هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه
LL.M. تانیا كورد میرزاماستهر له یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، ڕاهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان
داواكاری و ده‌نگهه‌ڵبڕینی لایه‌نه عێراقی و كه‌سایه‌تییه سیاسیه‌كانیان سه‌باره‌ت به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه، چ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ داواكاری نوێ نین. ده‌مێك به‌بیانوی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق و په‌رته‌وازه‌ییان و تاوێكیتریش به‌بیانوی پێشاندانی نیه‌تی ڕونی خۆیان سه‌باره‌ت به پاراستنی سیمای عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت ناوی هێزی پێشمه‌رگه‌ش ده‌هێنن. له نوێترین لێدوانی‌دا، موقته‌دا سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌و وه‌ك نیه‌ت سافی خۆی سه‌باره‌ت به‌م پرسه ئاماده‌یه كه له هێزه‌كانی (لوا‌ء اليوم الموعود)ه‌وه ده‌ستپێبكات. ئه‌ویش به داخستنی باره‌گاكانیان و ته‌سلیم كردنه‌وه‌ی چه‌ك و ڕه‌خته‌كانیان. له تویتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه له‌ماوه‌ی ته‌نیا بیستوچوار سه‌عاتدا ده‌توانێت ئه‌م كاره بكات، ئه‌مه‌ش وه‌ك هاندانێك بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م گروپه‌كانیتر و تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سوپای یه‌كگرتوی عێراقدا.گه‌رچی تویته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در له ڕواڵه‌تیدا هیچ نیه‌تێكی خراپی له‌خۆیدا دژ به كورد یان هێزی پێشمه‌رگه له‌خۆ نه‌گرتووه، به‌ڵام ده‌كرێت له قوڵاییدا هه‌ندێك داوی درێژی له‌خۆیه‌وه ئاڵاندبێ، هێنده درێژ كه توانای گه‌ینیان به كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه تێدابێت. لێره‌دا ده‌بێت سه‌ره‌تا پرسیاری ئه‌وه بخرێته‌ڕوو داخۆ ته‌نیا هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی لیواكه‌ی سه‌ر به موقته‌دا سه‌در، یانیش لیوای هه‌ركه‌سێكیتر له عێراقدا هۆكار و به‌هانه‌یه بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و گرێدانه‌وه‌ی به سوپای عێراق یانیش وه‌ك سه‌در گوته‌نی به (سوپای ده‌وڵه‌ته‌وه)؟ ده‌كرێت تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌ر گروپێكی چه‌كداری له عێراقدا شه‌رعیه‌ت و هێزی یاساییش بداته هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ی پێشمه‌رگه و هه‌رێمی كوردستان ناچاربكات به ئاوه‌ها بڕیارێكه‌وه ئه‌گه‌ر بووه بڕیار؟سوپای هه‌ر وڵاتێك شه‌رعیه‌ت و پاڵپشتی له ده‌ستور و یاسای وڵاته‌كه‌وه وه‌رگرتووه. ڕاسته‌وخۆ لێره‌وه بوونی ده‌خرێته قاڵبێكی یاساییه‌وه و ئه‌رك ومافه‌كانیشی بۆ دیاری ده‌كرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی لێره‌دا باسه‌كه سه‌باره‌ت به بوونی پێشمه‌رگه و ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و تێكه‌ڵكردنیه‌تی له‌گه‌ڵ سوپای عێراقدا جا هه‌ر به‌و ناوه‌ی خۆیه‌وه یانیش به‌هه‌ر ناوێكیتره‌وه، ده‌بێت به‌دوای سه‌رچاوه‌ی پاڵپشتی ئه‌م هێزه‌دا بگه‌ڕێین. ئه‌گه‌ر له‌ناو ده‌ستوری عێراقی فیدراڵ‌دا وه‌ك به‌رزترین یاسای وڵات به‌دوای مادده‌یه‌كدا بگه‌ڕێین سه‌باره‌ت به هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان جا چ به‌ناوی پێشمه‌رگه یانیش هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه ده‌سه‌وه‌ستان ده‌مێنین و هیچ مادده و، بڕگه‌یه‌كی یاسایی سه‌باره‌ت به وشه‌ی پێشمه‌رگه نادۆزینه‌وه. داخۆ ئه‌مه به‌مانای له‌ده‌ستدانی هێزی ده‌ستوری و یاسایی ئه‌م هێزه دێت؟ ماده‌م ناوی له ده‌ستوردا نه‌هاتبێت هه‌ركه‌س هه‌ستا له عێراقه‌وه ده‌توانێت گه‌له‌كۆمه‌كی بكات و هێزی پێشمه‌رگه له‌ته‌ك كۆمه‌ڵێ هێزیتردا هه‌ڵوه‌شێننه‌وه و بیانخه‌نه سه‌ر سوپای عێراق؟ لێره‌دا به‌رله‌وه‌ی ڕای یاسایی خۆم بخه‌مه ڕوو سه‌ره‌تا ڕای ژماره‌یه‌ك له یاساناسان له كوردستان ده‌خه‌مه ڕوو كه ئه‌وان پێیان وایه (نه‌هاتنی ماده‌یه‌كی تایبه‌ت به پێشمه‌رگه و ناونه‌هێنانی له ماده‌یه‌كدا به ئاشكرا، به‌مانای له‌ده‌ستدانی شه‌رعیه‌تی ده‌ستوریی دێت بۆ هێزی پێشمه‌رگه). دیاره له‌ده‌ستدانی ئه‌م شه‌رعیه‌ته‌ش واته به‌هێزكردنی ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یی به‌بیانوی نه‌بونی هێزی یاساییه‌وه. دیاره هه‌ر ده‌قێكی یاسایی ده‌بێت ته‌فسیر بكرێت و ئه‌م ته‌فسیره‌ش ده‌بێت ته‌نیا یاساناسان بیكه‌ن، نه‌وه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یبیستیت كه گوایا په‌رله‌مانتارانیش ده‌توانن ته‌فیسری ده‌قی یاسایی بكه‌ن. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، چونكه یاسادانان ڕێگه‌یه‌كی جیاوازه له ته‌فسیریكردنی خودی یاسا. یه‌كه‌میان كاری په‌رله‌مانتاره كه ده‌شێت هه‌ر یاساشی نه‌خوێندبێت و دوه‌میان كاری یاساناسه، كه مه‌رجه یاسای خوێندبێت و له یه‌ك بواردا تایبه‌تمه‌ندی وه‌رگرتبێت و ته‌نیا له‌و بواره‌شدا ته‌فسیری یاسا بكات. لێره‌دا بابه‌ته‌كه ته‌فسیری ده‌ستوری عێراقه، واته ته‌نیا یاساناسێك كه تایبه‌تمه‌نده له بواری ده‌ستوردا ده‌توانێت ئه‌م ته‌فسیه‌ره بكات، به‌ده‌ر له‌وه هه‌ڵه‌یه(به‌نه‌ماكانی ته‌فسیری ده‌قی ده‌ستوری به ستانداردی جیهانی نه‌وه‌ك به مه‌زاجی حزب). هه‌رچی سه‌باره‌ت به ته‌فسیری ده‌ستوره ده‌بێت په‌نا به‌رینه به‌ر ته‌فسیری مادده‌ی ١٢١ ی ده‌ستوری عێراق بڕگه‌ی پێنجه‌می كه هاتووه (تختص حكومة الاقلیم بكل ما تتطلبه إدارة الاقلیم، وبوجه خاص انشاء وتنظيم قوى الامن الداخلي للاقليمكالشرطة والامن وحرس الاقليم.) له‌م بڕگه‌یه‌دا به ڕوونی ناوی ژماره‌یه‌ك هێز هاتووه كه ده‌كه‌ونه ناو خانه‌ی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی هه‌رێمه‌ه‌وه و هیچ یه‌كێك له‌و ناوانه وشه‌ی پێشمه‌رگه نین. ئه‌مه پێی ده‌گوترێت ته‌فسیری موجه‌ڕه‌دی ده‌ق. ته‌فسیری موجه‌ڕه‌دی ده‌ق یه‌كه‌م ته‌فسیری ده‌قه كه ده‌بێت یاساناس له‌كاتی ته‌فسیری ده‌قدا په‌نای بۆ به‌رێت به‌ڵام نابێت له‌وێدا بوه‌ستێت و ده‌بێت به ئه‌ڵقی زنجیره ته‌فسیریه‌كه‌دا بچته خواره‌وه(كه باسكردن و ژماره‌دنیان لێره‌دا به پێویست نازانم). كاری یاساناس ئه‌وه‌نییه ته‌نیا به ته‌فسیری جامدی ده‌قه‌وه بوه‌ستێت و خاڵ دابنێت، چونكه ئه‌م كاره هه‌ركه‌سێكی ئاساییش كه یاساكه بخوێنێته‌وه و زمانه‌كه بزانێت ده‌توانێت بیكات (وه‌ك چۆن ڕۆژنه خه‌ڵك ده‌بینین ده‌قی یاسایه‌ك ده‌گرێت به‌ده‌ستیه‌وه و باسی ده‌كات). بۆیه پاش ته‌فسیری ده‌ق ده‌چینه سه‌ر ته‌فسیره‌كانیتر و هه‌تا كۆتا دانه‌یان كه ته‌فسیری (تیلیۆلۆجیكه‌ڵ ئنتێرپرێته‌یشن) ناوه‌ستین. خۆ ئه‌گه‌ر له‌وێشدا جێگه‌ی پێشمه‌رگه نه‌بوه‌وه كه‌واته به ئاسانی ده‌كرێت ئه‌م هێزه هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه و ته‌نیا لێدوانێكیشی به‌سه. به‌ڵام به‌ر له گه‌یشتن به كۆتا ته‌فسیریش له ته‌فسیره‌كانیتریشدا جێگه‌ی پێشمه‌رگه ده‌بێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌همه‌یتی ته‌فسیری (تیلیۆلۆجیكه‌ڵ ئنتێرپرێته‌یشن) بۆ یاساناسانی بواری ده‌ستوری من وه‌ڵامه‌كه‌م لێره‌وه وه‌رده‌گرم. له‌مادده‌ی ١٢١ بڕگه‌ی پێنجه‌می ده‌ستوری عێراقدا ناو یاخود زاراوه‌ی (حرس الاقلیم) هاتووه كه به كوردی ده‌كاته پاسه‌وانی هه‌رێم. دیاره وشه‌ی پاسه‌وانیش له زمانی كوردیدا به‌مه‌به‌ستی پاراستنی كه‌س و شوێن به‌كارهێنراوه. پاسه‌وان هه‌یه بۆ پارێزگاری كردن له شتێك یاخود كه‌سێك. كه لێره‌دا شته‌كه هه‌رێمی كوردستانه و كه‌سه‌كان كورد و نه‌ته‌وه‌كانیتری دانیشتوی هه‌رێمن و پاسه‌وانه‌كه‌ش پێشمه‌رگه‌یه. بۆیه به‌گوێره‌ی ئه‌م بڕگه‌یه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ی پارێزه‌ری هه‌رێمن ڕاسته‌وخۆ خراونه‌ته ژێر چه‌تری پاراستن و شه‌رعیه‌تی ده‌ستورییه‌وه. به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م پشتیوانیه ده‌ستوریه‌ش به‌مانای ئه‌وه‌دێت كه هێزی پێشمه‌رگه ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوره‌وه ده‌توانرێت هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه و هه‌ر هه‌وڵێكیتر پوچه.له‌كۆتاییدا ده‌بێت بگوترێت كه ئه‌مه مانای ئه‌وه‌نییه ئه‌م مادده‌یه ده‌توانێت كه‌موكورتیه‌كانی ناو هێزی پێشمه‌رگه پڕبكاته‌وه و له هێزێكی په‌رتی ڕوخسار حزبییه‌وه بیكاته هێزێكی یه‌كگرتوی كوردستانی دوور له‌ده‌ستی حزب. ئه‌مه ته‌نیا ته‌فسیری یاسایی و ده‌ستوری بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌یه و بوونی كه‌لێن و كه‌موكورتیه‌كانی ئه‌م هێزه بۆ تایبه‌تمه‌نده‌كانیتر به‌جێده‌هێڵم.
Comments
Post a Comment