ئەو تۆنیە، کەواتە؟

ئەو تۆنیە، کەواتە؟

ڕێزگرتن لە سنوری ئەوانیتر پێش زانینی سنوری تایبەتی خۆت


تانیا کورد میرزا

ماستەر لە یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و دەستور، ڕاهێنەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵان


بەزاندنی سنوری تایبەتی ژیانی خەڵکی توندوتیژییە، توندوتیژی تاوانکارییە، تاوانکاری سزای لەسەرە، کەواتە سنوربەزێن توندوتیژیکارە و سنوربەزێنراو قوربانیە. بۆ پاراستنی سنوری تایبەتی خۆت، دەبێت سەرەتا لە ڕێزگرتن لە سنوری خەڵکیترەوە دەستپێبکەیت، بەتایبەت سنوری ئەوکەسانەی کە نایانناسیت. ژیانی ئەوانیتر سنوری هەیە، ئەم سنورە بۆ تۆ و خەڵکیتریش دەبێت پارێزراوبێت، دەستی بۆنەبرێت و تێنەپەڕێنرێت، کە توانیت ڕێز لەمە بگریت، بەرگری لێبکەیت و شەڕیشی بۆ بکەیت، ئەوکاتە بە دڵنیایەوە سنوری تایبەتی ژیانی خۆت و کەسانی دەوروبەریشت پارێزراودەبێت.

واباوە لەناو کورددا کە بەرگری لە ژیانی خۆیان دەکەن، شەڕ لەسەر مافەکانی خۆیان و کەسە نزیکەکانی خۆیان دەکەن، کە دێتە سەرئەوەی ژیانیان، تایبەتمەندییان و مافەکانیان لەژێر مەترسیدابێت و لەلایەن خەڵکیترەوە دەستی بۆببرێت بەرگری لە خۆیان دەکەن، تا ئێرە تەواوە و دەبێت وابێت. ئەوەی سەیرە ئەوەیە، کاتێک نۆرەی ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی و نەبەزاندنی سنورەکانی ژیانی خەڵکیتر دێت، هەر ئەم کۆمەڵە کەسە کە بەرگری لە تایبەتمەندی خۆیان دەکەن، سنوری تایبەتمەندیەکانی ئەوانیتر دەبەزێنن و پاساویش بۆ لادانەکەی خۆیان دەهێننەوە!



بۆیە وەک یەکەم هەنگاو دەبێت مرۆڤ سەرەتا ڕێز لە تایبەتمەندی ئەوانیتر بگرێت، دەستیان بۆنەبات و بەرگریش لەم تایبەتمەندیانە بکات ئەگەر زانی لەژێر بەزاندن و ئاشکراکردندان، ئەمەش واتە؛ (بەگری لە پاراستنی تایبەتمەندیەکانی تۆدەکەم، واتە بوارنادەم بە بەزاندنی سنوری تایبەتمەندیەکانی خۆیشم.) چیتر بەرگری لەخۆکردن، پاراستنی نهێنیەکانی خۆت و ڕێزگرتن لێیان ئەسڵەکە نییە و ئاکامە، ئاکامی ڕێزگرتنە لە تایبەتمەندیەکانی ئەوانیتر.

تایبەتمەندیی، لەڕوی مۆراڵ و فیلۆسۆفییەوە پێناسەی زۆرە و جۆراوجۆرن، دەشێت لەسەر ئاستی کەسیش هەرکەسەو کۆمەڵێک شتی بۆ زیادبکات و هەندێک شتیتریشی لێدەربکات، بەڵام لەڕوی یاساییەوە ئەوشتانەی کە دەچنە خانەی تایبەتمەندییەوە دیاریکراون، پێناسەی تایبەت بەخۆیان هەیە و قانون ئەوانە دەپارێزێت کە بە تایبەتمەندیان دادەنێت. پاراستنی ئەو تایبەتمەندیانە لە وڵاتێکەوە بۆ دانەیەکیتر جیایە، وەک چۆن شێوازی پاراستنەکەیان و سزای بەزاندنەکەشیان جیایە، چونکە قانونەکان جیاوازن، کلتور و مێژوری وڵاتەکانیش جیاوازن.

یاسای سزاکانی عێراقیش سنوری تایبەتمەندیی مرۆڤەکانی لەخۆیدا جێگەکردوەتەوە، پێناسەی بۆکردون و سزاشی بۆ بەزێنەری ئەم سنورانە بڕیوەتەوە. ئەمە مانای ئەوە نییە یاساکە پڕ و تەواوە، بەڵام یاسا هەیە بۆ پاراستنی سنوری تایبەتی مرۆڤەکان و سزاش بۆ بەزێنەرانی ئەم سنورە (ئەمە گرنگە، بەزێنەری سنوری تایبەتی ژیانت بدەرە دادگا و لێی مەپاڕێرەوە و مەپرسە بۆچی وێنە، ناونیشیان و ژمارەی تەلەفونی تۆی داوەتە کەسانیتر).

بەرلەوەی باسی ئەوەبکەم چی بە تایبەتمەندی ئەژماردەکرێت و چی ناچێتە ناو ئەو خانەیەوە، پێویستە بڵێم؛ هەموو مرۆڤێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و هیچ مرۆڤێک نییە بێ تایبەتمەندی بێت، واتە تایبەتمەندی هەمووکەس دەبێت پارێزراوبێت، جا کەسەکان هەر ڕەگەز، تەمەن و پلە و پۆستێکیان هەیە لە کۆمەڵگادا.

کەسانێک کە پۆستی حکومییان هەیە، سیاسەتوان، ناودارن لە بوارێکدا و ناسراون ئەمانیش تایبەتمەندیان دەبێت پارێزراوبێت و نابێت بەناوی (کەسێتی گشتییەوە) تایبەتمەندیەکانیان ببەزێنرێت. تەنیا کەسانی سیاسەتوان و دەسەڵاتدارانی ناو حکومەت دەبێت ئەم شتانەی خوارەوەیان ئاشکرابێت و ئەمانە ناچنە خانەی تایبەتمەندیەوە بۆ ئەوکەسانە، چونکە پۆستەکانیان نوێنەرایەتی خەڵکە، وە سامانی گشتی لەبەردەستیاندایە؛

هەرچیەک کە تایبەت بێت بە کارەکانیانەوە؛ موچەکەیان، چۆنییەتی خەرجکردنی پارەی گشتی، بەچی هاتوچۆدەکەن، چەند پارەیان هەیە، چەند خانوویان هەیە، چەند کاتژمێر کاردەکەن و کەی دەست لەکارهەڵدەگرن، داخۆ لە موچەکەیان زیاتر خەرج دەکەن یان نا، ئەگەر زیاتر خەرج دەکەن لەکوێیان بوو؟ مامەڵەیان لەگەڵ کارمەند و هاوکارەکانیان و پەیوەندیان لەگەڵیاندا، داخۆ پابەندن بە خراپ مامەڵەنەکردنەوە لەگەڵ هاوکارەکانیان یان نا، پۆستەکانیان بەکاردەهێنن بۆ مەرامی سێکسی، هاوسەرگیری، دەوڵەمەندبوون و خۆدزینەوە لە باج یان نا، چۆن گەشتوون بەو پلەیە و پێوەرەکان چیبوون.

ئەمانەی سەرەوە ناچنە خانەی تایبەتمەندی ئەو مرۆڤانەوە و دەبێت بۆ ڕایگشتی، بۆ ڕۆژنامەوانان، بۆ ڕیسێرچەر و لێکۆڵەران ئاشکرابێت.


کێ تایبەتمەندی هەیە و ئەو گروپانەی کە دەبێت تایبەتمەندیان بپارێزرێت و تێنەپەڕێنرێت کێن؟

ئاولەمە لە سکی دایکیدا (بەگوێرەی قانونە جیاوازەکانی وڵاتان دەگۆرێت لە تەمەنی چەند مانگیەوە لەسکی دایکیدا دەچێتە خانەی پاراستنەوە). لە ئەمریکا لە ستەیتێکەوە بۆ ستەیتێکیتر دەگۆڕێت، بەنمونە لە نیویۆرک بیستوچوار بۆ بیستوهەشت هەفتەیە، لە واشنتن وەک نیویۆرکە، کێنزس لەپاش هەفتەی بیستودووهەمەوە، هەرچی تێکسسە لە هەفتەی شەشەمەوە. نەرویج ١٢هەفتەیە و هەوڵدەدرێت بکرێتە ١٨ هەفتە، ئەڵمانیا پاش هەفتەی دوانزەیەم، عێراق لەگەڵ لێدانی دڵدا کە هەفتەی پێنجەم بۆ شەشەم دەکات، لە تورکیا لەپاش هەفتەی دەیەمەوە.

منداڵ، نەوجەوان و پێگەیشتوان بەهەموو ڕەگەزەکانەوە (ژن، پیاو، ترانس، دوزایەندە)، بەساڵداچوو، بێسەرپەرشت و بێلانەکان، دەروون ناتەواو و مێشک ناتەواوەکان، ئەوانەی داونسندرەم یان هەر نەخۆشیەکیتری جەستەیی و دەروونیان هەیە، خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان، نەخۆش لە نەخۆشخانە، لەکاتی نەشتەرگەری و وەرگرتنی چارەسەردا، ژن لەکاتی منداڵبوون و لەبارچووندا، تاوانکار، تاوانباران و زیندانیان و دواجار مردوەکانیش بەر لەناشتنیان و دوای ناشتنیشیان.

ئەم گروپە لە خەڵک، باری داراییان باش یان خراپ بێت، لەشساغبن یان ناساغ، لەماڵدا بژین یان لەسەر جادە، نەخوێنەواربن یان خاوەن بڕوانامە، سیاسەتوان بن یان نا، شاری یاخود گوندی بن دەچنە خانەی ئەوکەسانەوە کە دەبێت ژیانی تایبەتییان بپارێزرێت، دەستی بۆنەبرێت و لەکاتی پێشێلکردن و بەزاندنیدا بەزێنەرەکە بدرێتە دادگا و سزای بۆ ببڕێتەوە.


مەبەست لە تایبەتمەندی ئەم کەسانە چییە، کامە کردە و گوتە دەچێتە خانەی بەزاندنی ئەم تایبەتمەندیانەوە و کەسی بەزێنەر کەی سزای بەسەردا دەسەپێندرێت؟

تەمەن، شوێنی دانیشتن و ناونیشان، ژمارەی تەلەفۆن، ئیمەیل ئەدرەس، وێنەی کەسەکە و خێزانەکەی (ژن، مێرد، منداڵ، دایک و باوک و خوشک و برا)، تۆماری دەنگی و ڤیدیۆ، داهاتی مانگانەی، ستایڵی ژیانی، پەیوەندی هاوڕێیەتی، خزمایەتی و سۆزداری، ڕابردوی کەسەکە و ئێستای، جۆری نەخۆشیەکانی و کاتی سەردانی بۆلای پزیشک، تایبەتمەندی ژن، منداڵ و خێزانەکەی لە ناوەکانیانەوە بیگرە بۆ ژمارەی تەلەفون، وێنە، ناونیشانیانی ماڵ و قوتابخانە و دایەنگای منداڵەکانی.

هەموو ئەوانەی کە باسکران دەچنە خانەی تایبەتمەندی مرۆڤەوە کە هیچ کەسێکیتر مافی ئەوەی نییە دەستیان بۆبەرێت، بڵاویانبکاتەوە و بیانداتە سۆشیەڵ میدیا و کەسانیتر لەژێر هیچ ناوێکدا (تەنانەت دایک و باوکیش بۆیان نیە وێنە، ناونیشان و تایبەتمەندی منداڵەکانیان بڵاوبکەنەوە، ئەگەر منداڵ لە خواروی هەژدەساڵیەوە بێت ڕازیش بێت هەر بۆیان نیە.)

بەدەر لەوانە، ستایڵی ژیانی خەڵک بەگشتی دەچێتە خانەی تایبەتمەندی مرۆڤەکانەوە و دەبێت دەستی بۆنەبرێت.

نەدرکاندنی نهێنی ژیانی کەسانیتر کە خۆیان لەلای تۆ باسیان کردووە بەهەمان شێوە خانەی ژیانی تایبەتی مرۆڤەکانە و، نابێت بەناوی هاوڕێیەتی و خزمایەتیەوە بدرکێنرێت. کاتێک کەسێک نهێنی ژیانی خۆی و ستایڵی ژیانی لای تۆ باسدەکات، تۆ لەهیچ بارودۆخێکدا مافی ئەوەت نیە ئەو نهێنیە بدرکێنیت و بیگەیەنیتە دەم کەسانیتر، ئەگەر کەسەکە خۆی بیەوێت ئەمە دەکات و پێویستی بەنێوەندگیری تۆ نییە.

ئەوەی گرنگە بگوترێت، سیاسەتوانان ژمارەی تەلەفونی تایبەت بە شوێنی کارەکەیان دەبێت ئاشکرابێت، ناونیشانی کارەکەیان بۆ خەڵکی دەبێت دیاربێت، ئیمەیل ئەدرەسی شوێنی کاریان هەروەها، وە دەبێت بیسەلمێنن کە پۆستەکەیان بۆ دەوڵەمەندبون و پەیوەندی بەستن لەگەڵ ژندا بەکارناهێنن (بۆ سیاسەتمەداران ئەمانە تایبەتمەندی نین)، بەڵام ناوی خێزانەکەی، ناونیشانی ماڵەکەی، شوێنی کاری ژنەکەی، قوتابخانە، دایەنگەی منداڵەکانی، وێنەیان و ناونیشانیان تایبەتمەندین و نابێت دەستیان بۆببرێت.

کەسانێک کە بە (پەبڵک فیگیور)ناودەبرێن لە کۆمەڵگادا، ئەمانەش دەبێت تایبەتمەندیان پارێزراوبێت و کەس نابێت ژیانی تایبەتیان بکاتە بازاڕێکی گشتی و پەبڵک بونیان بکاتە بەهانە.

پەبڵیک بوون بەهانە نییە بەدەست هیچ کەسێکەوە و نابێت تایبەتمەندیەکانی ئەوکەسانە بکرێنە قوربانی ناوداریان لە کۆمەڵگادا (ناوداری جودایە لە کاریگەری، دەشێت کەسێک ناوداربێت بەس هیچ کاریگەریش(ئەرێنی و نەرێنی) نەبێت، دەشێت کاریگەربێت و ناوی دەرنەکردبێت، لەهەردوو حاڵەتدا دەبێت ژیانی تایبەتی پارێزراوبێت)، ئەم کەسانە ئەگەر کەسانێکبن لەبری سوود بۆ کۆمەڵگا زیانیان هەبێت، ئاواش نابێت تایبەتمەندیان بڕوشێنرێت و سنوری ژیانی تایبەتیان ببەزێنرێت بە بیانوی کاریگەری نەرێنیانەوە بۆسەر کۆمەڵگا.

ئەگەر تۆ ناڕازیت لە شێوازی کارکردن، قسەکردنی ئەمانە، ئەگەر ستایڵی ژیانیان تەنگیپێهەڵچنیویت و لاتوایە کاریگەری خراپیان دەبێت لەسەر منداڵەکانت ئەوە دەتوانیت پەنابەریتە بەر نزیکترین بنکەی پۆلیس، بەڵام بۆت نییە دەست بۆ تایبەتمەندیان بەریت، بە بەهانەی پاراستنی تایبەتمەندی خۆتەوە.

شێوازەکانی بەزاندنی سنوری تایبەتی

سنوری تایبەتی مرۆڤەکان بەشێوازی جیاجیا و لەلایەن کەسانی جۆراوجۆرەوە بەزێنراوە و بەردەوامیش دەبەزێنرێت. جاران جودا لە ئەمڕۆ سنورەکان پێشێلکراون و بە بەهانەی جۆراوجۆر کە هەمویان بەهانەی ناڕەوان هەوڵدراوە لەڕێگەی بەزاندنی سنوری مرۆڤەوە، مرۆڤە سنور بەزێنراوەکە بشکێنرێت، شار و وڵاتبەدەر بکرێت، بکرێتە زیندان و ئابڕوی ببرێت.

سەردەمانێک کە ژمارەی خۆنەوارەکان زۆرکەم بووە و تەنیا قسەکردن و نەقڵی زارەکی لەبەردەستدا بووە، سنوربەزێنەکان دانیشتنی شەوەکانیان بە زەمکردنی ئەم و ئەو بەسەربردووە، ئەوەی زانیویانە لەسەر خەڵکیتر لە دانیشتنەکاندا بڵاویان کردوەتەوە، ئەوەشی لەڕاستیدا بوونی نەبووە دروستیان کردووە و ناویانە بە کەسەکەوە.

لەڕێگەی تانە و تەشەرەوە، وەک نوکتە و قسەی خۆش، بە جنێو و وەک قسەی جدیش سنورەکانیان بەزاندوە و دانیشتوانی مەجلیسەکەش ڕایان نەگرتوون، بگرە بونەتە بەشێک لەو سنور بەزاندنە(ئەمە ناودەنێم سنوربەزاندنی بەکۆمەڵ).

سنور بەزێنەکانی ئەو سەردەمە کەسانی ئاسایی، پاڵە، گەنج و لاو، پیر و دنیادیدە و تاک تاکەش خۆنەواربوون.

وورد وورد دنیا گۆڕا، گۆڕانەکە ژمارەی خۆنەوارەکانی زیاترکرد، قەڵەم و کاغەز هاتە کایەوە و خەڵک جگە لە شێوازی زارەکی توانیان بە نوسینیش سنوری ئەوانیتر ببەزێنێنن و دواتریش ئەمە ئاسانتر دۆکیومێنت بکرێت.

بەتەنیا خەڵکانی خۆنەواری ئاسایی نا، بگرە نوسەرانی ناوداری دنیاش لەم سنوربەزاندنەدا هەن، لەڕێگەی نامە گۆڕینەوەوە لەگەڵ هاوەڵە نوسەرەکانیاندا سنوری نوسەرانیتریان بەزاندوە، تانە و تەشەری سێکسیست و ڕەیسیستانەشیان لێداون (ئەوسەردەمە وەک ئەمڕۆ توندوتیژی بە تاوان نەناسێنراوە و تەنانەت درکیان بەوەش نەکردوە کە ئەو گوتە و کردانە توندوتیژین، بەڵام زانیویانە کە نابەجێن، خۆ نەشیان زانیبێت هیچ لەوە ناگۆڕێت کە توندوتیژیکاربون)، گەرچی ئەو سەردەمە توندوتیژی وەک ئەمڕۆ پێناسەنەکراوە و سزای بۆ نەبڕاوەتەوە.

ئنترنێت لە ئارادانەبوو، ئەوەش هاتە ناوەوە، چیتر بۆ سنوربەزاندن بەتەنیا مەجلیسی شەوان، نامە گۆڕینەوە و ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەکان لەبەردەستدا نەبوون، بگرە چەناڵەکانی سۆشیەڵ میدیاش زیادبوون.

سەردەمی ئنترنێت کاری سنوربەزێنانی زۆر ئاسانکرد، بەتایبەت لەسەرەتادا (بۆ کوردستان ئێستاش هەر سەرەتایە لەم بوارەدا)، هەر سنوربەزێنێک لەماڵی خۆیەوە بە ئەکاونتێکی فەیک چۆنی بویستایە، یاخود چۆنی پێ بگوترایە بەوجۆرە سنوری خەڵکی دەبەزاند!

سنوربەزاندن لە کۆمەڵگاکانی وڵاتانی سێیەمدا (کوردستانیش یەک لەوان) بە بوێری، ئازایەتی و پڕۆفێشنەڵیش ناودەبرێت!

ئەو ڕۆژنامەنوسەی کە باسی ژنی فڵان دەکات، وێنەکەی بڵاودەکاتەوە و تەمەنی ژن و مێردەکە بەیەکتر بەراورد دەکات، لەناو خەڵکدا چەپڵەی بۆ دەکوترێت و لەسەر ئەم حسابانەش وورد وورد پۆست و پارەی دەدرێتێ!

ئەمە شێوازەکانی بەزاندنی سنوری تایبەتی کەسەکانن، دەبێت بگوترێت کە بەزاندنی سنوری مرۆڤ لەڕێگەی ڕۆژنامە، تیڤی، ڕادیۆ، چەناڵەکانی سۆشیەڵ میدیاوە سزای قورسترە وەک لە بەزاندنی سنوری تایبەتی لە ژورێکدا و لەبەردەم چەند کەسێکدا.

بەرلەوەی چەند نمونەیەکی زەق لە سنور بەزاندن بخەمە ڕوو، پێویستە بپرسم، سنوربەزێن کێییە و پەلاماری کێ دەدات، دواتر دەپرسم بۆچی سنوری ئەو کەسانە دەبەزێنێت و بۆ دەست بۆ تایبەتمەندی و ژیانیان دەبات؟

سنوربەزێنی ئەمڕۆ هەمان سنوربەزێنی دوێنێ نیە، ئەمڕۆ بڕوانامەی هەیە، ڕۆژنامەنوسە، مامۆستایە، نوسەرە، خوێندکارە، ڕامیارە، دایکە و باوکە و لە پەروەردەی منداڵان بەرپرسە! سنوربەزێن بەتەمەنە، لەکاتێکدا تەمەنی ئەو هی ئەوەیە کە وانەی لێوە فێرببیت، گەنجە، تەمەنی ئەو هی ئەوەیە ببێتە نمونە بۆ پێشکەوتن و خۆپێگەیاندن، بەس خەریکی سنوربەزاندنە.

سنوربەزێنەکان ژنن و سنوری ژنەکانیتر بنپێ دەخەن، نوسەرن، خاوەن بڕوانامەی زانکۆن، پیاون و پەلاماری ژیانی تایبەتی ژن و پیاوەکانیتر دەدەن! سنوربەزێنەکانی ئەمڕۆ سەرلەسەر بەرماڵن و بەڕێی مزگەوتەوەن، لیبراڵن، بێباوەڕ و گوندین، هەمەجۆرن، بەڵام سەر بەیەک کەتیگۆرین کە، کەتیگۆری سنوربەزێنەکانە!

مادەم سنوربەزێنەکە دیارە، کەواتە سنوربەزێنراوەکە کێیە؟

دەشێت سنوربەزێنراوەکە لەناو خێزانی سنوربەزێنەرەکەدابێت، کەسی خۆیەتی، ئەندامی خێزانەکەیەتی، خوشک و خوشکەزایەتی، براژنیەتی و برایەتی! هەرچی جۆرێکیتری سنوربەزێنراوەکانە کەسانی کاریگەری کۆمەڵگان (نوسەرە کاریگەرەکان، شانۆکارە کاریگەرەکان، مۆدڵ و یوتوبەرە ناودارەکان و مامۆستاکان)، لەناو ئەمانەدا ژن هەیە و پیاویش هەیە، وەک چۆن لەناو سنوربەزێنەکانیشدا هەردوو ڕەگەز هەن.

بۆچی سنوربەزێن پەلاماری ژیانی تایبەتی خەڵکی دەدات و مەبەستی چییە؟

لە بەشی دوەمی پرسیارەکەوە دەستپێدەکەم؛

مەبەستەکەی هەرچیەک بێت، مەبەستێکی خراپە، مەبەست شکاندن، ئابڕوبردن و تێپەڕاندنی پەڕچینی ژیانی تایبەتی ئەوکەسانەیە. مەبەست لێرەدا ئەگەر خراپیش نەبێت هەر خراپە، نیەت لێرەدا ئەگەر باشیش بێت هەر خراپە، چونکە هیچ باشەیەک لە بەگشتیکردنی ژیانی تایبەتی خەڵکدا بوونی نییە.


بۆچی سنوربەزێن پەلاماری ژیانی تایبەتی خەڵکیتر دەدات؟

کۆمەڵگاکانی وڵاتانی سێیەم گەرچی ئینتەرنێتیان لەبەردەستدایە، باڵاخانەی بەزریان هەڵچنیوە و جلوبەرگی ئەوروپیانە دەپۆشن، بەڵام لەجێگەی خۆیاندا و ڕاستتر بەدەوری خۆیاندا دەخولێنەوە. بەدەوریخۆدا خولانەوەش پێویستی بە وزەیە، وزەکەش نابێت لەناوەوە بهێنرێت، دەبێت لە دەرەوە دروستبکرێت و ڕابکێشرێت بۆ ناو بازنەکە، ئەو وزەیەش بەتەک زۆرشتیترەوە بەزاندنی ژیانی تایبەتی ئەوانەیە کە لە خەڵکی ناو بازنەکە کەیف خۆشترن، سەرکەوتوترن، ژیانباشترن و کاریگەرترن.

بەڵێ، سنوربەزێن دەبێت بخولێتەوە و بۆ ئەم خولانەوەیە سنوری ئەوانیتر تێدەپەڕێنێت تا خۆی بەردەوام بێت.

هۆکارێکیتری سنوربەزێن لەم سنوربەزاندنەدا، حەسودی و بەخیلیە بە سەرکەوتن و کاریگەریەکانی ئەوکەسەی کە سنورەکەی دەبەزێنێت.

سنوربەزێن دەیەوێت لەڕێگەی بەزاندنی سنوری تایبەتی ئەوکەسانەوە دوو چۆلەکە بە یەک بەرد بکوژێت؛

یەکەم؛ گوایا پێگەی کۆمەڵایەتی کەسەکە دێنێتە خوارەوە و کۆمەڵگای دەکات بەکژدا، بەمەش لای وایە لە کاریگەریەکەی کەم دەکاتەوە و لە سەرکەوتنەکانی دەدات.

دووەم؛ لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت پێگەی کۆمەڵایەتی بۆخۆی دروست بکات و خەڵکی دانی خێر بەمدا بنێن و بکەوێتە بەرهەتاو، لەلایەکیترەوە دەیەوێت بە ناڕاستەوخۆ بەخۆیدا هەڵبدات و بە خەڵک بڵێت فڵانی خراپ و بەدڕەوشتە، مادەم من ئازایەتی ئەوەم هەیە باسی بکەم، واتە من جیاوازم و وەک ئەونیم!

کێشەی مرۆڤی سنوربەزێن ئەوەیە کە ناتوانێت فاکچوەڵ بێت، کەسێک کە فاکچوەڵە ڕەخنە دەگرێت (ڕەخنە گرتن لە زانکۆکاندا دەخوێنرێت شتێک نییە بە خوێندنەوەی دوو کتێب خەڵک فێری ببێت)، بەڵام دەست بۆ ژیانی تایبەتی کەسەکە نابات و باسی ئەوشتە دەکات کە دەیەوێت باسی بکات.

نمونە بۆ فاکچوەڵی؛

(ئا) کەسێکە و ڕەخنەگرە، ڕەخنە لە چیرۆکێکی (بێ) دەگرێت، باسی دەقەکە دەکات و دەیداتە بەر ڕەخنە بەگوێرەی ئەو میتۆدانەی کە خوێندونی و تایبەتمەندی هەیە تیایاندا، بەڵام باسی ئەوە ناکات (دایکی بێ) و باوکی چۆن شەڕیانکردووە و (بێ) لەگەڵ کێ و کێ پەیوەندی سۆزداری هەبووە!

ئەمە فاکچوەڵە، سنوربەزێن خاڵیە لەمە، سنوربەزێن ناتوانێت فاکچوەڵ بێت و کە دێت بەدەمدا تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسوتێنێت و بە بیانوی ڕەخنەگرتنەوە لە چیرۆکێکی (بێ) هەتا ژوری نوستنەکەی و، سەرسفرە و خوانەکەی (بێ و خێزانەکەی دەڕوات).

ئیرەیی بردن بە سەرکەوتنی خەڵک، بە دەوڵەمەندی، بە جوانی، بە دڵخۆشی و بە ستایڵی ژیانی خەڵک هۆکارێکیتری سنوربەزێنن، سنوربەزێن کەسێکی ئیرەیی بەرە، حەسودە و کەموکورتی هەیە، نەیتوانیوە کەموکورتیەکانی خۆی پڕبکاتەوە دێت هەڵدەزنێ بە سەرکەوتنەکانی ئەوانیتردا و دەیەوێت وەک ناشیرینی لە کۆمەڵگادا وێنایان بکات.

لە دیارترین نمونەکانی سنوربەزاندن لە کوردستان کە، لەبری مەجلیسەکانی شەوان لە سۆشیەڵ میدیادا باسدەکرێن و دەکرێن بە گرتەی ڤیدیۆیی و هەواڵی ڕۆژنامەکان و کۆمەڵێک کەس موچەی پێوەردەگرن!


یەکەم؛ وەک هەواڵ و بابەت باسکردنی ژنهێنان و شوکردنی دووکەسی سەرو هەژدەساڵ، بڵاوکردنەوەی وێنە، گرتەی ڤیدیۆیی و تۆماری دەنگی و ئاهەنگەکەشیان.

دووکەس کە سەرو هەژدە ساڵن جیاوازی تەمەنیان هەرچەندێکە و ژیانی بەیەکەوەیی پێکدەهێنن هیچ تاوانێکی یاسایی تێدانیە، باسکردنی تەمەنیان و گاڵتەپێکردنیان کە یەکێکیان لەوەیتریان گەورەتر یان منداڵترە بەزاندنی سنوری ژیانی تایبەتیانە.

سنوربەزێن هەمیشە بەهانەی هەیە بۆ کردە تاوانکاریەکەی، ئێستا دەڵێت؛ (خۆی وێنەی خۆی و ژنی بڵاوکردوەتەوە، من بۆ نەیبەم!)، ئەمە بەهانەیە و هیچ پاساوێک نییە بۆ بەزاندنی سنوری ژیانی تایبەتی ئەوکەسە، تەنانەت ئەگەر واشبێت ئەکاونتی خۆیەتی و تۆ بۆت نییە وێنەکەیان ببەیت.

بۆچی جاران کە دەچویتە ماڵی براکەت و لەسەر تەلەڤزیۆنەکەیان وێنەی ڕۆژی ئاهەنگی هاوسەرگیری کاکت و براژنت بینی، وێنەت لەبەرنەگرتەوە و بڵاوتنەکردەوە و دواتر ڕستەی (مادەم خۆی لەسەر تەلەڤزیۆنەکە دایناوە من بۆ نەیبەم!)ت نەکردە بەهانە؟

چی بوو وەڵامەکەت، نەتکرد چونکە مافی تۆ نییە، یان نەتکرد چونکە بۆت نەلوا؟

دووەم؛ نمونەیەکیتر هێنانی ژنی دووەم، سێیەم، چوارەمە کە دەکرێتە بەهانەی بەزاندنی سنوری فرەژنەکە و کۆمەڵگای دەکرێت بەگژدا! 

فرەژنی دەشێت لەڕوی یاساییەوە باسبکرێت، لێکۆڵینەوە، نامەی بەچلەر و ماستەری لەسەر بنوسرێت، داواش لە نوێنەرەکانت بکەیت لە پەرلەمان لەبری خەباتی سۆشیەڵ میدیایی ئەو یاسایەت بۆ هەمواربکەن بەوجۆرەی کە پێت باشە، بەڵام بەزاندنی سنوری فرەژنێک سزای یاسایی لەسەرە، لەڕوی مۆراڵ و کەرەکتەر سترەکچەریشەوە کەموکورتی و نیشانەی پرسیاری زۆرە لەسەرت!

یاسایەکت هەیە بواردەداتە فرەژنی، تۆ توانات نیە باسی ئەمە بکەیت و بیگۆڕی، باسی ئەوە دەکەیت کابرای فرەژن ئەوەندە ساڵ لە ژنی سێیەم و چوارەمی گەورەترە!

 سێیەم؛ ژنەکەی ماکرۆن پیرە، دەڵێی نەنکیەتی

ئەمەش نمونەیەکیتری سنوربەزاندنە کە چیتر نەشنەڵ نیە، سنوربەزێن بەتەنیا سنوری ژیانی تایبەتی خەڵکی گوند و شارەکەی خۆی نابەزێنێت، بگرە توانای بەزاندنی سنوری وڵاتانیشی هەیە و دەگاتە فرەنسا!

ئەو فرەنسایەی کە ئەگەر بە پەنابەری بۆی بڕوات بە پێیان وبە مەلەش ناگات(دەشێت هۆکاری سەرەکیش ئەوەبێت مادەم بە جەستە ناگات، بۆیە دەیەوێت ببێتە سنوربەزێنی ژیانی تایبەت وەک ناتوانێت ببێتە سنور بەزێنی وڵاتەکە)، کەچی دەمی دەگاتە لای سەرۆکەکەی و خانمی یەکەمی ئەو وڵاتە و تەمەنی خاتوو بریجیت ماکرۆنی لێبوەتە تەوق! فیفی بە ماکرۆن پێدەکەنێت کە وەک خۆی و پیاوەکانی دەوروبەری کچی خوارهەژدەساڵی نەکردوەتە ژنی خۆی و منداڵبازنیە!


سنوربەزێنراو چی بکات، تەنیا ئەوە کە دەبێت شتێک بکات؟


بەر لە باسکردنی ئەو هەنگاوانەی کە سنوربەزێنراو دەبێت بیگرێتەبەر، دەبێت باسی گروپێکیتر لە خەڵک بکەم کە بەر لە سنوربەزێنراو دەبێت ڕاپەڕن، نەبنە پشتیوان و هاندەری سنوربەزێنەکە.

ئەم گروپە لە خەڵک دەتوانن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی ئەرێنی ببینن لە ڕاگرتنی سنوربەزێنەکاندا، دەشتوانن ببنە پشتیوان، هاندەر و هاوکاریکاری سنوربەزێنەکان.

مادەم لە سەرەتادا گوتم کە، سنوربەزاندن توندوتیژیە و تاوانکاریە کەواتە جگە لە توندوتیژیکار (سنوربەزێنەکە) وە قوربانی (سنوربەزێنراوەکە)، کۆمەڵەیەکیترمان هەیە کە من زۆر کاریان لەسەردەکەم و قسەیان لەسەر دەکەم ئەویش (ئەو گروپەن کە گوێ بۆ سنوربەزێنەکە شل دەکەن، سەری بۆ دەلەقێنن، یان ئەرێ دەکەن بۆی، یان بێدەنگن).

ئەم کۆمەڵەیە لە حاڵەتی سەرلەقاندن و ئەرێکردندا بۆ سنوربەزێنەکە لەلایەکەوە ناڕاستەوخۆ دەبنە توندوتیژیکار و سنوربەزێن، ڕاستەوخۆش دەبنە هاندەری توندوتیژی و سنوربەزاندن و بنپێ خستنی تایبەتمەندی ژیانی خەڵکیتر.

ئەوەی کە دەبێت شتێک بکات، بۆئەوەی کە سنوربەزێنەکە ڕاگرێت و توندوتیژیکارەکە بخاتەوە قاڵبی خۆی ئەم گروپەن پێش سنوربەزێنراوەکە.

ئەم گروپە دەبێت ئاشکرا بە سنوربەزێنەکە بڵێن؛ (بۆستە، ژیانی تایبەتی کەس بۆ ئێمە گرنگ نییە، باسی کەس مەکە، وێنەی کەسمان پێشان مەدە، گرتەی ڤیدیۆیی فڵانەکەسمان بۆ گرنگ نییە.) بەمجۆرە هەم خۆیان نابنە بەشێک لەو سنوربەزاندنە، هەم ئەگەریش هەیە کە سنوربەزێنەکە بۆستێت و بەخۆیدا بچێتەوە.

سنوربەزێنراوەکە چی بکات؟

سنوربەزێنراو دەبێت یەکەم ڕستە بڵێت؛ پێم مەڵێ کێ سنوری ژیانی منی بەزاند، پێم بڵێ بۆچی ئەوەندە ئاسان توانی لای تۆ ئەم کارە بکات؟

دواتر سنوربەزێنراو بەبێ گوێدانە ئەوەی کە سنوربەزێنەکەی کێیە، چیەتی و بۆچی وای گوت و وایکرد، دەبێت دەمودەست سنور بەزێنەکە بداتە دادگا و داوای مافی خۆی بکات.

بەزاندنی سنور کردەیەکی ئاسایی و پەسەندکراو نییە و سزای بۆ بڕاوەتەوە، سنوربەزێن دەبێت هەموو ئەو بەڵگانەی سنوربەزاندن کە هەن کۆبکاتەوە و دۆکیومێنتیان بکات و بچێتە بەردەم بنکەی پۆلیس.

سنوربەزێن بۆ پڕکردنەوەی کەموکورتیەکانی خۆی، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگا بۆسەرخۆی و نیشاندانی خۆی وەک کەسێکی باشتر لەوکەسەی کە باسی دەکات، لەپێناو شکاندن و هێنانەخوارەوەی سنوربەزێنراوەکە وایکردووە، بۆیە شایەنی بەخشین و بەزەیی نییە (ئەگەر بشبەخشرێت تەنیا دەبێت وەک شتێکی ڕۆحی بێت و نەبێتە هۆی دەربازکردنی لە سزا).

سنوربەزێنراو نابێت بچێتە بەردەم سنوربەزێن و داوای ڕونکردنەوەی لێبکات کە بۆچی وایکردووە و وایگوتوە، دەبێت بیداتە دادگا و لەوێ یەک ببیننەوە.

لە ژمارە ٢٠ ی گۆڤاری دوو مانگانەی نوێبوونەوە ئەم لێکۆڵینەوەیە بڵاوکراوەتەوە.

https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2023/478222/0010.PDF?ver=134046851626160599

سەرچاوەکان؛

یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩ 

Sebastian Laoutoumai, Gereon grob, Privacy Litigation.

Yearbook of Private International Law Vol. XIX-2017/2018.

R Hasty, Data Protection Law in the USA. 2013.

 David Wicki-Birchler, Privacy Law in the US; Federal Statutes in a nutshell and commented Case Law, 22 Sept. 2022.





 







Comments

Popular posts from this blog

بۆ دەیەمین ساڵیادی بوونی بلۆگەکەم؛ کۆبونەوە لە نوسین واتە دورکەوتنەوەی خوێنەر لێی

پیاو و پارە

Man and Money!