براوەکانی باکووری سووریا



 براوەکانی باکووری سووریا
تانیا کورد میرزا
ماسته‌ر له‌ یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، ڕاهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان

پاش لەشکرکێشی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان “باکووری سوریا” و تێپەڕینی چەند ڕۆژێک بەسەر هێرشی سوپای تورکیا و بەرگری هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەڕوانگەی بێپشتیوانی کوردەوە لەلایەک و نابەرابەری هێز و چەک لەلایەکیترەوە، کورد وەک بژاردەیەکی ناچاری چووە ناو یاریەکەوە کە چەند دەرئەنجامێکی دوور مەودا و نزیکی لێدەکەوێتەوە.
ڕێککەوتنی کورد لەگەڵ رژێمی ئەسەد بووە هۆی تێکەڵکردنی زیاتری کارتەکان لە سوریادا، بەجۆرێک بێجگە لە ئاڵۆزی ناوچەکە و بەرژەوەندی زلهێزەکان ئەم “ڕێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن”ەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ڕژێمی سوریا زیاتر پێشبینی دۆخەکەی لێڵ کردووە.
 بەخۆ دزینەوە لە پرسیاری “ بۆچی کورد لە سوریا ئەم لێتێگەیشتنەیان  واژۆ کرد؟” دەبێت ڕوناکی بخرێتە سەر بەشی لایەنەکان؛
 هەریەک لە تورکیا، ڕژێمی ئەسەد، ڕوسیا و ئەمریکاش بە بڕ و شێوەی جیاجیا  سوودمەند دەبن.
ئەردۆغان ئەوەی کە پلانی بۆدانابوو گەرچی وادیارە هەمووی بۆناچێتە سەر بەڵام بەشێکی دەگەیەنێتە ئەنجام، بەمەش جارێکیتر زۆرینە لەتورکیادا دەهێنێتەوە پشت خۆی و ئەگەری بردنەوەی هەڵبژاردنی داهاتووش، هەر لە ئێستەوە ڕەنگە مسۆگەر بکات. ئەوە بێجگەلەوەی ئەو ژمارە پەنابەرە سوریەی کە وەک کارت لەبن دەستیدان، بەجۆرێکیتر لەبەرژەوەندی خۆیی و دژ بە کورد بەڕێکخراوی بەکاریان دەهێنێت.
هەرچی ڕوسیایە هەیمەنەی زیاتری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەپێنێت و جارێکیتر وەک عەرابی چارەسەری کێشە ئاڵۆزە سیاسیەکان دێتەوە مەیدان و تەکانێکێکیش ئەمریکا دەداتە دواوە.
ئەمریکاش لەڕووی مادییەوە بە خەرج نەکردنی چیتری پارە لە سووریادا براوە دەبێت و هەروەها بە لەدەستنەدانی سەربازی ئەمرکیتر، کە ئەمە یەک لە بەڵێنەکانی تڕەمپ بووە بە گەلی ئەمریکا.
ئەگەر بگەڕێینەوە دواوە زلهێزەکانی جیهان بە گوێرەی بەرژەوەندی وڵاتانی خۆیان دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دەستکاری کردووە و کارتیان بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆیان جوڵاندووە، ئەوەش کە ترەمپ لە سیاسییەکانی بەرلەخۆی جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە ؛ لەتەک بەرژەوەندی ئەمریکادا بەرژەوەندی شەخسی خۆشی وەک سەرۆک هێناوەتە پێشەوە.
ئەمریکا چیتر نایەوێت کورد وەک منداڵێکی ناکامڵ بپارێزێت و پارەی تێدا خەرج بکات. بەکورتی دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ لایەنە کێشەدارەکان بەجێبهێڵێت و شتێکیشی لێوەی دەستبکەوێت، نەوەک چیتر پارەی تێدا خەرج بکات!

ڕۆڵ و بەرژەوەندی ڕژێمی سوریا لەکوێدایە؟

لەپاش واژۆکردنی ئەو  “لێکتێگەیشتن” ەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕژێمی سوریا، بەرژوەندیەکانی ڕژێم و ترسی کورد گەڵاڵە بوون، گەرچی بەرلەم لێکتێگەیشتنەش هەر بوونیان هەبوو بەڵام بەجۆرێکیتر.
یەک لەکێشەکانی کورد بەدرێژایی مێژوو ئەوە بووە کە هەرگیز لە لووتکەی هێزیاندا لەگەڵ نەیار و دوژمنەکانیان پێک نەهاتوون لەسەر خاڵە ناکۆکەکانیان، بەڵام لە لاوازیاندا و ڕێک لەکاتەدا کە کەوتونەتە لێواری کەوتن دەچنە ناو یارییەکەوە، کە لەڕووی سیاسیەوە هەڵەیەکی گەورەیە بە “ڕێککەوتن” ناوبنرێت.
ئەگەر لەبەهێزیدا پارتێک بچێتە ناو ڕێککەوتنەوە لەگەڵ نەیارەکەیدا واتە؛ پەنایبردوەتە بەر چارەسەری سیاسی بۆ کێشەکانی و گەمەیەکی سیاسی و دیبلۆماسی دەکات لەبری بژاردەی جەنگ.
ڕێککەوتن لەنێوان دولایەندا یان زیاتر دەبێت مەرجی ئەوەی تێدابێت کە؛
لایەنە ڕێککەوتوەکان بە ئەندازەی یەک یانیش نزیک لەیەک تەنازول بکەن و وەریش بگرن لەیەکتر.
لایەنەکان بە گەرەنتی هێزیتر و بە ناوبژی و شاهیدی ئەوان بچنە ناو ڕێککەوتنەوە و لەئەگەری جێبەجێنەکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەشدا هەنگاوەکانی پاش ئەوە ڕوون کرابێتەوە.
بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنەی کورد لە سوریا هیچکام لەم خاڵانەی تێدا نییە. کورد لەوێ لە تەنیاییەکی تەواو، لە شەڕێکی گەورەدا بووە کە چوەتە ناو “ڕێککەوتن” ەوە لەگەڵ سوپای سوریادا و ئەوەشی کە بۆ ڕای گشتی هەتا ئێستا ڕوونە، تەنیا ڕێککەوتنی سەربازییە لەسەر بڵاوەپێکردنی سوپای سوریا لەسەر سنوری سوریا-ـ تورکیا و بەرەنگاربونەوەی سوپای تورکیا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات لەژێر ئاڵای ڕژێمی سوریادا وە دڵنیاکردنەوەی ڕژێمی ئەسەد بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.
لە دۆخێکی لەم جۆرەدا ئەوەی براوە دەبێت لەم ڕێککەوتنەدا سوپای سوریایە بە وەرگرتنەوەی ناوچە کوردنشینەکان لە باکوری سوریادا و بڵاوەکردنی سوپاکەی، بە دوورخستنەوەی ئیدارەی زاتی کورد  لە سوریادا.
هەرچی بەشی کوردە ناڕوونە چونکە پاش هێوربونەوەی دۆخەکە گوایا ڕێککەوتنی سیاسی دەکرێت لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی ئەو ناوچانە، کە هەر لەخۆیدا ئەم دەستەواژە لاستیکیە ئەوەندەی تر ترس لە ئەزمونی “ڕۆژئاوا” گەورەتر دەکات. وەک هەمیشە لایەنی بێپەنا و لاواز مەرج ناسەپێنێت، بەڵکو مەرجی بەسەردا دەسەپێنرێت، ناچێتە ناو ڕێککەوتنەوە و ڕێککەوتنی پێدەکرێت.
بەکارهێنانی کورد لەناو سوپای سوریادا لەبەرژەوەندی سوریا و ڕژێمەکەی، لەدەستدانی زۆرێک لەوناوچانەی کە لەبندەستیدا بوون و ئیدارەی دەکردن لە خراپترین ئەگەرەکانن.
هەرچی کاریگەری ئەو سزا ئابوریانەشە کە ئەمریکا دەیخاتە سەر تورکیا، جگە لە ڕێگەیەک بۆ هێورکردنەوەی گۆنگرێس و ڕازیکردنی ناڕازیەکان لە کشانەوەی ئەمریکا لە باکوری سوریا کاریگەریەکی ئەوتۆیان نابێت لە کشانەوەی سوپای تورکیا و گۆڕینی ئەگەرەکانی بە قازانجی کورد.
ڕێگای گەیشتن بە ئیدارەیەکی سەربەخۆ بۆ کورد لە سوریا دوورتر و سەختتر بوو، بەڵام مادەم رێگایەک بوونی هەبێت، دوور یان نزیک گەیشتن ئامانجی ڕێبوارەکانی دەبێت.






Comments

Popular posts from this blog

هه‌موو باوه‌ش پێداكردنێك خۆشه‌ویستی نییه‌

جێنده‌ر؟ نه‌خێر سوپاس