کێبەرکێکی ئەمریکا و ئێران لەسەر خاکی عێراق


کێبەرکێکی ئەمریکا و ئێران لەسەر خاکی عێراق
ناڕەزایەتیەکان لە عێراقدا بەرەو کوێ؟ 
وێنەی خۆپیشاندەرانی عێراق؛ لە ئەلروبایەوە وەرگیرا 
تانیا کورد میرزا
ماسته‌ر له‌ یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، راهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان

عێراقێکی وابەستە بە 
وڵاتانی دراوسێیەوە لەڕووی سیاسی و ئابووریەوە و بەڕێوەبردنی لەلایەن سەرکردەگەلی قوڕمیشکراوی وڵاتانەوە، دەخوازێت پاڵنەرە دەرەکیەکان لەکاتی شیکردنەوەی دۆخێکیدا بە وردی باس بکرێن. بەڵام دروستتر لەمە ئەوەیە، سەرەتا ئاماژە بەو هۆکارە بکرێت کە وا دەکات بە ئاسانی کاریگەری دەرەکی خەڵک لە هێلانەکانیان بهێنێتە دەرەوە و بیانباتە سەر شەقامەکان، ئەوانیش  پاڵنەرە ناوخۆییەکانن کە خۆیان لە داواکاریە سەرەتاییە ڕەواکانی وەک؛ ئاو، کارەبا و ڕەخساندنی هەلی کار و دامەزراندن و ئەمن و ئاسایشدا دەبیننەوە.
باسکردنی ئەم هۆکار و پاڵنەرە ئاساییە ناوخۆییانە وەک پاڵنەرێکی ڕوکەش و هاکەزایی لەخۆیدا بە بیانووی گومانکردن لە ئاستی هۆشیاری و پێشکەوتنی کۆمەڵگای عێراقی بەشێوەیەکی گشتی، هەڵەیە. ئەوەی کە زۆرینەی دانیشتوانی عێراق نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە بپەرژێنە سەر شەڕکردن بۆ مافەکانی خۆیان و بەرژەوەندی خۆیان بەر لە هی مەرجەع و حیزبەکانیان ببیننەوە، تەواو بۆچونێکی دروستە، نەوەک هەر بۆ عێراق بگرە بۆ زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش. بەڵام نابێت ئەوەش لەبیربکرێت کە دۆخی دەستەجەمع خەڵکیش هەم قابیلی گۆڕانە هەم کاتیشە. بەکورتی گەلان هەتا ئەوکاتە ئەرێ بۆ حیزبە گەندەڵەکانیان دەکەن و چەپڵەیان بۆ دەکوتن کە خۆشیان بەشێک بن لە بخۆ و ببڕە، کاتێک بەشەکەی ئەمان وێڕای بەشداریان لە گەندەڵیدا زۆر لاسەنگ دەبێت لەگەڵ سەردارەکانیان، ئیتر خۆیان وەک بەشخوراوێک دێتە بەرچاو و لەشوێنێکدا بەڕوویدا دەتەقنەوە. دروست وەک ئەوەی لە عێراقدا تاوناتاوێک سەرهەڵدەدات و پاش چەند ڕۆژێک کپ دەبێتەوە، دروستتر بڵێم کپ دەکرێتەوە.
 بەڵێ ئەم زۆرینەیە ئاستی هۆشیاریەکەی یەکجار سنوردارە و لە ئاستێکی نزمدایە(لە هەڵبژاردنەکاندا ئەمە بەجوانی خۆی دەیسەلمێنێت بە هەڵبژاردنی کاندیدی دڵخوازیان)، بەڵام مانای ئەوەنییە ئەم ناهۆشیارە ڕۆژێک ناتەقێتەوە، بگرە تەقینەوەی ناهۆشیار و ناحاڵیەکان مەترسیدارترە بۆسەر کۆی دەسەڵات و ئاسایش وەک لە هی زۆرینەیەکی بەئاگا.
 هۆکارە دەرەکیەکان
عێراق  وەک ئەو پۆپێتەی کە زیاد لە خاوەنێکی هەیە، زیاد لە کەسێک پەتەکانی ئەم پۆپێتەیان بەدەستەوەیە و لەپشتی پەردەی شانۆکەوە بەردەوام بەوجۆرە دەیجوڵێنن کە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا دەگونجێت. ئەم بوکەڵەیە بەهۆی زۆری جوڵەپێکەرەوەکانیەوە هەمیشە لاسەنگ دەجوڵێت، هەر وڵاتێک لەوانەی کە پەتەکانیان بەدەستەوەیە بەلایەکدا دەیجوڵێنێت کە دەبێتە هۆی ناڕێکی لە لاکەیتریدا. هەرئەمەش وایکردووە وەک وڵاتێک دەربکەوێت کە سنوری نائارامیەکەی لە سەرجەم بوارەکاندا ڕوون بێت بەڵام هی ئارامیەکەی و گەینی بە دیموکراتی و حوکمێکی مۆدێرن نا.
یەک لە دیارترین دوا هۆکاری دەرەکی، ئەو لێدوانەی ئێران بوو بۆ پشتگیری کردنی عادل عەبولمەهدی و لەجێگەی خۆی مانەوەی، هەر ئەمەش هەمان بیانوو و ترسە بەدەست ئەمریکاوە.
 پشتیوانیکردنی ئێران و زیاتر پێڕاکێشانی، واتە لێدان لە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، هەرچی لێدانی ئێرانیش لە عێراقدا و بوونی پشێوی واتە لەقکردنی پێگەی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە. بەشێکی ئەم خۆپیشاندانانە ئاکامی ئەو گرژیەی نێوان ئێران ـ ئەمریکایە، کە وێڕای ئەوەی ئێران بەچەند جۆرێک ویستی ئەمریکا ڕاستەوخۆ پەلکێش بکاتە ناو جەنگەوە و ئەمریکا نەیکرد، بەڵام لەبری جەنگی ڕاستەوخۆ ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەمریکا لەڕێگەی لێدانی بەرژەوەندیەکانی ئێرانەوە لە هەریەک لە سووریا و عێراق ئەم جەنگە بکات. ئەمە لەڕووی ئابوریەوە بە تەکلیفێکی کەمتر لەسەر ئەمریکا تەواو دەبێت و ئەمریکاش لە وەڵامی پرسیاری؛” پاش جەنگ چیمان چنیەوە و ئاکامەکەی چی بوو”. دەپارێزێت. ئەمە بێجگە لە خۆبواردن لە ژمارەی سەربازی کوژراو.


خۆپیشاندانەکان بەرەو کوێ و هەتا کەی؟
 پرسیاری ؛هەتاکەی ئەم خۆپیشاندانانە بەردەوام دەبن بەقەدەر ئەوەی ئەم خۆپیشاندانانە، دروستتر ئەم نازاڕەزاییانە بەرەو کوێ دەچن، جێگەی  جێگەی ئەهمیەت و باسکردن نییە.
چونکە سروشتی ململانێ نێودەوڵەتیەکان و کێشە ناوخۆیی و ئابوریەکانی عێراق ئەوەمان پێدەڵێن کە گەرچی سبەیش کپ ببنەوە و هەر کەس بچێتەوە ماڵی خۆی، ئەوە ڕۆژێکیتر بە قەبارەیەکی گەورەتر ئەمانە دەڕژێنەوە سەر شەقامەکان و بە ئاکامێکیتریشەوە دەچنەوە ماڵ!
خۆپیشاندانەکان بەحوکمی هۆکارە بەهێزەکانیان، بە حوکمی کێشە کەڵەکەبووە چارەسەر نەکراوەکانیان(کە تەنیا بەشێکیان پەیوەندی بە نەبوونی ئیرادەوە و ویستی دەسەڵاتدارانەوە هەیە بۆ چارەنەکردن و بەشەکەیتری نابێت بیکەن)، ئەوەمان پێدەڵێن کە؛
ڕووی ئەم خۆپیشاندانانە بەرەوە هەڵتەکاندن و کاولکارییە، کاولکارییەک کە کۆمەڵێک خەڵکی یەکجار توڕەی ناهۆشیار پێی هەڵدەستن و تا داهاتویەکی دووریش ناگەن بەوەی کە ڕەنگە خەونی پێوە ببینین، چونکە خۆیان خوێندنەوەیان بۆ خەونەکانیان نییە و ئامادەکاریشی بۆ نەکراوە.


ئایا  ئەم پشێویانەی خواروو لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە؟
لەهیچ وڵاتێکی فیدراڵدا نەبووە کە پشێوی، لاوازی و ئاژاوەی ناوەند بەبەرژەوەندی هەرێمە فیدراڵیەکانیتر بشکێتەوە یان تەفسیر بکرێت، بەڵام عێراق و هەرێمی کوردستان لەمەشیاندا بەدەرە لە قاعیدە سەرەکیەکە، بە هۆی ئەو تایبەتمەندیەی کە لە سیستمی فیدراڵێ عێراقدا  و بوونی تاک هەرێمی هەیە (لە وتاری کۆنفیدراڵی یان کۆتای هێنان بە کۆنفیدراڵی)دا ڕوون کراوەتەوە.
کێشەکانی نێوان ناوەند و هەرێم وەک خۆیان نەماونەتەوە وەک ئەوەی بەرگوێ دەکەوێت، بگرە گەورەتر بوون و چارەسەرکردنیشیان بەتێپەڕینی کات ئاڵۆزتر بووە، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کورت ئەم ئاڵۆزیانەی ناوەند وا بکەوێتەوە کە چاوی بەغا لەسەر هەرێم لابدات، بەڵام ئەمە تەنیا ڕێستێکی کاتیە و لەکۆتایشدا بە زیانی هەرێم دەکەوێتەوە بەهۆی؛
کاریگەری و پتەوی پەیوەندیەکانی هەرێم و ئێران لەلایەک و لەلایەکیتریش دواخستنی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند و سپاردنیان بە کاتێکی نادیار واتا؛ دەرکەوتنەوەیان لە سەردەمێکیتردا بە قورساییەکی زیاترەوە.

Comments

Popular posts from this blog

هه‌موو باوه‌ش پێداكردنێك خۆشه‌ویستی نییه‌

جێنده‌ر؟ نه‌خێر سوپاس