بێوه‌ژنیش ژنه
بێوه‌ژنیش ژنه
تانیا كورد میرزا
ماسته‌ر له‌یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، راهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان
به‌ده‌ر له‌و قسه‌كردنه له‌قاڵبدراوانه‌ی كه له هه‌شتی مارچدا له‌سه‌ر ژنان ده‌كرێن ده‌بێت ده‌رگا به‌ڕووی هه‌ندێك بابه‌تیتردا بكرێنه‌وه كه هه‌تا ئێستا به ده‌گمه‌ن نه‌بێت سه‌ریان هه‌ڵنه‌دراوه‌ته‌وه. ساڵی پار به بۆنه‌ی هه‌شتی مارچ و خه‌باتی به‌رده‌وامی ژنانه‌وه بۆ گه‌شتن به مافی زیاتر قسه‌م له‌سه‌ر یاسای سوڕی خوێنی مانگانه كرد و، له هه‌مه‌لایه‌نه‌وه ئه‌م بابه‌ته‌م باسكرد، ئه‌مساڵیش قسه له‌سه‌ر وشه‌ی (بێوه‌ژن) و هه‌موو بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌م وشه‌یه‌وه ده‌كه‌م.
جێگه‌ی خۆیه‌تی به‌رله‌وه‌ی بچمه ناو باسه‌كه‌مه‌وه بڵێم، وه‌ك ژنێكی پسپۆڕ له بواری یاسادا باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه كه قسه‌كردن هیچكاتێك به‌ته‌نیا ناتوانێت دۆخی ژنان له قۆناغێكه‌وه بباته قۆناغێكی باشتر ئه‌گه‌ر قسه‌كان و، پێشنیاره‌كان نه‌كرێنه پڕۆژه‌یاسا و دواتر هه‌وڵنه‌درێت بۆ به‌یاسا كردنیان. ئه‌وه باش ده‌زانم، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانم كه له كوردستاندا وه‌ك وڵاتانی‌تری دراوسێی بواری هه‌نگاو هاویشتن له بواری یاسادا به‌تایبه‌ت له بواری مافه‌كانی ژنان هه‌نگاوی سه‌ربه‌خۆنین وه‌ك وڵاتانی ڕۆژئاوا، بگره ده‌ست و پێ به پێوه‌نده، وێڕای ئه‌مه‌ش ناكرێت به‌م بیانوه‌وه بێده‌نگ بین و هیچ نه‌ڵێین.
وشه‌ی (بێوه‌ژن) له زمانی كوردیدا وه‌ك خۆی، ئه‌گه‌ر له هه‌موو لێكه‌وته و نیازی گۆكه‌ره‌كانی دایبڕین وشه‌یه‌كه ئه‌گه‌ر ئاساییش نه‌بێت كاتێك كه به پێوه‌ری جیاكاری ڕه‌گه‌زی و فێمێنیزم ده‌یپپێویت به‌ڵام هه‌ڵه‌ش نییه له‌ڕوی زمانه‌وانیه‌وه. گه‌رچی له‌بری وشه‌ی بێوه‌ژن ڕاستتر بوو ژنی بێپیاو، ژنی مێردمردوو، ژنی جیابوه‌وه و دایكی ته‌نیا به‌كاربهاتایه نه‌وه‌ك بێوه‌ژن، ناچمه سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م وشه‌یه له كوێوه هاتووه و له‌ڕوی زمانه‌وه بۆچی ژن پێشگری (بێوه)ی پێوه‌كراوه، به‌ڵام قسه له‌سه‌ر لێكه‌وته‌كانی ئه‌م وشه‌یه ده‌كه‌م له‌ناو كۆمه‌ڵدا.
له فۆلكلۆر و گۆرانی و په‌ندی كوردیدا وشه‌ی بێوه‌ژن بۆ سوكایه‌تی كردن به‌ژن، دابڕینی له ژنه‌كانی هاوڕێی كه مێردیان هه‌یه، یان كه كچن به‌كارهاتووه و، وه‌ك وشه‌یه‌كی ئاسایی كه پێناسه‌ی دۆخێكی تایبه‌تی ژنان ده‌كات به‌كارنه‌هاتووه، بڕوانه (بێوه‌ژنه، چاوبازه، مه‌كربازه و عه‌یاره.) (بێوه‌ژنه و به‌دڵی منه و، بێوه بێوه بێوه‌ژنه لیو لیو لیو)(بێوه‌ژنه و ده‌ستی دووه) ئه‌مانه و ده‌یان به‌ند و بالۆره‌ی له‌مجۆره كه لیو لیو ده‌كه‌ن بۆ بێوه‌ژن و به چاوباز، مه‌كرباز، عه‌یار و فریوده‌ر و پیاوفڕێنه‌ر ناوی ده‌به‌ن، ئه‌مه له كوێوه هاتووه و بۆ؟ به‌شێكی بۆ ته‌نیاكه‌وتنی ژن ده‌گه‌ڕێته‌وه، كۆمه‌ڵگا كۆنه‌پارێزه‌كان لایان وایه كه ژن به‌ته‌نیا به بوونی پیاوه‌وه ژنه، كه پیاوی نه‌ما ئیتر ده‌بێته (بێوه) و تاك و ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش لای ئه‌وان واته: لاوازبوونی، واته بێكه‌سی و ده‌سته‌وه‌ستانی و لاره‌ملی، واته ئیتر ئه‌و ژنه به‌هه‌موو پیاوێك ده‌ساچێت و ڕازیه، جا با لیو لیویشی لێبكه‌ن! له‌لایه‌كیتره‌وه كۆمه‌ڵگا خه‌وتوه‌كان لایان وایه كه ژنی بێپیاو و مێردمرده هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌زنه له‌سه‌ر ژیان و گیانی ژنه‌كانیتر كه پیاویان هه‌یه. ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه له‌گه‌ڵ ته‌نیاكه‌وتنی ژنێكدا ئیتر له‌رز دایان ده‌گرێت و سێبه‌ڕۆده‌یانگرێت چونكه ژنێك هه‌یه ئازاده، ژنێك هه‌یه له‌ولاوه كه خۆی گه‌وره‌ی خۆیه‌تی، كه خۆی به‌خێوكه‌ری منداڵه‌كانیه‌تی ئه‌مه‌ش یانی مه‌ترسی بۆسه‌ر كۆی سیستمه‌كه كه سیستمی پیاوسالاریه.
له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه كاتێك كه ژنێكی ته‌نیا، ژنێكی مێردمرده یان جیابوه‌وه مێرد ده‌كاته‌وه خه‌ڵك به چاوێكی سوك و پله‌یه‌كی كه‌مه‌وه لێی ده‌ڕوانن و ده‌ڵێن :(كێی هێناوه قابیله خۆ كچۆڵه‌ی نه‌هێناوه، بێوه‌ژنه لاكه‌وته‌یه‌كی هێناوه، به منداڵیشه!) ژنی ته‌نیا له‌م باره‌دا وه‌ك پله سێی كۆمه‌ڵگاكه سه‌یرده‌كرێت، جارێك ژن بووه كه پله دوو بوه و، پله‌یه‌ك له‌دوای پیاوه‌كانه‌وه بووه، ئێستاش بوه‌ته ژنێكی بێپیاو واته په‌له‌یه‌ك خوارتر! زۆرێك هۆكاری ئه‌م پۆلێنه ناشارستانیه و ئه‌م جیاكاریه بۆ ئه‌وه ده‌گێڕنه‌وه كه ژنی ته‌نیا له‌مكاته‌دا ژنێكی بێپه‌رده‌یه، به‌ڵام به‌ڕای من ئه‌مه هۆكاری سه‌ره‌كی نییه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هۆكاریش بێت هه‌ر هۆكارنییه، چونكه ژنی مێردداریش كاتێك كه لای پیاوه ئیتر په‌رده‌ی نییه به‌ڵام هه‌ر له پله دوویدا ده‌مێنێته‌وه و، نایخه‌نه پله‌ی سێیه‌مه‌وه. ئه‌ی هۆكار چییه؟
ژنی بێپیاو ژنێكی سه‌ربه‌خۆیه ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا له كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتوه‌كان وه‌ك به‌ره‌ڵایی ناوده‌برێت نه‌وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌مه ترسێكی گه‌وره ده‌خاته دڵی خه‌ڵكیه‌وه. ژنی بێپیاو جا مێردی مردبێت یان جیابوبێته‌وه ئه‌زمونێكی له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خۆی، له‌گه‌ڵ پیاو و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریدا هه‌یه ئه‌مه‌ش هیچ كاتێك له كۆمه‌ڵگای پیاوسالاردا جێگه‌ی پیاهه‌ڵدانییه و خاڵێكی ئه‌رێنیش نییه بگره هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر كۆی سیسمی پیاوسالاری.
وشه‌ی (بێوه‌ژن) به‌ته‌نیا وه‌سفی دۆخێكی تایبه‌ت ده‌كات نه‌وه‌ك پێناسه‌ی كاراكته‌ری ژن، هه‌ڵه‌كه له‌وێدایه كه ئه‌م وشه‌یه وه‌ك پێناسه‌ی كاراكته‌ری ژن به‌كاردێت. له زمانه‌كانی تریشدا وشه‌یه هه‌یه بۆ ژنێك كه جیا ده‌بێته‌وه یان مێردی ده‌مرێت وه‌ك چۆن بۆ پیاویش هه‌یه، به‌ڵام هیچكه‌س وه‌ك سوكایه‌تی، وه‌ك پێناسه‌كردنی پێگه‌ی ژن، وه‌ك دارده‌ستێك بۆ جیاكاری به‌رامبه‌ر به‌ژن یان پیاو ئه‌م وشه‌یه به‌كارناهێنێت. ژنه ته‌نیاكان چ جیابوبنه‌وه یان مێردیان مردبێت له كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتوه‌كاندا باجێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری و ته‌نانه‌ت یاسایش ده‌ده‌ن، بۆ؟ چونكه كۆمه‌ڵگا وه‌های تێگه‌یاندون كه ئه‌مان پله‌یه‌ك له كچێك یان ژنێكی مێرددار نزمترن. ژنه ته‌نیاكان كاتێك مێردده‌كه‌نه‌وه یان خۆیان ماره‌یی و زێڕ، خانوو و ناوماڵ و زه‌ماوه‌ند داواناكه‌ن، یانی ئه‌گه‌ر داواشی بكه‌ن پیاو بۆیان ناكات، له باری یه‌كه‌مدا چونكه ژنه‌كه پێی شوره‌ییه داوای بكات (حاڵی كراوه كه ئه‌م شایه‌نی ئه‌وه‌نییه، چونكه كچ نییه) له‌باری دوه‌میشدا پیاوه‌كه و ماڵی باوكی به شیاوی ئه‌وه‌ی نازانن چونكه كچ نییه، هه‌ر ئه‌وه‌ش نا ئه‌و پیاوانه‌ی كه ژنی ته‌نیا ده‌هێنن ئه‌گه‌ر منداڵ له‌و ژنانه دروستنه‌كه‌ن به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت خانوو، موڵك و سه‌روه‌ت به‌ناوی خۆیان و ژنه‌كه‌یانه‌وه ناكه‌ن ئه‌گه‌ر بیشیكڕن به‌ناوی براو براژن و برازا، دایك و باوكیانه‌وه ده‌یكه‌ن! پیاو له‌مباره‌دا سه‌ربه‌خۆ ده‌جوڵێته‌وه، شتێكی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌یدا نییه جگه له سه‌رجێییكردن و ئه‌مه‌ش به ئاشكرا ده‌ڵێن (بێوه‌ژن چاكه هیچ قسه‌ناكات).
پیاوێك كه بێوه‌ژن ده‌هێنێت(ئه‌گه‌ر هاوزمانی خۆی بێت) نابێته مێردی ئه‌و ژنه، ئه‌و هه‌ر كوڕی ماڵی خۆیانه، شوبرای براژنه‌كانیه‌تی، مامی برازاكانی و خاڵی خوشكه‌زاكانیه‌تی، به‌ڵام مێردی ژنه‌كه‌ی خۆی نییه، تاكه شتێك كه له‌ودا گۆڕابێت ئه‌وه‌یه كه شتاتوسی په‌یوه‌ندیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌یدا ناڕونه، كه پاره‌ی په‌رت و بڵاوه و له‌ماڵی باوكی‌دا نه كوڕه‌كه‌ی جارانه نه پیاویشه! له نوكته‌كانیشدا ئه‌م دۆخه زۆر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه كه له‌ڕاستیدا ئه‌وانه نوكته‌نین و گاڵته‌كردنن به ژنی ته‌نیا، به‌ڵام ئه‌مه هیچ له‌وه ناگۆرێت كه ڕاستی تێدایه ئه‌م قسانه له‌نمونه‌ی ئه‌و گاڵته پێكردنانه‌ش به‌ژنی ته‌نیا و به‌و پیاوانه‌ی دروستتر به‌و كوڕانه كه ژنی ته‌نیا ده‌هێننه‌وه ده‌ڵێن :(كوڕێك ئه‌گه‌ر ته‌واو بێت بێوه‌ژن ناهێنێت و كچێك ده‌كاته ژنی خۆی) ئه‌م قسه‌یه كه زۆر دوباره ده‌بێته‌وه جوان رونی ده‌كاته‌وه كه ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه ژنی ته‌نیایان لا كه‌له‌لا، ناته‌واو، لاكه‌وته و كه‌مه بۆیه‌ش ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر كوڕیش بیهێنێت واته كوڕه‌كه‌ش ناته‌واوه جا جه‌سته‌یی بێت یان ده‌رونی یان له‌ڕوی ئابوریه‌وه نه‌داره ده‌نا بێوه‌ژنی نه‌ده‌هێنا!
كورد ده‌مێكه گوتویه‌تی نیوه‌ی سوعبه‌ت ڕاستییه، به‌ڵام ئه‌م گاڵته‌یه نه‌وه‌ك نیوه‌كه‌ی هه‌مووی ڕاستیه، ئاخر پیاوێك ئه‌گه‌ر كامڵ بێت، له‌ڕوی جه‌سته‌یی و ده‌رونیه‌وه ساغبێت بۆچی ده‌بێت ژنێكی ته‌نیا وه‌ك لاكه‌وته و كه‌م سه‌یربكات و به‌ئه‌ندازه‌ی كچێك كه‌مێرد ده‌كات ڕێزی لێنه‌نێت؟ به‌ڵێ پیاوێكی له‌وجۆره‌ی سه‌ره‌وه كه باسكم كرد ته‌واونییه، ئه‌و ناته‌واوه چونكه خۆی به هاوشانی ژنێكی خاوه‌ن ئه‌زمون، ژنێكی به‌هێز و دایكێكی باش ده‌زانێت، نه‌وه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی خانمێكی ته‌نیای هێناوه. ژنی ته‌نیاش وه‌ك كچ و وه‌ك ژنی مێرددار ژنه، بگره له‌ڕوی ئه‌زمون و توانا و بڕوابه‌خۆبونیشیه‌وه چه‌ند پله‌كانه‌یه‌ك له‌پێشه‌وه‌یه، بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ش سه‌یربكه‌ن بزانن ژنی ته‌نیا هه‌ركات زانی په‌ته‌كه له ملی نزیكبوه‌ته‌وه چۆن گورج ده‌ست ده‌داته مقسه‌ته‌كه و ده‌یبڕێت.
ماوه‌ته‌وه تۆی ژن ڕێز له‌خۆت بگریت، مه‌رجت بۆ هاوسه‌رگیری و پێكه‌وه‌ژیان ئه‌وه‌بێت كه ئه‌زمونت، به‌هێزیت، ژماره‌ی ئه‌و (نا)یانه‌ی كه گوتووته و داوتن به‌ڕوی پیاوسالاری و دواكه‌وتویدا له‌به‌رچاو بگیرێن و ڕێزیان لێبگیرێت و ده‌ست به‌سنگیانه‌وه بگرن بۆت، ئه‌گه‌ر نا با بۆره نه‌بێت و بازه بێت، ئه‌گه‌ر نا جارێكی‌تر، دوانیتر، ده‌یتر بڵێ نا، ئه‌مجاره به‌رزتر له‌جاره‌كانیتر بڵێ نا، زۆر به‌رزتر.
Comments
Post a Comment