شاره‌زای نه‌زان وه‌ك هۆكاری زیادبونی قوربانیه‌كان
شاره‌زای نه‌زان وه‌ك هۆكاری زیادبونی قوربانیه‌كان
تانیا كورد میرزا
ماسته‌ر له یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور، ڕاهێنه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان
كاركردن له بواری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژیدا وه‌ك هه‌ر بوارێكیتر پێویستی به كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند به‌م بواره هه‌یه. ئه‌م كه‌سانه مه‌رجه كه له‌ڕێگه‌ی خوێندنی ئه‌كادیمی، وه‌رگرتنی كۆرسی به‌رده‌وام له‌م بواره‌دا وه هه‌روه‌ها ئه‌زمونی كاركردنی درێژخایه‌نه‌وه تایبه‌تمه‌ندیان وه‌رگرتبێت. زانستی توندوتیژی له‌خۆیدا وه‌ك لقێك له لقه‌كانی تاوانناسی زانستێكی یه‌كجار قوڵ و، فروانه و به‌رده‌وامیش گۆرانكاری به‌سه‌ردا دێت و شتی نوێی بۆ زیاد ده‌كرێت و هه‌ندێك شتیشی لێ لاده‌برێت.
كاركردن له‌م بواره‌دا به‌بێ ئه‌و مه‌رجانه‌ی سه‌ره‌وه كه باسكران نه‌وه‌ك هه‌ر خزمه‌ت به قوربانیانی توندوتیژی ناكات و نابێته هۆی كه‌م بونه‌وه‌ی ژماره‌ی تاوانه‌كانی توندوتیژی بگره ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی تاوانه‌كه! چۆن؟ ده‌كرێت و له پراكتیكیشدا گوێم لێبووه كه، كه‌سانێك له‌م بواره‌دا كارده‌كه‌ن به‌هۆی نه‌بونی شاره‌زایی ته‌واو له‌م بواره‌دا هه‌ندێك قسه و كرده‌یان بچێته ناو خانه‌ی توندوتیژیه‌وه و پسپۆڕ نین له‌مبواره‌دا و خۆیان پێیدا هه‌ڵواسیوه. دیاره ئه‌مه له‌لایه‌كه‌وه ڕاسته‌وخۆ به‌واتای ئه‌وه‌دێت كه، قوربانی زیاترمان خسته سه‌ر ئه‌وانه‌ی كه له‌وه‌و به‌ر هه‌بوون و، له‌لایه‌كیتریشه‌وه واته هاوكاربوین له گه‌یاندنی زانیاری هه‌ڵه كه ده‌شێت له كۆمه‌ڵگادا بڵاوبكرێنه‌وه. به نمونه‌یه‌كی بچوك به‌ڵام زۆر گرنگ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه ڕونده‌كه‌مه‌وه. كاتێك كه‌سێك له‌م بواره‌دا كار ده‌كات (ئنجا هه‌ر ناونیشانێكی دراوه‌تێ)، به‌رپرسه له كه‌یسی قوربانیه‌كی توندوتیژی و پێی ده‌ڵێت: ؛ تۆ قوربانی نیت، خۆت وه‌ك قوربانی مه‌ناسێنه تۆ كه‌سێكی پیرۆزیت، تۆ ڕزگاربویت نه‌وه‌ك قوربانی.؛ ئه‌م ڕسته‌یه له‌خۆیدا ده‌چێته ناو خانه‌ی توندوتیژیه‌وه و، قوربانیه‌كه سه‌رله‌نوێ ده‌كاته‌وه به قوربانی! جارێكیان قوربانی ده‌ستی توندوتیژیكارێكه جاره‌كه‌یتر هی ده‌ستی كه‌سێك كه له‌ژێر ناونیشانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌م توانه‌دا كارده‌كات. تاوانی توندوتیژی ده‌بێت هاوكات له دوو ڕێگه‌وه كار بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی بكرێت، ڕێگه‌ی یه‌كه‌م له‌ڕێگه‌ی یاساوه، ئه‌ویش به‌بڕینه‌وه‌ی سزا بۆ بكره‌كانی، ڕێگه‌ی دووه‌م له‌ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری زانستی و چاره‌سه‌ركردنی قوربانیه‌كانه‌وه. ده‌بێت شتێكی‌تر وه‌ك پێشمه‌رج له‌بیرنه‌كرێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م تاوانه وه‌ك هه‌ر جۆرێكیتری تاوان له هیچ كۆمه‌ڵگایه‌كدا ناكرێت به‌ته‌واوه‌تی بنه‌بڕ بكرێت، بگره ته‌نیا ده‌توانرێت كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بكرێت كه ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ما زانستیه‌كه‌ی بكرێت له درێژ ماوه‌دا ئه‌نجامی ئه‌رێنی گه‌وره ده‌دات به‌ده‌سته‌وه له كۆمه‌ڵگادا. ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م زانسته مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ قوربانیه‌كانی ئێستادا و هاوكاری كردنیانه، له‌گه‌ڵ به‌رگرتن به تۆماركردنی قوربانی نوێ له كۆمه‌ڵگادا، هه‌ربۆیه‌ش ده‌بێت ئه‌م زانسته بدرێته‌وه ده‌ست كه‌سانێك كه خودانی زانسته‌كه‌ن. وه‌ك پێشمه‌رجه‌كانی كاركردن له‌م بواره‌دا چه‌ند خالێكی گرنگ ده‌خه‌مه ڕوو كه، له‌هیچ كاتێكدا نابێت وه‌لابنرێن، ئه‌وانیش:
یه‌كه‌م: ئه‌وكه‌سه‌ی كه له‌م بواره‌دا كارد ده‌كات ده‌بێت باوه‌ڕی ته‌واوی به مامه‌ڵه و ژیانی ناتوندوتیژی له كۆمه‌ڵگادا هه‌بێت و، توندوتیژی وه‌ك جێگره‌وه‌ی هیچ كرده‌یه‌ك نه‌بینێت.
دوه‌م: ده‌بێت له‌ڕوی یاسایی و مۆڕاله‌وه پابه‌ندی خۆی به پاراستنی نهێنی كه‌یسه‌كانه‌وه دووپات بكاته‌وه و نابێت كه‌یسه‌كان به‌مه‌به‌ستی ده‌ركه‌وتنی خۆی بۆ خه‌ڵك باس بكات و، له‌كاتی پێشێلكردنی ئه‌م مه‌رجه‌دا ده‌بێت ببرێته به‌رده‌م دادگا.
سێیه‌م: ده‌بێت به‌رده‌وام به‌ته‌نیشت بڕوانامه ئه‌كادیمیه‌كه‌یه‌وه له‌م بواره‌دا كۆرسی تایبه‌ت به هه‌نگاوه نوێكانی ئه‌م زانسته وه‌ربگرێت و، به‌رده‌وامیش توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی له‌م بواره‌دا بخاته ڕوو.
چواره‌م: له‌هیچ هه‌نگاوێكدا نابێت حوكم به‌سه‌ر ئه‌خلاقی قوربانیه‌كاندا بدات و، كه‌سایه‌تی ئه‌وان پێناسه‌بكات.
پێنجه‌م: ده‌بێت هاوسۆزبێت له‌گه‌ڵ قوربانیه‌كان به‌ڵام نابێت ببێته لایه‌نگر، بێلایه‌نی به‌مانای نه‌بوونی هه‌ڵوێست نییه، به‌ڵكو به‌مانای پاراستنی هاوسه‌نگی و مانه‌وه‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌یسه‌كان.
شه‌شه‌م: هیچ كه‌سێك و له‌ژێر هیچ پاساوێكدا بۆی نییه قوربانی توندوتیژی ناچاربكات به قسه‌كردن، خۆی ویستی قسه ده‌كات، كه نه‌شی ویست ده‌بێت ڕێز له بێده‌نگیه‌كه‌ی بگیرێت.
كاتێك قسه له بواره‌كه‌ی خۆتدا ناكه‌یت (ئه‌وه له حاله‌تێكدا ئه‌گه‌ر له بوارێكدا شاره‌زاییت هه‌بێت) و په‌لاماری بوارێكیتر ده‌ده‌یت و نوسینی خه‌ڵكێكیتر كه پاش خوێندن، نوسین و توێژینه‌وه و كاركردنی به‌رده‌وام خستیویه‌تیه به‌رده‌ستی خه‌ڵكی به نیوه‌ناچڵی نه‌قڵ ده‌كه‌یت دوو مانای هه‌یه بۆ تۆ، وه یه‌ك ماناش بۆ خه‌ڵك و یه‌كێكیش بۆ نوسه‌ره‌كه‌ی و یه‌كێكیش بۆ خوێنه‌رانی بابه‌ته دزراوه‌كه.
بۆ تۆ
واته له‌و بواره‌دا كه خوێندوته هیچ نازانیت و ته‌نیا مه‌لزه‌مه‌ت له‌به‌ر كردووه و بویته‌ته خاوه‌نی بڕوانامه‌یه‌ك له‌سه‌ر وه‌ره‌قه.
واته حه‌زت له بواره‌كه‌ی خۆت نییه و سه‌رسامی به‌و بواره‌ی كه په‌لامارت داوه و دزیوته. ئه‌م دوو ئه‌گه‌ره یه‌ك له‌یه‌كی خراپتن چونكه ئه‌گه‌ر هیچ له بواره‌كه‌ی خۆت نازانیت ده‌بێت هه‌وڵ بده‌یت بیزانی. ئه‌گه‌ریش حه‌زت له بواره‌كه‌ی خۆت نییه ده‌بێت له‌و بواره‌ی كه ده‌ته‌وێت بخوێنیت و شاره‌زایی به‌ده‌ست بهێنیت و خۆت ماندوو بكه‌یت.
بۆ خه‌ڵك
دزینی ناوه‌ڕۆكی كتێب، وتار و نوسین زیانێكی گه‌وره به خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نێت جونكه دزی نوسین هه‌رگیز ناتوانێت نوسینه‌كه به (باشی بدزێت) و هه‌میشه شتێكی بۆ زیاد ده‌كات یان كه‌می ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌نیا نوسه‌ری راسته‌قینه ده‌زانێت چه‌نده زیان به خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نێت. خۆ ئه‌گه‌ر به لێزانانه‌ش بابه‌ته بدزێت دوباره هه‌ر نابێته شاره‌زا چونكه ئه‌و ته‌نیا نه‌قڵی كردووه و خۆی هیچی لێنازانێت.
بۆ نوسه‌ره‌كه
مانای ئه‌وه‌یه نوسه‌رێكی باشه، بابه‌ته‌كانی كاریگه‌رن، زیره‌كه و زانیاریه‌كان سودبه‌خش و نوێن بۆیه دزی له‌ده‌ور كۆده‌بێته‌وه.
بۆ خوێنه‌رانی بابه‌ته دزراوه‌كه
واته كه‌سانی ته‌مه‌ڵن، له‌ده‌وری بابه‌تی ناته‌واو و دزراو كۆده‌بنه‌وه و تاقه‌تیان نییه بگه‌ڕێن به‌دوای نوسینه ڕاسته‌قینه‌كه‌دا ئه‌مه یه‌كێكه له سیما دیاره‌كانی كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتوه‌كان كه هیچ ڕێز له مافی نوسه‌ر و مافی كه‌سی ناگرن.
Comments
Post a Comment