به‌خشین و له‌بیركردن له‌ تاوانی كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌دا

به‌خشین و له‌بیركردن له‌ تاوانی كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌دا

تانیا كورد میرزا

ماسته‌ر له‌یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، ڕاهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان


یادكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی به‌ته‌نیا بۆنه‌یه‌كی ڕوكه‌ش نییه‌. یادكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی بۆ به‌ زیندوهێشتنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه‌یه‌ و بۆ ڕاگرتنی تاوانه‌كه‌شه‌ به‌پێوه‌ له‌، یاده‌وه‌ری كه‌سوكاری قوربانیه‌كان و خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ تاوانه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه‌. یادكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌ش له‌ هه‌موو ساڵێكدا هه‌مان مانا و هه‌مان گرنگی هه‌یه‌. یادی كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌ و یادی خنكاندن، قڕكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی و كه‌له‌لاكردنیان له‌لایه‌ن ڕژێمی دیكتاتۆری به‌عسه‌وه ده‌بێت به‌جۆرێك بێت كه‌، له‌ یاده‌وه‌ری تاك به‌تاكی كورددا ئه‌م كۆمه‌ڵكوژیه‌ وه‌ك یه‌كه‌م ڕۆژی ڕودانه‌كه‌ی زیندوو بێت. لێره‌دا قسه‌ له‌سه‌ر به‌خشین و له‌بیركردن ده‌كه‌م، به‌خشینی تاوانباره‌كان له‌لایه‌ن قوربانی و كه‌سوكاریانه‌وه‌ هه‌روه‌ها باسی له‌بیركردنی ئه‌م تاوانه‌ش ده‌كه‌م. 

له‌بیركردنی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه

ئایا له‌بیركردنی ئه‌م تاوانه‌ له‌لایه‌ن قوربانیه‌كانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ماون و هه‌تا ئه‌مڕۆش به‌ده‌ست ئازاری سنگ، كێشه‌ی هه‌ناسه‌دا‌ن، نه‌زۆكی، نه‌خۆشیه‌كانی پێست و هه‌مه‌جۆر شێرپه‌نجه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، هه‌روه‌ها له‌بیركردنی له‌لایه‌ن كه‌سوكاری قوربانیه‌كان و، خه‌ڵكی كوردستانه‌وه تاوانه‌؟ بێگومان قوربانی هه‌ر تاوانێك ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ كه‌ تاوانه‌كه‌ و بكه‌ره‌كه‌شی له‌بیربكات یان لانیكه‌م هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك بگرێته‌به‌ر بۆ له‌بیركردنی ئه‌م تاوانه‌ و ئه‌و زیانه‌ جه‌سته‌یی، ده‌رونی و ئابوریانه‌ی كه‌ تاوانبار پێی گه‌یاندووه‌. ئه‌مه‌ له‌ تاوانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی تاوانی كۆمه‌ڵكوژیدا ڕاسته‌، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مه‌ بۆ تاوانی كۆمه‌ڵكوژیش ڕاسته‌؟ تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی جا به‌هه‌ر چه‌كێك كرابن و به‌رامبه‌ر به‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كرابن كاتیگۆریه‌كه‌یان له‌ كاتیگۆری تاوانه‌كانیتر جودایه‌. هه‌ر ئه‌و جوداییه‌ش شێوه‌ و داڕشتنێكی تایبه‌ت به‌خۆیانیان ده‌داتێ كه‌ جودایه‌ له‌ تاوانه‌كانیتر، هه‌ر ئه‌مه‌ش واده‌كات لێكه‌وته‌ یاساییه‌كانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی جیاوازتربێت له‌هی تاوانه‌كانیتر. له‌كاتێكدا قوربانی تاوانه‌كانی دزی، په‌لاماردان و توندوتیژی به‌خواستی خۆی هه‌وڵی له‌بیركردنی تاوانه‌كه‌ ده‌دات خه‌ریكی به‌كارهێنانی مافێكی تایبه‌ت و كه‌سی خۆیه‌تی. ده‌شێت قوربانی ئه‌م تاوانانه‌ وه‌ك زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ئه‌م تاوانه‌ له‌بیربكه‌ن و هه‌وڵ بۆ له‌بیركردنی بده‌ن، گه‌رچی ئه‌مه‌ له‌ڕوی مۆراڵه‌وه‌ ناپه‌سه‌ندیش بێت به‌ڵام دواجار قوربانی ده‌یه‌وێت شتێك له‌بیربكات كه‌ په‌یوه‌ندی به‌خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌رچی قوربانی و كه‌سوكاری قوربانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژیه‌كانن هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ له‌بیركردنی ئه‌م تاوانه‌ و بكه‌ره‌كانی ده‌چێته‌ خانه‌ی دژ به‌مۆراڵه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت خانه‌ی خواردنی مافی كه‌سانیتریشه‌وه‌. كاتێك قوربانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هه‌موو توانای خۆیه‌وه‌ هه‌وڵی له‌بیركردنی تاوانه‌كه‌ بدات و تاوانباره‌كانی له‌بیربكات به‌ته‌نیا پێچه‌وانه‌ی مۆراڵ هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌كردووه‌، بگره‌ مافی نه‌ته‌وه‌یه‌كیشی بنپێ خستووه‌ كه‌ نایه‌وێت تاوانه‌كه‌ و بكه‌ره‌كانی له‌بیربكات. تاوانی كۆمه‌ڵكوژی گه‌رچی ڕاسته‌وخۆ كۆمه‌ڵێك كه‌س ده‌كاته‌ قوربانی به‌ڵام كۆمه‌ڵێك كه‌سیتریش هه‌ن كه‌ قوربانی ده‌ستی ئه‌م تاوانه‌ن به‌ ناڕاسته‌وخۆ كه‌ ئه‌وانیش خه‌ڵكی ئه‌و شوێنه‌ن جا له‌كاتی ڕودانی كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌دا له‌و شار و ناوچه‌یه‌ بوبن یان نا. له‌ تاوانی كیمابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا ئێمه‌ به‌ته‌نیا قوربانیه‌كی ڕاسته‌وخۆمان نییه‌ كه‌ به‌ر چه‌كی كیمیای كه‌وتووه‌، بگره‌ كه‌سوكاری ئه‌و قوربانیه‌شمان هه‌یه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ر نه‌كه‌وتووه‌، هاو نه‌ته‌وه‌ و هاووڵاتیشمان هه‌یه‌. قوربانی ناڕاسته‌وخۆش هه‌ر به‌ركه‌وتوی چه‌كی كیمیاییه‌ گه‌رچی چه‌كه‌كه‌شی به‌رنه‌كه‌وتبێت چونكه‌ كه‌سایه‌تی ئه‌و، نه‌ته‌وه‌كه‌ی و هاوزمانیه‌كانی برینداركراون، چونكه‌ مافی ژیانێكی بێترس و ئاسایی لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ چونكه‌ هاوشاری، هاووڵاتی و كه‌سوكاری كه‌له‌لاكراوه‌ و له‌ده‌ستیداون.

پوخته‌

ئه‌گه‌ر هه‌وڵدان بۆ له‌بیركردنی تاوانه‌كه‌ و كاریگه‌ریه‌كانی بۆ قوربانی تاوانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی مافبێت ئه‌وه‌ بۆ قوربانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی پێشێلكردنی مافی كه‌سوكاره‌كه‌ی و نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی. قوربانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ تاوانێك له‌بیربكات كه‌ به‌ته‌نیا خۆی تێیدا قوربانی نییه‌. قوربانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی مافی ئه‌وه‌شی نییه‌ له‌ به‌شه‌كه‌ی خۆی ئه‌و تاوانه‌ له‌بیربكات یان هه‌وڵبدات بۆ له‌بیركردنی چونكه‌ هیچ مافێك له‌ت ناكرێت، هه‌روه‌ها مافی له‌بیركردنیش. له‌ تاوانی كۆمه‌ڵكوژیدا زیندوهێشتنه‌وه‌ و كاركردن بۆ له‌بیرنه‌كردنی تاوانه‌كه‌ مافی قوربانی، كه‌سوكاری قوربانی و هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌نده‌ نه‌وه‌ك له‌بیركردنی. به‌زیندوو هێشتنه‌وه‌ی تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی و یادكردنه‌وه‌یان به‌ربه‌ستێكن له‌به‌رده‌م دووباره‌ نه‌بونه‌وه‌یاندا.


به‌خشین له‌ تاوانی كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌دا

به‌خشین وه‌ك پرنسیپ مافی هه‌موو قوربانیه‌كه‌ كه‌ تاوانی جۆراوجۆری به‌رامبه‌ر كراوه‌، به‌مه‌رجێك ئه‌م لێخۆشبوونه‌ مانای ئه‌وه‌نه‌دات كه‌ تاوانباره‌كه‌ له‌ سزا ده‌ربازی ببێت! لێخۆشبون له‌سه‌رجه‌م تاوانه‌كاندا ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ڕۆحی و مه‌عنه‌ویدا بمێنێته‌وه‌، خۆبه‌خشانه‌ و به‌بێ هیچ فشارێك له‌ده‌می قوربانیه‌وه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌. لێخۆشبون نابێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر سزادانی تاوانبار هه‌بێت و له‌ قاڵبی یاسادا جێگه‌ی بكرێته‌وه‌. لێخۆشبون مافه‌ بۆ قوربانیانی تاوانه‌ جۆراوجۆره‌كان، ئه‌ی بۆ قوربانیانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی؟ ئه‌گه‌ر تاوانی كۆمه‌ڵكوژی به‌ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌و كۆمه‌ڵه‌ كه‌سه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ ڕاسته‌وخۆ بونه‌ته‌ قوربانی، كه‌ چه‌كی كیمیاییان به‌ركه‌وتووه‌، كه‌ زینده‌به‌چاڵكراون و كوژراون ئه‌وه‌ قوربانیه‌كان مافی خۆیانه‌ له‌ تاوانباره‌كانیان خۆشببن به‌مه‌رجێك ئه‌و لێخۆشبونه‌ مانای ئه‌وه‌نه‌دات كه‌ تاوانبار له‌ سزا ده‌ربازی ببێت. ئایا تاوانی كۆمه‌ڵكوژی به‌ته‌نیا یه‌ك قوربانی هه‌یه‌ كه‌ به‌ركه‌وتوه‌كانین؟ بێگومان قوربانی له‌م تاوانه‌دا به‌ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌نین كه‌ به‌ر چه‌كی كیمیای كه‌وتوون، قوربانیه‌كان دوو به‌شن قوربانی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆن. قوربانیانی ناڕاسته‌وخۆ كه‌سوكاری به‌ركه‌وتوه‌كانن، دراوسێكانیان و، میله‌ته‌كه‌یه‌تی. قوربانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ناتوانێت له‌ شتێك خۆشبێت كه‌به‌ته‌نیا خۆی قوربانی نییه‌ تێیدا. كه‌سوكاری قوربانیه‌كه‌ ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆش كیمیاییان به‌رنه‌كه‌وتبێت ئه‌وه‌ له‌ڕوی ده‌رونیه‌وه‌ زه‌بریان به‌ركه‌وتووه. دراوسێكانی ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆش كه‌سیان نه‌بوبێته‌ قوربانی ئه‌وه‌ به‌هۆی برینداربونی دراوسێكه‌یان و هاوشاریه‌كه‌یانه‌وه‌ زه‌بری ده‌رونیان به‌ركه‌وتووه‌، كه‌سایه‌تیان شكێنراوه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ قوربانی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌و مافه‌ی نییه‌ له‌ بكه‌ره‌كانی خۆشبێت وه‌ده‌بێت به‌ به‌رنامه‌، به‌یاسا و له‌ڕێگه‌ی هۆشیاركردنه‌وه‌وه‌ كۆمه‌ڵگا ئاماده‌بكرێت كه‌ لێخۆشبونی قوربانی كۆمه‌ڵكوژی له‌ تاوانباره‌كانی بكرێته‌ تابوو. 

پوخته‌

تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی ده‌بێت به‌ زیندویی له‌ یاده‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌نددا بمێنێته‌وه‌ و حكومه‌ت ده‌بێت سه‌رجه‌م ڕێكارێك بۆ ئه‌مه‌ بگرێته‌به‌ر. له‌بیرنه‌كردن و نه‌به‌خشینی تاوانباره‌كانی كۆمه‌ڵكوژی مافی تاك به‌تاكی نه‌ته‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندن و ده‌بێت ئه‌م مافه‌ بپارێزرێت و، دروشمی (هه‌رگیز له‌بیری ناكه‌ین و، هه‌رگیز نابه‌خشین) ی جووه‌كانیش بكرێته‌ دروشمی سه‌ره‌كی له‌ كوردستاندا.   


Comments

Popular posts from this blog

نوسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ ژنێكی شاعیره‌

هه‌موو باوه‌ش پێداكردنێك خۆشه‌ویستی نییه‌