان بپارێزێت و کەسێتیان بەرەوپێش ببات.

لینکی چاوپێکەوتنی مامۆستا مەحمود لەسەر کتێبەکەم لە کوردسات

https://youtu.be/ekXn8OsCN8k?feature=shared


Comments

Popular posts from this blog

گرفتی ژن ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ نییه ‌

بۆ دەیەمین ساڵیادی بوونی بلۆگەکەم؛ کۆبونەوە لە نوسین واتە دورکەوتنەوەی خوێنەر لێی