به‌رگریه‌كه‌یان هێرشه

به‌رگریه‌كه‌یان هێرشه

قوربانی درێژخایه‌ن و توندوتیژیكار له‌یه‌ك بەرگدا (پیاوەتی ژەهراوی)


تانیا کورد میرزا

ماستەر لە یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و دەستور و ڕاهێنەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵان


سەرەتا پێناسەی ئەو کەسە بکەین کە بە (هەم قوربانی درێژخایەن، هەم توندوتیژیکار) ناوی دەبەین، ئەم کەسە کێییە؟ منداڵی کێیە و لە چ ژینگەیەکدا پەروەردە بووە و گەورە بووە و خەڵکی کام شوێنە؟

ئەم کەسە، دوو کەسە لەیەک کەسدا، سەردەمێک یان قۆناغێک لە قۆناغەکانی تەمەنی کە دەشێت قۆناغێكی کورت یانیش درێژتر لە کورت بووبێت کەسێکی ئاسایی بووە، دواتر لە قۆناغێکیتردا بووەتە قوربانی و لەم قۆناغەدا ماوەتەوە و، نەچوەتە دەرەوە، بەتێپەڕینی کات بووەتە قوربانی درێژخایەن، دواتر بەتەنیشت قوربانی بوونەکەیەوە بووەتە توندوتیژیکاریش، ئەم کەسە دوو کەسە لەیەک کەسدا، یەک کەسە لە دوو کەسدا!

هەم قوربانی و هەم توندوتیژیکار دەشێت نێرینە یاخود مێینە بێت، ئەگەر نێرینەیە ئەوە خاوەنی پیاوەتییەکی ژەهراویە، پیاو نییە، بەتەنیا نێرینەیە و پیاوەتیەکەی پیاوەتیەکی ژەهراوییە.



پیاوەتی ژەهراوی چییە؟

بۆ ئەوەی بزانین پیاوەتی ژەهراوی چییە دەبێت سەرەتا پێچەوانەکەی بزانین کە پیاوەتیەکی ئاساییە، بە ڕەچەیەکی گەشە و پەروەردەیەکی ساغی خێزان و کۆمەڵگا و سیستمدا تێپەڕیوە.

پیاوی ئاسایی هەمووان حەز دەکەن لەگەڵی کۆببنەوە، سودبەخشە، خۆشەویستی بەخشە، ژن، منداڵ و ژینگە و ئاژەڵ دۆستە. پیاوی ئاسایی پێیوستی بە سەلماندنی پیاوەتییەکەی نییە چونکە بە کردار پیاوە، بەپێچەوانەی پیاوی ژەهراویەوە کە هەمیشە دەیەوێت لەڕێگەی ڕشتنی ژەهرەوە خۆی نمایش بکات، بەمەش لەلایەکەوە خۆی خاڵی دەکاتەوە و بەرامبەرەکانی پڕدەکات لەلایەکیتریشەوە دەیەوێت پیاوەتی خۆی بسەلمێنێت.


پیاوی ژەهراوی بە کۆنیشانەکانی پیاوەتی ژەهراویدا دەناسرێتەوە کە ئەمانەن؛


پیاوەتی ژەهراوی و توندوتیژی وەک نینۆک و پەنجە وەهان لەیەک جیاناکرێنەوە. هەموو پیاوێکی ژەهراوی توندوتیژیکارە، هەموو توندوتیژیکارێک تاوانبارە، هەموو تاوانبارێکیش دەبێت سزابدرێت و جێگەی ئەو زیندان و چارەسەرگەی دەرونیە نەوەک ناو خێزان و کۆمەڵگە.


شاردنەوەی هەستە خۆش و ناخۆشەکان

پیاوەتی ژەهراوی ئاودانی گوێی منداڵی کوڕە بەوەی نابێت هەستەکانی خۆی دەرببڕێت و دەبێت هەتا دەتوانێت بیانشارێتەوە. پیاوی ژەهراوی پیاوێکە لەکاتی ئازاری جەستەیی و دەرونیدا ناگری، کە دڵی خۆش بوو قاقا پێناکەنێت، لەکاتی لەدەستدانی کەسێکدا ناگری چونکە وەها گۆش کراوە کە گریان لە پیاوبوونی کەم دەکاتەوە، لەکاتێکدا پیاوی ئاسایی کە دڵی خۆشە پێدەکەنێت، کە نیگەرانە دەگری (ڕۆناڵدۆ ئەستێرەی تۆپی پێ نمونەی ئەو پیاوانەیە کە لەکاتی دۆڕاندا بە تیمی بەرامبەر لەناوەڕاستی یاریگادا دەگری).


بەسوک و کەم سەیرکردن و ناوبردنی ژن

پایەیەکی سەرەکی پیاوەتی ژەهراوی دژایەتیکردنی ڕەگەزی بەرامبەرە، ژن لێرەدا کاتێک جێگەی دەبێتەوە و بەڕێزەوە باسدەکرێت و دەویسترێت کە لەخزمەتی ئاوادان و گەشەکردنی پیاوسالاری وە دژایەتیکردنی مافەکانی ژناندابێت و پشتیوانی توندوتیژی بکات. ژن لێرەدا تەنیا کاتێک خۆشەویستە و بەڕێزە ئەگەر لیستێک لە ژنی لەبەردەمی خۆیدا دانابێت بەردەوام سوکایەتیان پێبکات و ناونەتۆرەیان لێبنێت، واتە ژن لێرەدا دەمە، دەمی پیاو، گوتەبێژە، گوتەبێژی پیاوسالاری. 

پیاوەتی ژەهراوی پیاوەکان لەسەر بنەمای بە سوک ناوبردن و، ناوزڕاندنی هەموو ژنێکی سەربەخۆ، ئازاد و فێمینست پەروەردە دەکات و دەمی پیاوە ژەهراویەکان پڕدەکات لەو جنێوانەی کە دەبێت وەک ئەرک بەو ژنانەیان بدەن. لای ئەمان هەموو ژنێکی سەربەخۆ و خاوەن بڕیار و ئازاد، هەموو ژنێک کە نەخێر بە سیستمی پیاوسالاری و دەسەڵاتی ژەهراوی پیاو دەڵێت (بەرەڵا،، لادەر، بەدڕەوشت و لەش...ش و ق...)یە.


بەزاندنی سنوری تاکەکەسی وسنوری تایبەتی ژن

پایەیەکیتر کە ڕاگری پیاوەتی ژەهراویە پایەی (بێڕێزیکردن و بەزاندنی سنوری تاکەکەسی ژنەکانە)

پیاوی ژەهراوی لە زەویەوە هەڵنەتۆقیوە و لە ئاسمانەوە نەکەوتوەتە خوارەوە، پیاوێکیتری ژەهراوی گەورەی کردوە و پێی گەیاندووە، لەسەر بنەمای جنێودان بەژن، ئازاردانی سروشت و پیسکردنی ژینگە، ئازاردانی ئاژەڵ و بەزاندنی سنوری تاکەکەسی ژنەکان بە دایک و خوشکی خۆشیانەوە پەروەردەکراون.

کام کۆڕ و کۆبونەوە جنێوی تێدابدرێت، لەکوێ بەزاندنی سنوری تاکەکەسی ژنەکان نوکتە و قسەی خۆشبێت ئەوان لەوێن.

هاوڕێکانیان لەناو بازنەی خۆیاندان و لەخۆیان دەچن، بەڕوکەش وەک پیاوی بەڕێز دەردەکەون چونکە هەندێک وشەی باق و بریقدار فێرکراون لە جۆری چۆنیەتی چۆنی و چاکیکردن و سڵاوکردن و موجامەلەکردنی خەڵکیدا.



دەستەمۆکردن و کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردن

کۆڵەکەیەکیتر کە پیاوەتی ژەهراوی ڕاگرتووە کۆنترۆڵکردن، دەستەمۆکردن و چاودێریکردنی دەوروبەرە. پیاوی ژەهراوی خۆی بەوانیترەوە سەرقاڵ دەکات و خۆی پشتگوێ دەخات. ئەم پیاوە دەگەڕێت بۆ ئەو ژینگە و مەجلیسەی کە خۆی لەبیربەرێتەوە، چونکە هیچ شتێکی جوانی نییە خۆیی پێوە سەرقاڵ بکات و شانازی پێوەبکات هەربۆیە بەدوای ئەوکەسانەدا دەگەڕێت کە خۆی بیرنەخەنەوە. مەجلیسی جنێودەر، توندوتیژیکار و کەسانی سێکسیست بۆئەم وەک بیرێکی قوڵن کە دەتوانێت خۆی تێدابشارێتەوە.


خۆ سەلماندن لەڕێگەی ڕشتنی ژەهرەوە

پیاوی ژەهراوی دەبێت بەردەوام خۆی بسەلمێنێت کە پیاوە، بەڵام کام پیاوبوونە؟ دیارە ئەوەی کە باوک، برای گەورە، خاڵ، مام و باپیری فێریانکردووە کە خۆی لە، دەستوەشاندن، جنێودان و ئازاردانی دەوروبەردا دەبینێتەوە. پیاوی ژەهراوی لەڕێگەی هەوڵدان بۆ سوککردنی دەوروبەرەوە لەڕێگەی پەلاماردانی ژنەوە هەوڵی سەلماندنی پیاوەتی خۆی دەدات، چونکە فێرکراوە پیاو ئەوەیە کە دەنەڕێنێت، پیاو ئەوەیە کە ئەندامی نێرینەی خۆی بەردەوام لەسەر دەمی بێت و بیهاوێت!


پیاوی ژەهراوی بەرەبەرە گەشەدەکات و دەبێتە دووکەس لەیەک کەسدا، دەبێتە یەک کەس لە دوو کەسدا و کەسێکی هەم قوربانی و هەم توندوتیژیکاری لێدەردەچێت.

هەم قوربانی و هەم توندوتیژیکار بەردەوام خەریکی تاوانکاریە، بەردەوام هەڵەدەکات و ئازاردانی بەرامبەرەکانی بووە بە ڕۆتینی ژیانی، بەردەوام پاساو بۆ خۆی دەهێنێتەوە و خۆی وەک غەدرلێکراو، بەجێهێڵدراو، بێناز، بەدبەخت و قوربانی ناودەبات و، کاتێک دەخرێتە بەردەم لێپرسینەوە و، بەجێهێشتنەوە کاتێک تەنیا دەکەوێت دەڵێت؛ ‌


(من وام نه‌گوت، من وام نه‌كرد!)

 له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا كه‌ ڕه‌نگه‌ مانگان و ساڵان بخایه‌نێت کەسی توندوتیژیكار، کەسی ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی ڕاستی و هه‌وڵده‌ر بۆ ناساندنی درۆ وه‌ك ڕاستیه‌كی ڕه‌ها ده‌ڵێت؛ (من وام نه‌گوتووه‌، من وام نه‌كردووه‌!) كرده‌كه‌ی خۆی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ گه‌رچی ده‌یان شایه‌ت هه‌بن و بیسه‌لمێنن كه‌ به‌به‌رچاوی خۆیانه‌وه‌ ئه‌و شته‌ی كردووه‌ كه‌ نه‌ده‌بوو بیكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تۆش بینیبێتت هه‌ر ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ و، نکۆڵی ده‌كات له‌وەری کردوویەتی.

مانگان و ساڵان و ڕەنگەش هەموو تەمەنی به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌وڵیش ده‌دات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵك له‌خۆی وه‌ك قه‌ڵغان و هەوڵیش دەدات خەڵک بهێنێتە سەر ئەو بڕوایەی کە ئەم ڕاستە، کە ئەم قوربانیە و بەرامبەرەکانی تاوانبارەکانن.

ڕه‌نگه‌ هه‌ر به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام و بێت بڵێت نه‌مگوتوه‌ و نه‌مكردووه‌، ڕه‌نگه‌ش بچێته‌ قۆناغی دوای ئه‌مه‌وه‌ كه‌ تۆ خه‌تاباربكات به‌ هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن، بە خراپ بیستن، بە خراپ بینین و بوختان كردن و خراپ ته‌فیسركردنی گوته‌ و كرده‌کانی ئه‌و، له‌م قۆناغه‌دا ده‌ڵێت؛ (تۆ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتووی. تۆ خراپ له‌ قسه‌ی من تێده‌گه‌یت. مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ (قسه‌كانی خۆی به‌جۆرێكیتر داده‌ڕێژێته‌وه‌ و ته‌فیسریان ده‌كاته‌وه‌، ئەمەش واته‌ قۆناغی ئیدیت كردن.)

من وام نه‌كردووه‌، تۆ ڕقت له‌منه‌ و بوختانم بۆده‌كه‌یت، ئاماده‌م سوێندت بۆ بخۆم (سوێند ده‌خوات، دوور نییه‌ له‌ دڵی خۆیدا ڕاستیه‌كه‌ بڵێ و به‌ده‌نگی به‌رز درۆكه‌ی بكات و ده‌ستیش بخاته‌ سه‌ر قورئانه‌كه‌).

ده‌شێت مانگان و ساڵان و هه‌موو ته‌مه‌ن كه‌سه‌كه‌ له‌م قۆناغه‌دا بمێنێته‌وه‌ و نه‌جوڵێت، ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ گه‌رچی ئه‌گه‌رێكی زۆر كه‌میش بێت ته‌كانێك بخوات و بچێته‌ قۆناغی داننان به‌ كرده‌ یان گوته‌ تاوانكاری و خراپه‌كاری و توندوتیژیه‌كه‌ی خۆیدا و له‌هه‌مان كاتدا دانبنێت به‌ قوربانی بوونی خۆشیدا، لێره‌وه‌ ده‌شێت بپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی چاره‌سه‌ر و گوتنی ڕاستی له‌گه‌ڵ خۆیدا و بەهاوکاری پسپۆڕانی دەرونی و کۆمەڵایەتی ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە و ببێتەوە بە کەسێکی نۆرمەڵ و تەنانەت سودبەخشیش بۆ کۆمەڵگا.

ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ سیفه‌تی قوربانی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ هه‌ندێكجار(كه‌مجار یان زۆرجار به‌گوێره‌ی ئاستی هۆشیاری و كراوه‌یی كه‌سه‌كه‌ و ژیاندۆستیه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت) ده‌بنه‌وه‌ به‌ توندوتیژیكاریش، ناسینه‌وه‌یان بۆ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵك گرانه‌، ئه‌و ڕستانه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ ڕسته‌ هه‌ره‌ دیار و چه‌ندپاته‌كانن كه‌ ده‌توانرێت ئه‌و كه‌سانه‌ی پێ بناسرێته‌وه‌.

لێره‌دا و له‌كاتی ڕوبه‌ڕوو بونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سانه‌دا ئنجا ئه‌گه‌ر هاوڕێتن، هاوکارتن یاخود په‌یوه‌ندی خێزانیت هەیە لەگەڵیاندا و برا، باوک، مێرد و ئەندامی خێزانەکەتن، گرنگه‌ بزانیت كه‌ ئه‌مانه‌ دواجار مرۆڤن، هاوكاریان پێویسته‌، به‌ڵام نابێت بواربده‌یت بتكه‌نه‌ قوربانی و خۆشت نابێت بوار به‌مه‌ بده‌یت. 


چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌یت له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سانه‌دا؛


پشتیوانیان بکە چونکە قوربانین، بە سزایان بگەیەنە چونکە توندوتیژیکارن!

شتێكی باش و كرده‌یه‌كی زۆر مرۆڤ دۆستانه‌یه‌ پشتیوانی و هاوكاری خۆتیان بۆ دووپات بكه‌یته‌وه‌، به‌ڵام باشترە بزانیت هاوكاری كردنیان به‌ كه‌سانی پسپۆڕ ده‌كرێت و ئه‌ركی تۆ نییه‌، له‌لایه‌كه‌وه‌ چونكه‌ پسپۆڕنیت‌، له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پسپۆڕیشت هه‌بێت ئه‌م كه‌سانه‌ مه‌كه‌ به‌ كه‌یس له‌لای خۆت چونكه‌ پله‌ی نزیكی و خزمایه‌تیه‌كه‌ واده‌كات متمانه‌ت پێنه‌كه‌ن و به‌رده‌وام درۆت له‌گه‌ڵ بكه‌ن، هەروەها ڕه‌نگه‌ تۆش نه‌توانی نۆیتراڵ بیت له‌گه‌ڵیان.

باشترین شت ئه‌وه‌یه‌ ڕێنماییان بكه‌یت په‌نا به‌رنه‌ به‌ر پسپۆڕ، ئه‌گه‌ر به‌گوێیان كردی شتێكی باشه‌، ئه‌گه‌ر نا دووری نێوان خۆت و ئه‌وان فراوانتر بكه‌ هه‌تا ته‌واو خۆیان چاره‌ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندیه‌كه‌تان ده‌بێته‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ئاسایی (ئەمە ئه‌گه‌ره‌ به‌ڵام یه‌كجار ئه‌گه‌رێكی كه‌م و دووره‌).


مەبەرە ئەوان

گرنگه‌ كه‌ په‌لاماره‌كانیان بۆ تاوانباركردنی تۆ، بۆ به‌درۆخستنه‌وه‌ی خۆیان له‌به‌رده‌م تۆدا و بەدرۆخستنەوەی تۆش له‌به‌رده‌م خۆیان و كه‌سانیتردا وات لێنه‌كه‌ن كه‌ ببیته‌ ئه‌وان. گرنگە ئەمە هێندە کاریگەری نەرێنیت لەسەر بەجێنەهێڵێت کە وه‌ك ئه‌وان قسه‌ بكه‌یت، وه‌ك ئه‌وان هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌یت و ڕاستی وه‌ك درۆ و درۆ وه‌ك ڕاستی بناسێنیت، چونكه‌ به‌مه‌ قوربانیه‌كیتر زیاد ده‌كه‌یت و به‌م ڕێگه‌یه‌ش ناتوانیت ئه‌وان تێبگه‌یه‌نیت كه‌ چۆن قسه‌ده‌كه‌ن و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن. ئه‌وان په‌لامارت ده‌ده‌ن، تۆ خه‌تابار و تاوانبار ده‌كه‌ن، هه‌ڵه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن به‌سه‌ر تۆدا یانیش هۆكاری هه‌ڵه‌كانی خۆیان وه‌ك ڕیاكشنێك ناوده‌به‌ن و وای نیشان دەدەن گوایا تۆ ئه‌كته‌كه‌ت كردووه‌ و ئەکتەکەی تۆ هۆکاری ڕیاکشنەکەی ئەوانە، لەم کاتەدا ده‌بێت لێیان دوربكه‌ویته‌وه‌، نێوانی خۆت و ئه‌وان فروانتر بكه‌یت، به‌ ڕێزه‌وه‌ و به‌بێ برینداركردنیان پێیان بڵێیت، وانییه‌.


خه‌تای تۆ نییه‌ كه‌ ئه‌و به‌وجۆره‌یه‌

 خه‌تایه‌ك یان زیاد له‌ خه‌تایه‌ك بوونی هه‌یه‌ (وه‌ك هۆكار) به‌ڵام خه‌تاباره‌كه‌ تۆ نیت، تۆ تەنیا هه‌ستت به‌م دۆخه‌ كردووه‌ و كه‌سه‌كه‌ت لێ ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌، ده‌شێت خه‌تاباره‌كه‌ باوكی، دایكی، برای گه‌وره‌ی، كه‌سوكاری، مامۆستا‌كه‌ی، دوكانداره‌كه‌ی سه‌ر سوچی‌ گه‌ڕه‌كی منداڵیان بێت، ده‌شێت هاوڕێكانی منداڵی ئه‌و بووبنه‌ هۆكاری به‌ قوربانی بوون و مانه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌دا و به‌ توندوتیژیكار بونیشی، به‌ڵام تۆ كه‌ دۆخه‌كه‌ت هه‌ست پێكردووه‌ خه‌تابار نیت، بۆ كرده‌ توندوتیژیكارانه‌كانی ئه‌و و قوربانی بوونه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ی له‌ خۆتدا مه‌گه‌ڕێ.

قوربانی درێژخایه‌ن هه‌میشه‌ هۆكارگه‌ل هه‌ن بۆ به‌ قوربانی بوونی ئه‌وه‌ فاكته‌، به‌ڵام چونكه‌ ماوه‌كه‌ی زۆری خایاندووه‌ و خۆی نه‌یویستوه‌ ڕزگاری بێت، یان ویستویه‌تی و نه‌یتوانیوه‌ یانیش هه‌ردوكیان، كار گه‌یشتووه‌ به‌وه‌ی كه‌ هۆكاره‌كان وه‌ك پاساو و به‌هانه‌ بۆ به‌ قوربانی كردنی خه‌ڵكیتر و مانه‌وه‌ی خۆشی له‌و بازنه‌یه‌دا به‌كاربهێنێت.

(به‌ گاڵته‌م بوو. توڕه‌بووم بۆیه‌ وام گوت یان وام كرد. سه‌رخۆش بووم. تێر نه‌خه‌وتبووم. ماندووم بۆیه‌. نه‌خۆشم حاڵم ته‌واو نییه‌ بۆیه‌. خەمۆکیم هەیە...) هه‌موو ئه‌مانه‌ ئەگەر لە ژیانی ئەویشدا ڕاست بن کاتێک دەیانکاتە بەهانە ئیتر دەبنە پاساوی بێبنەما و مه‌به‌ست له‌م قسانه‌ خۆ دزینه‌وه‌ و داننەنانە به‌وەدا کە توندوتیژیكار و تاوانكاره‌.


فراوانکردنی نێوانی خۆت و ئەوان و، دوورکەوتنەوە لێیان

دووركه‌وتنه‌وه‌ لێرەدا مەبەست لە دورکەوتنەوەی جوگرافی و دورکەوتنەوەی جۆری پەیوەندی و تێکەڵیشە. دورکەوتنەوە له‌م كه‌سانه‌ ئه‌گه‌ر هاوڕێت، هاوكار و، خزمتن هه‌نگاوێكه‌ ده‌بێت بگیرێته‌به‌ر له‌پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تی ده‌رونی و جه‌سته‌ی خۆتدا (سێلف پڕۆتێكشن) چونکە درۆكردنی به‌رده‌وامی ئه‌وان، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕاستی و ناساندنی درۆ وه‌ك ڕاستی ئازاری ده‌رونیت تیێدا دروست ده‌كەن و ئه‌وه‌ش ده‌بێتە ئازاری جه‌سته‌یی و نه‌خۆشی دەرونی و لە ماوەی درێژیشدا دەتکاتە توندوتیژیکار، لەلایەکیترەوە ئەوانە توندوتیژیکارن و توندوتیژیش مەترسی لەسەر ژیانی تۆ و دەوروبەرەکانت هەیە، بۆیە پاراستنی دوری نێوانتان (ئەبێت)ە.



پێناسه‌كردنی شته‌كان وه‌ك خۆی و ناساندی دۆخه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه

نەهێنانەوەی پاساو بۆ توندوتیژیکار باجەکەی هەرچیەک بێت‌


كاتێك كرده‌ و گوته‌ی ئەم کەسە چیتر به‌ته‌نیا ئازار و توندوتیژی نییه‌ بۆخۆی بگره‌ بۆ تۆش کردە و گوتەیەکی توندوتیژیە، ئیتر ئه‌ركه‌ له‌سه‌رت به‌ ڕوونی كرده‌ یان گوته‌كه‌ی ناوببه‌یت و هیچ بۆی نه‌پۆشی، هیچ بۆی پینه‌ی نه‌كه‌یت و پۆڵیشی نه‌كه‌یت.

پۆشین، ته‌فسیركردنی كرده‌ و گوته‌ نابه‌جێ و هه‌ندێكجاریش توندوتیژیكارانه‌كانی ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی تۆ په‌تی زیاتر بده‌یته‌ ده‌م كۆلاره‌كه‌ و زیاتر به‌ده‌میه‌وه‌ بڕوات و ئه‌ویش له‌ قوربانی بوونی خۆی به‌رده‌وام بێت و تۆش بكاته‌ قوربانی. توندوتیژی هیچ پاساوێكی نییه‌، نابێت هه‌یبێت، له‌هیچ كات و سه‌رده‌مێكدا و بۆ هیچ كه‌سێك.

نمونه‌؛ تۆ له‌گه‌ڵ دوو کەسیتر لەدەرەوەن دەشێت ئەو دووکەسەکە هاوڕێ، هاوسه‌ر، خزمه‌تبن یان ئەندامی خێزانەکەت بن گرنگ نییە، ژنێكی دووگیان به‌به‌رده‌متاندا تێده‌په‌ڕێت كه‌ وادیاره‌ سكه‌كه‌ی له‌ مانگه‌كانی كۆتاییدا بێت، كه‌سی دووه‌م (قوربانی درێژخایه‌نه‌ و توندوتیژیكاریشه‌) سه‌یرێكی ده‌كات، سه‌یرێكی سكی ده‌كات، ژنەکە هەست بە سەیرکردنە نامۆکەی دەکات و تەریق دەبێتەوە و خۆی دەهێنێتەوە یەک (ئه‌مه‌ له‌خۆیدا جۆرێكی توندوتیژیە)، دواتر به‌ تۆ و كه‌سی سێیه‌م ده‌ڵێت؛ (ئه‌ڵێی میزه‌ڵدانه‌. ئه‌ڵێی مار پێوه‌ی داوه‌ ئاوساوه‌.)، ئه‌مه‌ش جۆرێكیتری توندوتیژیە، كه‌سی سێیه‌م بێدەنگ نابێت و، ده‌ڵێت؛ (شوره‌ییه‌، نه‌ مار پێوه‌ی داوه‌ نه‌ میزه‌ڵدانیشە،‌ ئه‌و ژنه‌ دووگیانه‌.)، توندوتیژیكاره‌كه‌ هه‌ڵده‌چێت و ده‌یكاته‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ و كه‌سی سێیه‌م به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ قسه‌كانی ئه‌م به‌جۆرێكیتر تێده‌گات، زۆر هه‌ستیاره‌، گاڵتە و قسەیخۆش تێناگات و زۆر جدی و بێتامە، تۆش ده‌ڵێیت؛ (مه‌به‌ستی ئه‌وه‌نه‌بوو سوكایه‌تی به‌و ژنه‌ بكات، ته‌نیا بۆ گاڵته‌ و سوعبه‌ت بوو نه‌وه‌ك هیچیتر.)

هه‌ڵوێسته‌كه‌ی تۆ پاساوه‌ بۆ كرده‌ توندوتیژیكارانه‌كه‌ی ئه‌و، پاساو بۆ توندوتیژیش لەخۆیدا جۆرێکی توندوتیژییه‌ و خۆراکی توندوتیژیکارانیشە.

هه‌ڵوێستی كه‌سی سێیه‌م ته‌واوه‌، هەڵوێستەکەی مرۆڤانه‌یه‌ و دروسته‌، گوته‌ توندوتیژیكارانه‌كه‌ی پێناسه‌كرد به‌وجۆره‌ی كه‌ هه‌یه‌، كه‌سه‌كه‌ی ڕاگرت و خۆشی نه‌بووه‌ به‌شێك له‌و توندوتیژییه‌.


ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌سانه‌ هاوسه‌ر یاخود منداڵت بوون چی، واتە ئەگەر پیاوی ژەهراوی (هەم قوربانی هەم توندوتیژیکار) کەسی پلە یەکی تۆ بوو، چی؟


له‌ گریمانه‌ی په‌یوه‌ندی هاوسه‌ریدا له‌گه‌ڵ كه‌سێكی وەها هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ری جیابونه‌وه‌ی فه‌رمی له‌به‌رده‌ستدایه‌ و چاره‌سه‌ره‌، ئه‌گه‌ر نا ده‌توانیت (ئه‌گه‌ر خۆت ده‌ته‌وێت) ماوه‌یه‌ك دیاریبكه‌یت بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و، خۆت و منداڵت له‌و ماوه‌یه‌دا دوور بكه‌ونه‌وه‌ تا هێواش بژین (دەبێت دورکەوتنەوەکە بە بڕیاری دادوەر بێت و پۆلیس ئەرکی دورخسترنەوەی ئەو و پاراستنی تۆ و منداڵەکانت لەئەستۆ بگرێت)، گرنگه‌ ماوه‌ دیاریبكه‌یت بۆ چارەسەری ئەو کەسە نه‌وه‌ك هه‌موو ته‌مه‌ن به‌دیار چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌وه‌ ته‌واو بكه‌یت، ڕه‌نگه‌ هیچ شتێك نه‌گۆرێت (به‌ ئه‌گه‌ری زۆر)، ڕه‌نگه‌ش بگۆرێت (به‌ ئه‌گه‌ری زۆر كه‌م یان كه‌م).


ئه‌گه‌ر منداڵته‌ چی؟

منداڵ به‌رپرسیاریه‌تی و ئه‌ركێكی مرۆڤانه‌ (هه‌تا هه‌تایه‌) و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی یاساییشه‌ (هه‌تا سنی ڕوشد)، بۆیه‌ ده‌بێت وێڕای پاراستنی خۆت و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ و هۆكاره‌كانی خۆشبه‌ختی بۆ خۆت و منداڵه‌كانیترت به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدا بیت ئه‌م منداڵه‌ت چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت و ئاسایی بێته‌وه‌، دیاره‌ نابێت به‌هیچ جۆرێك زۆری لێبكرێت بۆ چاره‌سه‌ر، ده‌شێت مندالەکەت بڕیاریدابێت به‌وجۆره‌ بژی و وەک پیاوێکی ژەهراوی بەسەر زەویدا بڕوات و بەردەوام بێت، کە بووە بڕیار هەرچەند هەوڵیش بدەیت هیچت پێناکرێت لەگەڵیدا تاکەشتێک کە دەکرێت ئەوەیە خۆت و منداڵەکانیترتی لێ بپارێزیت و لەکاتی گیرکردنی لەگەڵ دادگا و یاسادا نەبیتە بەرگیریکاری توندوتیژی و تاوانەکانی، ئەمە (به‌ ئازاره‌، ناخۆشه‌، خه‌ڵكیتر ده‌كاته‌ قوربانی به‌س زۆرلێكردنیش چاره‌سه‌ری ناكات‌، چونکە دەتوانێت بەگوێت نەکات.)

پیاوی ژەهراوی ئەگەر کوڕت بوو، کوڕبوونەکەی نابێت ببێتە ڕێگر لەوەی بیدەیتە دەست پۆلیس و بەسزای بگەیەنیت، چونکە توندوتیژی هەر توندوتیژیە و پلەی نزیکی نایسڕێتەوە و کەمی ناکاتەوە.

کورتە؛ ئەو بۆچی پلەی نزیکەکە ڕەچاوناکات و توندوتیژی بەرامبەر بە تۆ و خوشک و براکانی دەکات تۆ بۆچی لە بەسزا گەیاندنیدا بیر لە پلەی نزیکی بکەیتەوە؟

ئەو بۆچی ژن و مێردایەتی لەبەرچاو نەگرت و دەستی لە تۆ و منداڵەکانت بەرزکردەوە، تۆ بۆچی بەناوی باوکی منداڵەکان و ساڵانی بەیەکەوەژیانەوە دەست لە بەدادگا گەیاندنی دەپارێزت؟




مرۆڤه‌كان ده‌گۆڕێن؟


ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌بواری زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونیدا كارده‌كه‌ن، چ وه‌ك په‌روه‌رده‌كار، چ وه‌ك توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و توێژه‌ری ده‌رونی ده‌بێت باوه‌ڕیان به‌ گۆڕانی مرۆڤ هه‌بێت و لێشی تێبگه‌ن، ئه‌گه‌رنا كاره‌كه‌یان به‌ده‌ر له‌مە مانایه‌كی نییه‌.

به‌ گوێری زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی گۆڕانی مرۆڤ ئه‌گه‌ره‌ و به‌ چه‌ند هۆكارێكی ناوه‌كی و ده‌ره‌كیه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت گۆڕانه‌كه‌ خێراتر بكه‌ن یانیش هێواشتر.

توێژه‌رانی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌ردوه‌رده‌كاران هه‌مه‌جۆر كه‌سیان له‌به‌رده‌ستدایه‌ و له‌به‌رده‌ستدا بووه‌، هه‌یه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا توانیویه‌تی بگات‌ به‌و كه‌سایه‌تیه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت، هه‌شه‌ به‌ ده‌یان ساڵ، هه‌شه‌ هه‌ر ناگۆڕێت، هه‌شه‌ ده‌گۆڕێت بۆ كه‌سێكی باش و سوودبه‌خش به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه‌ به‌ كه‌سه‌كه‌ی یه‌كه‌مجار!

هه‌ر له‌ درۆكردن، فێڵبازی، ئالوده‌بون به‌ ده‌رمان و ماده‌ی هۆشبه‌ر، دزیكردن و، سێكس كڕین وه‌ بیگره‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ كاری سێكس به‌ پاره‌كه‌ ده‌كه‌ن هه‌تا هه‌موو كرده‌ و گوته‌یه‌كیتری ناپه‌سه‌ند، خراپ و توندوتیژانه‌، له‌ هه‌موویاندا ئه‌گه‌ره‌ كه‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ بگۆڕێن و جارێكیتریش نه‌چنه‌وه‌ سه‌رهه‌مان كرده‌، ئه‌گه‌ریشه‌ بگۆڕێن به‌س بۆ ماوه‌یه‌ك و، دواتر بچنه‌وه‌ سه‌ری، ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر نه‌گۆڕێن.


ئه‌مه‌ سه‌باره‌ت به‌ زانست، هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ فاكت و ئه‌زمونی من هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا به‌كورتی؛


مرۆڤ هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت بگۆڕێت و ده‌شتوانێت (هۆشیاریه‌كی به‌رزی هه‌یه‌، دنیا دیده‌یه‌، سه‌فه‌ر و كتێب خوێندنه‌وه‌ به‌شێكن له‌ به‌رنامه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ی و له‌ ژیانی خۆیدا لانیكه‌م كه‌سێكی هه‌بووه‌ وه‌ك ئیدیەڵ (نمونه‌ی باڵا)) ئه‌م مرۆڤه‌ هه‌رچه‌ند وه‌ك قوربانی مابێته‌وه‌، هه‌رچه‌ندیش ببێته‌‌ توندوتیژیكار هه‌ر ده‌ست ده‌داته‌ خۆی و ده‌یه‌وێت و ده‌شتوانێت ببێتە کەسێکی پێچەوانەی زیانبەخش و ئازاربەخش، چه‌نێك كاتی ده‌وێت ئەمەیان بابەتێکیترە‌.

ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ مرۆڤه‌ دواجار هەندێکیشیان ده‌بنه‌وه‌ به‌ توێژه‌ر، ڕاهێنه‌ر و پسپۆڕ له‌ بواره‌كه‌دا و هاوکاری کەسانێک دەکەن کە لەڕابردوی خۆیان دەچن.


مرۆڤ هه‌یه‌ ده‌توانێت بگۆڕێت به‌س نایه‌وێت (هۆكاری ده‌ره‌كی و ناوه‌كی هه‌ن) کە قسه‌كردن له‌سه‌ریان هیچ گۆڕانێك له‌ بڕیاری ئه‌واندا دروستناكات، نایانه‌وێت و به‌ ئاشكراش ناڵێن كه‌ نایانه‌وێت به‌س به‌ هه‌ڵسوكه‌وت و قسه‌یاندا ده‌زانیت كه‌ نایانه‌وێت. منجه‌ منجكرد، پێچكردنه‌وه‌ له‌ قسه‌كردندا، نه‌چونه‌ سه‌ر بابه‌تی سه‌ره‌كی، دانانی بابه‌تی لاوه‌كی و ڕوناكی خستنه‌سه‌ری وه‌ك بابه‌تی سه‌ره‌كی و كێشه‌ی سه‌ره‌كی، نه‌وه‌ستان له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانیان و قسه‌كردن له‌سه‌ر كاردانه‌وه‌كانی خه‌ڵكیتر له‌ هه‌ره‌ هۆكاره‌ زه‌قه‌ ده‌رونیه‌كانن، ده‌شێت هۆكاری ده‌ره‌كیش هه‌بن دیارترینیان به‌هۆی ئه‌م دۆخه‌وه‌ قازانجێكی مادی یانیش هاوسۆزی خه‌ڵكیان به‌ده‌ست هێنابێت و نه‌یانه‌وێت چیتر وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی و ساغ ده‌ربكه‌ون چونكه‌ ده‌ترسن ئه‌و پشتیوانیه‌ یانیش ئه‌و قازانجه‌ مادیه‌ له‌ده‌ست بده‌ن.


مرۆڤ هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت بگۆڕێت به‌س ناتوانێت، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ش كۆمه‌ڵێك هۆكاری ده‌ره‌كی و ناوه‌كی هه‌ن كه‌ وایلێكردوون بیانه‌وێت به‌س نه‌توانن، نه‌توانینه‌كه‌ هەندێکجار هۆكاری جه‌سته‌یی هەیە هەندێک جاریتریش هۆکاری دەرونی هەیە. ده‌شێت ئالوده‌بویه‌كی ماده‌ی هۆشبه‌ر بیه‌وێت بگۆڕێت به‌ڵام چیتر باری ده‌رونی و جه‌سته‌ی بواری نه‌دەن و هه‌وڵه‌كانی وێڕای ویستی سه‌رنه‌گرن.


كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌میش هه‌ن، نه‌ ده‌یانه‌وێت نه‌ ده‌شتوانن بگۆڕێن، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ ته‌نانه‌ت وه‌ك منداڵ و نه‌وجه‌وانیش هیچیان له‌گه‌ڵدا ناكرێت و ده‌بێت به‌دیار خۆیانه‌وه‌ دابنرێن. 


ده‌بێت ڕاستیه‌ك هه‌یه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌رچاو بێت و ڕوون بێت، هیچ كه‌سێك، جا سه‌ر به‌هه‌ركام له‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ بێت نابێت له‌هیچ كاتێكدا، له‌ژێر هیچ بیانویه‌ك و له‌لایه‌ن هیچ كه‌سێكه‌وه‌ به‌ چاره‌سه‌ر ناچاربكرێت، مرۆڤ ده‌بێت خۆی خواستی هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر، ته‌نانه‌ت له‌كاتی هه‌بوونی خواست و ئیراده‌شدا گه‌ره‌نتی نییه‌ كه‌ پڕۆسێسی چاره‌سه‌ره‌كه‌ ئاكامی ئه‌رێنی هه‌بێت و گه‌ره‌نتیش نییه‌ كه‌ كه‌سه‌كه‌ نه‌چێته‌وه‌ سه‌ر هه‌مان باری پێشوی، چ جای بگات به‌وه‌ی‌ به‌زۆر كه‌سێك بخرێته‌ به‌ر چاره‌سه‌ر و به‌زۆر ناچاربكرێت به‌ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر و دانیشتنی ده‌رونی.

له‌لایه‌كیتره‌وه‌ چارەسه‌ر وه‌رگرتنی زۆره‌ملێ پێشێلكردنی مافی كه‌سه‌كه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ وه‌ك چۆن مافی وه‌رگرتنی چارسه‌ریان هه‌یه‌ و ده‌بێت ده‌وڵه‌ت هاوكاریان بكات، ئاواش مافی وه‌رنه‌گرتنی چاره‌سه‌ریان هه‌یه‌ و كه‌س بۆی نیه‌ ناچاریان بكات به‌مه‌. ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە؛ ئەوکەسەی چارەسەری دەرونی ڕەت دەکاتەوە و بەردەوامیش توندوتیژی بەرامبەر بە دەوروبەرەکانی دەکات و ئازار دەبەخشێتەوە نابێت کردە توندوتیژیکارانە و تاوانەکەی بە ئاسایی لێوەربگیرێت و بۆی بپۆشرێت، نابێت ئەمە ببێتە بەهانەی دەربازبوون لە سزا.

کەسێک کە بڕیاریداوە نەگۆڕێت، کە پیاوەتی ژەهراوی لەلا بوەتە ناسنامە و توندوتیژیکاری لێبوەتە بەشێکی سەرەکی کاراکتەری نابێت زۆری لێبکرێت ببێتە کەسێکی نۆرمەڵ، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت کردەی توندوتیژی لێ قبوڵ بکرێت و وەک ئازادی هەڵسوکەوت و ستایڵی ژیان لێی وەربگیرێت.

گۆڕانی مرۆڤه‌كان ئه‌گه‌ر ویست و توانای له‌گه‌ڵدابێت كاتێكی زۆری ده‌وێت، تۆ وه‌ك هاوسه‌ر، هاوڕێ و، خزم نابێت ببیته‌ چاره‌سه‌ركاریان چونكه‌ پسپۆڕ نیت (پسپۆڕیش بیت نابێت وه‌ك نه‌خۆش وه‌ریان بگریت چونكه‌ په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی و هاوڕێیه‌تیتان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ واده‌كات كه‌ نه‌توانی باڵانس ڕابگریت و ڕه‌نگه‌ش زۆربه‌ی جار هه‌ست و سۆزت زاڵ بێت به‌سه‌رتدا و له‌گه‌ڵ پرنسیپه‌كانی پیشه‌كه‌ت لێت تێكه‌ڵ ببێت)، ناشبێت به‌دیار گۆڕانی ئه‌وانه‌وه‌ شه‌وق و خۆشی ژیان له‌ده‌ست بده‌یت و ده‌ست له‌ژێر چه‌ناگه‌ چاوه‌ڕوان بیت، به‌ڵام وه‌ك مرۆڤ له‌سه‌رته‌ هانیان بده‌یت و به‌ وشه‌یه‌كیش بێت نه‌بیته‌ هۆی ساردكردنه‌وه‌یان له‌ چاره‌سه‌ر، ئه‌ركته‌ كه‌ ناویان نه‌زڕێنیت و نه‌یانكه‌یته‌ بابه‌تی مه‌جلیس گه‌رم كردن.

هه‌ندێك مرۆڤیش هه‌ن كه‌ ناگۆڕێن، ئه‌مه‌شیان باوابێت، با به‌وجۆره‌ بن كه‌ ده‌یانه‌وێت، له‌كۆتاییدا ئه‌وه‌ ژیانی ئه‌وانه‌، ئه‌وه‌ بڕیاری ئه‌وانه‌ و ئه‌وه‌ گه‌شتی ئه‌وانه‌ به‌م ژیانه‌دا نه‌وه‌ك هی تۆ. له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ ناگۆرێن و به‌وجۆره‌ ده‌مێننه‌وه‌ كه‌هه‌ن ته‌نیا یه‌كشت پێویسته‌ بكرێت، ئه‌ویش تۆ دوری خۆت له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بپارێزیت و ماوه‌ی نێوان خۆت و ئه‌وان فراوانتر بكه‌یت هه‌تا زیانت پێنه‌گه‌یه‌نن نه‌ زیاتر نه‌ كه‌متر.

هه‌ر مرۆڤێك به‌جۆرێك كاردانه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوان و توندوتیژیانه‌ی به‌رامبه‌ری ده‌كرێت، مرۆڤ هه‌یه‌ ده‌یان ساڵ له‌ژێر باری قورس و ناله‌باری ده‌رونیدا ده‌مێنێته‌وه‌ چونكه‌ كه‌سێك له‌ منداڵیدا به‌ ناشیرین و ناقۆڵا ناوی بردووه‌، له‌كاتێكدا كه‌سێكیتر كه‌ ده‌ستدرێژی سێكسی زیاد له‌جارێك كراوه‌ته‌ سه‌ر ته‌نیا له‌ چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا یانیش چه‌ند مانگێكدا به‌هاوكاری كه‌سانی پسپۆڕ له‌ژێر باری تراوما و قوربانیبووندا دێته‌ ده‌ره‌وه‌.

وه‌ك چۆن كاتێك كه‌سێك ئه‌ژنۆی به‌ر به‌ردێك ده‌كه‌وێت ته‌نیا كه‌مێك شین ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام كه‌سێكیتر به‌هه‌مان توندی به‌ر به‌رده‌كه‌ ده‌كه‌وێت به‌ڵام ئه‌ژنۆی خوێنی لێدێت و بریندارده‌بێت، ئاوه‌هاش قوربانیانی تاوانه‌كانی توندوتیژی به‌جۆری جیاجیا و به‌ ئه‌ندازه‌ و قورسی جیاجیا توشی تراوما ده‌بن و به‌ ماوه‌ی جۆراوجۆریش ده‌بنه‌ قوربانی و تێیدا ده‌مێننه‌وه‌ یانیش ڕه‌نگه‌ هه‌ر ڕزگاریان نه‌بێت و دواتر ببنه‌ توندوتیژیكاریش، بە ماوەی جیاجیاش ڕزگاریان دەبێت.

جیاوازی زۆره‌ له‌نێوان كه‌سێكدا كه‌ به‌ته‌نیا قوربانیه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكیتر كه‌ له‌هه‌مان كاتدا قوربانی و توندوتیژیكاریشه‌.

قوربانی ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر وه‌رنه‌گرێت و كاتێكی زۆر به‌سه‌ر قوربانی بونه‌كه‌یدا تێبپه‌ڕێت ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ببێته‌ توندوتیژیكاریش، لێره‌دا پڕۆسێسی چاره‌سه‌ر دورودرێژتر ده‌بێت و مه‌ترسی ئه‌وه‌شی كه‌ چه‌ند كه‌سێكیتری كردبێته‌ قوربانی كه‌یسه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات.

جارێك ئه‌م كه‌سه‌ وه‌ك قوربانی پێویستی به‌ هاوكاری ڕاهێنه‌رانی بواری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی هه‌یه‌ هه‌تا فێری بكه‌ن چی توندوتیژییه‌ و چی توندوتیژی نییه‌ تا له‌ داهاتودا خۆی بپارێزێت، هه‌روه‌ها هاوكاری پسپۆڕانی ده‌رونیشی پێویسته‌ تا چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت، له‌لایه‌كیتره‌وه‌ وه‌ك توندوتیژیكار ده‌چێته‌ به‌رده‌م قانون و له‌وێدا به‌سزا ده‌گه‌یه‌نرێت.

ئه‌م كه‌سه‌ مرۆڤه‌ و له‌هه‌موو قۆناغه‌كاندا ده‌بێت كه‌رامه‌تی پارێزراو بێت، نابێت به‌ ئاشكرا و له‌به‌رده‌می خه‌ڵكدا باسبكرێت و سوكایه‌تی پێبكرێت، بەڵام نابێت هیچ کردەیەکیشی بۆ پینە بکرێت و باری نالەباری دەرونی بکرێتە پاساو بۆی.

دواجار پیاوی ژەهراوی هەر ناسنامەیەکی هەبێت و لەهەر شوێنێک بژی کوڕی سیستمی پیاوسالاریە، پەروەردەی دەستی کلتووری توندوتیژیە، ئەو هەر دایک و باوکێکی هەبوبێت کوڕی ڕاستەقینەی ژنکوژی و تاوانکاریە.


کورتە؛ قوربانی و توندوتیژیکار لەیەک کەسدا(پیاوی ژەهراوی) ئازادە لە چارەسەر وەرنەگرتن و دەشێت بڕیاربدات وەک تاوانبارێکی ژەهراوی بەردەوام بێت، بەس ئازادنییە لە ئازادردانی تۆ و کەسانیتر، و نابێت بواربدەیت توندوتیژیت بەناوی (پەیوەندی خوێن و تەواو نیم)ەوە بەرامبەر بکات.

ئەو ئازادە لە نەگۆڕان، تۆ مەجبوریت لە ڕاپێچکردنی ئەو بۆ بەردەم دادگا.

پیاوی ژەهراوی؛ من بەوجۆرەم کە هەم، من ناگۆڕێم.

تۆ؛ لە دادگا یەکتر دەبینینەوە.

لە ژمارە ١٧ ی گۆڤاری نوێبوونەوە ئەم لێکۆڵینەوەیە بڵاوکراوەتەوە


Comments

Popular posts from this blog

گرفتی ژن ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ نییه ‌

جێنده‌ر؟ نه‌خێر سوپاس