پاش ڕیفراندۆم ئاکامی ڕیفراندۆم چەند لێکەوتەیەک بەدوای خۆیدا دەهێنیت و هەریەکێکیشیان خوێندنەوەی تایبەت بەخۆیی هەڵدەگرێت، لێکەوتەکان بەشێکیان پەیوەندیان بە هەڵوێستی حکومەتی عێراق و ئەوەیتر بە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا و ڕوسیا وە هەیە و ڕەهەندی سیاسی و دبلۆماسی و ئابورییان هەیە کە لێکەوتەی دەرەکین بۆ ناوەوەی کوردستان بەمانا لەدەرەوەی کوردستان و لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کاردانەوەکان بەرەو ناوەوە دێن. ئاکامی ڕیفراندۆم بەشێکیتری هەیە کە من بە دایک ناویدەبەم کە پەیوەندی بە ناوخۆی کوردستانەوە هەیە، ئاکامەکانی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان چەند ئاکامێکیتری داین بەدەستەوە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی. لەسەرئاستی دەرەکی و وڵاتانی دراوسێ دەبێت ڕاستییەک هەیە بەر لەباسکردنی کاردانەوەکانی ئەوان بیرمان نەچێت ئەویش سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای مامەڵەکردنە لەگەڵ خاوەنهێز و ژمارە گەورەکان و بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە سیاسی و دبلۆماسی و ئاوبورییەکانی ئەو وڵاتانە. وڵاتانی دنیا مامەڵە لەگەڵ بەهێزەکاندا دەکەن و بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ ئەوان لەسەر حسابی وڵات و نەتەوە بێهێز و ق...