بڕیاره‌ هه‌ڵه‌كه‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان له‌ لاهای

بڕیاره‌ هه‌ڵه‌كه‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان له‌ لاهای


تانیا كورد میرزا

ماسته‌ر له‌ یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، ڕاهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان


پاشنیوه‌ڕۆی هه‌ینی ٥ ی فێبریوه‌ری ٢٠٢١ دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان له‌ هه‌یگ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ‌بڕیاریدا كه‌: “فه‌له‌ستین وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی له‌ڕوانگه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ سه‌یربكرێت، ئه‌و ناوچانه‌ی هه‌رێمی غه‌زه‌ و زه‌فه‌ی غه‌ربیش كه‌ له‌ماوه‌ی شه‌ڕی شه‌ش ڕۆژه‌ی ساڵی ١٩٦٧ خراونه‌ته‌ سه‌ر ئیسرائیل به‌شێكن له‌وڵاتی فه‌له‌ستین.”

بڕیاره‌كه‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان هه‌ڵه‌ی یاسایی به‌گوێره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی تێدایه‌، كه‌ ده‌بوو دادگای ناوبراو زیاتر خۆی ماندوبكردایه‌ و نه‌كه‌وتایه‌ته‌ هه‌ڵه‌ی له‌مجۆره‌وه‌.



یه‌كه‌م؛ فه‌له‌ستین وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ

بونی وڵات به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ بونی كۆمه‌ڵێك مه‌رجی سه‌ره‌كی و كۆمه‌ڵێكیتریش وه‌ك هی لاوه‌كی، ده‌بێت مه‌رجه‌ سه‌ره‌كیه‌كان ئاماده‌بن بۆ بونی هه‌ر وڵاتێك. كه‌ خۆیان له‌: ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو، دانیشتوان، سیاده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ چ به‌گوێره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی چ له‌ڕوی ناوخۆییه‌وه‌ كه‌ خۆی‌ له‌ هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریدا ده‌بینێته‌وه‌. مه‌رجی سێیه‌میان “سیاده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ”گرنگترینیانه‌ بۆ بونی وڵاتێك . ده‌بێت وڵات توانای ڕێخستنی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و دنیادا هه‌بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ وڵاتێكیتر ده‌ستوه‌ربداته‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یه‌وه‌، به‌بێئه‌وه‌ی پاشكۆی هیچ وڵاتێكیتر بێت. له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش ده‌بێت هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ سه‌ربه‌خۆبن و توانای به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی خۆیان هه‌بێت به‌سه‌ر دانیشتوانی ناوچه‌كه‌یانداكه‌. 

فه‌له‌ستین له‌هه‌رسێ ڕوه‌كه‌وه‌ ناتوانرێت وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سیاده‌ سه‌یربكرێت، هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه‌ش نابێت وه‌ك ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ناوببرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ دژ به‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تی و تیۆره‌كه‌ی جۆرج ێنلیك ده‌وه‌ستێته‌وه‌!


دووه‌م؛ فه‌له‌ستین وه‌ك ئه‌ندام له‌ دادگای نێوده‌وله‌تی تاوانه‌كان

فه‌له‌ستین له‌ ساڵی 2005  ه‌وه‌ ئه‌ندامه‌ له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ له‌خۆیدا هه‌ڵه‌یه‌كیتره‌. ئه‌ندامیه‌تی ته‌نها بۆ وڵاتانی خاوه‌ن سه‌روه‌ریه‌، كه‌ فه‌له‌ستین ناچێته‌ ناو ئه‌م چوارچێوه‌یه‌وه‌. دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان لایه‌نی به‌رپرسه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانی جه‌نگ كه‌ له‌هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی ئه‌ندام له‌ دادگاكه‌دا ڕوده‌دات، ئه‌مه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ مه‌رجی ئه‌ندامیه‌تی ئه‌و وڵاته‌ له‌ دادگاكه‌دا. ئه‌ی ئه‌گه‌ر مه‌رجی به‌شداری/ ئه‌ندامیه‌تی هه‌بوو به‌بێ بوونی مه‌رجی ده‌وڵه‌ت؟ 

لێره‌دا داگاكه‌ دژ به‌خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه‌، چونكه‌ مه‌رجی به‌شداری ته‌نیا بۆ وڵات داناوه‌، به‌دیوێكیتردا ته‌نیا ئه‌ندامیه‌تی لایه‌نێك له‌ دادگاكه‌دا، دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان ناكاته‌‌ لایه‌نی به‌رپرس بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی جه‌نگ.


سێیه‌م؛ ئیسرائیل وه‌ك وڵاتێكی نائه‌ندام له‌ دادگای نێو‌ده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان

ئیسرائیل ئه‌ندام نییه‌ له‌ دادگای ناوبراودا، هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌ش ئیسرائیل ناچارنییه‌ به‌ پابه‌ندبون به‌ هیچ بڕیارێكی ئه‌و دادگایه‌وه‌.


له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان بڕیارێكی هه‌ڵه‌یه‌ به‌گوێره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی. بڕیاره‌كه‌ جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی فه‌له‌ستینیه‌كان بوو وه‌ پێشوازیان لێكرد، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ وڵاتنی ئه‌وروپا به‌هه‌ڵه‌یه‌كی یاساییان ناویان برد و پاساویشیان ئه‌وه‌بوو كه‌ ناكرێت فه‌له‌ستین وه‌ك ده‌وڵه‌ت ناوببرێت و بناسرێنرێت له‌كاتێكدا كه‌ به‌پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌وڵه‌ت نییه‌. 


Comments

Popular posts from this blog

نوسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ ژنێكی شاعیره‌

هه‌موو باوه‌ش پێداكردنێك خۆشه‌ویستی نییه‌