کۆرۆنا، بەرگری یان هێرش؟


کۆرۆنا
بەرگری یان هێرش؟
تانیا کورد میرزا

پاش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩(کۆرۆنا) لە چین و دواتریش بە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریکادا بەردەوام سەرۆک، سەرۆکوەزیران، تیمی وەزارەتی تەندروستی و پرۆفیسۆرەکانی تایبەت بە بواری ڤایرۆس(ڤیرۆلۆگەکان)،  کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دەبەستن، لە کۆنگرەکاندا بێجگە لە ئاماری تووش بوان لە جیهان و وڵاتەکانی خۆشیان، زانیاری نوێ لەبارەی ڤایرۆسەکە و نوێترین توێژینەوەکان لەسەر ئاستی دونیا و وڵاتەکەی خۆشیان (هەڵبەت ئەگەر خۆیان توێژینەوەیان هەبێت) بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن.
 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی ئەوروپی، ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئاسیاش پلان و بەرنامەی وڵاتەکانیان بۆ چۆنیەتی بەرەوڕوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە  خستەڕوو.
دیارە سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسەکەیان تێدایە بەرپرس و سەرۆکەکانیان قسەیان کردووە، بەڵام مەرج نییە قسەی هەموویان بە قسەی جیدی و پلان ناوبنرێت و لەڕاستیشدا دەکەوینە هەڵەوە ئەگەر وەها بڵێین.
دەکرێت بەرنامەکانی وڵاتانی وەک؛ چین، یابان، کۆریای باشور، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بە پلان ناوببرێن ئەوانەیتریش کە دەمێنێتەوە بە یاری کردن لەگەڵ پلاندا ناویان بەرین.
هیچ بەرگرییەک بەبێ بوونی پلانێکی تۆکمە بەمەبەستی هێرش بەرگری نییە، هەروەک چۆن هیچ هێرشێکیش بەبێ بوونی بەرگری هێرشێکی سەرکەوتوو نابێت.

وڵاتانی وەک؛ عێراق بە هەرێمیشەوە، میسر، سعودیە و وڵاتانیتری عەرەبی و  تورکیا تەنیا لە قۆناغی بەرگرییەکی توونددان لەبەرامبەر ڤایرۆسەکەدا بەبێ ئەوەی هیچ پلانێکیان بۆ هێرشکردنە سەر ئەم ڤایرۆسە بەشێوەیەکی تۆکمە لەڕووی، تەندروستی و ئابوریەوە هەبێت.
هەرێمی کوردستانی عێراق بەنمونە، تەنیا لە قۆناغی بەرگریدایە و هەر لەو قۆناغەشدا دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەر بڵاوبوونەوەی زۆری ڤایرۆسەکە ناچاری بکات بە هێرش، ئەوە هێرشەکەی بۆ سەر ڤایرۆسەکە هێرشی حکومەتێکی بێ بەرنامەی هەژارە لەڕووی دەرمان، شوێنی لازم و پارەی پێویستەوە!
گەرچی لە قۆناغی بەرگریدا هەرێم پلەیەکی باشی هێناوە و باش بەرگری دەکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە بەرگری بەتەنیا بەشی هەموو قۆناغەکان ناکات و پاش کەمتر لە دوو هەفتە بەرگری دەبێت بگۆڕدرێت بۆ هێرش و پەلامار.
 هێرشیش بەبێ پلان، دەرمان و پێداویستی پزیشکی وەک ئامێری دەستکردی هەناسەدان، دەستکێش، ماسک و تادوایی، پارەی تەواو، کادیری پێویست و جێگە(لانی کەمی جێگە) ناوی لێنانرێت هێرش بەڵکو دەبێتە شەڕی ناچاری!
قسەی ئەوەی کە ؛” هیچ وڵاتێک دەرەقەتی ئەم ڤایرۆسە نایەت ئەگەر ژمارەکان بەخێرایی هەڵکێشێن وەک(چین، ئیتاڵیا، کۆریای باشور)، چ جای کوردستان” قسەیەکی تەواو هەڵەیە و تەنیا دڵخۆشی نەخۆشییە!
کاتێک کە سیتمێکی تەندروستی وەک هی چین، کۆریای باشور و ئیتاڵیا لە لێواری هەرەسدایە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مانای ئەوە نییە، ئامێری دەستکردنی هەناسەدانی تەنیا بۆ ژمارەیەکی کەم خەڵک هەبووە، یان دەرمان و جێگەی پێویستی نەبووە بۆ نەخۆشیەکە، نەخێر هۆگەلیتری وەک شاراوەیی ڤایرۆسەکە هەتا ساتی تەواو بڵاوبوونەوەی، کەمی ئەزمون لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدە بەهۆی تازەییەوە هۆکار بوون.
کاتێک تۆ هیچ ئامادە نیت بۆ ڕووبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەکە، نابێت بەم ڕستەیە پاساو بێنیتەوە و خۆت بە سیستمی پێشکەوتوی وڵاتانیتر بەراورد بکەیت، کە دەبوو زووتر هەرێم خۆی بەراورد بکردایە و بەو پارە زۆر و داهاتە چەورەی بەردەستی خۆی بۆ لانی کەمی پەتا، ڤایرۆس و هەر نەخۆشیەکیتر ئامادە بکردایە.
باشترە خۆت بۆ ئەگەری زۆر خراپ ئامادە کردبێت و نەتوانیت زاڵ بیت بەسەریدا، وەک لەوەی هیچت بۆ نەکردبێت و بەبیانووی بەهێزیی بەرامبەرەکەت، پاساو بۆ شکستی حەتمی خۆت بهێنیتەوە.
هەرچی ئەو گروپەشی کە پێیان وایە؛ نابێت ئێستا ڕەخنە بگیرێت و کاتی نییە. دووبارە هەڵەن، نزیک بە سی ساڵە هەموو تەنگانەیەک وەهایان ووت و لەم کاتەوە چارەسەرەکانیان دایە دەست کاتێکیتر و لەوێشەوە دەست نادیار!
هەرچی پلانەکانی وڵاتانی ترە( ئەمریکا، ئەوروپا، یابان و کۆریاین باشور ) بەنمونە هەم قۆناغی بەرگریان پەیڕەو کردووە و دەیکەن، هەم خۆشیان بۆ هێرش ئامادە کردووە ژمارەیەکیشیان ئێستا هاوکات لەگەڵ بەرگیریدا لە هێرشیشدان بەگوێرەی ژمارەی توش بوەکانیان.
گەرچی وڵاتانی ئەوروپی لێرەدا ستراتیژی جودایان هەبوو ژمارەیەکان لە بەرگریدا بەهێزترن وەک (نەمسا، دانیمارک، چیک و سویسرا) ژمارەیەکیتریشیان لە  خۆیان زیاتر بۆ هێرش و مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا ئامادەکردووە وەک (ئەڵمانیا، هۆلاند).
هەرچی ئەمریکایە، جگە لە بەرگری خۆشی بۆ هێرش بۆ سەر ڤایرۆسەکە ئامادەکردووە، کەرچی ئەمە بەهیچ جۆرێک مانای ئەوە نییە کە  ئەم وڵاتانە لەکاتی زۆر بڵاوبونەوەی ڤارۆسەکەدا دەتوانن کۆنترۆڵی بکەن و دەرەقەتی بێن، بەڵام لە ڕووی مەنتیقەوە ئەوەی کە خۆی ئامادەدەکات، کاری پێویستی دەکات براوەیە وێڕای خراپی ئاکامەکەش!
ئەم وڵاتانە بە تەرخانکردنی ملیارەها دۆلار، یۆرۆ و پاوەن بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی ئەم نەخۆشییە ئامادەن، پارەی تەواویان خستوەتە بەردەست پزیشکانی تایبەت بە ڤایرۆس  و پارەیان تەرخانکردووە بۆ ئەو کۆمپانیایانە کە بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە زیانیان بەردەکەوێت و کارمەندەکانی ئەوێش بۆیان هەیە کرێدیت ڕاکێشن لە بانکەوە (بەبێ دیاریکردنی بڕەکەی)، هۆم ئۆفیس خراوەتە کار و ژمارەیەک لەڕێگەی ئیمەیلەوە کارەکانیان دەکەن، خوێندن هەروەها کراوەتە ئۆنلاین و تەلەبە لەماڵەوە دەرس و واجبی خۆی بەجێدەگەیەنێت. ئەمانە و چەندا ڕێوشوێنیتر ئەوانەن کە ئەم وڵاتانە گرتویاننەتە بەر.
هەرێمیش دەیتوانی، بەڵی دەیتوانی چونکە کادیری زۆری تەندروستی هەیە و داینمەزراندون، پارە و بودجەی پێویست هەیە، خەڵک ڕۆحی هاوکاری تێدایە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش نەیانکردووە!
داخستنی دوکان، بازار و دەستگێڕەکان بەبێ ئەوەی بڕە پارەیەکیان بەیتێ ئەو ماوەیە پێی بژین پلان نییە، برسی کردی خەڵکی هەژارە و شکستی زیاتری کەرتی ئابوری هەرێمە.
 داواکردن لە خاوەن موڵک کە دڵی گەورەبێت و کرێ وەرنەگرێت، بەبێ ئەوەی خۆت وەک حکومەت پارە بۆ بێکارەکانت دابین بکەیت و دەستگرۆیی خەڵک بکەیت پلان نییە!
ڤایرۆس عەزەڵاتی نییە هەتا بە خۆڕاگری خەڵک بەرەوڕووی بێتەوە، پارە، پلان، جێگە، کادیری تەندروستی و عەقڵ دەتوانێت زەرەرەکانی ئەم ڤایرۆسە کەم بکەنەوە!

Comments

Popular posts from this blog

هه‌موو باوه‌ش پێداكردنێك خۆشه‌ویستی نییه‌

جێنده‌ر؟ نه‌خێر سوپاس