پەلکەی ئێمە و پەچەی ئەوان

پەلکەی ئێمە و پەچەی ئەوان

تانیا کورد میرزا

ماستەر لە یاسا


پەلکەبڕ، نەوەی ئەو پیاوەیە، دەمودەست پاش لەدایکبونی منداڵەکەی، هەر یەکسەر لەگەڵ زانیویەتی منداڵەکەی کچە کردویەتی بەژێر گڵەوە.

پەلکەبڕەکەی سوریا، لقێکی ئەو درەختە پیرە ڕەگ قوڵەیە کە، جەستەی ژن وەک عەورەت دەناسێنێت، کە ژنەکەی بە حورمە ناودەبات، کە دەنگی ژن، دەموچاوی ژن و قژ و پەلکەی ژنی پێ حەرامە.



پەلکەبڕ ئەو پیاوەیە، کە چاودەبڕێتە جەستەی ژنێکی عەبابەسەر و نیقاب لەڕوو، تەمی تێدەکات و لەسەر جادە دەستی بۆدەبات، چونکە ئەو ژن هەر بەڕوتی دەبینێت، هەرچیەکی لەبەردابێت!

پەلکەبڕەکە پیابوو، پیاوێکی باڤسالار کە، لای وایە ژن دەبێت شاراوەبێت و جێگەی ژن ناو دیوارەکانی ماڵەوەیە و، جەستەشی دەبێت لەناو عەبای ڕەشدا شاراوەبێت، هەرچی دەموچاویشیەتی پەچە دایپۆشێت و قژیشی لەچکە.

قژ لای پیاوی پەلکەبڕ، دەبێت لەژێر لەچکەوەبێت، ئەگەر نا، لەبنەوە و بە چەقۆ قژەکە دەبڕێت و، بێشەرم و ئابڕوش باسی دەکات و پەلکەکە بەرزدەکاتەوە و، دەڵێت؛ (من بووم، خۆ هەر مردبوو، مردبوو، وتم با قژەکەشی ببڕم!)

کێشەی پەلکەبڕەکان لەگەڵ ژنی شەڕڤاندا، بەتەنیا شەڕڤان بونیان نییە، بگرە ژنبوون، کوردبوون و سەرڕوتیشیانە.

ئەمجارە، وەک جارەکانیتریش، کێشەکە بەتەنیا شەڕی پیاوەکان نیە بەرامبەر بەیەک و، شەڕەکە بەتەنیا شەڕی خاک و ناسنامەی نەتەوەیەک نییە، شەڕەکە شەڕی مافەکانی ژنیشە لە کۆمەڵگایەکی باڤسالاری بەجێماو لە ڕابردودا.

پەلکەبڕەکان، پیاوانی بەجێماوی سەردەمە تاریکەکانن، ئەمانە توندوتیژیان تەنیا بەشیرەوە دەرخوارد نەدراوە، بگرە توندوتیژیان بە میرات بۆماوەتەوە و، بە دڵ و گیان بەرگریشی لێدەکەن.

پیاوە پەلکەبڕە دەستدرێژیکارە تاوانبارەکە، کێشەی سەرەکی لەگەڵ مێینەبوونی مێینەدا هەیە، چونکە لای ئەو ژن ناتوانێت زنجیر بکاتە دەست و پێی تاوانباری ئیسلامیستەوە و، کێشی بکاتە ناو زیندان، لای ئەو ژن هەرگیز نابێت شەڕڤان و بەرگریکاری خاک و مافی خۆی بێت.

هیچ پاساوێکی ئەم پەلکەبڕە و، هیچ دەستدرێکیکارێکیتر قبوڵ نییە و نابێت قبوڵ بێت.

ئەگەر ئەو پەلکەیە (پێرۆکی، قژی دەستکرد)یش بێت، هەر بڕین و بەرزکردنەوە و، گاڵتەپێکردنی لەلایەن پیاوێکی ئیسلامیستی بەجێماوی سەردەمە تاریکەکانەوە، توندوتیژیە وە دەچێتە خانەی بە نزم سەیرکردنی ژنان و، توندوتیژی بەرامبەر بەشێکی جوان لە جەستەیان کە، قژیانە، چونکە دواجار پەلکەی دەستکردیش، هەر نوێنەرایەتی قژی ژن دەکات و لەسەر وێنەی قژە ڕاستیەکە دروستکراوە (ئەوە هیچ کە ئەم قسەیەی پەلکەبڕی دەستدرێژیکار ڕاست نییە).

پیاوی پەلکەبڕ، دەشێت دەستی بگاتە قژی کچان و لەبنەوە بیانبڕێت، بەڵام دەنگی ژنیان پێنابڕێت.

پیاوی پەلکەبڕ، قورس نییە، هەر هیچ قورس نییە لەو کۆمەڵگا دژەژنانەدا، دەست بخاتە کەزی و پەلکەی کچی شەڕڤان و ژنی بەهێزەوە، بەڵام خۆ ئەو پەلکانە لە تاڵە موونین، لە تیشی هەتاون، هەتاو کەی لەت دەکرێت، هەتاو چۆن دەبڕێت؟!

ئەم شەو کەزیەکەی دەبڕن، سبەی پڕتر، بریقەدەراتر، گەرمتر، ڕوناکتر و جوانتر هەڵدێتەوە.

قژی ئێمە هەتاوە و هەڵدێت، لەگەڵ هەڵهاتنیدا، پیاوبوونی ئێوە ئاوادەبێت.


 

 


Comments

Popular posts from this blog

بۆ دەیەمین ساڵیادی بوونی بلۆگەکەم؛ کۆبونەوە لە نوسین واتە دورکەوتنەوەی خوێنەر لێی

پیاو و پارە

Man and Money!